فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەرزبوونەوەی ژمارەی ڕفاندنی هاووڵاتییان لە شاری بۆکان
هەینی ۰۱-۰۲-۱۴۰۲   |  21-04-2023

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ناسنامەی سێ کەسی دیکە لە ڕفێندراوانی خەڵکی شاری بۆکان لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە ئاشکرابوو کە بریتین لە، “سیامەک هەیاسی، ئالان داغدار و کاوە ساڵحی” بەم پێیەش ژمارەی ڕفێندراوانی ئەم شارە بۆ ١٠ کەس بەرزبووەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سیامەک هەیاسی شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە لە ماڵەکەی خۆیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە ڕفێندرا. لەکاتی ڕفاندنی ئەم هاووڵاتییەدا، سەرەڕای پشکنینی ماڵەکەی، هێزەکانی ڕژیم دەستیان بەسەر کەلوپەلی تاکەکەسی ناوبراو، وەک لاپتۆپ، مۆبایل و کارتی میمۆرییەکانیدا گرتووە. هەروەها، ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی خاکەلێوە، ئالان داغدار، خەڵکی شاری بۆکان لە لایەن هێزەکانی حکوومەتەوە لە شوێنی کارەکەی ڕفێندرا. لەلایەکی دیکەوە، کاوە ساڵحی، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی بۆکان، لە ڕۆژی شەممە ٢٦ی خاکەلێوەوە لە لایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێندراوە. جێگەی ئاماژەیە، هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری ڕفاندن و ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییانە لەبەردەستدانییە. پێویستە ئاماژە بکرێت کە لەماوەی ئەم حەفتەیەدا، حەوت هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی بۆکان بەناوەکانی “ڕزگار بەیگزادە بابامیری، ئەبوبەکر مامزادە، ئەحمەد مامزادە، سۆران قاسمی، پژمان سوڵتانی، جەلیل مەولودی و کاوە ئازادی” لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە ڕفێندراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.