فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەڕێوەبردنی غەززە لەلایەن تورکیە و چوار وڵاتی عەرەبیەوە
سێشەممە ۱۹-۱۰-۱۴۰۲   |  09-01-2024

تورکیە و چوار وڵاتی عەرەبی ناوچەکە بۆ ئاوەدانکردنەوە و بەڕێوەبەرایەتی غەززە، لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕ، ڕێک کەوتن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ١٨ی بەفرانبار پاش سەردانی بۆ تورکیە، عەرەبستان، ئیمارات، ئۆردۆن و قەتەر ڕایگەیاند کە سەرۆکانی ئەو وڵاتانە بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەی شەڕ لە ناوچەکەدا هاودەنگن و بۆ ئاوەدانکردنەوە و بەڕێوەبردنی غەززە، پاش کۆتایی شەڕ، ڕێککەوتوون.
پەسەندکردنی ئەم ڕێککەوتنە لەکاتێکدایە کە پێش سەردانەکەی بلینکێن بۆ ناوچەکە، ئەم پێنج وڵاتە لەبەرانبەر داواکارییەکانی ئەمریکا لە سەر ئەم پرسە، ناکۆک بوون و ڕایانگەیاندبوو تاکوو ئاگربەستێک واژۆ نەکرێت ڕازی بەم ڕێککەوتنە نین.
بلینکێن بڕیارە کە لە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە پێبەندییەکانی ئەو پێنج وڵاتە بە بێنیامین نێتانیاهوو و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و هەروەها مەحموود عەباس، ڕێبەری فەلەستین و فەتاح ئەلسیسی سەرۆککۆماری میسر ڕابگەیەنێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە عەرەبستان، هێشتا حەز بە ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دەکات، بەڵام خوازیاری کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و ڕێگەیەک بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی سەربەخۆ بۆ فەلەستینییەکانە.
هەروەها جێی ئاماژەیە کە یەکێک لە تەوەرەکانی چاوپێکەوتنی بلینکێن لەگەڵ سەرۆکانی وڵاتە عەرەبییەکان، کەمبوونەوەی گرژییەکانی شەڕ لە لوبنان، سووریە، عێراق و هەروەها دەریای سوور بووە.