ڕۆژی شەممە ٢٤ ژۆئەن بەرابەر لەگەڵ ٣ی پووشەپەڕ، لەسەر بانگەوازی هێزە چەپ و دێمۆکراتیکەکانی ئۆرووپا، ئاکسیونێکی ئێعتڕازی دژ بە ڕەوتی ئێعدامەکان لە ئێران بەڕێوەچوو.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو، ئەم ئاکسیۆنە بە بەشداری کۆمەڵێکی زۆر لە ئەندامانی حیزب و ڕێکخراوە چەپەکانی ئۆرووپا لەوانە، ئینگلیس، ئاڵمان، سۆئێد، فەڕانسە و نۆروێژ، بۆ پشتیوانی لە بەندکراوانی سیاسی، ئازادکرانی بێشەرتومەرجی ئەم بەندکراوانە، خواستی ڕاگرتنی ئێعدامەکان و کۆتایی هێنان بە ئازار و ئەشکەنجەی بەندکراوانی سیاسی، لە گۆڕەپانی “تێرافێلگار”ی لەندەن، بەڕێوەچووە. جێگەی ئاماژەیە، بەشداربووان لەم ئاکسیۆنەدا بە وتنەوەی چەندین درووشمی وەک “زیندانی سیاسی کرێکاری بەندکراو، دەبێ ئازاد بکرێ”، “کۆماری ئیسلامی کاتی لەناوچوونت هاتووە”، “مەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی”، “بژی ئازادی و یەکسانی” و “سەرکەوتووبێ شۆڕشی خەڵکی ئێران”، پشتیوانیان لە شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” لە ئێران کرد.