فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەڵگەنامەی شورای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان: مەنشووری ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتداریەتیی شورایی لە ئێران – بەشی دووهەم
دوشەممە ۲۹-۱۰-۱۴۰۴   |  19-01-2026

لە بارودۆخی ئێستای ئێراندا، نەک هەر باڵەکانی دەسەڵات، بەڵکوو هیچ کام لە بەشەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیی ئێرانیش، وەڵام و ڕێگەچارەیەکیان بۆ کۆتایی‌هێنان بەم هەموو هەژاری و نەهامەتییە ئابوورییە و کارەساتە کۆمەڵایەتییانە پێ نییە. بەشگەلێک لە ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیی ئێران، لەوانە ڕەوتە کۆماریخوازەکان کە لە هەڵکشانی بزووتنەوەی کرێکاری و شۆڕشگێڕانە زیاتر لە کۆماری ئیسلامی دەترسن، بە پشتبەستن بە ستراتیژیی “دووری گرتن لە توندوتیژی”، پێشوەختە مۆری “توندوتیژی‌خوازی”یان لە شۆڕش و دەستپێشخەریی جەماوەر داوە و دژایەتیی خۆیان لەگەڵ هەرچەشنە گۆڕانکارییەکی شۆڕشگێڕانە ڕاگەیاندووە. ڕێگەچارەی ئەم هێزانە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانی ئابووریی سەرمایەداریی ئێران، شتێک نییە جگە لە درێژەدان بە بێکارسازییەکان، درێژەدان بە هەرزان‌کردنی هێزی کار، ئاسایی‌کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و پەیڕەوکردنی بەرنامە ئابوورییەکانی پشتبەستوو بە بازاڕی ئازاد. ئەم هێزانە لە باشترین حاڵەتدا دەیانهەوێ بە پاراستنی پەیوەندی و داب و دەستووری سەرمایەداری، حکوومەتێکی چەوسێنەری غەیرە مەزهەبی جێگەی ئیستبدادی مەزهەبیی دەسەڵاتدار بگرێتەوە.

دەستەیەکی دیکە لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی وەک سەڵتەنەت‌خوازان، سازمانی موجاهیدینی خەلق، کۆماریخوازانی لایەنگری ڕۆژئاوا و حیزبە ناسیۆنالیستەکان لە کوردستان و ناوچەکانی دیکە، بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، ئومێدیان بە گوشارە ئەوپەڕییەکانی دەوڵەتی ترامپ، لەوانە دەستێوەردانی سەربازی و کردەوە جەنگییەکانی دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل، بەستووە و جگە لە “دەستاودەست‌کردنی دەسەڵات لە سەرووی سەری جەماوەری خەڵکەوە” و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگا، هیچ ئاسۆ و ڕوانگەیەکی دیکەیان نییە. بێگومان لەم چەشنە دۆخێکدا، دەستێوەردانی سەربازیی ئەمریکا نەک هەر بە زیانی بزووتنەوەی جەماوەریی خەڵکی ئێران دەشکێتەوە، بەڵکوو دەتوانێت ببێتە هەنگاوێک لە خزمەت مانەوە و باڵادەست‌بوونی باڵێک لە حکوومەتی ئیسلامی، کە هەم پتانسیەلی سازش لەگەڵ ئەمریکا و هەم توانایی سەرکوتکردنی خوێناوی ناڕەزایەتییەکانی هەبێت.

لەم نێوەندەدا، سۆسیالیزم تاکە بەدیلێکە کە دەتوانێت ئاسۆی ڕزگاری بە ڕووی کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراوی ئێراندا بکاتەوە کە لە ئاست هەژاری و بێ‌مافییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان وەگیان هاتوون. سۆسیالیزم و جێگیرکردنی دەسەڵاتی شۆرایی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەملێکراوی ئێران، تاکە بەدیلێکە کە دەتوانێت کۆتایی بە سەرجەم کێشە ئابوورییەکان، کارەساتە کۆمەڵایەتییەکان و بێ‌مافی و هەڵاواردن و نایەکسانییەکان بهێنێت کە بەرۆکی هەموو بەش‌مەینەتانی گرتووە. بەدیلی سۆسیالیستی لەسەر بنەماگەلی عەینی و عەمەلیی واقیع‌بینانە دامەزراوە. بەدیلی سۆسیالیستی، بە هێزی ڕاستەقینەی چینی کرێکار و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی ئەم چینە و بە هێژمۆنیی سیاسیی ئەو بەسەر گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگا و بە بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکانی دیکەی نێو کۆمەڵگا پشت دەبەستێت؛ ئەم بەدیلە بە بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنان، بە بزووتنەوەی ڕادیکاڵی خوێندکاری، بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و خەباتی نەتەوە بندەستەکانی دیکە، بە بزووتنەوەی مرۆڤدۆستانەی “نا بۆ سێدارە” و بە خەباتی مەیدانیی ئەوان پشت دەبەستێت. واتە ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانەی کە زیندوو و حازر لە مەیداندان و لەژێر تیغی سەرکوتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا، لە بواری خۆڕێکخستن و پێکهێنانی ڕێبەریشدا پێشڕەوییان کردووە. ڕێبەران و چالاکانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، بە یەکگرتن لە دەوری ستراتیژییەکی سۆسیالیستی لە بواری ڕێکخستن، پێکهێنانی ڕێبەریی سەرتاسەری و دەستەبەرکردنی هێژمۆنیی سیاسی بەسەر ئەم بزووتنەوانەدا، دەتوانن لەم قۆناغەدا ئەرک و ڕیسالەتی خۆیان بەجێ بێنن. بزووتنەوەی کرێکاری بە پشتبەستن بە هێزی ڕێکخراوی خۆی و لە یەکێتی و هاوپشتی لەگەڵ ئەم بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییانەدایە کە دەتوانێت کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی شۆڕشگێڕانە بڕووخێنێت؛ سپا و ئەرتەش و دەزگای سەرکوت و بورۆکراتیک و یاسادانانی ئەو تێکبشکێنێت و لەسەر وێرانەکانی، دەسەڵاتی شۆرایی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی چەوساوەی ئێران بنیات بنێت و بە گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە ئابووریدا، ئاسۆی ڕزگاری لە سەرجەم کارەساتەکانی سیستەمی سەرمایەداری و ئاسۆی ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی بە ڕووی کۆمەڵگادا بکاتەوە.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییە کە خەباتی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی پێی ناوەتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە، شورای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان جەخت لەسەر زەروورەتی پەرەپێدانی خەباتی یەکگرتووانە و سەرتاسەری بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتی شۆرایی کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراوی ئێران دەکاتەوە. لەبەر ئەوەی بەپێچەوانەی سیستەمی پەرلەمانی لە نیزامی سەرمایەداریدا -کە دەخالەت لە سیاسەت و بەڕێوەبردن و مودیرییەتی کۆمەڵگا دەکاتە پسپۆڕییەک کە لە دەستڕەسی کرێکاران و خەڵک بەدوورە- دەسەڵاتی شۆرایی کە لەسەر دەخالەتی ڕاستەوخۆی هاووڵاتییان لە ئاستی مەحەلییەوە تا سەرتاسەری دامەزراوە، دەخالەتی کرێکاران و خەڵک لە بڕیارە سیاسی و ئابوورییەکان و بەڕێوەبردن و مودیرییەتی کۆمەڵگا دابین و مسۆگەر دەکات؛ بۆیە ئێمە لە بەرامبەر گەڵاڵە و پلانەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی بۆ “قۆناغی گوزار” و “سیستەمی پەرلەمانی”، نیزامی شۆرایی بە باشترین و دەستەبەرترین ئامراز بۆ دەخالەتی تێکڕای تاکەکانی کۆمەڵگا وەک یاسادانەر و جێبەجێکاری یاسا لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا دەزانین.

شورای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لەسەر ئەو باوەڕەیە، لە هەلومەرجێکدا کە پێشکەوتنە تەکنۆلۆژییەکان و پەرەسەندنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، زیاتر لە هەر کاتێکی تر پەیوەندییەکانی بەربڵاو کردووەتەوە و دەرفەتی دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی لە هەموو بوارەکاندا بۆ هەموو خەڵک ڕەخساندووە، سیستەمی شۆرایی پرسی دەخالەتی ڕاستەوخۆی کرێکاران و جەماوەری خەڵک لە بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵگای زیاتر لە جاران ئاسان کردووە و کردوویەتی بە دەرفەتێکی عەمەلی. بەڕێوەبردنی شۆرایی کۆمەڵگا دەتوانێت ڕێگری بکات لە دامەزراندنی سیستەمێکی بورۆکراتیک کە دووبارە لە سەرووی خەڵکەوە بوەستێت و ئەوان بکاتەوە بە تەماشاچییەکی بێدەسەڵاتی گۆڕەپانی سیاسەت. کرێکاران و خەڵکێک کە لە سیستەمی شۆراییدا ڕێکخراو دەبن، خۆیان هەم یاسادانەر و هەم جێبەجێکاری یاسا دەبن. لەم سیستەمە حکوومەتییەدا، سەرجەم بەرپرسانی ئیداری، سیاسی و قەزایی لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن و هەرکاتێک زۆرینەی هەڵبژێرەران ئیرادە بکەن، دەتوانن لەسەر کار لایانبەرن. دەسەڵاتی شۆرایی خاوەنی پێکهاتەیەکی هێرەمییە و “کۆنگرەی سەرتاسەریی شۆراکان” بەرزترین ئۆرگانی دەسەڵاتی خەڵک لە ئێرانە. کۆنگرەی سەرتاسەریی شۆراکان، یاسادانەر و ڕێکخەری باڵاترین دامەزراوە دەوڵەتییەکان و کاروباری جێبەجێکردنە و چاودێری بەسەر کارەکانیاندا دەکات. لە حکوومەتی شۆراییدا، حیزبە سیاسییەکان تەنیا لە ڕێگەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی شۆراکان لە ئاستە جیاوازەکاندا دەتوانن لە ئۆرگانەکانی بەڕێوەبردن و مودیرییەتی کۆمەڵگا و دەسەڵاتی سیاسیدا حزووریان هەبێت.