
ئۆپەراسیۆنی «پرۆژەی مێدۆسا»، کە لە ئاپریلی ٢٠٢٦ـەوە بە هاوکاریی دامەزراوە پۆلیسی و دادوەرییەکانی وڵاتانی بریتانیا، ئاڵمان، ئەمریکا، بەرازیل، کەنەدا، فەڕانسە، هەنگاریا و هۆلەند بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی باندە ڕێکخراوەکانی دەستدرێژیی سێکسی دەستی پێکردووە، تا ئێستا بووەتە هۆی دەستنیشانکردنی لانیکەم ١٥٦ قوربانی و تۆمەتبار، دۆزینەوەی زیاتر لە ٢٧٠ سەرداوی نوێ و دەستبەسەرکردنی ٥٧ کەس. لێکۆڵینەوەکان دەریاندەخەن کە ئەندامانی ئەم تۆڕانە، ئەپەکانی چاتکردنی کۆدکراویان بۆ ئاڵوگۆڕکردنی شێوازەکانی بێهۆشکردنی ژنان، شاردنەوەی ئاسەوارەکانی تاوان، هەماهەنگی بۆ ئەنجامدانی دەستدرێژی، و بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆکانی قۆستنەوە و چەوساندنەوەی سێکسی بەکار هێناوە. پانتایی ئەم دۆسیەیە تەنیا باس لە ڕەهەندەکانی ئۆپەراسیۆنێکی پۆلیسی ناکات، بەڵکوو جارێکی دیکە واقیعێکی قووڵتر ئاشكرا دەکات: توندوتیژی دژی ژنان لە سەرمایەداریی هاوچەرخدا، لە قاڵبی تۆڕی سەروونەتەوەیی، دیجیتاڵی و ڕێکخراودا سەرلەنوێ بەرهەم دەهێنرێتەوە؛ تۆڕگەلێک کە لە پەیوەندییە پیاوسالارییەکان، تەکنەلۆژیا نوێیەکانی پەیوەندیکردن و ئابووریی شاراوەی پڕسوودەوە سەرچاوە دەگرن. هەر بۆیە، کورتکردنەوەی ڕووداوی لەم چەشنە لەنێو ڕاپۆرتە تاوانکارییەکان یان کاردانەوە ئەخلاقییەکاندا، بە واتای فەرامۆشکردن و نادیدەگرتنی بنەما کۆمەڵایەتی و ماددییەکانی بەرهەمهێنەری ئەم توندوتیژییەیە. ئێمە لەبەردەم تۆڕێک لە توندوتیژیی ڕێکخراو دژی ژنانداین کە ئیتر ناکرێت تەنیا وەک کۆمەڵێک تاوانی پەرتەوازە یان لادانی تاکەکەسی پێناسە بکرێت.
ئەوەی لە ساڵانی دواییدا دەرکەوتووە، دروستبوونی کۆمەڵێک پێوەندیی سەروونەتەوەیی، دیجیتاڵ و ڕێکخراوە کە توندوتیژیی سێکسی لە ئاستی کردەوەیەکی تاکەکەسییەوە تێپەڕاندووە و کردوویەتی بە بەشێک لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتی، ئابووری و تەکنەلۆژی. ئەو تێڕوانینەی کە ئەم دیاردەیە کورت دەکاتەوە بۆ نەخۆشییە دەروونییەکانی تاوانباران، گەندەڵیی ئەخلاقی یان لاوازیی سیستەمە پۆلیسییەکان، لە تێگەیشتنی ڕەگ و ڕیشە کۆمەڵایەتییەکانی کێشەکە دادەمێنێت. توندوتیژی بەشێکە لە پێوەندییەکانی دەسەڵات و هەژموون، پێوەندیگەلێک کە لە زەمینە و بنەما ماددییەکانی کۆمەڵگادا فۆڕم دەگرن و لە ڕێگەی دامەزراوە کولتووری، حقوقی و ئابوورییەکانەوە دووبارە بەرهەم دەهێنرێنەوە. لە چوارچێوەیەکی ئاوادا، توندوتیژیی سێکسی، دەرئەنجامی تۆڕێک لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە کە مرۆڤ دەکاتە ئامانجی هەژموون و جەستەی ژنیش دەکاتە گۆڕەپانی سەپاندنی دەسەڵات.
لە دۆسیەکانی ئەم دواییەدا، ئەوەی لە سەرووی هەموو شتێکەوە سەرنج ڕادەکێشێت، ڕێکخراوبوونی ئەم توندوتیژییەیە. پیاوانێک کە لە گرووپە کۆدکراوەکاندا سەبارەت بە شێوازەکانی بێهۆشکردنی ژنان، شاردنەوەی ئاسەوارەکانی تاوان، دەربازبوون لە چاودێریی پۆلیس و تەنانەت چۆنیەتیی وێنەگرتن و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکانی دەستدرێژی، ئەزموونەکانیان لەگەڵ یەکتردا ئاڵوگۆڕ دەکەن. ئەوان تەنیا زانیاری ئاڵوگۆڕ ناکەن، بەڵکوو خەریکی بەرهەمهێنانی کولتوورێکی هاوبەشن. لەم کەشەدا، توندوتیژی دەگۆڕێت بۆ بابەتی فێربوون، ململانێ و بەدەستهێنانی متمانە لە نێوان ئەنداماندا. ئەزموونی تاوانکاری لە دۆخە شاراوە و تاکەکەسییەکەی دەردەچێت و دەبێتە سەرمایەیەکی ڕەمزی بۆ بەدەستهێنانی پێگە لە نێو تۆڕەکەدا.
هەر ئەم تایبەتمەندییەشە کە ئەم جۆرە لە توندوتیژی لە زۆرێک لە فۆڕمە سوننەتییەکانی تاوان جیا دەکاتەوە. ئەگەر لە ڕابردوودا دەستدرێژیکار هەوڵی دەدا کردەوەکەی بشارێتەوە، ئێستا توندوتیژی و تاوانەکانی دژی ژنان لە ڕێگەی تۆڕەکانەوە تۆمار دەکات، نمایشی دەکات و بڵاوی دەکاتەوە. وێنەی قوربانی، دەبێتە کاڵایەک بۆ بەکاربردن، ئاڵوگۆڕکردن و بەرهەمهێنانی شکۆ لە نێوان ئەندامانی تۆڕەکەدا. لەم پرۆسەیەدا، ژن وەک ئۆبژەیەکی شیاوی بەکارهێنان، شیاوی نمایشکردن و شیاوی ئاڵوگۆڕکردن پێناسە دەکرێتەوە؛ هەمان ئەو پرۆسەی مرۆڤسڕینەوەیەی کە یۆرۆپۆلیش هۆشداریی لەبارەوە داوە. ڕەوتێکی لەم شێوەیە بەبێ لەبەرچاوگرتنی زەمینە مێژوویی و کولتوورییەکانی پیاوسالاری لەنێو سیستەمی سەرمایەداریدا جێگەی تێگەیشتن نییە. پیاوسالاری، سیستەمێکە لە پێوەندییەکانی دەسەڵات کە مەشرووعییەت بە خاوەندارێتیی ڕەمزیی پیاو بەسەر جەستە، ژیان و ئیرادەی ژندا دەبەخشێت. ئەم هەژموونە لە خێزان، ژینگەی کار، سیستەمی پەروەردە، میدیاکان و تەنانەت لە زمانی ڕۆژانەشدا دووبارە بەرهەم دەهێنرێتەوە و لە ڕێگەی هەر ئەم میکانیزمانەشەوە، توندوتیژی دژی ژنان دەبێتە شتێکی ئاسایی و پاساوهەڵگر.
دۆسیەی ژیزێل پێلیکۆ لە فەڕانسە نموونەیەکی ڕوونی ئەم واقیعەی ئاشکرا کرد. لەم دۆسیەیەدا، هاوسەری قوربانییەکە بە درێژایی چەندین ساڵ دەیان پیاوی نامۆی بانگهێشت کردبوو بۆ ئەوەی دەستدرێژی بکەنە سەر ژنە بێهۆشەکەی. گرنگیی ئەم دۆسیەیە لەوەدایە کە نیشانی دا توندوتیژیی سێکسی دەتوانێت لەسەر بنەمای هاوکاری، بەشداری و هاودەستیی بەکۆمەڵ فۆڕم بگرێت. زۆرێک لە ئەنجامدەران نەک لەژێر زەبر و زۆردا، بەڵکوو بە هەستی مەشرووعییەت و تەنانەت بە حەزی خۆیان بەشدارییان لەم تاوانەدا کردبوو. ئەم دۆخە دەریدەخات کە چۆن ئایدۆلۆژیای پیاوسالاری دەتوانێت سنوورە ئەخلاقییەکان هێندە دابڕزێنێت کە دەستدرێژی لە فۆڕمی «ئەزموونی هاوبەش»، «گاڵتەجاڕی» یان «چالێنج»دا وێنا بکرێت و هەستی بەرپرسیارێتیی تاکەکەسی لەناوببات.
بەڵام پیاوسالاری بەتەنیا توانای شیکردنەوەی تەواوی ڕەهەندەکانی ئەم دیاردەیەی نییە. لە سەردەمی سەرمایەداریی هاوچەرخدا، توندوتیژیش هاوشێوەی زۆرێک لە بوارەکانی دیکەی ژیانی کۆمەڵایەتی، ڕووبەڕووی بەکاڵابوون بووەتەوە. تۆڕە مەجازییەکان، بازاڕە ژێرزەمینییەکان و کەناڵە نایاساییەکان تەنیا شوێنی ئاڵوگۆڕی ئەزموون نین؛ بەڵکوو ئەوان بەشێکن لە سووڕی بەرهەمهێنان، دابەشکردن و بەکاربردنی ناوەڕۆکێک کە لەسەر بنەمای سووکایەتی و مەینەتییەکانی مرۆڤ فۆڕمی گرتووە. وێنە و ڤیدیۆکانی چەوساندنەوەی سێکسی، بینەر بۆ خۆیان ڕادەکێشن، بەهای ئابووری بەرهەم دەهێنن و یارمەتیدەرن بۆ سووڕانەوەی سەرمایە لە ئابووریی شاراوەی دیجیتاڵیدا. لێرەدا جەستەی ژن نەک تەنیا ئامانجی هەژموون و چەوساندنەوەیە، بەڵکوو سەرچاوەی بەرهەمهێنانی “بەهای ئاڵوگۆڕ”یشە.
بەکاڵابوون، دەرفەتی تێگەیشتنێکی وردتر بۆ ئەم دۆخە دەڕەخسێنێت. سەرمایەداری مەیلی بەردەوامی هەیە بۆ گۆڕینی هەر پرسێکی مرۆیی بۆ کاڵا. هێزی کار، سروشت، کولتوور، زانیارییەکان و تەنانەت پێوەندییە سۆزدارییەکانیش لە لۆژیکی بازاڕدا دەگۆڕدرێن بۆ کاڵای شیاوی کڕین و فرۆشتن. کاتێک هەر ئەم لۆژیکە بۆ جەستەی مرۆڤیش پەل دەهاوێژێت، توندوتیژی دەتوانێت ببێتە بەرهەمێکی قازانجهێنەر. بەهای ئابووریی ئەم ناوەڕۆکە، لە توانای فرۆشتن، دووبارە بەرهەمهێنانەوە و سووڕانەوەی لە بازاڕە نافەرمییەکاندا سەرچاوە دەگرێت. بەم شێوەیە، سەرمایەداری لەم بوارەدا، بە دابینکردنی ژێرخانە تەکنەلۆژییەکان، ئابووریی پلاتفۆرمی، سووڕی سەرمایە و لاوازیی چاودێری بەسەر بازاڕە دیجیتاڵییەکاندا، زەمینە و مەرجە ماددییەکانی بەردەوامیی ئەم جۆرە تۆڕانە خۆش دەکات.
تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەم دۆسیانە، تێپەڕینە لە مۆدێلی «تاوانباری تاک»ەوە بەرەو پێکهاتە تۆڕییەکان. تەکنەلۆژیاکانی پەیوەندی، مەسنجەرە کۆدکراوەکان و کۆڕبەندە داخراوەکانی ئینتەرنێت، دەرفەتی دروستکردنی ئەو گرووپانەی ڕەخساندووە کە تێیاندا تاوان ڕێکدەخرێت. دابەشکردنی کار لەم تۆڕانەدا یەکجار بووەتە هاوشێوەی دابەشکردنی کار لە بەرهەمهێنانی سەرمایەدارانەدا. کەسێک ماددە بێهۆشکەرەکان دابین دەکات، یەکێکی تر قوربانییەکە دەستنیشان دەکات، کەسێک بەرپرسی تۆمارکردنی وێنەکانە و کەسێکی دیکەش ئەرکی بڵاوکردنەوە، ئەرشیڤکردن یان فرۆشتنی ناوەڕۆکەکە لە ئەستۆ دەگرێت. ئەوەش دەرئەنجامەکەی تۆڕێکە کە تێیدا بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی لە نێوان تاکەکاندا دابەش دەبێت و کاڵ دەبێتەوە، بەڵام کارامەیی تاوان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە. هەر ئەم تایبەتمەندییە وایکردووە کە مامەڵەی ڕووت و پەتیی پۆلیسیانە ناتەواو بێت. دەستگیرکردنی دەیان کەس و هەڵوەشاندنەوەی چەندین تۆڕ، هەرچەندە زەروورەتێکی حاشاهەڵنەگرە، بەڵام تا ئەو کاتەی هەلومەرجە کۆمەڵایەتییەکانی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەم چەشنە پێوەندییانە لە ئارادا بمێنن، تۆڕی نوێ جێگەیان دەگرنەوە. ئەزموونی خەبات دژی تاوانە ڕێکخراوەکانیش نیشانی داوە کە سڕینەوەی تاکەکان، بەبێ لەناوبردنی میکانیزمەکانی بەرهەمهێنان و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی تاوان، تەنیا دەبێتە هۆی جێگۆڕکێی کاتیی ئەکتەرەکان.
لەبەر ئەم هۆکارە، بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە دەبێت هاوکات لە چەند ئاستێکدا پەیڕەو بکرێت. پشتیوانیی هەمەلایەنە لە قوربانیان، لێپێچینەوەی کاریگەر لە ئەنجامدەران، سڕینەوەی خێرای ناوەڕۆکی تاوانکاری و لەناوبردنی ژێرخانەکانی بڵاوکردنەوەی، یەکەمین هەنگاوەکانن؛ بەڵام لە تەنیشت ئەم هەنگاوانەوە، دەبێت ڕووبەڕووی ئەو پێوەندییە ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتوورییانە ببینەوە کە دەرفەتی دروستبوونی ئەم جۆرە تۆڕانە دەڕەخسێنن. خەبات بەرامبەر بە ژنستیزیی پێکهاتەیی، ڕەخنەکردنی کولتووری خاوەندارێتیی پیاو بەسەر جەستەی ژندا، بەرەنگاربوونەوەی پیشەسازیی پڕسوودی چەوساندنەوەی سێکسی و سەپاندنی بەرپرسیارێتی جیدی بەسەر کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیادا لە هەمبەر سووڕانەوە و بڵاوبوونەوەی ناوەڕۆکی تاوانکاریدا، بەشێکی دانەبڕاوی ئەم خەباتەن.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە