ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی خەزەڵوەر، لە درێژەی ناڕەزایەتییەکان لە ئێراندا، کۆمەڵێک لە باوک و دایکانی قوتابییانی گوندی “قەلعە سەیێد”ی بێهبەهان، لە ناڕەزایەتی بە نەبوونی مامۆستای پۆلی سێهەم و پێنجەم و هەروەها مامۆستای وەرزش بۆ منداڵەکانیان، لەنێو حەوشەی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی بێهبەهان کۆبوونەوە.
لە دریژەی ئەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیم بە نواندنی توندتیژی دەستیان بەسەر مۆبایلی ناڕازییاندا گرتووە و چوار کەسیان لێ دەسبەسەر کردوون.
لە لایەکی دیکەوە ژمارەیەک لە کرێکارانی ڕەسمی شیرکەتی نەوت و گازی “ئاغاجاری” لە شوێنی کارەکەیان و کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی پیشەسازیی نەوت لە ئەهواز، لە بەردەم بینای “سندووقی نەوت” لەم شارە و کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی “تەئمین ئیجتماعی” لە شووش، کەرخە و حەوت تەپە، لە بەردەم دەفتەری نوێنەری خەڵکی شاری شووش لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و خوازیاری جیبەجی کردنی خواستەکانیان بوون.