
٣٨ ساڵ لەمەوبەر، ئێوارەی ڕۆژی ٢٥ی گوڵانی ساڵی ١٣٦٧، بارەگاکانی ناوەندیی کۆمەڵە هەڵکەوتوو لە دۆڵی “بۆتێ”، لە ٢٠ کیلۆمەتریی باکووری شاری “ڕانیە” لە کوردستانی عێراق، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی تاوانکاری بەعسی عێراقەوە کرانە ئامانجی بۆردومانی کیمیایی. لەم پەلامارە دڕندانە و تاوانکارانەیەدا، ٢٣ کەس لە ئەندامان و کادرەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە گیانیان بەخت کرد و نزیک بە ١٥٠ کەسیش بریندار و ژەهراوی بوون. ئەم هاوڕێیانە لە ڕیزی لێهاتووترین و تێکۆشەرترین پێشەنگەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیی ئێران و لە کەسایەتییە ناسراو، دێرین و خۆشەویستەکانی نێو جەماوەری خەڵک بوون. ئەوان دژی ستەم و چەوساندنەوە و بێمافیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، دژی شەڕ و تاوانەکانی سیستەمی چینایەتیی دەسەڵاتدار و بۆ بەرگریکردن لە مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستان ڕاپەڕین و هەموو ژیانی خۆیان تەرخان کرد بۆ خەباتی بێوچان دژی سیستەمی سەرمایەداری و سەرجەم نەهامەتی و زوڵمەکانی و دژی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی وەک یەکێک لە هارترین حکوومەتە سەرمایەدارییەکانی سەردەم.
لەو ڕۆژەدا، هەر کە هەواڵی بۆردومانە کیمیاییەکەی بارەگاکانی کۆمەڵە گەیشتە شاری ڕانیە، هەزاران کەس لە خەڵکی ئەو شارە، سەرەڕای مەترسیی کاردانەوەی ڕژێمی بەعسی عێراق، بۆ بەهاناوەچوونی پێشمەرگە بریندار و بەرکەوتووەکانی کۆمەڵە بە شێوەیەکی جەماوەری کەوتنە خۆ و هەرچی لە توانایاندا بوو خستیانە گەڕ بۆ یارمەتیدانی هاوڕێیانی زیانپێکەوتووی ئەو کارەساتە. زۆربەی پزیشکان و دەرمانخانەکانی شاری سلێمانیش، سەرەڕای هەڕەشە و هۆشدارییەکانی ڕژێمی عێراق، لە چارەسەرکردنی بەرکەوتووانی کۆمەڵەدا ئەوپەڕی هاوکارییان نواند. هاوپشتیی پڕجۆشوخرۆشی خەڵکی کوردستانی عێراق و بەتایبەت خەڵکی شاری ڕانیە و گوندەکانی ئەو ناوچەیە لەگەڵ پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لەو ڕۆژەدا، یادەوەرییەکە کە هەرگیز لە هزر و بیرمان ناسڕێتەوە.
ناوی ئەو هاوڕێیانەی لە بۆردومانی کیمیاییی بارەگاکانی کۆمەڵە لە ڕۆژی ٢٥ی گوڵانی ١٣٦٧دا گیانیان بەخت کرد، بریتین لە:
١- ئیسماعیل مستەفازادە
٢- ئەحمەد محەممەدی
٣- بایەزید بەییاز
٤- پەرویز تاجوانچی
٥- حوسێن سیگاری
٦- سەعید محەممەدی
٧- جەلال پێنجوێنی
٨- فریشتە ڕەزایی
٩- عەبدوڵڵا هۆشیاریان
١٠- عەلی حەسەن محەممەدی (تەهموورس)
١١- فەرەنگیس شاهۆیی
١٢- کەریم جەننەتی
١٣- کەریم عەبدوڵڵاپوور
١٤- مریەم مەجنوون (سەعادەت)
١٥- کەماڵ ڕەزانژاد
١٦- کەیومەرس موهاجیر (جەببار)
١٧- مەنووچێهر مەحموودیان (مورتەزا)
١٨- محەممەد ڕەسووڵی خۆشسیفەت
١٩- محەممەد عومەر عەلی
٢٠- ناسێح مەردۆخ
٢١- نادر قازیزادە (ئازاد)
٢٢- وەفا توتونچی
٢٣- حامید مودەڕسی
ئەم ئازیزە گیانبەختکردووانە لە ڕیزی ئەو مرۆڤە پێگەیشتوو و شۆڕشگێڕانە بوون کە بە جۆش و خرۆشی شۆڕشگێڕانە و دڵێکی پڕ لە هیواوە، لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان و شارەکانی دیکەی ئێرانەوە، بە پەیوەستبوون بە ڕیزەکانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانەوە، شانبەشانی یەکتر و بە قبووڵکردنی مەترسییەکی زۆرەوە، لە ئۆرگانە ناوەندییەکانی کۆمەڵە و هەروەها “ڕادیۆ دەنگی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران”دا تێکۆشانیان دەکرد. یادی ئەم ئازیزانە هەمیشە زیندوو و بەرز و بەڕێز بێت.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە