فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەرز و بەڕێز بێت یادی هاوڕێ سەعید موعینی، یەکەمین پێشمەرگەی کۆمەڵە
هەینی ۲۹-۰۳-۱۴۰۵   |  19-06-2026

٤٨ ساڵ لەمەوبەر، ڕۆژی ٣١ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، هاوڕێ سەعید موعینی، لە کادرەکان و یەکەمین پێشمەرگەی کۆمەڵە، لە ڕەوتی تێکهەڵچوونێکی چەکدارانەدا لە گوندی “دڕێ”، یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی ماوەتی کوردستانی عێراق، گیانی بەخت کرد. ئەو لە ساڵی ١٣٢٩ لە شاری مەهاباد و لە بنەماڵەیەکی تێکۆشەردا لەدایک بوو و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی خۆی هەر لەم شارەدا تەواو کرد. ساڵانی لاوێتیی هاوڕێ سەعید هاوکات بوو لەگەڵ هەڵگیرسانی بزووتنەوەی چەکدارانەی ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ لە کوردستانی ئێران، و ئەم بزووتنەوەیە و بەتایبەتی گیانبەختکردنی سولەیمان و عەبدوڵڵا موعینی کە لە ڕێبەران و کەسایەتییە ناسراوەکانی ئەم بزووتنەوە چەکدارانەیە بوون، ئەویان زیاتر لەگەڵ پرسە سیاسی و خەباتگێڕییەکانی ئەو سەردەمەدا تێکەڵ کرد. ئەو کە لە مەهاباد بە “کاک خانە” ناوبانگی دەرکردبوو، لە ساڵانی خوێندنی ناوەندیدا وەک لاوێکی پێداگر و شۆڕشگێڕ لە مەحفەل و کۆبوونەوە خەباتگێڕییەکانی شاردا ئامادە دەبوو و بەرەبەرە تواناکانی ڕێبەرێکی سیاسی لە ناخی خۆیدا پەروەردە دەکرد.

هاوڕێ سەعید دوای تەواوکردنی قۆناغی ناوەندی چوو بۆ زانکۆی تاران و هەر لەوێش بوو کە بە شێوەیەکی هۆشیارانەتر درێژەی بە خەباتی خۆی دا و، هەر لەوێش لەگەڵ چەند هاوڕێیەک لە مەحفەلە سەرەتاییەکانی کۆمەڵە ئاشنا بوو. لە سەردەمی خوێندندا لە تاران، لەگەڵ کرێکارانی کارگەکان و هەروەها ئەو کرێکارانەی کە بۆ دۆزینەوەی کار لە کوردستانەوە ڕوویان لە تاران دەکرد، پەیوەندیی دۆستانە و سیاسیی پێکدەهێنا. کاک خانە لە ڕۆژانی هاوینیشدا لە شاری مەهاباد و گوندەکانی دەوروبەری، دەچووە ناو کرێکاران و زەحمەتکێشان و لە نزیکەوە تێکەڵ بە پرس و کێشەکانی کار و ژیانیان دەبوو.

لە ساڵی ١٣٥٤دا هاوڕێ سەعید کە خەباتکارێکی سیاسیی پیشەیی بوو، لەلایەن پۆلیسی سیاسیی ڕژێمی دیکتاتۆریی پاشایەتیی پەهلەوییەوە لە تاران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کرا. ئەو بۆ ماوەی ١٦ مانگ کەوتە بەر سەختترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی، بەڵام بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە لە بەرامبەر هەموو ئەم گوشارانەدا قارەمانانە خۆڕاگریی کرد، بە جۆرێک کە لێکۆڵەران و ئەشکەنجەدەرانی ڕژێمی پەهلەوی تەنانەت لە ئاشکراکردنی ناسنامە و پەیوەندییە تەشکیلاتییەکانیشی ناکام مان. هاوڕێ سەعید دوای ئەوەی دەزگای ساواکی ڕژێمی شا نەیتوانی بچووکترین زانیاریی سیاسی و تەشکیلاتی لێ بەدەست بهێنێت، لە گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٦دا و پاش دوو ساڵ و چەند مانگێک لە زیندان ئازاد کرا. ئەو دەستبەجێ پەیوەندی بە تەشکیلاتی کۆمەڵەوە گرت و لە پاییزی هەمان ساڵدا بوو بە ئەندامی کۆمەڵە. ئەمە ئەو کاتە بوو کە کۆمەڵە بە سەرنجدان لە ڕەوتی ئاڵوگۆڕە سیاسییەکان لە ئێران و کوردستان، خۆی بۆ ئامادەکاریی بەرپاکردنی بزووتنەوەیەکی جەماوەری و ڕێبەریکردنی ئامادە دەکرد. هەر لەبەر ئەمەش، کادری ڕێبەریی کۆمەڵە، هاوڕێ سەعیدی بۆ ئەرکێکی سیاسی و تەشکیلاتی ناردە ناو ڕیزەکانی پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانی لە کوردستانی عێراق.

بەم شێوەیە کاک خانە وەک یەکەمین پێشمەرگەی کۆمەڵە چەکی کردە شان. ئەگەرچی کاک خانە دوای ماوەیەکی کورت لە ڕەوتی شەڕێکی قارەمانانەدا گیانی بەخت کرد، بەڵام ئەو ڕێگایەی ئەو وەک یەکەمین پێشمەرگەی کۆمەڵە گرتییە بەر، ئەو ڕێگایە بوو کە هەزاران کرێکار و زەحمەتکێشی هۆشیار و شۆڕشگێڕ، و هەزاران تێکۆشەری کۆمۆنیست هەنگاویان تێدا نا. ڕێبوارانێک کە قارەمانانە بۆ ئازادی و سۆسیالیزم و بۆ کۆتاییهێنان بە هەر جۆرە هەڵاواردن و نابەرابەرییەک خەباتیان کرد.