خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی
ئاوریلی ٢٠٢٣ی زاینیی
پلێنۆمی چوارەمی کومیتە ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کە لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ڕێکەوتی ١٢ و ١٣ی خاکەلێوە بەرابەر لەگەڵ یەکەم و دووهەمی مانگی ئاوریل بەڕێوەچوو، لە بەشێک لە ڕاپۆرتی کومیتەی ئیجرایی حیزب بە پلێنۆم، تیشک خرایە سەر بارودۆخی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە. لەم ڕاپۆرتەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوە کە دەخاڵەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوەندەکانی قەیران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها بەرنامەی ئەتۆمی و بەرجەستە کردنەوەی ئەم تەورە بە مەبەستی بەدەست هێنانی دەسەڵاتی زیاتر لە دەورەیەکدا کە ئەمریکا لە باری سیاسی و ئابووری لاواز بووە، هەروەها داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێز لە ناوچەکە، وەک بنەمای ستڕاتێژییەکی بەرگێڕەوە و هەروەها ڕێگەیەک بۆ دڵنیابوون لە مانەوە و تێپەڕبوون لەم بۆنبەستە ئابوورییە، لەگەڵ شکست بەرەوڕوو بووەتەوە.
بە بۆنبەست گەیشتنی ئەم ستڕاتێژییە، ئاسۆی تێپەڕبوون لەم قەیرانە ئابوورییەی بۆ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، زیاتر لەهەر کاتێکی دیکە دژوارتر کردووە. ئەم قەیران و ناهۆمێدییانە لەسەر بەستێنێ قەیرانی جیهانی سەرمایەداری، قەیران لە پێوەندییەکانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ڕژیم و پەرەسەندنی گەمارۆکان و دواهاتەکانی کارەساتباری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و گەندەڵی سیستماتیک، ئابووری قەیران لێدراوی ئێرانی لەگەڵ ڕووخان بەرەوڕوو کردووەتەوە.
کاریگەری و دواهاتی چڕبوونەوە و پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری نیزامی سەرمایەداریی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زیاتر لە هەر شوێنێکی دیکە بووە. ململانێی وڵاتانی ئەمپریالیستی بۆ پەرەدان بە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵیان بە سەرنج دان بە گرینگی جوگرافیای سیاسی ناوچەی نەوتی، ڕێگەی بە وڵاتی چین داوە کە بە درووشمی “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێ هی خەڵکی ئەم ناوچەیە بێت” پێ بنێتە ناوچەکە. ململانێی وڵاتانی ئەمپریالیستی و ناوچەیی بە تایبەت لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، بارودۆخی گوزەران و ئەمنییەتی کرێکاران و جەماوەری برسی و تەنگ دەستی لە وڵاتانی ناۆچەکە قەیراناوی تر کردووە. چین بە پشت بەستن بە پەرەسەندنی پێوەندییەکانی ئابووری، پێ ناوەتە قۆناغێکی نوێ لەم ململانێ و رکابەرییەوە. لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو، وڵاتانی دەوڵەمەندی شوڕای هاوکاری کەنداو، ئەولەوییەتی تەرخان کردنی سەرمایە لە لاین چین بووە.
بەدوای گەشتی سەرۆک کۆماری چین بۆ عەڕەبستان لە مانگی دێسامبر و واژۆکرانی چەندین ڕێککەوتننامەی ئابووری، گوشاری چین بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ عەڕەبستان و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، وەک بەشێک لە پێویستییەکانی بەرەو پێشبردنی پڕۆژەکانی تەرخان کردنی سەرمایەی زیاتر بووە. کۆماری ئیسلامیش بە سەرنج دان بە پێگەی لاوازی خۆی، بە تایبەت بەهۆی قەیرانی ناوخۆیی و بەردەوامی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا کە لەگەڵی بەرەوڕووە، لەژێر ناوی “ستڕاتێژی سیاسی پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ”، ناچار بە قەبووڵ کردنی مەرجەکانی چین و پاشەکشێ لە هەڵوێستی هەتا ئێستای لە بواری دەست تێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە بووە. کۆماری ئیسلامی نە تەنیا لەگەڵ عەڕەبستان، بەڵکوو نیشانی داوە بەنیازە تەنانەت لەگەڵ وڵاتانی وەک بەحرەین و میسر، پێوەندییەکانی ئاسایی بکاتەوە و بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانی تەرخان کردن سەرمایەکانی چین و ئەمریکا و هەروەها وڵاتانی زلهێزی دیکەی سەرمایەداریی، درێژەی بە ئاگربەست لە یەمەن بدات و ئەمەش دەرخەری دۆخی لاوازی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەیە.
لە لایەکی دیکەوە، میسر و عەڕەبستان لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودڵ، هەوڵیان داوە کە بەشار ئەسەد بگەڕێننەوە بۆ ناو یەکێتیی عەڕەب. گەشتی ئەم دواییە بەشار ئەسد بۆ ئێماڕات و دانی وادە و بەڵێن بە ناوبراو بۆ یارمەتیدان بە ئاوەدان کردنەوەی وێرانییەکانی شەڕ لە سوورییە، لە ڕاستای ئەم سیاسەتە و دوورخستنەوەی سوورییە لە کۆماری ئیسلامییە. هەوڵەکانی ئەمریکا لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو بۆ گوشار خستنە سەر و گەمارۆدانی دەوڵەتی عێراق و سزادانی زیاتر لە ١٠ بانکی عێراق و گرتنەبەری ڕێکاری پێشگرتن بە دەستڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە دۆلارەکانی عێراق، کە بووەتە دابەزینی نرخی دۆلار لە بەرامبەر تمەن، بە ئامانجی کورت کردنەوەی دەستی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری ئەم وڵاتە بووە. پاشەکشێ کۆماری ئیسلامی لەم بوارانەدا، بە واتای شکستی یەکێک لە پێوەرەکانی سەرەکی ستڕاتێژی مانەوەی ڕژیم، واتە دەست تێوەردان لە ناوەندەکانی قەیران لە ناوچەکە دایە.