فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەرز و بەڕێز بێت یادی کۆمۆنی پاریس یەکەمین دەسەڵاتی کرێکاریی جیهان
دوشەممە ۲۷-۱۲-۱۴۰۳   |  17-03-2025

١٨ی مانگی مارس ساڵڕۆژی کۆمۆنی پاریس یەکەمین دەسەڵاتی کرێکاریی جیهان لە وڵاتی فەڕانسەیە. کاڕڵ مارکس کتێبی “شەڕی ناوخۆیی لە فەڕانسە”ی لە وەسفی کۆمۆنی پاریسدا بەم ڕەستە ماندگارانە دەستپێکرد: “بەیانیی ١٨ی مارس، پاریس بە دەنگی برووسکەئاسای، بژی کۆمۆن وەخەبەر هات. كرێكارانی پاریس له‌ نێو سستی و خیانه‌تی چینی ده‌سه‌ڵاتدار به‌وه‌گه‌یشتن كه‌ كاتی ده‌ست به‌كاربوون بۆ ڕزگاربوون و به‌ده‌سته‌وه‌ گرتنی ئیداره‌ی كاروباری وڵات هاتووه‌. كاتێك كۆمۆنی پاریس ده‌سه‌ڵاتی شۆڕشی به‌ده‌سته‌وه‌ گرت، كاتێك بۆ یه‌كه‌م جار كرێكارانی ئاسایی باوه‌ڕیان به‌خۆ كرد كه‌ ده‌توانن هێرش بكه‌نه‌سه‌ر ئیمتیازاتی ده‌سه‌ڵاتداران، له‌و كاتدا دونیای كۆن به‌ بینینی ئاڵای سوور، سه‌مبۆلی حكوومه‌تی كرێكاری كه‌ به‌سه‌ر شاره‌داریی ده‌شه‌كایه‌وه‌‌، له‌ توڕه‌یی و نفرت كه‌وتبووه‌ له‌رزین. ئه‌م كرێكاره‌ ئاساییانه‌ له‌ بارودۆخێكی بێوێنه‌ و له‌ژێر فشاردا، به‌ لێبوردوویی و دڵسۆزی و به‌ شێوه‌ی كاریگه‌ر كاره‌كه‌یان به‌ سه‌رئه‌نجام گه‌یاند.”

كۆمۆنی پاریس ڕووداوێكی كتوپڕ و به‌بێ ڕه‌خساندنی بوار نه‌بوو. ئه‌م ڕووداوه‌ ڕیشه‌ی له‌ ده‌وره‌ی شۆڕشی ساڵه‌كانی ١٨٤٨ تا ١٨٥١، كه‌ خه‌باتی به‌رینی كرێكاران، سه‌رجه‌م وڵاتانی ڕۆژئاوای ئۆرووپای گرتبووه‌ به‌ر و هه‌روه‌ها خه‌باتی كرێكارانی فه‌ڕانسه‌ له‌ مه‌ودای ساڵه‌كانی ١٨٥٧ تا ١٨٦٩ بوو. شکستی یەک لە دوای یەکی ئەرتەشی فەڕانسە لە شەڕ لەگەڵ پڕۆس لە مانگەکانی بەر لە سەرهەڵدانی کۆمۆنی پاریس، کۆمەڵگای بەرەو شۆڕش پاڵ پێوەنابوو. “ئۆکۆلۆف”، بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی ڕووسیە لە مانگی ئاگۆستی ساڵی ١٨٧٠ لە ڕاپۆرتێکدا کە سەبارەت بەم دەورەیە و بارودۆخی سیاسی فەڕانسە بە پترسبۆرگی داوە، دەنووسێ: “لە هەر ساتێکدا ئەگەری سەرهەڵدانی شۆڕش لەئارادایە”. “لۆرد لاینز” باڵیۆزی بریتانیاش لە شەشی ئاگۆستدا ڕایدەگەیەنێت کە “بنەماڵەی بناپارت ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە ڕووخانی دەسەڵاتیان نزیکتر دەبنەوە”. هەروەها یەکێک لە مێژوونووسانی ئەم قۆناغەش باس لەوە دەکات کە: “لە پاریس بۆنی شۆڕش لە هەوادا هەستی پێدەکرا”.

