
بەپێی ڕاگەیاندنی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، ١٩هەمین کۆنگرەی کۆمەڵە ، لە ڕۆژانی هەینی، شەممە و یەکشەممە ڕێکەوتی ١٠، ١١ و ١٢ی گەلاوێژی ١٤٠٤ بەرابەر لەگەڵ ڕێکەوتی ١، ٢ و ٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٥ بەڕێوەچوو. ئەم کۆنگرەیە لە دوو ساڵۆنی “فرانکفۆرتی ئاڵمان” و “سلێمانیە” لە هەرێمی کوردستان و هەروەها بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە نوێنەرانی کۆنگرە کە بە شێوەی ئۆنلاین و لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیەکانەوە بەشداریان کردبوو بەڕێوەچوو. لەم کۆنگرەیە و لەسەر بانگهێشتی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە، چەندین شاند لە وانە کومیتەی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریحێکمەتیست، ڕێکخراوی کوردستانی یەکگرتووی سۆسیالیستی کرێکاری، شوڕای هاوکاری هێزەکانی چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان، بەدیلی کۆمۆنیستی عێراق و کەسایەتییە چەپ و سۆسیالیستە سەربەخۆکان بەشداریان کردبوو.
کۆنگرە بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ، سروودی هاوپشتی جیهانی چینی کرێکار و ڕاگرتنی یەک دەقیقە بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لەیادی ئەو هاوڕێیانەی کە لە مەودای کۆنگرە ١٨ و ١٩ی کۆمەڵە گیانیان لەدەست داوە و هەروەها بۆ ڕێزگرتن لە یادی سەرجەم گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم دەستی پێ کرد. بێدەنگییکە بە خوێندنی سروودی “پەلکی داری شادی گشتین” لە لایەن هاوڕێ هادی پیرخزریەوە شکێندرا. کۆنگرە دوای پەسەندکردنی بەرگەنامەی ئەندامان و ڕاگەیاندنی بەشداربوونی زۆربەی ئەوان لە کۆبوونەوەکەدا، و ڕاگەیاندنی فەرمیبوونی کۆنگرە لەلایەن ئەنجومەنی بەڕێوەبەرەوە، کارەکەی دەستپێکرد. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کۆنگرە بەدوای بیستنی گزارشە سیاسی و تەشکیلاتیەکان و لێکدانەوە و تاوتوێ کردنیان، هەروەها پێشنیاری بڕیار و قەتعنامەکان، بە مەبەستی بەرەوپێش بردنی کاروباری تەشکیلاتی کۆمەڵە هەتا کۆنگرەی داهاتوو، ٢٣ کەس لە نوێنەرانی بەشدار بو لە کۆنگرەی وەک ئەندامانی کومیتەی ناوەندی هەڵبژارد کە بریتین لە:
هاوڕێیان: خەسرەو بۆکانی، زانیار بۆکانی، ڕەئووف پەرەستار، زانکۆ خدری، فەرزاد عارفی، ڕەحیم عەزیزپوور، مەسعوود عەزیمی ، ڕەشید ڕەزاقی، سەرکەوت ڕۆستەم گورجی، ناسر زەمانی، دلێر سفیدی، حەبیب سوڵتانی، عەلی شاهکار، حەسەن شەمسی، مەحموود قارەمانی، محەممەد کەماڵی، ئەختەر کەمانگەر، سەلاح مازوجی، جەلال محەممەدنژاد، گەوهەر مێعمارزادە، پێدرام نەسروڵڵایی، مەرزییە نەزەری و لوقمان وەیسی .