بەبەشداریی زیاتر لە ١٠٠ ژینگەپارێز و شاخەوانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەڵمەتێکی خاوێن کردنەوەی سێ شوێنی گەشتیاری لە کوێستانەکانی داڵانپەڕ و بۆزی سینا لە پارێزگای ئازەربایجانی غەربی بەڕێوەچوو.
ژینگە پارێزان لە شارەکانی شنۆ، پیرانشار و ورمێەوە لە شارۆچکەی دزەی مەرگەوەڕی پارێزگای ورمێ بەهۆی سەختی ڕێگەی شوێنە گەشتیارییەکان بەرەو کوێستانەکانی داڵانپەڕ و بۆزی سینای ورمێ چوون. لە هەڵمەتەکەدا، سەدان کیلۆ زبڵ و خاشاکی پاشماوەی گەشتیاران کۆ کرایەوە و بە مەبەستی لەناوبردنیان بۆ دامێنی کوێستانەکان گوازرایەوە.لەم هەڵمەتە ژینگەپاریزییەدا کە بە بەشداریی گرووپەکانی شاخەوانیی بۆزی سینای ورمێ، کێلەشینی شنۆ، هەڵگوردی پیرانشار و گرووپی ژینگەپارێزیی پیرانشار بەڕێوە چوو، ژنانیش ڕۆڵێکی کارا و چالاکیان گێڕا و هاوشانی پیاوان لە خاوێن کردنەوەی شوێنەکاند بەشدار بوون. هەروەها خانمە چالاکوانێکی بەشداربووی هەڵمەتەکەش پەیامێکی ئاراستەی هاووڵاتییان و گەشتیاران کرد و وتی: ” دەبێت ژینگە بە ماڵەکانی خۆمان بزانین، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ سروشت و دیمەنێکی پیسکراو ڕووبەڕوو بووینەتەوە، بۆیە داوا دەکەم هەر کەسێک بۆ خۆشی و گەشت و سەیران ڕوو لە هەر شوێنێک دەکات و پشوو وەردەگرێت، تکایە با لە دوایی خۆی پیسی و پاشماوەکان بەجێ نەهێڵێت و شوێنی پشوودانەکەی پاک بکاتەوە. “