فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەندیخانەی ورمێ؛ گواستنەوەی چوار زیندانی بە تۆمەتی “سیخوڕی” بۆ ژووری تاکەکەسی بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارە
پێنجشەممە ۰۷-۱۰-۱۴۰۲   |  28-12-2023

ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی بەفرانبار، وەفا هەنارە، ئارام عومەری بەردیانی، ڕەحمان پەڕحازوو و نەسیم نەمازی، ئەو بەندکراوانەی کە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گواسترانەوە. سزای سێدارەی ئەم چوار بەندکراوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن لقی ٣٩ی دادگای باڵای وڵات پشتڕاستکراوەتەوە و سزای سێدارەی مەنسوور ڕەسووڵی هەڵوەشاوەتەوە و بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی گۆڕدراوە. ئەو بەندکراوانە بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارە بۆ ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی ناوەندی ورمێ گواستراونەتەوە، و ئەگەری جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەو چوار کەسە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی داهاتوو واتە هەینی لە ئارادایە. شایانی باسە کە بنەماڵەی ئەو چوار بەندکراوە دوایین چاوپێکەوتنیان لەگەڵیان بووە و ئێستا تەواوی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی بەندیخانەی ورمێ بەستراوە. وەفا هەنارە، ئارام عومەری بەردیانی، ڕەحمان پەڕحازوو، مەنسوور ڕەسووڵی و نەسیم نەمازی، کۆتایییەکانی مانگی بەفرانباری پارەکە، لەلایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی شاری ورمێ، بە تۆمەتی” بەشداریکردن لە هاوکاری ئیتلاعاتی و سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل” سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. هەروەها ئەو دادگا بە تۆمەتی هاوشێوە، کامران هەنارە، فەخرەددین دوودکانلووی میلان، ئەشکان عوسمانزادە گەندووک، حەسەن عومەرپوور و ئەمیر موشتاق گەنگچین، پێنج بەندکراوی دیکەی خەڵکی ورمێ، هەریەک سزای دە ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە. لەو بەینەدا ناوی مەنسوور ڕەسووڵی، لە نێوان ئەو پێنج بەندکراوەی کە سێدارەیان بەسەردا سەپاوە ناسراوترە. پێشتر وێنە و ڤیدیۆکانی بەناوی “لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە” لە ناوبراو لەلایەن “گرووپەکانی سەر بە ئیسرائیل” بڵاو کرابووەوە. ئەو دە بەندکراوەی خەڵکی ورمێ، لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ڕفێندرابوون. ئەو هاووڵاتییانە هەرکام چەند مانگیان لە ژووری تاکەکەسی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی تێپەڕکردووە.