
بە ئاشکرابوونی ناسنامەی چوار بەندکراوی دیکە بەناوەکانی “فەرامەرز شەهبازی”، “ئەحمەدعەلی مێهریپوور”، “کازم فاتمی” و “ماشەڵڵا نیکووفاڵ” کە حوکمی ئێعدامەکەیان لە زیندانی قزڵحە سار جێبەجێ کراوە، ژمارەی بەندکراوانی لەسێدارەدراوی ئەو زیندانە بۆ هەشت کەس بەرزبوویەوە. پێشتر ناوی چوار بەندکراو بەناوەکانی ئەحمەد یووسفی، فەرەیدوون محەممەدی، حیسام محەممەدی و حسێن بیابانی ئاشکرا کرابوو.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ۵ی خەرمانانی ١٤٠٤، حوکمی ئێعدامی چوار بەندکراو بەناوەکانی ماشەڵڵا نیکووفاڵ و فەرامەرز شەهبازی خەڵکی هەرسینی سەر بە پارێزگای کرماشان، ئەحمەدعەلی مێهریپوور خەڵکی کۆهدەشت و کازم فاتمی لە زیندانی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا. شایانی باسە، فەرامەرز شەهبازی، ماشەڵڵا نیکووفاڵ و ئەحمەدعەلی مێهریپوورو کازم فاتمی نزیکەی شەش ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی “پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان” دەستبەسەر کرابوون و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە، حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپێندرابوو.