لە درێژەی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوان، خانەنشینکراوانی ئیدارەی موخابرات، لە ١٧ پارێزگای ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.
ڕۆژی دووشەممە ١٣ی خەرمانان، خانەنشینکراوانی موخابرات لە ١٧ پارێزگای ئێران، لە ناڕەزایەتی بە پێڕانەگەیشتن بە داواکارییەکانیان و لەوانە جێبەجێکردنی تەواوی ڕێساکانی پێرسۆنێلی و دامەزراندنی ساڵی ٨٩ و جێبەجێکردنی کێشەکانی بیمەی تەندروستی، وەکوو دووشەممەکانی ڕابردوو لە بەرامبەر ئیدارەی موخابرات لە ناوەندی پارێزگاکانی خۆیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.
کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوان لە پارێزگاکانی “کرماشان، سنە، خووزستان، کەهگیلوویە و بویرئەحمەد، ئیسفەهان، مەرکەزی، خوراسانی ڕەزەوی، گوڵستان، گیلان، تاران، ئەردەبیل، فارس، هورموزگان، تەورێز، زەنجان، سیستان و بەلووچستان و لۆرستان” بەڕێوەچوو.
خانەنشینکراوانی ناڕازی لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانەدا درووشمەکانی وەک: “دادپەروەریمان نەدی، تەنیا درۆمان بیستووە”، “بەسە وەعدە و بەڵێنی”، “جێبەجێکردنی ڕێساکان حەقی ئێمەیە”، “تەنیا لەسەر شەقام مافەکانمان دەستەبەر دەکرێ”، “خانەنشین دەنگ هەڵبڕە، داوای مافی خۆت بکە” و چەندین دروشمی دیکەیان وتەوە.
هەروەها خانەنشینکراوان ڕایانگەیاند کە هەتا جێبەجێکردنی تەواوی ڕێساکانی پێرسۆنێل و پێڕاگەیشتن بە داواکارییەکانیان درێژە بەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانە دەدەن.