
ڕۆژی یەکشەممە ٩ی بەفرانبار، وەک هەموو یەکشەممەیەکی ئێعتڕازی، شارەکانی ئێران شایەتی ناڕەزایەتیی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بوو.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ژمارەیەکی زۆر لە بازاڕییان لە تاران، خانەنشین کراوانی تەئمینی ئیجتماعی لە ڕەشت، ئەهواز و شووش، ژمارەیەک لە پێرسۆنێلی زانکۆی زانستی پزیشکی ئیلام، کۆمەڵێک لە پەرەستاران و کادری دەرمانی تەبەس، خانەنشین کراوانی پۆڵا لە شارەکانی ئیسفەهان، مازەندەران، ئەهواز و قائێمشار و کۆمەڵێک لە کرێکارانی پێترۆشیمی ماەشەهر، لەئاست پێڕانەگەیشتن بە خواستەکانیان و چوونەسەرەوەی ڕێژەی ئاوسان و هەژاری، بە شێوەی جیاجیا دەستیاندایە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی. هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ژمارەیەک لە کرێکارانی شیرکەتی بەرهەمهێنانی ڕۆنی فریکۆ، لە شوێنی کارەکەیان لە سیرجان، دەستیان لەکار کێشایەوە و کۆبوونەوەی ئێعتڕازییان بەڕێوەبرد.