لە دانیشتنی ئەو دادگایەدا کە ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ی ڕێبەندان بەڕێوە چووە، ئەمیرحوسێن عەلینژاد، ئەمیرڕەزا نیعمەتی، حوسێن عاشووری، ڕەزا مورادیگەجین، سالار نەجەفیزادە، سەید ئەمیرمحەممەد حوسێنی، عەلی ئیبراهیمی، عەلی تابع، گوڵسا بەشیریڕاد، لەیلا عەلوویە، موبین سەفەری، محەممەد عەشقی، محەممەدڕەزا سەیوڵڵازادە، مێهرداد شوجاعیئازەر، نازەنین قەهرەمانی، هادی حەسەنلوو، پووریا ئازەرهۆمایوون و سەمانە فەتحی لاوی تەمەن ١۵ ساڵ، کە وەک تاوانبار ناسێندراون ڕێگەی بەرگریکردن لە خۆیانیان پێ نەدراوە.بە وتەی سەرچاوەکانی هەواڵ، ئەو لاوانە بە تۆمەتی “هەوڵدان بۆ لەتمەدان لە یەکپارچەیی یان سەربەخۆییی وڵات”، “پێکهێنانی گرووپ و باند بە مەبەستی هەوڵدان بە دژی ئاسایشی نیشتمانی لە ڕێگەی ڕاهێنانی چاککردنی کوکتل مولوتۆف” و “پڕوپاگەندە بە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی” تاوانبار کراون و دادوەر “نەجەفزادە”، دادوەری دۆسیەکان بە شێوەی نافەرمی ئەگەری سەپاندنی سزای “٢ تاکوو ۵ ساڵ بەندکردن” بەسەر ئەو لاوانەدا ڕاگەیاندووە.
پێشتر ناوەندی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری ورمێ، ڕایگەیاندبوو کە ٢۵ هاووڵاتیی ناڕازیی ئەو شارە کە ٨ کەسیان ژنن، دەستبەسەر کردووە و ئەم کەسانەش ئەندامانی گرووپی “لاوانی گەڕەکەکانی ئورمیە” بوون.