شكستی ئه‌ڕتەشی بورژوازی فه‌ڕانسه‌ له‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئه‌ڕته‌شی پڕۆس كه‌ تا ده‌روازه‌كانی پاریس پێشڕه‌وی كردبوو، وه‌ك چه‌خماخه‌یه‌ك بوو كه‌ ئاگری تووڕه‌یی كرێكاران و خه‌ڵكی پاریسی بڵێسه‌دار كرد. جه‌ماوه‌ری كرێكاران و خه‌ڵكی بێبه‌شی پاریس كه‌ ڕاپه‌ڕیبوون، ده‌وڵه‌تی بورژوازیان له‌ فه‌ڕانسه‌ ده‌ركرد و خۆیان ئه‌ركی به‌رگری له‌ شاریان له‌ به‌رامبه‌ر داگیركه‌ران گرته‌ ئه‌ستۆ. ده‌وڵه‌تی فه‌ڕانسه‌ كه‌ تا دۆینێ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی پڕۆس شه‌ڕی ده‌كرد، به‌ هاوكاری ئه‌ڕته‌شی پڕۆس له‌دژی كرێكارانی ڕاپه‌ڕیو و له‌ڕێگه‌ی به‌رنامه‌ڕێژی و فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌ له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌م دا، پڕۆسییه‌كان ٦٠ هه‌زار ئه‌سیری شه‌ڕی فه‌ڕانسه‌یان ئازاد كرد و له‌ ئێختیاری ده‌وڵه‌تی هه‌ڵاتووی فه‌ڕانسه‌ قه‌راریان دا و له‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی ئه‌ڕته‌شی شكست خواردوو، هاوكاریان له‌گه‌ڵ كرد. سه‌رئه‌نجام ده‌وڵه‌تی بۆرژوازی فه‌ڕانسه‌ به‌ هاوكاری ئه‌ڕته‌شی پڕۆس هێرشیان كرده‌ سه‌ر پاریس. كۆمۆناره‌ قاره‌مانه‌كان‌ تا دوایین هه‌ناسه‌یان، خۆڕاگری بوێرانه‌یان ده‌ست پێكرد.

ژنانی کۆمۆن دەورونەخشێکی بەرچاویان لەم موقاومەت و خۆڕاگرییەدا هەبوو. لوویی بارون، خەباتکاری کۆمۆن لە ٢٣ی مانگی مەیدا لە بیرەوەرییەکانی ڕۆژانەی خۆیدا دەنووسێت: لە بەرەبەیانیی ئەو ڕۆژەدا واحدێک لە ژنانی چەکدار لە کاتێکدا کە گوڵێکی سووریان لە کڵاوەکەیان دابوو بە فەرماندەیی “دمیتریە وا” شەریان دەکرد و ئەو تەشویقی دەکردن کە هەتا دوایین دڵۆپی خوێنیان لە خەبات دەست هەڵنەگرن. لووئی دوبروئیل مێژووناسی کۆمۆن دەنووسێت: لە مەیدانی سپی گوردانێک لە ژنانی چەکدار بە فەرماندەیی  ژنێکی قارەمان بەناوی لوویز میشێل  و ژنێکی ڕووسی بەناوی دیمیتریف، کە ڕۆژی پێشتریشی لە باتینیول شەڕیان کردبوو، بوێری و ئازایەتییەکی سەرسووڕهێنەریان لەخۆیان نیشاندا. به‌ڵام سه‌رئه‌نجام پاش چه‌ند ڕۆژ شه‌ڕ و تێكهه‌ڵچوونی لە بواری نیزامیدا نابەرابەر، کۆمۆنارەکان شكستیان خوارد. له‌ مه‌ودایه‌كی كورتدا ١٧ هه‌زار كرێكار له‌ خیابانه‌كانی پاریس كۆمه‌ڵكوژ و به‌ هه‌زاران كه‌س ئێعدام كران. به‌مجۆره‌ بورژوازی فه‌ڕانسه‌ تۆڵه‌ی خۆی له‌ كرێكارانی ڕاپه‌ڕیو كرده‌وه‌ و یه‌كه‌م ئه‌زموونی شۆڕشی كرێكارانی جیهان شكستی خوارد.

کۆمۆنی پاریس، ئه‌وه‌ڵین حكوومه‌تی كرێكاری له‌ جیهان و خۆلقێنه‌ری ده‌وڵه‌تێك بوو كه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی به‌رده‌وام بوایه‌ چینی كرێكار ئه‌یتوانی هه‌نگاوه‌كانی دواتر بۆ دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگایه‌كی سۆسیالیستی قورستر هه‌ڵبگرێت. كۆمۆن شێوه‌یه‌كی مێژوویی و تایبه‌ت له‌ ده‌وڵه‌ت به‌ پێوه‌ری تایبه‌ت بوو. چاوخشاندنێك به‌سه‌ر گۆشه‌یه‌ك له‌ په‌سه‌ندكراوه‌كان و هه‌وڵه‌كانی كۆمۆن ده‌رخه‌ری پێكهێنانی هه‌ڵسووكه‌وتی نوێ كۆمه‌ڵایه‌تی بوو كه‌ له‌ درێژه‌دا ده‌توانێت ببێتە ڕزگاریده‌ری مرۆڤایه‌تی له‌ به‌ربه‌ڕییه‌تی نیزامی سه‌رمایه‌داری.

بە فەرمانی کۆمۆن ئه‌ڕته‌شی حیرفه‌یی هەڵدەوەشێتەوە و كاروباری نیزامی ده‌كه‌وێته‌ ده‌ستی خه‌ڵكی چه‌كدار. ڕاگەیەندرا كه‌ زه‌وی هی ئەو کەسەیە كه‌ له‌سه‌ری كار ده‌كات. ئامرازی به‌رهه‌مهێنان‌ هی كرێكارانه‌ و كار مافی سرووشتی هه‌موو خه‌ڵكه‌. حقووقی زۆری كاربه‌ده‌ستانی باڵای ده‌وڵه‌ت ده‌بێ نه‌مێنێت. زۆرترین حقووق نابێت له‌ حه‌قده‌ستی كرێكارێكی لێهاتوو زیاتر بێت. دادوه‌ری و كاربه‌ده‌ستانی باڵای ئیجرایی هه‌ڵبژێرداو ده‌بن و هه‌ركات كه‌ زۆرینه‌ی ده‌نگده‌ران ئیراده‌ بكه‌ن، ده‌بێ لابچن. سزای ئێعدام هه‌ڵده‌وه‌شێندرێته‌وه‌ و ده‌زگای گیوتین له‌ به‌رچاوی خه‌ڵك دەسووتێندرێ. بناغەی خوێندنی بەخۆڕایی دادەمەزرێت. هەڵوەشاندنەوەی هەموو کلیساکان و زەوتکردنی داراییەکانیان لەلایەن کۆمۆنەوە پەسند دەکرێت. گشت یارمەتییە داراییەکانی دەوڵەت بە کلیسا ڕادەگیرێ. ئائین وه‌ك ئه‌مری تاكه‌كه‌سی كه‌سه‌كان ڕادەگەیەندرێت. خوێندنگاکان لە ژێر کۆنترۆڵی کڵێسا ڕزگار دەکرێن و دادپەروەری و پەروەردە لە ئایین جیا دەکرێنەوە و دادوەرەکان هەڵدەبژێردرێن. کاری شەوانەی نانەواخانەکان قەدەغە دەکرێت. حقووقی کارمەندانی کۆمیسیۆنەکانی کۆمۆن بەئەندازەی حقووقی کرێکارانی نانەواییەکان دیاری دەکرێت. لە سیستەمی ئیداریی کۆمۆندا، بەشی پۆلیس لەبری ئەوەی بریکاری حکومەتی ناوەندی بێت، دەکرێتە ئۆرگانێک کە خزمەت بە خۆشبژێوی خەڵک دەکات و هەموو ئەرکە سیاسییەکانی ئەم ئیدارەیە هەڵدەوەشێنەوە. هەروەها بەرپرسانی بەشی پۆلیسیش دەکرێ لە پۆستەکەیان لابردرێن. کۆمۆن ئازادی ڕادەربڕین و چاپەمەنی، ئازادی کۆبوونەوە، پێکهێنانی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان ڕادەگەیەنێت. كۆمۆن ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی كه‌ خاوه‌نه‌كانی له‌ پاریس ڕایانكردووه‌، ڕاده‌ستی ئه‌نجوومه‌نه‌ كرێكارییه‌كان كه‌ له‌ كارخانه‌كاندا پێكهاتوون ده‌كات.

پێكهاته‌ی ده‌وڵه‌تی كۆمۆن له‌گه‌ڵ هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌كانی پێشوو جیاوازی هه‌یه‌. كۆمۆن له‌ كه‌سانێك پێك دێت كه‌ له‌ گه‌ڕه‌كه‌ جۆراوجۆره‌كان له‌ سه‌ره‌وه‌ تا خواره‌وه‌ هه‌ڵبژێردراون. كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمۆنی پاریس ٨٣ ئه‌ندامی هه‌یه‌ و به‌ پێی حوكمی یاسای په‌سه‌ندكراو، هه‌ركات ده‌نگده‌ران ئیراده‌ بكه‌ن، ده‌كرێت و ده‌توانێرێت هه‌ركامیان له‌سه‌ر كار لابردرێن. ئه‌م كومیته‌یه‌ هه‌م یاساداڕێژه‌ره‌ و هه‌م به‌ڕێوه‌به‌ری یاسایه‌.

بێهۆ نەبوو کە لێنین لە ڕێبەرانی شۆڕشی کرێکاریی ڕووسیە، لە ساڵی ١٩١١ لە بابەتێکدا بەبۆنەی چلەمین ساڵڕۆژی کۆمۆنی پاریس دەنووسێ: ”یاد و بیرەوەریی خەباتی کۆمۆنی پاریس نەک هەر بۆ کرێکارانی فەڕانسە بەڵکوو بۆ پرۆلێتاریای سەرتاسەری جیهان ئازیز و بەڕێزە. چونکە کۆمۆن تەنها لەپێناو چەند خواستی بچووکی مەحەلی یان نەتەوەیی نەبوو، بەڵکوو هەوڵێک بوو بەئامانجی ڕزگارکردنی یەکجاریی هەموو ئینسانێکی زەحمەتکێش و چەوساوە … گرمەی تۆپەکانی پاریس، دواکەوتووترین توێژەکانی پرۆلێتاریای لە خەوی قووڵ ڕاچڵەکاند و لە هەموو شوێنێک گڕوتین و حەرەکەتێکی تازەی بە تەبلیغاتی شۆڕشی سۆسیالیستی بەخشی. هەربۆیە ئاسەوار و کاریگەریی کۆمۆنی پاریس نەک هەر لەناو نەچووە، بەڵکوو هەتا بە ئەمڕۆش لە ناخی هەرکام لە ئێمەدا زیندوویە.”

كۆمۆنی پاریس هه‌رچه‌ند زیاتر له ٧٢ ڕۆژ حكوومه‌تی نه‌كرد و بورژوازی له‌ خه‌ڵتانی خوێندا شكستی پێ هێنا، به‌ڵام خاڵه‌ به‌هێز و لاوازه‌كانی و هه‌روه‌ها ده‌رس و ئه‌زموونه‌كانی، ده‌ستكه‌وتی چینی كرێكاره‌ له‌ شه‌ڕه‌ چاره‌نووس سازه‌كاندا كه‌ هێشتا له‌ ئاسۆی خه‌باتی چینی كرێكاردا قه‌راری گرتووه‌. یادی کۆمۆنی پاریس لە ناخی چینی کرێکاردا زیندوویە. ئەمڕۆ لە جەرگەی قووڵبوونەوەی قەیرانی نیزامی سەرمایەداریی جیهانی و لە جەرگەی بەربەریەتێکدا کە بەسەر زۆربەی دانیشتووانی گۆی زەویدا سەپاوە، زەروورەتی یەکگرتن و هاوپشتیی کرێکاران، و پشتیوانی نێونەتەوەیی پرۆلێتاریای سەرانسەری جیهان لە خەبات دژبەم بارودۆخە دژەئینسانییە سەد هێندە بووە. لە ١٥٤مین ساڵڕۆژی پێکهاتنی کۆمۆنی پاریس یەکەمین دەسەڵاتی کرێکاریی جیهان، پێویستە وێڕای فێربوون لە دەرس و ئەزموونەکانی، ڕیزی خەباتی کرێکاران دژبە نیزامی سەرمایەداری هەرچی زیاتر یەکگرتووتر و یەکپارچەتر بکەین.