
ڕۆژی دووشەممە ٣١ی خەرمانانی ١٤٠٤، لەدرێژەی ئێعتڕازی خەڵک بە بارودۆخی نالەباری ژیان، گرانی، ئاوسان و نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوون بۆ داهاتوویان، زۆربەی شارەکانی ئێران شایەتی ناڕەزایەتیی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا بوو.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی ڕابردوو کۆمەڵێک لە کرێکارانی شاغڵ لە شیرکەتی نەوت و گازی پارسی جنووبی لە ناوچەی عەسەلویە، کەنگان و پاڵاوگەی ١٢، کۆمەڵێک لە کرێکارانی شیرکەتی نەوتی فەلات قاڕە لە ناوچەی لاوان و سەکۆ نەوتییەکانی ڕشادەت، ڕەساڵەت و سەلمان، ژمارەیەک لە کرێکارانی شیرکەتی بەهرەبەرداری فەجری جەم، کۆمەڵێک لە خانەنشین کراوانی شیرکەتی مۆخابەرات لە شارەکانی شیراز، هەمەدان، تەورێز، ڕەشت، ئیسفەهان، ئەهواز، زەنجان، سنە، کرماشان، مەریوان و بیجاڕ، ژمارەیەک لە خەڵکی شارستانی میرجاوە، کۆمەڵێک لە پزیشکانی بنەماڵە له ساری و کۆمەڵێک لە کرێکارانی گرووپی میللی ئەهواز، لەئاست پێڕانەگەیشتن بە خواستەکانیان، دەستیاندایە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی. هەروەها کۆمەڵێک لە کرێکاران و کارمەندانی شیرکەتی پارسی جنووبی لە سەکۆنەوتییەکانی ٤٠ گانە، دەستیان لەکار کێشایەوە و خوازیاری جێبەجێ کرانی خواستەکانیان بوون.