ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی گەلاوێژ، کرێکاران و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران، لەئاست پێڕانەگەیشتنی بەرپرسان بە کێشە و گرفتەکانیان، دەستیاندایە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی یاسووج بە کۆبوونەوە لە بەرامبەر ئیدارەی گشتی ژینگەپارێزی پارێزگای کۆهکیلویە و بۆیەرئەحمەد، کۆمەڵێک لە خوازیارانی یەکەی نیشتمانی لە شارەکانی، کرمان وسەبزەوار، ژمارەیەک لە جووتیاران لە ئیسفەهان و بجستان، کۆمەڵێک لە پەرەستاران لە شیراز و ژمارەیەک لە کارمەندانی زانکۆی علووم پزیشکی فەسا، لەئاست جێبەجێ نەکرانی خواستەکانیان و کەمتەرخەمی بەرپرسان دەستیاندایە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی. لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی ڕابردوو کۆمەڵێک لە کرێکارانی پڕۆژەیی شاغڵ لە شیرکەتی نەوت و گازی جنووب لە پاڵاوگەکانی ٥، ٩، ١٠ و ١١ی ئەم ناوەندە، دەستیان لەکار کێشایەوە و مانیان گرت.