فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەڕێوەچوونی پلێنۆمی چوارەمی کومیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران – بەشی یەکەم
سێشەممە ۲۲-۰۱-۱۴۰۲   |  11-04-2023

خاکەلێوەی ١٤٠٢ هەتاوی
ئاوریلی ٢٠٢٣ زاینیی

پێلنۆمی چوارەمی کومیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٣، لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ڕێکەوتی ١٢ و ١٣ی خاکەلێوە بەرابەر لەگەڵ ١ و ٢ی مانگی ئاوریلی ٢٠٢٣ بەڕێوەچوو. پلێنۆم سەرەتا بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ و یەک دەقە بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی هاوڕێ “عیسا جەمشیدی” و سەرجەم گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سوسیالیزم دەستی بەکارەکانی کرد و دوای دوو ڕۆژ کۆبوونەوەی چڕوپڕ، کۆتایی بە کارەکانی هێنا.
لەم پلێنۆمەدا ئەندامانی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٨ و کومیتەی تەشکیلاتی دەرەوەی حیزب، وەک چاوەدێر بەشداریان کردبوو. سەردێری باسەکانی ئەم پلێنۆمە پێکهاتبوو لە ڕادەست کردنی ڕاپۆرتی سیاسی کومیتەی ئیجرایی، ڕاپۆرتی چالاکی کومیتەکان و ناوەندەکانی تەشکیلاتی و هەروەها دیاری کردن و دابەش کردنی کارەکان لەناو کومیتەی ناوەندی حیزب. تەوەری کۆبوونەوەی کومیتەی ناوەندی سەبارەت بوو بە ڕاپۆرتی سیاسی کومیتەی ئیجرایی و سەردێرەکانی خوارەوە.
یەکەم:
“چاوخشاندنێک بەسەر بارودۆخی جیهان:”
نیزامی سەرمایەداریی جیهانی بەردەوام لەگەڵ قەیران تێوەگڵاوە و ئەم تەوەرەش، لە لایەن ڕاگەیەنەرەکانی بورژوازی دانی پێ داندراوە. لەڕاستیدا، لەکاتی دەستپێکی قەیرانی ئابووری لە ساڵی ٢٠٠٨ و ئیفلاس هێنانی بانکەکان و شڵەژاوی بازاڕەکانی ماڵی، دونیای سەرمایەداری لەگەڵ زنجیرەیەک قەیرانی درێژخایەن بەرەوڕوو بووەتەوە کە کۆتایی نایەت. ئەم بارودۆخە قەیراناوییە، لەبنەڕەتدا بنج و بناوانی لە دابەزینی درێژماوەی ڕێژەی قازانج، لە گەورە ناوەندە ئابوورییەکانی سەرمایەداری پێشکەوتوو لە ماوەی چەندین دەیە دوای شەڕی دووهەمی جیهانی هەیە کە بەدوای کەمبوونەوەی قەیرانەکانیش، نرخی قازانج هیچ کات نەهاتەوە ڕێژەی بەر لە شەڕ.
ئەم ئابوورییانە لە سەرەتای دەیەی ١٩٨٠ و بە دوای زاڵبوونی سیاسەتی نێئۆلیبڕالی لە دەورەیەکەی زەمانی، لەگەڵ ڕێژەیەکی زۆر قازانج بەرەوڕوو بوونەوە کە دواهاتەکانی لە بەرزبوونەوەی کەلەبەری چینایەتی، کۆکردنەوەی خۆڕانەگر و سیستمی ماڵی ئاوساو ڕەنگی داوەتەوە.
ژێربێژی نیزامی سەرمایەداری لە بەدەست هێنانی قازانج کە بووەتە لەناوچوونی ئێکۆسیستمی سرووشت، بوونەوەرەکان و قەیرانی ژینگەیی، لە سەرەکی ترین هۆکارەکان بووە بۆ سەرهەڵدانی نەخوشییەکانی ڤایرۆسی لەوانە نەخۆشی کۆڤیدی ١٩ە. ئەم نەخۆشییە گشتگیرە کە لەسەر بەستێنی چڕبوونەوەی قەیرانی سەرمایەداری و هێرش بۆ سەر باری ژیان و گوزەرانی کرێکاران و توێژەکانی کەم داهاتی کۆمەڵگا و لاواز کرانی پێکهاتەی بێهداشت و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی لە سەرتاسەری وڵاتانی سەرمایەداری سەری هەڵدا، گیانی بە ملیۆن کەسی گرت و دواهاتەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئەم نەخۆشییە، ئێستاش هەروا کاریگەری لەسەر ژیان و گوزەرانی کرێکاران و خەڵکی کەم داهاتی کۆمەڵگا داناوە.
لە لایەکی دیکەوە شەڕی ئەمپریالیستی ڕووسییە و ناتۆ لە ئۆکڕاین و درێژەی ئەم شەڕە، بنج و بناوانی لەم قەیرانە پێکهاتەییەی سەرمایەداری و هەوڵی وڵاتانی ئەمپریالیستی بۆ دابەش کردنی سەرلەنوێ جیهان و پەرەدان بە هانایان لە ناوچەکە هەیە. ئەم شەڕە درێژەی سیاسەتی ژێربێژی وڵاتانی ئەمپریالیستی و سەرمایەدارییە کە زۆر لەمەو بەرەوە بە ئامانجی، کەمکردنەوەی قەیرانی سەرمایەداری و پەرەدان بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان داڕێژراوە. بەدوای کۆتایێ شەڕی سارد و لەناوچوونی بەرەی ڕۆژهەڵات “بلووکی شەرق”، ئەمریکا و باقی وڵاتانی دیکەی ئەندامی ناتۆ، هەوڵیاندا بە پەرەدان بە درێژەی چالاکی ئەم پەیمانە نیزامییە بۆ وڵاتانێک کە پێشتر ئەندامی پەیمانی وێرشۆ بوون، هەروەها بە سەپاندنی سیاسەتی ئابووری ناسراو بە “شوک دەرمانی” بەسەر ئابووری ڕووسییە، گەڕانەوەی ئەم زلهێزە بۆ گۆڕەپانی ململانێ نێودەوڵەتی ئەستەم کەن. ئەمریکا و ناتۆ بە ڕەچاو کردنی ئەم سیاسەتە، هەلیان بۆ نیشاندانی هێژمۆنی ناسیۆناڵیزمی عەزەمەت تەڵەبی ڕووسی و هێرش بۆ سەر ئۆکڕاین ڕەخساند. ئۆکڕاین لە جەریانی ئەم شەڕە وێرانکەرەدا، لە ماوەی کەمتر لە یەکساڵ، بووە سێهەم هاوردەکاری چەک لە جیهان.
قەیرانی ژینگەیی و گشتگیری نەخۆشی کۆرۆنا و شەڕی ئەمپریالیستی ڕووسییە و ناتۆ لە ئۆکڕاین و شەڕەکانی دیکە، وەک ڕەوتی قەیرانی سەرمایەداری، هەتا ئێستا بە سەدان ملیۆن کەسی لەگەڵ کەمبوونی مەوادی خۆراکی بەرەوڕوو کردووەتەوە. شەڕ لە ئۆکڕاین بە سەرنج دان بە پێگەی ئەم دوو وڵاتە کە لە بواری بەرهەمهێنان و هەناردەی دانەوێڵە، کووت و بە تایبەت پێگەی ڕووسییە لە هەناردەکردنی نەوت و گاز هەیانە، بەرزبوونەوەی نرخی مەوادی خۆراکی و وزەی بەداوە بووە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەیکە قەیرانی هەزینەی پێداویستییەکانی ژیان چڕتر بێتەوە. گەشەی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی کرێکاری لە وڵاتانی فەڕانسە، بریتانیا، ئاڵمان، یونان و ئەمریکا و هەروەها هەندێ لە وڵاتانی ئۆرووپایی، دواهاتی قەیرانی سەرمایەداری و شەپۆلی یەک لەدوای یەکی چوونەسەرەوەی ڕێژەی ئاوسان، گرانی و دابەزینی توانای کڕینی کرێکاران و توێژەکانی کەم داهاتی کۆمەڵگایە. لە فەڕانسە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوو، شەقامەکانی پاریس و دەیان شاری دیکەی ئەم وڵاتە، بووەتە گۆڕەپانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی خەڵک و تێکهەڵچوونی هێزەکانی پۆلیس لەگەڵ خۆپیشاندەران. لە ڕێکەوتی ٧ی مارس، چەندین ملیۆن کەس لە کرێکاران و خەڵکی فەڕانسە لە ناڕەزایەتیی بە گەڵاڵەی چاکسازی دەوڵەتی ئێمانۆئێل مەکرۆن لە سیستمی خانەنشینی ئەم وڵاتە بەشداریان کردبوو. بە وتەی سەندیکا کرێکارییەکان، ژمارەی بەشداربووان لەم ناڕەزایەتییە، زۆرترین ڕێژە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا بووە. ئەم شەپۆلە لە ناڕەزایەتیێەکان کە لە مانگی ژانوییەوە دەستی پێکردووە، هەروا بەردەوامە. کرێکاران و خەڵکی فەڕانسە ئەگەر چی لەئاست چوونەسەرەوەی تەمەنی خانەنشینی ناڕازین، بەڵام ئەوان بۆ شتێک زیاتر لەمە خەبات دەکەن. ئەوان داخوازی چینایەتی و سیاسیان هەیە و لەدژی چوونەسەرەوەی ڕێژەی هەژاری، ئاوسان و پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری و هەروەها لەدژی ڕوانگەی پولیسی و دەسەڵات خوازانەی حاکم بەسەر فەڕانسە هاتوونەتە سەر شەقام. دەوڵەت بە نوێنەرایەتی لە چینی سەرمایەداری دەسەڵاتدار، هاتووەتە شەڕی کرێکاران و توێژی کەم داهاتی کۆمەڵگا کە نوێنەرانی مەجلیس ئەوان نوێنەرایەتی دەکەن. لە بریتانیا چوونەسەرەوەی ڕێژەی ئاوسان و گرانی و دابەزینی داهاتی بنەماڵە کرێکارییەکان، خانەنشین کراوان و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوو، بێ وێنە بووە. چوونەسەرەوەی هەزینەی پێداویستییەکانی ژیان، شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری بەدواوە بووە. بەپێچەوانەی دەسەڵاتداریەتی بورۆکراسی یەکێتییەکانی رێفۆرمیست، ململانێیەکی گەورە لە بەشەکانی ڕێگەی ئاسن، پۆستی سەڵتەنەتی، زانکۆ و مەدرەسەکان، بەشی خزمەتگوزاری بێهداشتی نیشتمانی لە لایەن پەرەستارانەوە لە ئارادا بووە. پاراستنی کار و گوزەرانی کرێکاران لە گرێوی درێژەی خەباتی یەکگرتووانە و بەکۆمەڵی کرێکارانە.
یەکێتییەکان بەپێی هەڵوێستی ڕێفۆرمیستی کە هەیانە، سەرەڕای ئەوەیکە مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان ڕێک دەخەن، لە هەمان حاڵدا بەربەستن لە بەرامبەر گەشەسەندنی بزووتنەوەی ئێعتڕازی. چوونە سەرتر لەم ئاستەنگییانە، پێویستی بە دۆزینەوەی ڕێگەی داهێنەرانەی سۆسیالیستی، بۆ ئامادە کردنی پێکهاتەی بزووتەنەی کرێکارییە. لە ئاڵمان لە کۆتایی مانگی مارسدا، کرێکارانی ڕێگەی ئاسن، ئۆتۆبووسەکان، هێڵەکانی قەتار و فڕۆکەخانەکان، بە ئامانجی بردنەسەرێی ئاستی حەقدەستەکان، دەستیان لەکار کێشایەوە و مانیان گرت. سەندیکای کرێکارانی بەشی خزمەتگوزاری “ئاڵ” بۆ دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس لە کرێکارانی ئەم بەشە، خوازیاری بردنەسەرێ ١٠ و نیو لەسەدی ئاستی حەقدەستەکان بووە. لە ئەمریکا یەکێتی نێودەوڵەتی کرێکارانی بەشی خزمەتگوزاری و موعەلیمانی ئەیالەتەکانی ڕۆژئاوای ئەم وڵاتە لەوانە لۆس ئانجێلێس، بە بەڕێوەبردنی ڕێپێوانێکی سێ ڕۆژە، خوازیاری بردنەسەرێی ئاستی حقووقەکان و حەقدەستەکان لەمساڵدا بووە. لەم ڕێپێوانە، موعەلیمان، خوێندکاران، باغەوانەکان، کرێکارانی سپوور و خزمەتگوزاری شارەداریی، شۆفیر ئۆتۆبووسەکان، کرێکارانی کافە و ڕێستوورانتەکان و هەروەها بەردەستانی پەروەردەی تایبەت، بەشداریان کردبوو.
بەڵام هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیی جەماوەری لەدژی چوونەسەرەوەی ڕێژەی ئاوسان و گرانی و بوونی ڕەوتی چەپ و ڕادیکاڵ لەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییانە، ڕەوتە توندڕۆ و ڕاست گەراکانیش بەهێز بوون. بەهێز بوونی ڕەوتی “تڕامپیسم” لە ئەمریکا، ناڕێندرا مۆدی لە هێند، مارین لۆپێنی فاشیست لە فەڕانسە، پارتی دێمۆکڕاتەکانی سۆئێد کە بنج و بناوانی فاشیستی هەیە، پارتی ڕاستگەرای “براکان” لە ئیتالیا کە ڕێبەری هاوپەێمانی دەسەڵاتی لەدەست دایە، چەندین نموونەن لە چالاکی جەریاناتی توندڕۆی ڕاستگەرا. لەسەر بەستێنی درێژەی قەیرانی ئێستا، کۆمۆنیستەکان و سۆسیالیستەکان ڕێگەیەکیان نییە جگە لە بەشداری چالاکانە و یارمەتیدان بە پەروەردە کردن و ڕێکخستن و ڕێبەری ئەم بزووتنەوانە. بزووتنەوەی سۆسیالیستی بە پشت بەستن بەم بزووتنەوە ڕادیکاڵا کۆمەڵایەتییانە دەتوانێ، دەوڵەتانی سەرمایەداری و جەریاناتی دەستە ڕاستی بە چاڵش بکێشێت.
یەکێکی دیکە لە دواهاتەکانی درێژەی قەیرانی سەرمایەداری و شەڕی ئەمپریالیستی لە ئۆکڕاین، ڕەوتی خێرای چەند جەمسەری بوونی جیهانە. سیاسەتی جیهانی و پێوەندییەکانی نێودەوڵەتی بە دوای پووکانەوەی دەسەڵاتی ئابووری ئەمریکا و لاوازبوونی هێژمۆنی ئەم وڵاتە لە دەورانی کۆتایی شەڕی سارد و هەوڵدان بۆ قەرەبوو کردنەوەی دەسەڵاتی لەدەست ڕۆیشتووی لە ڕێگەی ئەمنییەتی کردن و بە سەربازی کردن جیهان، دونیای لەگەڵ قۆناغێکی ناسەقامگیر و ئاڵۆز بەرەوڕ کردووەتەوە. لەم ڕوانگەیەوە کە هەموو پێشبینییەکان باس لەوە دەکەن کە چین لە ماوەی ١٠ ساڵی داهاتوودا، لەباری ئابوورییەوە پێش ئەمریکا دەکەوێت و دەبێتە گەورەترین ئابووری جیهان، ئەمریکا و باقی ئەندامانی دیکەی ناتۆ لەسەر ئەو باوەڕەن کە بە زیاد کردنی بوودجەی نیزامی و چالاک کردنی سەرلەنوێ پەیمانەکانی سەربازی، لە هەر بارودۆخێکدا سەروەری نیزامی خۆیان لە بەرامبەر چین بپارێزن. ئەمە بەم واتایەیە کە جیهان پێ دەنێتە ناو قۆناغێکی نوێ لە ڕکابەری تەسلیحاتی وڵاتانی زلهێزی سەرمایەداری. زیادکردنی لەڕادەبەدەری بوودجەی سپای ئەمریکا و باقی ئەڕتەشەکانی ناتۆ و هەوڵدان بۆ بە ئەندامێتی کردنی سۆئێد و فەنلاند لەم پەیمانە سەربازییە، لەم ڕاستایە دایە. لە هەمان حاڵدا سەرۆک وەزیرانی چین لە دوایین سەفەری بۆ مسکۆ، بە ئاشکرا باسی لە پێکهێنانی جیهانی چەند جەمسەری کردووە.
کاناڵی تێلوزێۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە