بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، “غەفوور بەرهەم”، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شنۆ دوای تێپەڕینی دوو ساڵ لە ماوەی پێنج ساڵ حوکمی زنیدانەکەی بەشێوەی مەرجدار لە زیندانی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کرا.
غەفوور بەرهەم خەڵکی ئەمیر ئاوای شنۆ مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٥ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ دەستبەسەر و دوای سێ مانگ بەدانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی و هەتا کاتی بەڕێوەچوونی دادگا، ئازاد کرا.
ئەو هاووڵاتییە لە مانگی پووشپەڕی ١٣٩٦ بە تۆمەتی «هەوڵدان دژی ئاسایشی وڵات» سزای ٥ ساڵ، بە تۆمەتی «هەڵگرتنی چەکی نایاسایی» سزای ٥ ساڵ و بە تۆمەتی «بەزاندنی سنوور» سزای یەک ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
لقی یەکەمی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، حوکمی ١١ ساڵ بەندکرانی غەفوور بەرهەمی وەک خۆی پەسەند کردەوە کە بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان پێنج ساڵی دەبێت جێبەجێ بکرێت.
ناوبراو دواجار ڕۆژی دووشەممە ١ی گوڵانی ١٣٩٨ بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٥ ساڵ زیندان، دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی شنۆ کرا و مانگی خەزەڵوەری هەمان ساڵ بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرا.