ئاکامی داگیرکاری و شەڕی ئیمپریالیستیی بیست ساڵەی دەوڵەتی ئەمریکا لە ئەفغانستان و لەشکرکێشی بۆسەر عێراق، قەتڵ و کوشتاری سەدان هەزار کەس لە خەڵکی ستەملێکراو و بێدیفاعی ئەم وڵاتانە و داسەپاندنی دەسەڵاتە کۆنەپەرست و دژەدیموکراتیکەکان بەسەر خەڵکی ئەم وڵاتانەدا بوو. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامی، واتە ڕژیمێک کە بە یارمەتیی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان ئامرازەکانی دەسەڵاتی گرتە دەست، قوربانییانی سەرەکیی سەرکوتگەری و کوشتار و زێدەخوازییە ناوچەییەکانی، جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگان. لەشکرکێشی و هێرشی جەنایەتکارانەی دەوڵەتی فاشیستیی تورکییە بۆسەر خەڵکی کوردستانی سووریە بێجگەلە قەیران و هەڵاوسان و گرانی و بێکاری پەرەستێن، ئاکامێکی دیکەی بۆ کرێکاران نەبووە. قەیرانی کۆرۆنا لە سەرانسەری جیهان قوربانییە سەرەکییەکانی کرێکاران و خەڵکی کەمداهات و بێبەشی کۆمەڵگا بوون. ئاکامی شەڕی نیابەتیی نێوان ناتۆ بە ڕێبەریی ئەمریکا و دەوڵەتی ڕووسیە لە ئۆکراین، کوژران و برینداربوون و ئاوارەیی سەدان هەزار کەسی لە خەڵکی ئۆکراین، و گرانیی بەرین و لەخوارێ مانەوەی حەقدەستی کرێکارانی لەئاستی قارەی ئورووپا و جیهاندا لێکەوتووەتەوە. شەڕی ناوخۆیی سوودان هاوکات لەگەڵ کوشتاری خەڵکی بێدیفاع، سەدان هەزار کەسی بەرەوڕووی مەترسیی مەرگ بەهۆی برسییەتی کردووە. لەئێستاشدا شایەدی کۆمەڵکوژیی خەڵکی فەلەستینین لەلایەن دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیلەوە بە پشتیوانیی دەسەڵاتی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە ناتۆ. بەهۆی ئەم شەڕەوە کە لە نێوان هێزی کۆنەپەرستی حەماس و دەوڵەتی تاوانکار و فاشیستی ئیسرائیلدا لەئارادایە، زیاتر لە ٩ هەزار کەس لە خەڵکی فەلەستین کە لە سەدا ٤٥یان منداڵانن لەئاکامی بۆمبارانەکانی پێنجەمین ئەرتەشی جیهان گیانیان لەدەست داوە. لە ئیسرائیلیش شایەدی ئاوارەبوونی نیو ملیۆن کەس لە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشین. ئەمانە تەنها چەند نموونەن لە جەنایاتێک کە دەوڵەتە جۆراوجۆرەکانی سەرمایەداریی دنیا لە دیموکراتەوە بگرە تا سەرکوتگەر، دەرحەق بە کرێکاران و جەماوەری خەڵک ئەنجامی دەدەن.
بێگومان تەنها دەوڵەتی ئیسرائیل لەم تاوانە جەنگییە و لەم جینۆسایدە خۆفناکەی کە لە کەرتی غەززەدا لەئارادایە بەرپرسیار نییە، بەڵکوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و باقیی دەسەڵاتەکانی ناتۆ لەوانە بریتانیا، ئاڵمان، فەڕانسە، ئیتالیا، کانەدا لەم جەنایەتانەدا شەریکن. دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی دەوڵەتی ئەمریکا و پشتیوانیی بێدەریغی لە دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل لەم شەڕە لە کەس شاراوە نییە. وتاری شەڕخوازانەی بایدێن لە ڕۆژی یەکەمی ئەم هێرشە و بەراوردکردنی هێرشی جەنایەتکارانەی حەماس لەگەڵ ١١ی سێپتامبر و بانگەشەی دووپاتکردنەوەی ئەزموونی کوشتاری خەڵکی بێتاوانی ئەفغانستان و عێراق لە غەززە، بەشداریی بایدێن لە کۆبوونەوەی شۆرای جەنگی ئیسرائیل، ڕەوانەکردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگر بۆ ئاوەکانی مەدیتەرانە، دابینکردنی چەک بۆ ئیسرائیل کە ٢٥ ڕۆژە بۆ کوشتاری خەڵکی فەلەستین بەکاریان دێنێ، هەروەها پشتیوانیی سیاسی، نیزامی و لۆجستیکی ئەمریکا، حزوور و ڕاوێژی فەرماندە نیزامییەکانی لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل، هەر هەموویان سەلمێنەری بەشداریی ڕاستەوخۆ و ئاشکرای دەوڵەتی ئەمریکا لەم شەڕەدایە. دەخاڵەتی ئەمریکا هێندە ئاشکرایە کە لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سەرۆکی ناتۆ ڕایگەیاند کە نابێ ڕاستەوخۆ لەم شەڕەدا بەشدار بین.
تاوانی شەڕ و جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل دژبە خەڵکی فەلەستین، کە بە پاساوی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ مەترسیی ڕەوتی کۆنەپەرستی حەماس لەئارادایە، ڕیشەی لە زیاتر لە حەفتا ساڵ سیاسەتی داگیرکەرانە و ئاپارتایدی ڕەگەزیی دەوڵەتی ئیسرائیل و قەیرانی سیاسی و گەندەڵی سیستماتیکی ناو دەسەڵاتی ڕەگەزپەرستی نەتانیاهۆدایە. دەوڵەتی ئەمریکا بە پشتیوانیی بێ شەرت و مەرجی لە دەوڵەتی ئیسرائیل دژبە خەڵکی ڕەنجدیدەی فەلەستین، هەوڵ دەدات هێژمۆنیی لاوازی خۆی لە ڕۆژهەڵات ناوەڕاست بەهێز بکات. ڕێبەرانی دەوڵەتی ئەمریکا ئەم بابەتە ناشارنەوە کە جیهانی یەک جەمسەری و سەردەمی ڕێبەرایەتیی ئەمریکا بەسەر جیهان کۆتایی هاتووە. بایدێن لە وتارەکەیدا لە کەمپەینێکی هەڵبژاردندا ڕۆژی ١٧ی ئۆکتۆبر وتی: ”ئێمە بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ لە قۆناغی دوای شەڕدا دەژیان کە زۆر باش بوو. بەڵام ئێستا ئەم قۆناغە کۆتایی هاتووە و ئێمە پێویستمان بە نەزمێکی نوێیە لە جیهاندا”. لەڕاستیدا مەبەستی بایدێن ئەوە بوو کە قۆناغی دوای شەڕ بۆ بەرژوەندی ئەمریکا قۆناغێکی باش بوو. بەڵام قۆناغی ئێستا هەڕەشە لە بەرژوەندییەکانی ئەمریکا و هێژمۆنییە جیهانییەکەی دەکات. بۆ نموونە گەشەی دەسەڵاتی چین و لاوابوونی دەسەڵاتی ئەمریکا. هەربۆیە پێویستە لەڕێگەی هێزی نیزامییەوە ڕێبەریی ئەمریکا لەئاستی جیهاندا بپارێزێرێت.
بێگومان ئەوە کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی جیهانن کە بە گیان و ماڵیان بەهای شەڕی وێرانکەری دەوڵەتانی سەرمایەداری دەدەدن. ئەوان یان ڕاستەوخۆ لەم شەڕانەدا دەکوژرێن، یان بە بیانووی شەڕەوە لەلایەن سەرمایەداران و دەوڵەتانی پشتیوانییانەوە هێرش دەکرێتە سەر ژیان و گوزەرانیان و لەگەڵ گرانی و بەرنامەی ڕیازەتی ئابووریی دەوڵەتەکان بەرەوڕوو دەبنەوە. هەر بۆیە چینی کرێکاری جیهان هیچ قازانجێکی لەم شەڕانەدا نییە و پێویستە ماشێنی جەنگ و سەرکوتی دەوڵەتەکانی سەرمایەداری تێکبشکێنێت. گەشەی دووبارەی بزووتنەوەی کرێکاری و ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لەوانە وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداری لە ناڕەزایەتی دژبە گرانی، هەڵاوسان، زیادنەکردنی حەقدەست و نەگونجاوبوونی لەگەڵ ڕێژەی هەڵاوسان، تێچووی بەرینی نیزامی لە شەڕی ئۆکراین و داسەپاندنی تێچووی شەڕ بەسەر کرێکاران، و خۆپیشاندانی ملیۆنیی خەڵک لە شەقامەکانی ئەمریکا، ئورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شوێنەکانی تری جیهان دژبە کوشتاری خەڵکی غەززە لەلایەن دەوڵەتانی ئیسرائیل و ئەمریکا، مژدەبەخشی ئەوەیە کە هێزی جیهانیی کرێکاران دەتوانێ پیلانی شەڕی دەوڵەتانی سەرمایەداری پووچەڵ بکاتەوە و هاوسەنگیی هێز بە قازانجی کرێکاران و مرۆڤایەتیی ئازادیخواز و یەکسانیخواز بگۆڕێت.
کرێکاران لە هەر شوێنی جیهان کە هەن پێویستە خوازیاری ڕاگرتنی دەستبەجێی بۆمبارانی غەززە و کۆتاییهێنان بە تاوانی شەڕی دەوڵەتی ئیسرائیل دژبە خەڵکی فەلەستین و هەروەها خوازیاری کۆتاییهێنان بە شەڕی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان لە ئۆکراین بن. پێویستە بزووتنەوەی دژی شەڕ پەرەبستێنێت. ئەم بزووتنەوەیە پێویستە بۆ ناو ناوەندە سەنعەتی و کرێکارییەکان تەشەنە بستێنێت و لەگەڵ بزووتنەوەی خەباتکارانە و جەماوەریی کرێکاران دژبە نابەرابەری و هەژاری و گرانی گرێ بدرێت. نابێ ڕێگە بدەین دەوڵەتانی سەمایەداری ژیان و گیانی کرێکاران بکەنە قوربانیی شەڕی ئیمپریالیستی و نیابەتیی خۆیان. تەنها بزووتنەوەیەکی گەورەی جیهانی دژبە شەڕ، تێکەڵ بە ئیعتڕازات و مانگرتنە کرێکارییەکان بەرامبەر بە سیاسەتی دژەکرێکاریی دەەوڵەتەکان و بۆ دیفاع لە مافی کرێکاران دەتوانێ جیهان لە جەحەنەمی شەڕی کۆنەپەرستانە و سەرمایەدارانە ڕزگار بکات. کۆمۆنیستەکان و تێکۆشەرانی ڕادیکاڵی بزووتنەوەی سۆسیالیستی لە هەر شوێنێک بن، تەنها بە بەشداریی چالاکانەیان لە بزووتنەوەی دژی شەڕ و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران دەتوانن ئاسۆی جیهانێکی ئازاد و یەکسان و بەدوور لە شەڕ و خوێنڕێژی بەرەوڕووی مرۆڤایەتی بکەنەوە.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە