
ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی بەفرانبەر، بەدوای دابەزینی بێوێنەی بەهای تمەن لە بەرانبەر دۆلار و دراوە بیانییەکانی دیکە و هەڵکشانی ساتبەساتی نرخی کاڵا و پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵک، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و ڕێپێوانی بەشێک لە کاسبکاران و خەڵکی تاران دەستی پێ کرد. ئەم ناڕەزایەتییانە بە پەیوەستبوونی خوێندکاران و جەماوەری وەزاڵەهاتوو و بەش مەینەتی کۆمەڵگە، پەرەی سەند و ڕۆژی هەینی پێی نایە شەشەمین ڕۆژی خۆیەوە. شەوی هەمان ڕۆژ، کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی تاران و شارەکانی قوم، یاسووج، مەڕو دەشت، مەشهەد و چەندین شاری دیکە درێژەی بوو. لەم ناڕەزایەتییانەدا، خەڵکی وەگیانهاتوو، هەر لە سەرەتاوە بە دروشمگەلی وەک “مەرگ بۆ خامنەیی”، “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” و “مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامی”، جارێکی دیکە تەواویەتیی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەیان وەک هۆکار و بانیی هەژاری و نەهامەتییەکانی کۆمەڵگە کردە ئامانج.
پێشکەشکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ١٤٠٥ لەلایەن مەسعود پزیشکیان بۆ مەجلیس لە ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی بەفرانبەر و لێدوان و بەرگریی ناوبراو لەو پڕۆژەیە، داهاتوویەکی ڕەش و تاریکتری لە ڕابردوو وێنا کرد. لە کاتێکدا کە ڕێژەی هەڵاوسان بۆ زۆرێک لە خۆراکەکان ٧٠ لە سەدی تێپەڕاندووە، بودجەی پێشنیارکراوی دەوڵەتی ئیفلاسهێناوی ئیسلامی، ڕێژەی زیادکردنی مووچە و حەقدەستی تەنیا ٢٠ لە سەد دیاری کردووە. دەوڵەت بە ئامانجی پڕکردنەوەی بەشێک لە کورتهێنانی تریلیۆنیی بودجە، ماڵیاتی قورسی بەسەر بازاڕیان و وردەفرۆشاندا سەپاندووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە سیستەمی مافیایی دەسەڵاتدا، دەستی سەرمایەدارانی کەرتی تایبەت و دەوڵەتی و “خسولەتی” ئاوەڵا کردووە کە دراوی بەدەستهاتوو لە هەناردەکردن نەگەڕێننەوە و لە سیستەمی ماڵیاتیشدا پارێزراو و بەخشراو بن.
سەرەڕای ئەمانە، پزیشکیان ڕۆژی یەکشەممە لە کۆتایی قسەکانیدا لە مەجلیس جارێکی دیکە وتی: “هەر چەشنە زیادکردنێکی حقووق و مووچە، پێویستی بە دیاریکردنی سەرچاوەی دابینکردنیەتی.” پزیشکیان لە شرۆڤەی ئەم دۆخە ئابوورییە شپرزەیەدا دانی بەوەدا نا کە: “بەشێکی بەرچاو لە سەرچاوە داراییەکانی وڵات لە بوارگەلێکدا خەرج دەکرێن کە لە بنەڕەتەوە نەدەبا پارەیان بۆ تەرخان بکرایە. ئەگەر ئەم سەرچاوە و یارانانە بە دروستی بگوازرێنەوە بۆ خەڵک، نە برسییەک دەمێنێتەوە، نە نەخۆشێک بێ دەرمان دەبێت و نە منداڵێک لە خوێندن بێبەش دەبێت.” هەڵبەت پزیشکیان بۆ نیشاندانی بنبەست و بێتوانایی خۆی وتی: “هیچ ئەنگیزەیەکم بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا نییە. قبووڵکردنی بەرپرسیارێتی لە دۆخی ئەمڕۆدا گەلێک سەخت و ئاڵۆزە.”
قسەکانی خامنەیی سەبارەت بە درێژەدان بە سیاسەتەکانی تاکوو ئێستا و پشتیوانی لە هێزەکانی “میحوەری موقاوەمەت” و بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و توندترکردنەوەی گەمارۆکان، هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی بودجەی ساڵی ١٤٠٥ لەلایەن پزیشکیانەوە، بووە هۆی سەرهەڵدانی شەپۆلێکی نوێ لە ناڕەزایەتییەکان لە تاران و زیاتر لە دە شاری دیکەی ئێران. قەیران و بنبەستی ئابووری لەسەر بەستێنی گەندەڵی و دزیی سەران و دەستوپەیوەندەکانی ڕژیمی ئیسلامی ئەوەندە ئاشکرا و بەرچاوە کە هەندێک لە کاربەدەستانی حکوومەت و شارەزایانی ئابووریی سەر بە ڕژیمیش، پێشبینیی سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی جەماوەری و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و تەنانەت داڕمانی حکوومەتی ئیسلامییان کردبوو و هۆشدارییان بە هێزە سەرکوتگەرەکان دابوو کە ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵک بن.
دادستانی گشتیی ڕژیمی ئیسلامی، هەڕەشەی لە ناڕازییان کرد و وتی: “هەرچەشنە هەوڵێک بۆ بەکارهێنانی ناڕەزایەتییە ئابوورییەکان وەک ئامرازێک بۆ نائەمنی، ڕووبەڕووی کاردانەوەی یاسایی دەبێتەوە.” ناوبراو بە قەولی خۆی “قۆستنەوەی ڕێکخراوی داخوازییە ڕەواکان بە گێڕانەوەی چەواشەکارانە و هاندانی رای گشتی”، بە ئاڕاستەکراو لەلایەن تۆڕە دەرەکییەکانەوە لە قەڵەم دا. بەرپرسان و کاربەدەستانی دیکەی ڕژیمیش، هاوکات لەگەڵ نیگەرانییان لە پەرەسەندنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی بۆ کەرتەکانی دیکە، وەک پیشەی هەمیشەییان ئەم ناڕەزایەتییانەی خەڵک دەخەنە ئەستۆی دوژمن و دەستی دەرەکی. لەم پەیوەندییەدا پزیشکیان وتی لەگەڵ گوشاری دەرەکی لەلایەن “دوژمن”ـەوە بەرەوڕووین. حسێن مەرعەشی، سکرتێری گشتیی حیزبی سازەندەگی هۆشداری بە بەرپرسان دا کە مەترسییەکە زۆر جیدی و نزیکە، چونکە قەیرانی دابینکردنی خۆراک، خەڵکی برسی دەهێنێتە سەر شەقامەکان. عەباس عێراقچی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو خۆی خزاندە ناو بواری ئابووری و بە درۆ و چەواشەکاری وتی: “پیلانی دوژمن بۆ خوڵقاندنی قەیران و زیادکردنی ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی، هەوڵی دەرەکی و بەکارهێنانی گەمارۆکانە تاوەکوو لەو ڕێگەیەوە کێشە بۆ دەسەڵات و حکوومەتی ئیسلامی لە ناوخۆدا دروست بکەن.” سەرپاسدار قالیباف، ئەو دز و بکوژەی خوێندکارانیش وتی: “بەدکاران بە دوای ئەوەوەن داخوازییەکانی خەڵک بەرەو ئاژاوە بەرن.” یەکێک لە نوێنەرانی پێشووی مەجلیسیش بە ئاماژە بە بەردەوامیی سێهەمین ڕۆژی شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکان وتی: “دونیامان لە دژی خۆمان هان داوە، دۆخەکە خراپتر دەبێت و باشتر نابێت. خەڵک لە دەست ئێمە ماندوو و بێزار و تووڕەن و بۆ ڕزگارکردنی نیزام دەبێ کارێک بکەین.”
لە کاتێکدا کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدەن سیمای سەرەکیی ناڕەزایەتییەکان بە ئابووری و غەیرەسیاسی نیشان بدەن، هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەتی ئیسلامی کەوتوونەتە خۆ و بە هێرش بۆ سەر کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان و بە تەقەکردنی گازی فرمێسکڕێژ و گولـلەی ساچمەیی بەرەو خەڵکی ناڕازی، ژمارەیەکی زۆریان دەستبەسەر کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، پشتیوانیی خوێندکارانی زۆربەی زانکۆکان لە ئاستی سەرتاسەریدا لەم شەپۆلە نوێیەی ناڕەزایەتییەکان، نیشانەی سەرھەڵدانەوەی بزووتنەوەی خوێندکاری و هاوچارەنووسیی چینایەتی و کۆمەڵایەتیی ئەوانە لەگەڵ ناڕازییان. ڕۆژی سێشەممە، ٩ی بەفرانبەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بانگەوازی ڕێکخراوەکان و چالاکانی بزووتنەوەی خوێندکاری، خوێندکارانی زانکۆکانی تاران، شەریف، بەهەشتی، ئەمیرکەبیر، علم و فەرهەنگ، خاجە نەسیر، علم و سەنعەت، عەلامە و هەروەها زانکۆی سەنعەتیی ئیسفەهان، یەزد، زەنجان و شوێنەکانی دیکە، بۆ هاوپشتی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی بازاڕ، دەستیان دایە کۆبوونەوە. لەم کۆبوونەوانەدا خوێندکاران وێڕای هاوپشتی لەگەڵ داخوازییەکانی خەڵک، بە وتنەوەی دروشمگەلێکی وەک: “خوێندکار دەمرێت، زەلیلی قبووڵ ناکات”، “نە ڕووسەری نە تووسەری، ئازادی و بەرابەری”، “ئەم هەمووە ساڵە جنایەت، مەرگ بۆ وڵایەت”، “ژن، ژیان، ئازادی”، “نە پادگان نە بۆنگا، بژی دانشگا” و “زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت”، جەختیان لەسەر درێژەدان بە خەباتی خۆیان کردەوە.
خوێندکارانی زانکۆی کوردستانیش ڕۆژی چوارشەممە بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان بانگەوازێکیان بڵاو کردەوە. لە بەشێک لەو بانگەوازەدا هاتووە: “ئێمە ڕۆڵەکانی چیا سەختەکانی کوردستان، بۆ ئازادیمان، بۆ مافمان و بۆ داهاتوویەکی دادپەروەرانە دێینە مەیدان. ئێمە ڕادەپەڕین تا کۆڵەکەکانی ئەم سیستەمە گەندەڵە لە بنەڕەتەوە هەڵتەکێنین. لە ئاست ستەم و گەندەڵیدا، چیتر بێدەنگی ڕەوا نییە. دەنگی ئێمە لە تەواوی ئێراندا دەنگ دەداتەوە.”
لە بەرانبەر ئەم هەڵاوسان و گرانییە بێسنوورە و هەژاری و نەهامەتییە بێوێنەیە و ئەو پەلامارە بەربڵاوەی کە ڕژیمی گەندەڵ و جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئاستی ژیان و بژێویی خەڵک ڕێکی خستووە، ڕێگایەک جگە لە پەرەسەندن و جەماوەریبوونەوەی ئەم ناڕەزایەتییانە بوونی نییە. کرێکاران کە حەقدەستی چەندین قات لەژێر هێڵی هەژاری وەردەگرن یان بێکارن، ئەو خەڵکەی کە زیاتر لە ٦٠ لە سەدیان لەژێر هێڵی هەژاریدا مەرگی شێنەیی ئەزموون دەکەن، مامۆستایان و خانەنشینانێک کە لە دەست هەژاری دەناڵێنن، چیتر ڕێگایەکیان بۆ پاشەکشە نەماوەتەوە. خەڵک نابێ ڕێگە بدەن کە ئەم ڕژیمە جنایەتکارە، تێچووی قورسی ڕاگرتنی دەزگای گەندەڵی دەوڵەتی و ئۆرگانە سەرکوتگەرەکان و پڕۆژە ئەتۆمی، سەربازی و ئەمنییەکان و دەزگای تەبلیغاتیی خۆی، بەسەر سفرەی بەتاڵی ئەواندا بسەپێنێت. بۆ پاشەکشەپێکردنی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران، بۆ ئیفلیجکردنی ماشێنی سەرکوت و پاڵپێوەنانی بەرەو هەڵدێری ڕووخان، ڕێگایەک نییە جگە لە سەرتاسەریکردنەوەی ئەم ناڕەزایەتییانە، مانگرتنی سەرتاسەریی کرێکاران لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری و گۆڕینی مانگرتنە کرێکارییەکان بۆ بڕبڕەی پشتی مانگرتنە سیاسییە جەماوەرییەکان بە مەبەستی لەکارخستنی ماشێنی سەرکوت.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە