بەهار زەنگیبەند، مامۆستای ڕاهێنان و پێگەیاندنی وەرزشوانان لە زانکۆی “ئازاد”ی شاری سنە، بە گوشاری ناوەندە حکوومەتییەکان و بە بڕیاری ناوەندی حەراسەتی ئەو زانکۆیە، لە مافی وانەوتنەوە و مامۆستایەتیی ئەو زانکۆیە بێبەری کرا و لەسەر کار دەرکرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو مامۆستای زانکۆیە، ۶ مانگ پێشتریش لە بەشداریکردنی وانەکانی زانکۆ و وانەوتنەوە بە خوێندکارانی لەو زانکۆیە بێبەری کرابوو.
شایانی باسە کە بەهار زەنگیبەند ماوەی زیاتر لە حەوت ساڵی بەردەوامە وەکوو مامۆستا گرێبەستی وانەوتنەوەی لەگەڵ زانکۆی “ئازاد”ی شاری سنە هەیە و کار دەکات.
ناوبراو جیا لە وانەوتنەوەی تیۆری و ئەکادیمیک، یەکێک لە چالاکانی ناسراوی مافەکانی ژنانە لە شاری سنە و ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی خەرمانان، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژیم لەو شارە دەستبەسەر کرا. دواتر لە ١۶ی ڕەزبەر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کاتی کۆتاییی دادگاییکردنەکەی لە دەستبەسەرگە ئازاد بوو.