
دەسەڵاتی شۆرایی کە بەرهەمی ڕاپەڕینی جەماوەرە، دەتوانێت ئەم هەنگاوە سیاسییانە و بڕگەکانی ئەم بەرنامەیەی خوارەوە، کە ڕیشەی لە ژیان و خەباتی ڕۆژانەی کرێکاران، زەحمەتکێشان و خەڵکی چەوساوەی ئێراندا هەیە، ڕابگەیەنێت و دەستبەجێ جێبەجێیان بکات:
١ – دامەزراندنی دەسەڵاتی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە ڕێگای ئۆرگانەکانی پیادەکردنی ئیرادەی ڕاستەوخۆی خەڵکەوە. پەرەپێدانی شۆراکان لە شوێنی کار و ژیانەوە تا ئاستی شاری، ناوچەیی و سەرتاسەری لە جێگەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، وێڕای دەستەبەرکردنی مافی دەنگدانی گشتی، هەمەلایەنە، ئازاد، نهێنی و یەکسان بۆ هەموو هاووڵاتییان و بەکارهێنانی هەموو شێوازەکانی بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی جەماوەری. مافی هەر تاکێکی سەرووی ١٨ ساڵ بۆ خۆ کاندید کردن و وەرگرتنی هەر پۆستێکی هەڵبژاردن. مافی لێسەندنەوەی متمانە و لابردنی نوێنەران لەلایەن دەنگدەرانەوە، لە هەموو ئاستەکاندا و هەر کاتێک کە زۆرینەیان ئیرادە بکەن.
٢ – دەستبەسەرکردن، دادگایی و سزادانی سەرانی کۆماری ئیسلامی لە دادگا عەلەنییەکاندا.
٣ – ئازادکردنی سەرجەم زیندانیانی سیاسی. هەڵوەشاندنەوەی “تاوان”ی سیاسی و لابردنی زیندانی سیاسی. هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام و قەدەغەکردنی ئەشکەنجە.
٤ – ڕاگەیاندن و جێبەجێکردنی بێ شەرت و مەرجی ئازادیی سیاسی، بیروباوەڕ، ڕادەربڕین، میدیا، کۆبوونەوە، ڕێکخراو، حزب، مانگرتن و قەدەغەکردنی هەرچەشنە پشکنینێکی بیروباوەڕ. ئازادی و دەستڕاگەیشتنی هەمووان بە ئینتەرنێت، مافی دەستگەیشتن بە زانیاری بەبێ سانسۆر و ئازادیی هەمووان بۆ بەکارهێنانی بەرنامە و تۆڕە جۆراوجۆرە ئینتەرنێتییەکان بە مەبەستی دەربڕینی بیروڕا و هەڵوەشاندنەوەی هەر جۆرە سانسۆرێک.
٥ – جیایی تەواوەتیی ئایین لە دەوڵەت و لە پەروەردە و فێرکردن. ئازادیی ئایین و بێئایینی. هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم یاسا مەزهەبییەکان، داخستن و هەڵوەشاندنەوەی بونیاد و دامەزراوە مەزهەبییە حکوومییەکان. دەستبەسەرداگرتنی موڵک و دارایی هەموو دامەزراوەکانی بەرهەمهێنەری جەهل و خورافە و تەرخانکردنی بۆ پێداویستییە دەستبەجێکانی خەڵک.
٦ – بەرقەرارکردنی کۆنتڕۆڵی کرێکاری بەسەر بواری بەرهەمهێنان و دابەشکردندا.
٧ – دابینکردنی بژێوی ژیان و ڕەفاهی هەموو هاووڵاتیان بەپێی ستانداردەکانی دنیای ئەمڕۆ، لەلایەن شۆرا و ناوەندەکانی هەڵبژێردراوی کرێکاران. دابینکردنی بیمەی بێکاری بۆ هەموو کەسانی ئامادەبەکاری سەرووی ١٨ ساڵ و سەرجەم کەسانێک کە بە هۆکاری جەستەیی یان دەروونی توانای کارکردنیان نییە. زەمانەتکردنی پەروەردە و تەندروستی بێبەرامبەر بۆ هەموو هاووڵاتییان.
٨ – هەڵوەشاندنەوەی هەموو جۆرەکانی جیاکاری و ستەمی ڕەگەزی لەڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی نیزامی ئاپارتایدی ڕەگەزی. ڕاگەیاندن و بەڕێوەبردنی تەواو و بێ شەرت و مەرجی یەکسانیی ژن و پیاو لە هەموو بوارەکانی ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی و پێکهێنانی دەرفەتی یەکسان بۆیان لە هەموو بوارەکاندا.
٩ – بەفەرمی ناسینی تەواوی مافی خواستی ڕەگەزی لەوانە مافی هاوسەرگیریی هاوڕەگەزخوازان و نەهێشتنی هەموو شێوازەکانی هەڵاواردن و ستم لە دژی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینەکان.
١٠ – قەدەغەکردنی کاری پیشەیی بۆ منداڵانی خوار ١٨ ساڵ. دابینکردن و مسۆگەرکردنی مافی هەموو منداڵان بۆ پەروەردە، تەندروستی، سەلامەتی و شادی و ڕەخساندنی هەلومەرجی گونجاو بۆ گەشەکردنیان. بە تاوانی جەنایی ناساندنی هەر جۆرە دەستدرێژی و سووکایەتییەکی سێکسی بۆ سەر منداڵان و پاراستنی منداڵان لەلایەن دەوڵەتەوە.
١١ – سڕینەوەی هەموو جۆرەکانی ستەم و جیاکاری و نایەکسانی لە کۆمەڵگا لەڕێگەی ڕاگەیاندن و جێبەجێکردنی بەرابەریی مافی هەموو هاووڵاتییان، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕەگەز، ئایین، نەتەوە و نەژاد. ڕیشەکێش کردنی ستەمی نەتەوەیی و چارەسەکردنی پڕسی نەتەوەیی لەڕێگەی بەڕەسمی ناسینی مافی دیاریکردنی چارەنووس و مافی جیابوونەوە بەپێی هەڵبژاردن و دەنگی خۆیان. ئێمە لە هەمان کاتدا خوازیاری یەکگرتوویی ئازادانە و خۆبەخشانەی هەموو دانیشتووانی ئێرانین و لەسەر ئەو باوەڕەین کە ئەم یەکگرتووییە بە قازانجی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشە.
١٢ – هەڵوەشاندنەوەی نهێنییە بازرگانییەکان. هەڵوەشاندنەوەی دیپلۆماسیی نهێنی.
١٣ – گرتنەبەری ڕێوشوێنی دەستبەجێ و پلاندانانی درێژخایەن بۆ پاراستنی ژینگە و سەرچاوەکانی ئاو، خاک و هەوای پاک، لە ڕێگەی کەمکردنەوە و پاشان کۆتاییهێنان بە بەکارهێنانی سووتەمەنییە فوسیلییەکان و جێگرتنەوەیان بە وزە پاکەکان.
١٤ – بەکۆمەڵایەتیکردنی خاوەندارێتی بەسەر کەرتە سەرەکییەکانی پیشەسازی، بانکی، خزمەتگوزاری، بازرگانی و کۆمپانیا گەورەکانی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریدا.
١٥ – دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم دامەزراوە پیشەسازی و بازرگانییەکان و ماڵ و موڵک و دارایی دەزگا و بونیادە جۆراوجۆرەکانی سەر بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، لە ئیختیار گرتنی مەوقووفات و بەکارهێنانیان لە خزمەت دابینکردنی خۆشگوزەرانیی گشتیدا.
١٦ – دەسەڵاتی شۆرایی خەڵکی ئێران، پشتیوانی لە بزووتنەوەکانی کرێکاری، سۆسیالیستی، ڕزگاریخواز و ئازادیخواز لە سەرتاسەری جیهان و ناوچەکە بە ئەرکی گرنگی خۆی دەزانێت.
کۆنفرانسی ستۆکهۆڵم، بانگەواز لە کرێکاران، خەڵکی زەحمەتکێش، ئازادیخوازان، ژنانی پێشەنگ و کۆمۆنیستەکان دەکات بۆ پەیوەستبوون بە ئاڵتەرناتیڤی شۆرایی، بۆ گێڕانی ڕۆڵ لە شکڵپێدان و سەرخستنی ئەم ئاڵتەرناتیڤە و بۆ بەرزکردنەوەی ئەم ئاسۆیە لە خەباتی ئێستادا. ئێمە پێمان ناوەتە قۆناغێکی چارەنووسسازەوە کە چارەنووسی نەوەکانی داهاتووش دیاری دەکات. بڕیار و ئیرادە و پراتیکی شۆڕشگێڕانەی ئەمڕۆی ئێمە دەتوانێت و دەبێت شێوە بەم قۆناغە و بە داهاتوو بدات. ئاڵتەرناتیڤی شۆرایی و سۆسیالیستی پێویستییەکی هەنووکەیی و مومکینە و دەبێت لە ڕەوتی خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و لە دواڕۆژی سەرکەوتندا، کۆتایی بە هەموو مەینەتی و کارەساتەکانی سەرمایەداری بهێنێت.
شورای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لەپێناو جێبەجێکردنی ئەم ئەرک و ڕسالەتەی سەرەوە، بۆ یەکگرتوویی و هێنانە مەیدانی بەرەی چەپ و شۆڕشگێڕ تێدەکۆشێت. شورای هاوکاری بە مەبەستی بردنەپێشی ئەم ئامانجە، پەرەپێدانی ڕێکخراوەیی، پەرەپێدانی هاوکاری و بەکارهێنانی دەستپێشخەری و هەنگاوە پێویستەکان لەم بوارەدا، بە بەشێک لە دەستوورکار و ئەرکە هەمیشەییەکانی خۆی دەزانێت.
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی!
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم!
بژی یەکگرتوویی ڕیزەکانی بەرەی ئاڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی!
شورای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
ژانویەی ٢٠٢٦ – بەفرانباری ١٤٠٤
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە