سزای سێدارەی ژنێکی خەڵکی سەبزەوار کە پێشتر بە هۆکاری کوشتنی بە ئەنقەست ئەو سزایەی بەسەردا سەپابوو، لە زیندانی ناوەندیی ئەم شارە جێبەجێکرا.
بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕێبەندان، سزای سێدارەی ژنێکی بەندکراو بە ناوی زارا نەزەریان لە زیندانی ناوەندیی شاری سەبزەوار سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی جێبەجێکرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، زارا نەزەریان خەڵکی سەبزەوار، چوار ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی خوشکی هاوژینەکەی دەستبەسەر کرابوو و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو.
هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم ژنە بەندکراوە، هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە میدیاکانی سەر بە حکومەتی بەتایبەتی میدیاکانی سەر بە دەزگای دادی ڕژیم بڵاو نەکراوەتەوە.
بەپێی ئامارەکان لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ دا لانیکەم سزای سێدارەی ٢٢ ژنی بەندکراو لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی جێبەجێکرابوو.