
لە کاتێکدا کە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٥، ترامپ و شەهباز شەریف هەواڵی واژۆکردنی بەڵگەنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاند، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی کۆماری ئیسلامیش گەیشتن بە “یادداشتی لێکتێگەیشتن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ ئەمریکا”ی پشتڕاست کردەوە. سەرۆکوەزیرانی پاکستان وەک لایەنی نێوەندگیر ڕایگەیاند کە واژۆکردنی فەرمیی ڕێککەوتنەکە ڕۆژی هەینی ٢٩ی جۆزەردان بەڕێوە دەچێت. لەگەڵ ئەوەشدا، دەوڵەتی ئیسرائیل و لە ناوخۆی ئێرانیشدا باڵی “پایداری” و ئوسولگەرا توندڕەوەکان دژی واژۆکردنی بەڵگەنامەیەکی لەو شێوەیەن و هەوڵ دەدەن کۆسپ بخەنە بەردەم هەرچەشنە ڕێککەوتنێک لە نێوان لایەنەکاندا. ئەم یادداشتی لێکتێگەیشتنە لە هەلومەرجێکدا ڕادەگەیەنرێت کە ئەرتەشی ئیسرائیل باشووری لوبنانی تا قووڵایی ٣٠ کیلۆمەتر داگیر کردووە و وەزیری بەرگریی دەوڵەتەکەی نەتانیاهۆش ڕایگەیاندووە کە لەو ناوچانەی لە لوبنان، سووریا و غەززە داگیری کردوون، پاشەکشە ناکات.
دەوڵەتی ئیسرائیل چەندین جار نیشانی داوە کە بۆ هێرشی سەربازی دژی حزبوڵڵا لە لوبنان، کەڵک لە هەر بیانوویەک لە ناوچەکەدا وەردەگرێت. حزبوڵڵاش لە ڕەوتی شەڕی چل ڕۆژەدا، وەکوو باسکێکی گرنگی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بۆ پێشبردنی ستراتیژیی “ناوچەییکردنی شەڕ” ڕۆڵی گێڕاوە. لەم ڕوانگەیەوە، کۆماری ئیسلامی بەدوای ئەو زەبرە قورسانەی کە بەر حزبوڵڵا کەوت لە شەڕی دژ بە ئیسرائیلدا، لە پێناو درێژەدان بە سیاسەتی ناوچەییی خۆی، هەوڵی داوە توانای سەربازیی ئەم گرووپە ئیسلامییە نۆژەن بکاتەوە. ئەرتەشی ئیسرائیل لە درێژەی سیاسەتە داگیرکارییەکانی خۆیدا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی جۆزەردان – لە کاتێکدا ترامپ باسی لە واژۆکردنی بەڵگەنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا دەکرد – ڕایگەیاند کە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە ٧٠ پێگەی ئەم حزبەی لە لوبنان کردووەتە ئامانج و ژێرخان و ناوەندی فەرماندەیی حزبوڵڵای لە ناوچەی «زاحییە» لە باشووری بەیرووت بۆردومان کردووە و یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی ئەم گرووپەی کوشتووە. سەرەڕای ئەوەش، هۆشداریی چۆڵکردنی ماڵەکانیان بە جەماوەری بێدەرەتانی ١٦ گوندی باشووری لوبنانیش دا. بە وتەی حزبوڵڵا، ئەم هێرشە بەربڵاوانەی ئەرتەشی داگیرکەری ئیسرائیل، کاردانەوەیەک بووە بەرامبەر بە هەڵدانی دوو درۆنی ئەم گرووپە لە ڕۆژی شەممە بەرەو هێزەکانی ئیسرائیل. ڕاستییەکە ئەوەیە کە دەوڵەتی ئیسرائیل ڕێککەوتنی دەوڵەتی ئەمریکا و ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لەسەر دەقی لێکتێگەیشتنەکە بە گونجاو لەگەڵ ئامانجە جەنگییەکانی خۆی نازانێت. لە ڕوانگەی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە، لەم لێکتێگەیشتنەدا پرسە سەرەکییەکانی وەکوو مووشەکە بالیستیکییەکان، تۆڕی هێزەکانی ناسراو بە «بەرەی موقاوەمە» لە ناوچەکە و چارەنووسی یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراو، بێچارەسەر ماونەتەوە. کۆماری ئیسلامیش کە لە درێژەی سیاسەتی ناوچەییکردنی شەڕەکەدا، واژۆکردنی هەر ڕێککەوتنێکی گرێ داوەتەوە بە ئاگربەستی نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان، ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیلی لە لوبنان بە کۆسپخستنە سەر ڕێگای ڕێککەوتنەکە ناو برد.
لە ئێرانیشدا، ڕاگەیاندنی ڕێککەوتن لەسەر واژۆکردنی ئەم بەڵگەنامەیە، تووڕەیی بەرەی پایداری و بەشێک لە ئوسولگەرا توندڕەوەکانی ناو پێکهاتەی دەسەڵاتی ئیسلامیی لێکەوتووەتەوە. ڕەوتی پایداری کە هیچ سازشێکیان لەگەڵ کوڕەکەی خامنەیی نییە و بۆ پێشبردنی ئامانجەکانیان کەڵک لە هەژموونی خۆیان بەسەر دەزگای ڕاگەیاندنی ڕژێم (صدا و سیما)، دەزگای دادوەری و ئاستێک لە فەرماندە ناوەندییەکانی سوپای پاسداران وەردەگرن، بۆ پەکخستنی ڕەوتی دانوستانەکانی کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی ئەمریکا بە نێوەندگیریی پاکستان، درێغییان لە هیچ هەوڵێک نەکردووە. ئەم باڵە دژی هەرچەشنە ئاگربەستێکە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و خوازیاری بەردەوامبوونی شەڕ و توندترکردنەوەی کەشی ئەمنییەتیی بەسەر کۆمەڵگەدایە. باڵی پایداری لەم قۆناغەدا بە هێنانەمەیدانی لایەنگران و حزبوڵڵاییەکانی سەر بە خۆیان لەسەر شەقامەکان، چەندین جار ئامانجەکانی قالیباف و عێراقچی و کابینەکەی پزیشکیانیان لەم دانوستانانەدا بردووەتە ژێر پرسیارەوە. ئەم باڵە ڕۆژی یەکشەممە بە وەڕێخستنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە تاران و مەشهەد، واژۆکردنی هەرچەشنە ڕێککەوتنێکی لەگەڵ “ئەمریکای بکوژی خامنەیی و فەرماندەکانی سوپا و بەرپرسە باڵاکانی دەسەڵاتی ئیسلامی” بە خیانەت و سەرشۆڕی زانی و بە جنێو و سووکایەتی هێرشیان کردە سەر قالیباف و عێراقچی و خوازیاری دەستلەکارکێشانەوەیان بوون. سەرەڕای جموجووڵەکانی باڵی پایداری، وا دێتە بەرچاو کە کادری سەرکردایەتیی سوپای پاسداران لە هاوئاهەنگی لەگەڵ موجتەبا خامنەیی و بە هاوڕێیەتیی مەجلیس و کابینەی حکومەت، ستراتیژیی مانەوەی ڕژێمی ئیسلامی لە ڕێڕەوی لێکتێگەیشتن و سازش لەگەڵ ئەمریکا و پەرەپێدانی سەرکوت لە ناوخۆدا بەرەوپێش دەبات.
حزبوڵڵای لوبنان کە گرنگترین باسکی بەناو «بەرەی موقاوەمە»ی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بووە بۆ پێشبردنی ستراتیژی و سیاسەتە ناوچەییەکانی، لە چوار دەیەی ڕابردوودا لەژێر فەرماندەیی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، خەڵکی لوبنانی بەرەوڕووی شەڕی ناوخۆیی و شەڕ لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل کردووە و بووەتە هۆی کوشتار و وێرانی و خەسارێکی زۆر بەسەر جەماوەری ستەمدیدەی لوبناندا. بەرپرسانی دەوڵەتی لوبنان ئاشکرایان کردووە کە حزبوڵڵای لوبنان، لە دوو ڕۆژ پاش کوژرانی عەلی خامنەییەوە تا ئێستا، بە هاویشتنی مووشەک و درۆن بەرەو ئیسرائیل، لوبنانی خستووەتە نێو جەنگێکی دیکەوە و سەرانسەری وڵاتەکەی خستووەتە بەردەم مەترسیی پەلامارەکانی ئیسرائیلەوە. دەوڵەتی لوبنان ڕایگەیاند کە ئەم جەنگە تا ئێستا بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی هەزاران کەس، کاولبوونی ماڵەکان و ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس.
دیارە لە هاوسەنگییەکی هێزی لەم شێوەیەدا، هەنگاوە سەربازییەکانی حزبوڵڵا دژی ئیسرائیل، جگە لە هاندانی دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیل بۆ هێرشی سەربازیی زیاتر و لێکەوتنەوەی زیان و خەسار بۆ خەڵکی ستەمدیدەی لوبنان، هیچ بەرهەمێکی دیکەی نەبووە. بەڵام سەرەڕای هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ یارمەتیدان و بەرگریکردن لە حزبوڵڵا و پاراستنی ئەم گرووپە لە لوبنان وەک سەرەکیترین بازووی چەکداریی خۆی لە ناوچەکەدا، حکومەتی نوێی لوبنان بە پشتیوانی و پاڵپشتیی ئەمریکا و زلهێزە ئەورووپییەکانی دیکە و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی، پێداگرە لەسەر ئەوەی چەک لە حزبوڵڵا داماڵێت و بەشێک لەم پرۆسەیەی لە باشووری لوبنانیش جێبەجێ کردووە. بە لەبەرچاوگرتنی پێگەی گشتیی کۆماری ئیسلامی، لێکەوتەکانی توندبوونەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان و کاریگەرییەکانی گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی باشووری ئێران لە لایەن ئەمریکاوە، کۆماری ئیسلامی تەنانەت لە دانوستانە ٦٠ ڕۆژییەکەشدا توانای ئەوەی نابێت ڕێگری لە پرۆسەی چەککردنی حزبوڵڵا بکات.
بە چەککردنی حزبوڵڵا لە لوبنان و ئەو هەنگاوانەی کە لە عێراق بۆ چەککردنی گرووپەکانی حەشدی شەعبی هەڵگیراون و بەشێکیان چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت کردووە؛ هەروەها خۆبواردنی حووسییەکانی یەمەن لە تێوەگلانی جدیی سەربازی لە ناوچەکەدا؛ و ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد کە کۆتایی بە هەژموونی کۆماری ئیسلامی لە سووریا هێنا – کە هەموویان بەشێک بوون لە هێزەکانی بەناو «بەرەی موقاوەمە»ی ڕژێمی ئیسلامی – ئیتر ڕژێمی ئیسلامی ناتوانێت درێژە بە ستراتیژیی شەڕی پێشگیرانەی خۆی لە وڵاتانی ناوچەکەدا بدات. بەم جۆرە، سیاسەت و ستراتیژیی شەڕی پێشگیرانە و پڕتێچووی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی پاش چوار دەیە، گەیشتووەتە خاڵی کۆتایی.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە