فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەڵگەی پەسندکراوی کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە؛ هەڵوێست، ئەرک و ئەولەوییەتەکانی کۆمەڵە لە کوردستان
چوارشەممە ۱۱-۰۳-۱۴۰۱   |  01-06-2022

پەرەسەندنی پێوەندیەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لە ئێران لەماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا و بەردەوامبوونی رەوتی سەنعەتی بوون، ئەگەرچی بەشێوازێکی تەواوەن ناهاوسەنگ، بەڵام پێگەی چینی کرێکار و بزووتنەوەی ئەم چینەی لە شارەکانی کوردستانیش گۆڕیوە. لەم قۆناغەدا لەلایەکەوە ماشێنی بوونی کشتوکاڵ، ویشکەساڵیی بەردەوام و هەژارتربوونی ڕۆژبەڕۆژی زەحمەتکێشانی گوندنشین و لەلایەکی دیکەوە پێکهاتنی ناوەندەکانی تازەی کار و دامەزرانی یەکەی نوێی سەنعەتی لە شارەکان، ڕەونەقی کاری بیناسازی و ڕێگاسازی و پڕۆژەکانی گەیاندنی گاز، لە هۆکارە سەرەکییەکانی کۆچکردنی زەحمەتکێشانی گوندنشین بۆ شار و چەند بەرابەربوونی حەشیمەتی شارەکانی کوردستان بوون. ئەم شەپۆلە لە کۆچکردنی زەحمەتکێشانی گوندەکان بۆ شارەکان و نیشتەجێ بوونیان لە پەراوێزی شارەکان کە بێجگەلە فرۆشتنی هێزی کار ڕێگایەکی دیکەیان بۆ دابینکردنی بژێوی خۆیان نەبوو  و هەروەها پەرەسەندنی موناسباتی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، جەمعییەتی کرێکاران و بێبەشانی شاری لە کوردستانیش بەشێوەی بەرچاو بردووەتە سەرێ.

ئەگەرچی شەپۆلی ڕووکردنە شاری جەماوەری زەحمەتکێشی گوندەکان لەلایەکەوە و توندبوونەوەی سەرکوتگەری و دیکتاتۆریی سیاسی لەلایەکی دیکەوە لەسەر ئاستی داخوازی و خەباتی کرێکاران لە دەیەی حەفتادا کاریگەریی خۆی دانا، بەڵام کرێکارانی کوردستانیش هاوڕێ لەگەڵ هاوچینەکاننی خۆیان لە سەرانسەری ئێران ئەم دەورەیەیان وەپشت سەرناوە. ئەم شەپۆلە لە کۆچکردن لە باروودۆخێکدا کە ژێرخان و خزمەتگوزاریی شاری و کۆمەڵایەتی وڵامدەرەوەی ئەم جەمعییەتە نییە، دیاردەی پەراوێزنشینیی لە کوردستانیش زیاتر پەرەپێداوە. کەمبوون یان نەبوونی خزمەتگوزاریی شاری و ڕێژەی لەسەرێی بێکاری بەتایبەت لەناو لاوان، ئەم ناوچانەی کردووەتە ناوەندی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی دژبە باروودۆخی زاڵ. خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی تەنیا دەرفەتێک بوو کە تووڕەیی و ناڕەزایەتیی بێبەشان لە شارەکانی کوردستانیش هەڵچێت و نیشانی دات کە چ وزەیەکی مەزنی خەباتکارانە لە شارەکانی کوردستانیش دایە. خرۆشی بێبەشانی شار لە جەرەیانی ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی خەزەڵوەردا نیشانی دا کە ڕاپەڕینی شاری،  گونجاوترین شێوازی ڕیشەکێشکردنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە کوردستانە.

ئەم گۆڕانکارییانە لە جەرگەی بەردەوامبوون و قووڵبوونەوەی قەیرانی سەرمایەداریی ئێران  جیاوازی چینایەتیی لە کۆمەڵگەی کوردستانیش قووڵتر کردووەتەوە. ئەگەر لەئاکامی بێکاری و هەژاری و نەهامەتیی بێوێنە کە بەسەر کرێکاران و زەحمەتکێشاندا سەپاوە زۆربەیان بەرەو ژین لەژێر هێڵی هەژاری براون، لەبەرامبەردا کەمینەیەکی بچووک لە سەرمایەداران و بازرگانان بە توندترکردنەوەی چەوساندنەوە و بە کەڵک وەرگرتن لە هێندێک ئیمتیازی دەوڵەتی، بە سەروەتی ئەفسانەیی و ژیانێکی پڕ لە ناز و نیعمەت گەیشتوون. لە  سەر بەستێنی ئەم باروودۆخەدا کرێکاران زیاتر لە ڕابردوو لە  ناسنامەی چینایەتیی خۆیان تێگەیشتوون و جەمسەربەندیی سیاسی لە کوردستان ڕوونتر بووەتەوە. پێکەوەپەیوەنددرانی چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری لە کوردستان لە تۆڕێکی بەرین لە پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و خەباتکارانە، پەیوەندییان لەگەڵ هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری لەئاستی سەرتاسەری، دەرکەوتنیان لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان، تەنیا دیمەنێکی تێگەیشتنی کرێکارانی کوردستانە لە پێناسی چینایەتییان.

خەباتی کرێکاران لە شوێنی کاریان بۆ باشترکردنی باروودۆخی کار و ژیان،  ئامادەبوونیان لە ڕێوڕەسم و ئاکسیۆنەکانی ئەوەڵی مانگی مەی هەشتی مارس و دەرکردنی بڕیارنامە بە جهەتگیری زوڵالی چینایەتی، بەستێنەکانی گەشەی بزووتنەوەی سۆسیالیستی لە کوردستان بوون. ئەم واقعییەتانە بەباشترین شێوە ڕۆڵ و پێگەی چینی کرێکار لە ئاڵوگۆڕەکانی کوردستان نیشان دەدات و هەر ئەم پێگەیەی کە چینی کرێکار بە گەڵاڵەکردنی داخوازیی چینایەتی لە گۆڕەپانی سیاسی و خەباتکارانەی لە کوردستان بەدەستی هێناوە، بەڕوونی بەستێنەکانی بەهێزکردنی کۆمەڵە وەک بزووتنەوەیەکی ڕادیکاڵی کۆمۆنیستی دەردەخات. کۆمەڵە بۆ کرێکارانی کوردستان ڕێکخراوێکە کە ئاوات و بەرژەوەندی چینایەتیی ئەوان لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگادا نوێنەرایەتی دەکات، لە بەرامبەر کێشە و گرفتەکانی سەر ڕێگای خەباتی کرێکاران خۆی پێ وڵامدەرەوەیە و بەشداریکردن لە خەباتی ڕۆژمەڕەی کرێکاران بۆ باشترکردنی باروودۆخی ژیانیان بە ئەرکی خۆی دەزانێت. کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆمەڵە بە ئیعتباری کۆمۆنیست بوون و دیفاع لە بەرژەوەند و قازانجیان وەک ڕێکخراوێکی پێوەندیدار بە خۆیانەوە پێناسە دەکەن. لەماوەی ئەم ساڵانەدا کۆمەڵە بەهەر ڕادەیەک لەسەر خەسڵەتی کرێکاری و کۆمۆنیستیی خۆی تەئکیدی کردووە و لە پراتیکی ڕۆژانەی خۆیدا هەوڵی داوە لەگەڵ ژیان و خەباتی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش لە کوردستان تێکەڵ بێت، هەر بەم ڕادەیەش سەرەنجی کرێکارانی بەرەو خۆی ڕاکێشاوە و ئیعتبار و خۆشەویستیی لەناویاندا زیاتر بووە. لەلایەکی دیکەوە بەهۆکاری بوونی ستەمی نەتەوەیی و خۆڕاگری و خەباتی جەماوەری لەدژی ئەم ستەمە لە کوردستان، بوونی سوننەتی خەباتی چەکداری و ڕۆڵێک کە کۆمەڵە وەک داکۆکیکاری بەرژەوەندی کرێکاران لە مەیدانی سیاسی کوردستان بوویەتی، چینی کرێکار و بزووتنەوەی سۆسیالیستیی ئەم چینەی بۆ پێشڕەوی خستووەتە پێگەیەکی باشترەوە. کۆمەڵە بەهەر ڕادەیەک کە توانیویەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان لەژێر کاریگەرییەکای ستراتێژ و سیاسەت و بیری حیزبە ناسیۆنالیستەکان بکێشێتە دەرێ، هەر بەم ڕادەیەش پێگەی خۆی لە ڕێبەریی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستاندا بەهێزتر کردووە و باروودۆخێکی گونجاوتری بۆ بەهێزکردنی خەباتی کۆمۆنیستی ئامادە کردووە.

ئەم ڕەوتانە و قورسبوونی کێشی ئابووری و سیاسیی چینی کرێکار لە کوردستان و ئیعتبارێک کە کۆمەڵە وەک داکۆکیاری بەرژەوەندی ئەم چینە لێی بەهرەمەندە، ڕیشەی لە قووڵبوونەوە و پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری دایە. کۆمەڵە تەنها بە پشت ئەستووربوونی بە هێزی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی ستەملێکراوی کوردستان و وڵامدانەوە بە هەموو پرس و گرفتەکانی کۆمەڵگای کوردستان و لەوانە مەسەلەی نەتەوەیی لە ڕوانگەی بەرژەوەندی ئەوانەوەیە کە دەتوانێت پێشڕەویی خۆی زەمانەت بکات. لە هەمانحاڵدا ڕەوتە ناسیۆنالیست و بورژواییەکان کە پەیوەندییەکیان بە بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەبات و ناڕەزایەتیی ئەوانەوە نییە، لەئاکامی ڕەوتی وشیاربوونەوە و ڕێکخراوبوونی ئەم جەماوەرەی ڕەنج و کار بەناچار لاواز دەبن. کەوابوو ئەرک و ئەولەوییەتەکانی کۆمەڵە پێویستە لەم واقعییەتە کۆمەڵایەتییانەی کوردستانەوە سەرچاوە بگرێت.

*****

ئەولەوییەت و ئەرکە سەرەکییەکانی کۆمەڵە

ڕێکخستنی جەماوەریی کرێکاران

یەکێک لە ئەرک و ئەولەوییەتەکانی ئێمە دەورونەخش نواندن لە ڕێکخستنی جەماوەری و چینایەتیی کرێکاران لە کوردستانە. لێرەدا باس لەسەر بانگەوازی حیزبێکی تەواوەن نهێنی و دوورەوەکەوتووی دەرەوەی وڵات بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی کرێکاران نییە، بەڵکوو باسەکە لەسەر ئەولەوییەت و ئەرکەکانی کۆمەڵەیە کە هەڵسووڕاوان و لایەنگرانی لە تۆڕێکی بەرینی پەیوەندیی سرووشتیی کۆمەڵایەتی و خەباتکارانە بە بەرینایی شار و گوندەکانی کوردستان پێکەوە لە پەیوەندی دان. ئەم توێژە بەرینە لە هەڵسووڕاوان و هۆگرانی کۆمەڵە لە کارخانە، کارگە و شوێنەکانی کار و ژیانی کرێکاراندا حزووریان هەیە و پەیوەندییەکی زیندوو و ئۆرگانیکیان لەگەڵ کرێکاران هەیە. ئەم توێژە بەرینە لە چالاکانی کۆمۆنیست لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا ڕۆڵێکی چارەنووسسازیان لە ڕێکخستنی مانگرتنی گشتی دژبە سەرکوتگەرییەکانی ڕژیم و دەیان حەرەکەتی جەماوەری هەبووە. لە باروودۆخی سیاسیی گۆڕاوی ئێستادا و بەسەرەنجدان بەوەیکە هاوسەنگیی هێزی چینایەتی بەقازانجی خەباتی کرێکاری و جەماوەری گۆڕدراوە، زەمینە بۆ پەرپاکردنی ڕێکخراوەی چینایەتی و جەماوەریی کرێکاران سەربەخۆ لە دەوڵەت زیاتر لە ڕابردوو ئامادەیە. تەنیا بۆ نموونە، هەوڵی ڕێکخراو بۆ پێکهێنانی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی، پێکهێنانی سەندیکای کرێکارانی نانەوایی سەربەخۆ لە ناوەندە دەوڵەتییەکان لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، و پێکەوە پەیوەستبوون و پەیوەندییان لەگەڵ کۆنفێدراسیۆنی سندیکاکانی کرێکارانی نانەوایی، ، پێکهێنانی کۆمیتەی گەڕەکەکان بەتایبەت لە گەڕەکە پەراوێزنشینەکانی شارەکان، پێکهاتوو لە ژنان و پیاوانی خەباتکار، پێکهێنانی شورای کرێکارانی بێکار و … چەند بوارێکی ڕێکخستنی جەماریی کرێکارانن کە پێویستە بخرێنە دەستووری کارەوە.

پەرەپێدانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە کوردستان

ئەولەوییەتێکی دیکەی چالاکیی کۆمەڵە لە کوردستان پەرەپێدانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە کوردستانە. لەم قۆناغەدا کە جموجۆڵی خەباتکارانە سەرتاسەری ئێرانی داگرتووە، یەکێک لە ئەولەوییەتەکانی چالاکیی ئێمە هەوڵ دان لەم بوارەدایە کە ڕێگە نەدەین بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و مافخوازانەی خەڵکی کوردستان لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی سەرتاسەری وەدوا بکەوێت. کۆمەڵە بەردەوام لەسەر پێویستیی پەیوەند و هاوپشتیی خەباتکارانەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرتاسەری ئێران لەوانە بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی مامۆستایان وەک بەشێک لە بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاری و گشت بزووتنەوە ناڕەزایەتی و ئاخێزە کۆمەڵایەتییەکانی سەرتاسەری ئێران وەک مومکینترین و نزیکترین ڕێگای گەیشتنی خەڵکی کوردستان بە خواستەکانیان تەئکیدی کردووە. هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی ئەم پەیوەندی و هاوپشتییە لە باروودۆخی ئێستادا کە شایەدی مانگرتنی مەزنی کرێکاریی وەک مانگرتنی شکۆداری کرێکارانی حەوت تەپە، درێژەی مانگرتنی کرێکارانی نەوت و گاز و پێترۆشیمی، مانگرتنی کرێکارانی مەعدەنەکان، فوولادی ئەهواز و ئازەرئاب لە ئەراک، کرێکارانی شارەدارییەکان، پەرستاران و مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان و خانەنشینکراوانین، گرینگیی سیاسی و کردەوەیی زیاتری پەیدا کردووە. لە هەلومەرجی ئێستادا ئەم هەستی هاوچارەنووسییە لە کوردستان پێویستە لە ناڕەزایەتیی جەماوەری دژبە بێمافی و باروودۆخی فەلاکەتبارێک کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەسەر کرێکاران و زۆربەی خەڵکیدا سەپاندووە، خۆی نیشان بدات. لەبەر ئەوە کە هیچ رێیەکی ناوبڕی دیکە بۆ پاشەکشە کردن بە کۆماری ئیسلامی لە دەستدرێژی کردن بۆ سەر ژیان و بەڕێچوون و ئەمنییەتی خەڵک بوونی نییە. 

هاوکاتبوونی ناڕەزایەتیی جەماوەری لە کوردستان لەگەڵ مانگرتنی کرێکاران و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لە سەرتاسەری ئێران لە ڕوانگەی باشترکردنی هەرچی زیاتری تەرازووی هێز بە قازانجی چینی کرێکار و بێبەشان و بەزیانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش زەرووریە. کەوابوو پێویستە بەرەوپیری ئەو دەرفەتانەوە بچین کە دەخوڵقێن و بۆ پێکهێنانی دەرفەتە تازەکان لەپێناو پتەوکردنی ئەم پەیوەند و هاوپشتییە لە هیچ هەوڵێک  کۆتایی نەکەین. ئەگەرچی لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا مامۆستایان و تا ڕادەیەک خانەنشینکراوان لە کوردستان وەک بەشێک لە بزووتنەوەی سەرتاسەریی مامۆستایان و خانەنشینکراوان بۆ بەدواداچوونی داخوازیی هاوبەشیان، لە مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریدا بەشدارییان کردووە، بەڵام ئەم بەشدارییە دەتوانێ چالاکانەتر، بەرینتر و ڕێکخراوتر بێت. هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە لە کوردستان پێویستە نەخشەمەند و وشیارانە بەرەوپیری ئەم دەرفەتانەوە بچن. چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری و مرۆڤە خەباتکارەکان کە لە تۆڕێکی بەریندا پێکەوە پەیوەندییان هەیە پێویستە بۆ پەیوەست بوونی خوێندکاران و بنەماڵەکانیان بە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان و خانەنشینکراوان کە لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا بەڕێوەدەچێت، نیهایەتی هەوڵی خۆیان بدەن. لەم بوارەدا هەوڵ بۆ پێکهێنانی شۆراکانی خوێندکاران بە داخوازیی دیاریکراوەوە لەئاستی مەدرەسەکان و پێکەوە پەیوەستبوونی ئەم شۆرایانە لەگەڵ ڕێکخراوی مامۆستایان و پشتیوانی کردنیان لە ناڕەزایەتیی مامۆستایان خاوەن بەستێنی بابەتییە. پێویستە ڕوودانی جەنایاتێکی وەک قەتڵی نامووسی لە کوردستان ببێتە دەرفەتێک بۆ سازماندان و بەڕێوەبردنی ناڕەزایەتیی جەماوەری دژبە یاسای کۆنەپەرست و توندوتیژیی دەوڵەت بەرامبەربە ژنان و ببێتە بەستێنێک بۆ ڕێکخستنی جەماوەریی ژنان. لە کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی ئاستی بەرینی هەژاری و فەلاکەتی ئابووری و چوونەسەرەوی ڕێژەی بێکاری بەتایبەت لە ناو لاوان، و هەروەها بەسەرەنجدان بەوەیکە هەموو حەفتەیەک کۆڵبەرێکی زەحمەتکێش لە   کاتی هەڵگرتن و گواستنەوەی کۆڵەبارەکەیاندا بە تەقەی بەکرێگیراوانی ڕژیم دەکوژرێن یان بریندار دەبن، بەستێنی بابەتی بۆ وەرێخستنی بزووتنەوەی بێکاران دژبە بێکاری و دژبە جەنایاتی ڕژیم دەرحەق بە کۆڵبەران، بوونی هەیە. هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە پێویستە بەشێوەی نەخشەمەند لە هەموو بوارەکانی چالاکیی کۆمەڵایەتی، سیاسی و کلتووری و بوارەکانی هێنانە مەیدانی جەماوەر لەوانە خەبات دژبە لەناوبردنی ژینگە، دیفاع لە مافی منداڵان، خەبات دژبە ڕەشبگیریی چالاکانی سیاسی و خەبات لەدژی سزای ئێعدام و هیتر، چالاکانە بەشداری بکەن.

پەرەپێدانی تەشکیلاتی حیزبی

پەرەپێدانی تەشکیلاتی حیزبی لەناو کرێکاران یەکێکی تر لە گرینگترین ئەولەوییەتەکانی چالاکیی کۆمەڵەیە. لەڕاستیدا پانتایی و بەرینایی تەشکیلاتی حیزبیی کۆمەڵە لەناو کرێکاران و لەناو شارەکاندا لەگەڵ ئاستی نفووز و ئیعتباری کۆمەڵایەتی و مەعنەوەیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هاوسەنگیی نییە. کۆمەڵە تەنانەت ئەو توێژە بەرینە لە کرێکاران و مرۆڤە زەحمەتکێشەکانی کوردستان کە خۆیان وەک هەواداری کۆمەڵە پێناسە دەکەن لە ڕێکخراوێکی حیزبیدا لە دەوری یەک کۆنەکردووەتەوە. کەوابوو کۆمەڵە وەک ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستی پێویستە نفووزی سیاسی و مەعنەویی خۆی لەناو کرێکاران هەرچی زیاتر پەرە پێ بدات. چالاکانی کۆمەڵە پێویستە وەک چالاکییەکی ڕووتین بە بەشدارییان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی خەباتی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش، بە تەبلیغ و بانگەشەی سۆسیالیستی، بە کاری بەحەوسەلە و خشت  لەسەر خشت  دانان، تۆڕی ڕێکخراوەیی و حیزبی کۆمەڵە لەناو کرێکاراندا ڕێک بخەن و پەرەی پێ بدەن. کاری تەرویجی و دامەزراندن و پێکهێنانی حەوزەی کۆمۆنیستی لەناو کرێکاران بوارێکی ڕووتینی چالاکیی سۆسیالیستییە و نابێ لە هیچ باروودۆخێکدا لە ئەنجامادانی کۆتایی بکرێت. بەسەرەنجدان بەوەیکە کۆمەڵە لەماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا لە خاڵە وەرچەخانەکانی بزووتنەوەی کوردستان لە پێگەی دیفاع لە کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستانەوە، وڵامی بە پێداویستییەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان داوەتەوە لەناو کرێکاراندا خاوەن ئیعتیارێکی تایبەتە. هەر ئەم واقعییەتە لە باروودۆخی گۆڕدراوی سیاسیی ئێستا و گۆڕانی هاوسەنگیی هێز بە قازانجی خەباتی کرێکاری و جەماوەری، گەلێک ئاسانکاریی بۆ پەرەپێدانی ڕێکخراوی حیزبی لەئاستی بەریندا لەناو کرێکاران پێکهێناوە.

 حیزبێک کە سیاسەت و تاکتیکەکانی لەگەڵ خەباتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش تێکەڵ بێت، حێزبێک کە لەو دەرفەتانەی دەخوڵقێن لەپێناو بەرژەوەندی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش کەڵک وەربگرێت، حیزبێک کە بەرەوپیری خوڵقاندنی دەرفەتە نوێیەکانەوە بچێت، بێگومان بەستێن و کەشوهەوای سیاسی و مەعنەویی گونجاو بۆ پەرەسەندنی خێرای تەشکیلاتی حیزبی لەناو کرێکاراندا دابین دەکات. هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە کە خۆیان لە درێژی سوننەتی ڕێکخستنی کۆچی مەریوان، پێکهێنانی بنکەی گەڕەکان لە سنە و ڕێکخستنی مانگرتنی گشتی لە کوردستان، لە درێژەی سوننەتی ڕێکخستنی ڕێوڕەسمەکانی ئەوەڵی مانگی مەی و هەشتی مارس و بەرپاکردنی کۆمیتەی گەڕەکەکان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پەتای کۆرۆنا، لافاو و بوومەلەرزە و ڕووداوە سرووشتییەکان و هتد دەبیننەوە، لەباروودۆخی ئێستاشدا ڕێگای پێشڕەویی خۆیان بۆ پەرەپێدانی ڕێکخراوی حیزبی دەدۆزنەوە. ئەوەیکە ڕوونە ئەوەیە کە هەم باروودۆخی سیاسیی ئێستای ئێران و هاوسەنگیی هێز بەقازانجی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان گۆڕدراوە و هەم پێکەوە پەیوەنددرانی بەرینی هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە لە تۆڕێک لە پەیوەندی سرووشتیی کۆمەڵایەتی و خەباتکارانە، پێویستیی ئاستێک لە چڕبوونەوەی لەسەر بابەتی ڕێکخستن بۆ وڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی ئەم قۆناغە هێناوەتە بەرەوە و پێویستە لەم بوارەدا هەنگاوەکان هەڵسەنگێندراو هەڵبگیرێن.

دەسەڵاتی شۆرایی لە کوردستان

یەکێک لە ئەرک و ئەولەوییەتەکانی تر کە پێویستە تەئکیدی لەسەر بکرێت، هەوڵی ڕێکخراوە لەپێناو ئەوەیکە ئالتێرناتیڤی دەسەڵاتداریەتیی شۆریی لەناو جەماوەری خەڵکی کوردستاندا ببێتە وتارێکی بەهێز. بەسەرەنجدان بەوەیکە کۆمەڵگای ئێران بەرەبەرە لە قۆناغێکی شۆڕشگێڕانە نزیک دەبێتەوە، واتە قۆناغێک کە بۆ دۆسیەی دەسەڵاتی سیاسی بەرەوڕووی کۆمەڵگا ئاواڵە دەکات، مەسەلەی پێکهێنانی ئالتێرناتیڤی دەسەڵات لەبواری سیاسییەوە یەکجار گرینگە. لە بەرامبەر نەخشەڕێگای هێز و حیزبە ناسیۆنالیستەکان کە بە پشت بەستن بە سوپای نیشتمانی و سیستمی پارلەمانی و فیدرالیزم بۆ وەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی و دابەشکردنی لە نێوان خۆیان و لە سەرووی خەڵکەوە و هەوڵ دەدەن، پێویستە ئالتێرناتیڤی بەڕێوەبردنی شۆرایی کۆمەڵگا کە بەشێک لە ئەزموونی خەباتی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری کوردستان بووە، بکرێتە وتارێکی بەهێز لە کۆمەڵگای کوردستاندا. پێویستە بیری ڕێکخراوە و دەسەڵاتدارییەتی شۆرایی ببردرێتە ناو هەموو بنەماڵە و کۆڕ و کۆمەڵێکەوە. لە باروودۆخێکدا کە کۆمەڵگا بەرەبەرە لە قۆناغێکی شۆڕشگێڕانە نزیک دەبێتەوە، پێویستە لەپێناو پێکهێنانی شۆراکان، لە هەر کارخانە و ناوەندێکی بەرهەمهێنان، لە هەر گەرەک و گوندێک، بەستێن سازی بکرێت. بە بێ بوونی بەدیلی شۆرایی بە وتارێکی بەهێز، کە فاکتۆرێکی چارەنووسساز و یەکێک لە ڕەمزەکانی سەرکەوتنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانە، ئەم نیگەرانییە لەئارادایە کە جەماوەری خەڵکی کوردستان لە ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوودا بۆ جارێکی دیکە بخرێنە پەراوێزەوە و پاش پتر لە چل ساڵ خەبات ئەو دەرفەتەیان بۆ هەڵنەکەوێ کە بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە دەەسەڵات و بەڕێوەبردنی کۆمەڵدا دەورونەخش بنوێنن. ئەزموونی کوردستانی عێراق نموونەیەکی بەرچاوە کە نیشانی دەدات دەسەڵاتی حیزبە ناسیۆنالیستەکان لەڕیگەی پەرلەمان و وەزارەتخانەکانەوە نەتەنیا هیچ ڕێگایەک بۆ دەخاڵەتی خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا ناهێڵێتەوە، بەڵکوو پەرلەمان دەبێتە ئامرازێک بۆ دوور هێشتنەوەی خەڵک لە دەستڕاگەیشتنیان بە ئامرازەکانی ئیدارە و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا. نابێ ڕێگە بدەین ئەم ئەزموونە لە کورستانی ئێرانیش دووپات بێتەوە.

ئەگەر کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان نایانهەوێ ئەم چارەنووسەیان بەسەر بێت، پێویستە هەر لە ئێستاوە بیر لە داڕشتنی بناغەی دەسەڵاتی شۆرایی خۆیان بکەنەوە. کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان پێویستە بیر لە داڕشتنی پایەکانی دەوڵەتێک بکەنەوە کە هەر ژن و پیاوێکی کرێکار، هەر ئینسانێکی زەحمەتکێش بتوانێ بەشێوەی شۆرایی ئامرازەکانی دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت و ڕاستەوخۆ لە حەیاتی سیاسی و ئیداریی کۆمەڵگادا دەورونەخش   بنوێنێت. بەرنامەی کۆمەڵە بۆ دەسەڵاتی خەڵک لە کوردستان بەنیازە ئیمکانی پایەڕێژیی وەها دەسەڵاتێک واتە “دەسەڵاتی شۆرایی” بە خەڵک نیشان بدات. کۆمەڵە دەیهەوێ زەروورەتی دەسەڵاتی شۆرایی بکاتە  بیر ورای گشتیی خەڵکی کوردستان، بەو ئامانجە کە لەوە کەمتر بە سەرکەوتن حیساب نەکەن و لەوە کەمتریان قەبووڵ نەبێت. بەرنامەی کۆمەڵە بۆ دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی، بابەتی دەسەڵاتداریەتی لە کوردستانی ئازادکراو بە مافی بێ ئەملا و ئەولای کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان دەزانێت و کۆمەڵە ئامادە نییە لە داهاتوودا لەگەڵ هیچ حیزب و گرووپێک لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات دانوستان و وتووێژ بکات، چونکە دەسەڵات نە بە هی ئەم حیزب و ئەو ڕێکخراو بەڵکوو دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لەپێناو بەرابەری و ڕزگاری، بە هی جەماوەری خەڵکی دەزانێت. بەپێی بەرنامەی کۆمەڵە بۆ دەسەڵاتداریەتیی خەڵک لە کوردستان، بە تێکەوەپێچانی بارگەوبنەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان، کرێکاران و زەحمەتکێشان، ژنانی ستەملێکراو و بێبەشان کە زۆرینەی کۆمەڵگا پێک دێنن، دەتوانن دەسەڵات بەدەستەوە بگرن. بەگوێرەی بەرنامەی کۆمەڵە بۆ  دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی لە کوردستان، ئەوە پێکهاتەیەکی  شۆراییە کە ئیمکانی بەشداری و دەخاڵەتی جەماوەر لەبواری دەەسەڵات و بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگا دابین دەکات و لە قازانج و بەرژەوەندیان پشتیوانی دەکات.

ئەویکە لە بەرنامەی کۆمەڵە بۆ دەسەڵاتی جەماوەری لە کوردستان تەئکیدی لەسەر دەکرێت، دەسەڵاتی شۆراییە کە لە سەروویەوە کۆنگرەی سەرانسەریی نوێنەرانی شۆراکان و لە خوارترین ئاستیشیدا شۆرای شار و گوندەگان و شوێنی کارن و لەڕێگەی سیستمی شۆراییەوە ڕاستەوخۆ وەک ئەندامێکی دەوڵەت لە بابەتی دەسەڵاتدا دەوری چالاکانە دەبینن و لەڕێگەی نوێنەرانی خۆیانەوە لە ئاستە جۆراوجۆرەکانی وەک کۆنگرەی ناحیەیی، ئەیالەتی، مەحەلی و سەرتاسەری لە هەموو بوارەکانی چالاکیی کۆمەڵایەتیدا بەشداری دەکەن. هێزی چەکداری مەحەلی لەژێر فەرماندەیی کۆنگرەی سەرانسەریی شۆراکان دایە و ئەرکی دیفاع لە دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان لەبەرامبەر هەڕەشە و دەستدرێژیی دەوڵەتی ناوەندی و یان هەر هێزێکی تری وەئەستۆ دەبێت.

پێکهێنانی بەرەی چەپ و سۆسیالیستی لە کوردستان

یەکێک لە ئەولەوییەتەکانی دیکەی کۆمەڵە پێکێهێنانی بەرە یان بلۆکی چەپ و سۆسیالیستی لە کوردستانە. کۆمەڵگای کوردستانیش کۆمەڵگایەکی سەرمایەداری و چینایەتیە. لەو کۆمەڵگایەشدا لە جەرگەی کێشمەکێش و ڕووبەڕوو بوونەوەی چین و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، ئاراستە و سوننەتە جۆراوجۆرە سیاسییەکان وەک ڕاستییەکی بابەتی و حاشاهەڵنەگر بوونیان هەیە و هەرکام لەو سوننەت و ئاراستە سیاسی و کۆمەڵایەتییە جێکەوتووانە، خۆیان، بەستێنی پێکهاتنی حیزب و ڕەوتە جۆراوجۆرە سیاسییەکانیان خوڵقاندووە. ئاراستەی ئیسلامی سیاسی، بزووتنەوە و سوننەتی ناسیۆنالیستی و بزووتنەوەی سۆسیالیستی، هەرکامیان بەشێک لە ڕاستییەکانی کۆمەڵگای کوردستان پێک دێنن.

بوونی ئاراستەی سەلەفی گەری بەهۆی کردەوەی مێژوویی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە کەڵک وەرگرتن لە هێزە ئیسلامییەکان بۆ لاوازکردن و بەرەنگاربوونەوەی  هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان و گەشەی سێکۆلاریسم و باقیی حیزب و هێزە سیاسییەکانی کوردستان، ئەگەرچی لاواز، بەڵام واقعییەتێکی حاشاهەڵنەگرە. ڕەوتی ئیسلامی سیاسی، لە قالبی گرووپی سەلەفی و یان جەریانی مۆفتی زادە، بەشێک لە ڕاستییەکانی کۆمەڵگای کوردستانن. یان هەر وەک دەبینین لەسەر بەستێنی ئاراستەی ناسیۆنالیستی لە  کوردستان، حیزب و ڕێکخراوی جۆراوجۆر سەری هەڵداوە و چالاکی دەکەن و کادر و پێشینەی مێژوویی و سوننەتی جێکەوتووی خۆیانیان هەیە. لەو نێوەدا بزووتنەوە و ئاراستەی سۆسیالیستی لە کوردستانیش، بەدەر لەو یاسایە نییە. لەسەر بەستێنی ئەو بزووتنەوە واقعی و بابەتییە، کۆمەڵە و حیزبە جۆراوجۆرە سیاسییەکان چالاکی دەکەن. ئەم بزووتنەوەیەش کادر و فەرهەنگ و سوننەتی خەباتکارانەی ناسراوی خۆی هەیە. سوننەتی مانگرتنی گشتی، مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری، بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئەوەڵی مانگی مەی، بەڕێوەچوونی ڕۆژی جیهانیی ژن، دیفاع لە مافی منداڵان و هیتر، بەشێکن لە سوننەتەکانی ئەم بزووتنەوەیە و ئاراستە کۆمەڵایەتییەکەی. ئەوە ڕاستە کە کۆمەڵە پێگەی کۆمەڵایەتی و ئیعتبارێکی حاشاهەڵنەگری لە کۆمەڵگای کوردستاندا هەیە، بەڵام ئەحزابی سیاسی و کۆمۆنیستیی دیکەش لە  کوردستان هەن. بۆ نموونە ئەحزابی کۆمۆنیستی کرێکاری لەسەر بەستێنی هەر ئەو سوننەتە خەباتکارانەیە لە کوردستان چالاکی دەکەن. کەوابوو ئەگەر بزووتنەوە و ئاراستەی ناسیۆنالیستی لە کوردستان ئاراستەیەکی حیزبییە، ئاراستەی چەپ و سۆسیالیستیش لەو کۆمەڵگایەدا، ئاراستەیەکی حیزبییە.

لە وەها باروودۆخێکدا، هەوڵی چەند ساڵ لەمەوبەری حیزبە ناسیۆنالیستەکان لە کوردستان بۆ کۆبوونەوەیان لە “ناوەندی هاوکاری” و ڕێکەوتنیان لەسەر بنەمای هاوبەشی هاوکاری، لەڕووی مێژووییەوە لە کۆمەڵگایەکی حیزبیی وەک کوردستان، هەنگاوێکی بەرەو پێشە و هەڵبژاردن لە نێوان ڕاست و چەپی کۆمەڵگا، بۆ جەماوەری خەڵک ئاسانتر دەکاتەوە. کاری ئێمە دژایەتی لەگەڵ نەفسی شکڵگرتنی هاوپەیمانیی حیزبە ناسیۆنالیستەکان نییە، بەڵکوو پێویستە کۆمەڵەش لەڕوانگەی وڵامدانەوە بە پێداویستیەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان، داهێنانی هەوڵ بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی چەپ و سۆسیالیست لە کوردستان بگرێتە دەست. پێکهاتنی بەرەی چەپ و سۆسیالیستی، بزووتنەوەی سۆسیالیستی لە کوردستان دەخاتە دۆخێکی باشترەوە بۆ ئەوەی خەڵک لە کاریگەریی ستراتیژ و سیاسەتی حیزبە ناسیۆنالیستەکان و هاوپەیمانییەکەیان دەربێنێت. ئەم بەرەیە دەتوانێ لەسەر بنەمای ڕێکەوتنی هاوبەش لەدەوری خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، خەبات بۆ سۆسیالیسم و پەیگیریی ستراتێژی سۆسیالیستی لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان شکڵ بگرێت. هەوڵدان بۆ پێکهێنانی هاوکاریی پایەدار لەگەڵ باقیی حیزب و هێز و گرووپە کۆمۆنیستەکان لە کوردستان و پێکهێنانی جەمسەرێکی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی و ڕێکەوتن لەسەر بەڕێوەبردنی پڕۆژە و ڕێکخستنی کەمپەینی سیاسی و بانگەشەکارانە، دەتوانێ ببێتە هۆی بەهێزبوونی بزووتنەوەی سۆسیالیستی لە کۆمەڵگای کوردستان. هەر وەک چۆن بەردەوام تەئکیدمان کردووە، بە ڕێکخستنی کەمپەینی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کوشتنی کۆڵبەران لە کوردستان، وەڕێخستنی بزووتنەوە لەدژی بێکاری، کەمپەینی دیفاع لە بەیانییەی مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی زەحمەتکێش لە کوردستان، کەمپەینی دیفاع لە دەسەڵاتدارییەتیی شۆرایی خەڵک، لە کۆمەڵگایەکی حیزبیی وەک کوردستان کە پڕە لە ئەزموونی شۆڕشگێڕانە، دەکرێ ڕووداو و دەرفەتی گونجاو بخوڵقێت. لە ڕێگەی ئەم چالاکییانەوەیە کە بزووتنەوە و وتاری سۆسیالیستی لە کوردستان دەتوانێ ڕۆڵی هێژمۆنیک و ڕێبەری بەدەست بێنێت. بە ڕێکخستنی ئەمجۆرە کەمپەینانە لە کوردستان، بە هەزارن “تاکەکەسی” کۆمۆنیست، مرۆڤە چەپ و ڕادیکاڵەکان بە ئاراستەی سیاسی و بۆچوونی جۆراوجۆرەوە، پێیان پەیوەست دەبن و پێگەی خۆیان لەو کەمپەینانەدا دەبیننەوە. کەوابوو تەئکید لەسەر سیاسەتی پێکهێنانی بەرەیەکی چەپ و سۆسیالیست لە کوردستان ڕێگایەکی واقعبینانە و زەروورییە بۆ هاوکاریی نێوان خەباتکارانی سیاسی و هەڵسووڕاوانی سۆسیالیست لە کوردستان و لە دەرەوەی وڵاتیش. کۆمەڵە هاوکاری کردن لەگەڵ حیزبە چپ ە و کۆمۆنیستەکان و هەموو کۆڕ و گرووپە چەپ و ڕادیکاڵەکانی ئەم کۆمەڵگایەیە کە دەتوانێ یارمەتیدەری بەهێزبوونی وتاری چەپ لە کوردستان بێت و بێگومان بەهێزبوونی کۆمەڵەش هەر لەو ڕێگایەوە تێپەڕ دەبێت.

کۆمەڵە و ڕێگاچارەی مەسەلەی نەتەوەیی لە کوردستان

یەکێکی تر لە ئەولەویەتەکانمان ئاگادارکردنەوە و هاوڕێکردنی هەرچی زیاتری کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لە گەڵ ڕێگاچارەی کۆمەڵە بۆ مەسەلەی نەتەوەیی لە کوردستانە. پێویستە هەوڵ بدرێت کە ڕێگاچارەی واقعبینانە بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوەیی لە کوردستان هەرچی زیاتر هۆگرایەتیی کۆمەڵایەتیی بەدەست بێنێت.

هەروەک زۆر جار تەئکیدمان لەسەر کردووە، کۆمەڵە خوازیاری مافی دیاریکردنی چارەنووس بەمانای مافی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆشە بۆ خەڵکی کوردستان . بەڵام دابینکردنی باروودۆخێک کە تێیدا خەڵکی کوردستان بتوانن بە بێ نیگەرانی لە هەڕەشە و داسەپاندنی گوشاری نیزامی، پۆلیسی، سیاسی و ئابووری و هیتر ئازادانە لەم مافەی خۆیان کەڵک وەرگرن، لە گرەوی خەبات بۆ سەرهەڵدانی قۆناغێکی شۆڕشگێڕانە لە ئێران، ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی دەسەڵاتێکە کە بەشێوەی کردەوەیی گشت مافە دیموکراتیکەکانی خەڵک دابین بکات. هەربۆیە تەنیا ڕێگای واقعبینانەی چارەسەرکردنی ستەمی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستان بەشداری لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرتاسەری بەئامانجی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی دەسەڵاتی ئیسلامی و دابینکردنی ئازادیی دیموکراتیک و ئازادیی بێ شەرت و مەرجی سیاسییە.

بەڵام کۆمەڵە لە باردووۆخێکدا لەسەر ستراتێژی سۆسیالیستیی خۆی لەپێناو چارەسەرکردنی ستەمی نەتەوەیی پێداگری دەکات کە ناسیۆنالیسمیش کۆمەڵگای کوردستانی خستووەتە ژێر کاریگەریی سیاسەت و کردەوەی خۆیەوە. ئەگەرچی نوتفە  سەرەتاییەکانی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی لە کوردستان لە قالبی کاردانەوەی فیۆدالی مەحەلی بەرامبەر بە دەستدرێژیی دەوڵەتی ناوەندی خۆی نیشان دا و لە لایەن هێندێک خان و شێخی سەرشناسەوە ڕێبەری دەکرا، بەڵام لەگەڵ زەواڵی نیزامی فیۆدالی و سەرهەڵدان و گەشەی سەرمایەداری لەم ناوچەیە، ئایدیۆلۆژی ناسیۆنالیستی ڕەخنەی کردە ناو چین و توێژە تازەسەرهەڵداو و خۆشبژێوەکان و بوو بە ئایدیۆلۆژی زاڵی بۆرژوازیی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو و توێژە مامناوەند و وردەبۆرژواییەکانی کوردستان. ناسیۆنالیسم ئایدیۆلۆژی و ئاراستەیەکی کۆمەڵایەتیی سیاسی دیاریکراوە کە لە کۆمەڵگای کوردستاندا هەروەک باقیی کۆمەڵگاکانی دیکە هاوزادی پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی سەرمایەداری لەپەنا باقیی بزووتنەوە سیاسی و چینایەتییەکان، بووەتە بزووتنەوەیەکی سیاسی.

ئەحزابی سیاسی و کۆمەڵێک بەرنامەی سیاسیی جۆراوجۆر بەپێی ئەم ئایدیۆلۆژییە و لەسەر بەستێنی ئەم ئاراستە کۆمەڵایەتییە دامەزراون و دارێژراون. ئەم ئایدیۆلۆژییە خاوەنی جیهانبینی، ستراتێژی سیاسی، کلتوور و سوننەتی تایبەت بە خۆیەتی. مێژووی گەشە و پەرەسەندنی سەرمایەداری نیشانی داوە کە ئایدیۆلۆژی و بەرنامەی ناسیۆنالیسم بەپێی پێویستیی سەرمایەداری بە پێکهێنانی بازاڕی ناوخۆیی و پاوانکردنی ئەم بازاڕە لە چوارچێوەی سنوورە دیاریکراوەکان و زەروورەتی پاراستنی ئەم سنوورانە بەزەبری هێزی جەماوەری جێگیرکراو لەم ناوچانە، شکڵی گرتووە. ناسیۆنالیسم، کلتوور و ئەدەبیات و هونەر و سەمبۆلی تایبەت بەخۆی بۆ ئاسان کردنەوەی بابەتی هێنانە مەیدانی جەماوەر لە خزمەت وەدیهێنانی ئەم ئامانجە چینایەتییە خوڵقاندووە. بەڵام ئەمڕۆ کە لەگەڵ گەشەی بەرچاوی سەرمایەداری و جیهانی بوونەوەی ئەم سیستمە، هەموو سنوورێک بەرەوڕووی حەرەکەتی کاڵا و سەرمایە کراوەیە، پایە ئابوورییەکانی ئەم ئایدیۆلۆژییە واتە پێکهێنانی بازاڕی ناوخۆیی و نەتەوەیی لەناوچووە. سەرمایەدارانی کوردستانیش هەنگاو هەڵگرتن بەرەو تێکەڵبوون لەگەڵ بازاڕی جیهانی، لەپێناو بەرژەوەندی چینایەتیی خۆیاندا دەبینن. لەئێستادا مانەوەی ستەمی نەتەوەیی لە کوردستان لە بێمافیی سیاسی و ئیداری، کلتووری، دواکەوتووڕاگرتنی کوردستان لەبواری ئابووری و پێکهاتەی لاوازی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی کە دووکەڵەی لە بنەڕەتدا  دەچێتە ناو چاوی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستانەوە، بەشێوەیەکی بەرچاو خۆی نیشان دەدات. ناسیۆنالیسم لە بوونی ئەم بێمافی  و ستەمانە تەغزییە دەکات و حزووری خۆی لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگادا پاراستووە. بەڵام لەو جێگەوە کە بە حوکمی  ئەم گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییانەی چەند دەیەی ڕابردوو، چینی سەرمایەدار و توێژە خۆشبژێوەکانی کۆمەڵگا هاندەرێکیان بۆ خەبات لەپێناو چارەسەرکردنی ستەمی نەتەوەیی نییە و حیزبە ناسیۆنالیستەکانیش بەحوکمی هەر ئەم گۆڕانکارییانە زیاتر لە ڕابردوو لە  ئاراستە و ئاواتەکانی پێگەی چینایەتیی خۆیان واتە سەرمایەداران و خاوەنانی سەروەت و توێژەکانی سەرەوەی چینی مامناوەند نزیک بوونەوە، لەجیات ئەوەیکە چارەسەرکردنی ستەمی نەتەوەیی بکەنە ئامانج، تەنیا بە وەدەستهێنانی بەشێک لە دەسەڵاتی خۆجێیی، لە هەر ڕێگەیەکەوە، ڕەزایەت دەدەن. کەوابوو ئەرکی مێژوویی چارەسەرکردنی ستەمی نەتەوەیی و هەرجۆرە گۆڕانکارییەکی دیموکراتیک لە کۆمەڵگادا کەوتووەتە سەر شانی چینی کرێکار و بزووتنەوەی سۆسیالیستیی ئەم چینە.

چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان هێزی بزوێنەری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانن، و کۆتایی هاتنی ستەمی نەتەوایەتیش لە گرەوی پێشڕەویی ئەم چینە کۆمەڵایەتییە لەم خەباتەدایە. بەڵام سەرەڕای ئەوەیکە ئەمڕۆ لە کوردستان دووکەڵی ستەمی نەتەوەیی زیاتر لە هەمووان دەچێتە ناو چاوی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشەوە، بەم حاڵەوە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش تەنیا بۆ خواستی چارەسەرکردنی ستەمی نەتەوەیی نەهاتوونەتە مەیدانی خەباتەوە. کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی ستەملێکراوی کوردستان خواستی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیی ڕوونی خۆیان هەیە کە بەبۆنەی جۆراوجۆرەوە ڕایدەگەیەنن. کۆمەڵە بەهەر ڕادەیەک کە بتوانێ بە حزووری لە خەباتی ڕۆژانەی چینی کرێکار و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگە و بە پێداگری لەسەر خواستەکانی، ئەم هێزە کۆمەڵایەتییە بەشێوەی ڕێکخراو بێنێتە مەیدانی خەباتی سیاسییەوە، گشت ڕەوتی سۆسیالیستی بۆ ڕێبەریی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و وەدیهاتنی بەرنامەکەی بۆ چارەسەرکردنی ستەمی نەتەوەیی دەخاتە پێگەیەکی باشترەوە.

لە گەڵاڵەی کرێکاران بۆ چارەسەرکردنی ستەمی نەتەوەیی لە کوردستان، کە لە یەکەمین ڕۆژی سەرکەوتنەوە هاوڕێ لەگەڵ بەرنامەی لانیکەم لەبواری دابینکردنی خۆشبژێویی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی ئازادییە سیاسییەکان، بەڕەسمی ڕادەگەیەندرێت و بەکردەوەدەردێت، گشت ئۆرگان و ناوەندی نیزامی و ئەمنییەتی و هیتر کە ئامرازی داسەپاندنی ستەم و هەڵاواردنن، کۆدەکرێنەوە. هەموو یاسا و بەربەستە ئیدارییەکان کە بەپێی هەڵاواردن شکڵیان گرتووە هەڵدەوەشێنەوە. بەڕێوەبەری کاروباری کوردستان و بەڕێوەبەریی کۆمەڵگا بە شۆراکانی هەڵبژێردراوی خەڵک لەئاستە جۆراوجۆرەکان و شۆرای نوێنەرانی سەرتاسەریی کوردستان دەسپێردرێت، ئەم شۆرایانە هەم یاساداڕێژەرن و هەم بەڕێوەبەری یاساشن. بەرنامەیەکی دیاریکراو بۆ پەرەپێدانی ناوەندەکانی بەرهەمێهان و قەرەبووکردنەوەی دواکەوتوویی ئابووریی بەهۆی هەڵاواردنی نەتەوەیی بە  خەرجی  دەوڵەتی ناوەندی بەکردەوەدەردێت. لەڕێگەی بردنەسەرەوەی ئاستی پەروەردەی بەخۆڕایی لەوانە فێرکاریی تێکنیکی و پیشەیی، بردنەسەرەوەی ئاستی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی و گشتی و هیتر، ئیمکانی ڕاستەقینە بۆ بەهرەمەندبوون لە مافی بەرابەر بۆ خەڵکی کوردستان دەخوڵقێت. نوێنەرانی شۆرا سەرانسەرییەکانی کوردستان بەبێ هیچ جۆرە شەرت و مەرجێک لە ئۆرگانە سەرانسەرییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئێراندا بەشداری دەکەن.

بە وەدیهێنانی ئەم باروودۆخە و بە گرتنەبەری سیاسەتی وشیارانەی پەروەردە و کلتووری، ئەگەری هەرجۆرە نابەرابەرییەک لەنێوان نەتەوە جۆراوجۆرەکان لەناو دەچێت و پێناسەی ئینسانیی کەسانی سەربە ئێتنیک و نەتەوە جۆراوجۆرەکان و ڕێگای تێکەڵبوونیان لەگەڵ یەکتر هەموار دەکرێت. وەها کۆمەڵگایەک لەگەڵ ستەمی نەتەوایەتی نامۆ دەبێت. لە وەها هەلومەرجێکدا کێشانی هەرجۆرە حەسارێک بەدەوری کوردستان بەمانای سپاردنی بەڕێوەبردنی ئەم کۆمەڵگایە بە هاوسەنگیی هێزی سیاسی و چینایەتی، بە مانای بێبەری کردنی کرێکارانی کوردستان لە دەستکەوت و پشتیوانیی هاوچینەکانی خۆیان لەئاستی سەرتاسەرییە.  بوونی ئاسۆیەکی سەرانسەری، هاوڕێ لەگەڵ کرێکاران و هەموو خەباتکارانی شۆڕشگێڕ و سۆسیالیست لە ئێران ئاسانترین و کەم دەردیسەرترین ڕێگای چارەسەرکردنی ستەمی نەتەوەیی و وەدیهاتنی ئامانج و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستانە.

دیارە لەگەڵ پێکهاتنی وەها باروودۆخێکی دیموکراتیک ئەوە خەڵکی کوردستانن بڕیار دەدەن کە چۆن لە مافی دیاری کردنی چارەنووسی خۆیان کەڵک وەربگرن. لە وەها باروودۆخێکدا بەلەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی جیهانی و کۆمەڵێک هۆکاری مەحەلی و ناوچەیی و باروودۆخی بەشەکانی دیکەی کوردستان، ئێمە مانەوە لە چوارچێوەی ئێران و بەشداریی خەڵکی کوردستان لە دەسەڵاتی سەرانسەری و شۆرایی کرێکاران و زەحمەتکێشان پێشنیار دەکەین.

سەبارەت بە گەڵاڵەی فیدرالیزم

یەکێک لەو گەڵاڵانەی کە لەپێوەند لەگەڵ چارەسەرکردنی ستەمی نەتەوەیی لەلایەن حیزب و هێزە ناسیۆنالیستەکان باسی لێ دەکرێت، فۆرمی حکوومەتی فیدرالیزمە. بانگەشەکارانی ئەم شێوازە لە دەسەڵات، وەک ڕێگاچارەی واقعبینانە و کردەوەیی بۆ چارەسەرکردنی ستەمی نەتەوەیی پێناسەی دەکەن. لەئاستی گشتیدا فیدرالیزم گەڵاڵەیەکی پەیوەندیدارە بە ئارایش و حدوودی ئیختیارانی دەوڵەتی ناوەندی. لە وەها فۆرمێکی حکوومەتیدا، هەموو ئامرازەکانی ستەم و سەرکوت لەوانە ئەرتەش، هێزی ئەمنییەتی، سیاسەتی درەوە و پارە و دەسەڵاتی ئابووری لەدەستی دەوڵەتی ناوەندیدا دەمێنێتەوە. ئاشکرایە کە ئەوە بۆ ماهییەتی دەوڵەتی ناوەندی دەگەڕێتەوە کە چۆن ئەم ئامرازانە بەکار دێنێت، بەڵام داکۆکیکارانی حکوومەتی فیدرالیزم لەگەڵ ماهییەت و موناسباتی سەرمایەدارانەی دەوڵەتی ناوەندی کێشە و دژایەتییان نییە.

 بانگەشەکارانی فۆرمی حکوومەتیی فیدرالیزم وای نیشان دەدەن کە گۆیا بوونی ستەمی نەتەوەیی لە کوردستان لە ئارایشی دەوڵەتی ناوەندەییەوە سەرچاوە دەگرێت نە لە ماهییەتی سەرمایەدارانە و دژەدیموکراتیکیەوە. گۆیا بەبێ خەبات بۆ گۆڕینی ماهییەتی چینایەتیی دەوڵەتی ناوەند و تەنها بە موتەمەرکیز نەبوون و فیدرالی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی ناوەند و فیدرالی کردنی کوردستان، پرسی نەتەوەیی چارەسەر دەکرێت. هەربۆیە لە ستراتێژی سیاسیی ئەم حیزبانەدا خەباتی لێبڕاوانە بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و یان هەر ڕژیمێکی بورژوایی تر پێگەیەکی نییە. لەباروودۆخی ئێستادا حیزب و هێزە ناسیۆنالیستەکان ستراتێژی ناشۆڕشگێڕانە و ماهییەتی هەڵوێستی سازشکارانەی خۆیان بەرامبەر بە ڕژیمی ئیسلامی لەژێر درووشمی فیدرالیزمدا دەشارنەوە. لەو جێگەوە کە گەڵاڵەی فیدرالیزم هەموو ئۆرگان و ناوەندەکانی سەرکوتگەری و دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی و نیزامی و پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئیختیار دەوڵەتی ناوەندیدا دەهێڵێتەوە نەتەنیا ڕێگاچارەیەک بۆ لەناوبردنی ستەمی نەتەوایەتی نییە، بەڵکوو خوی نیشانەی درێژەی ئەم ستەمەیە و وەک ئێسقانی لای برین دەیهێڵێتەوە.

لەڕوانگەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی وشیاری کوردستانەوە، حیزب و ڕەوتە ناسیۆنالیستەکانی داکۆکیاری فیدرالیزم هیچ داخوازییەکیان دژبە موناسباتی کار و سەرمایە، دژبە پەیوەندی سەرمایەداریی زاڵ بەسەر ئێران نییە و لەم ڕوانگەوە لایەنگری پاراستنی باروودۆخی ئێستایین. بەڵام باروودۆخی مەوجوود هیچ شتێک نییە بێجگەلە درێژەی زاڵبوونی ئابووری، سیاسی و کلتووریی بورژوازی. داکۆکیکارانی فیدرالیزم بەنیازن وەزعی ئێستا و موناسباتی سەرمایەدارانە لەڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی ڕاپەڕینی جەماوەری خەڵک و هێنانەسەرکاری دسەڵاتێکی فیدرالی بەپێی سیستمی پەرلەمانی بپارێزن. دەسەڵاتێکی فیدرالی کە کرێکاران، هەژاران و بێبەشانی کۆمەڵ تێیدا هیچ دەورێکیان نابێت، بەڵکوو ئەمجارەیان هێزەکانی بورژوایی کورد لە قامەتی حکوومەتی کوردستانی فیدرالدا، ئاڵای نەتەوەیی، ئەفسانەی نەتەوەیی و سروودی نەتەوەیی وەک ئامرازێک بۆ داسەپاندنی بێمافیی بەسەر کرێکاران و خەڵکی بێبەش و هەژاری کۆمەڵگا بەکار دێنن. ئەمجارەیان جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و بێبەشانی کۆمەڵگا بە بێ ئەوەیکە گۆڕانێک لە پێگە و باروودۆخی ژیانیاندا پێکهاتبێت، دەبێ بۆ “وەتەنی خۆیان” زیاتر کار بکەن، زیاتر ماڵیات بدەن، کەمتر بەکار بێنن و مانگرتن و خۆپیشاندان وەڕێ نەخەن. حکوومەتی فیدرالی کوردستانیش حکوومەتی کەمینە بەسەر زۆرینەدا دەبێت. دەسەڵاتێک دەبێت کە تەنیا بورژواکان، ئێلیتەکانی کۆمەڵگا و سەرانی حیزبە ناسیۆنالیستەکان دەتوانن پێگە سەرەکییەکانی بەدەست بێنن. یەکێک لە ئەرک و ئەولەوییەتەکانی کۆمەڵە ئەوەیە کە خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان لەژێر ئەو خۆشباوەڕییانەی کە حیزبە ناسیۆنالیستەکان سەبارەت بە فیدرالیزم لەجاڕی دەدەن، بێنێتە دەرێ.

پەیوەندی لەگەڵ حیزبە سیاسییەکان لە کوردستان

کۆمەڵگای کوردستان بەهۆی داسەپاندنی ستەمی نەتەوەیی لەلایەن دەوڵەتە ناوەندییەکان و درێژە دانی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، بووەتە بەستێنێک بۆ حزووری ئاراستەی ناسیۆنالیستی. لەسەر بەستێنی ئەم زەمینە بابەتییانە و بوونی ئەم ئاراستە کۆمەڵایەتییە، حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە جۆراوجۆرەکان بە ئامانج و ستراتێژی سیاسیی نیسبەتەن جیاواز شکڵیان گرتووە. درێژەی خەباتی سیاسی لەماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا دژبە سەرکوتگەرییەکانی ڕژیمی ئیسلامی، کە بەردەوام لە پشتیوانیی زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی کوردستان بەهرەمەند بووە، کوردستانی کردووەتە کۆمەڵگەیەکی حیزبی.

لەم باردوودۆخەدا دەوڵەتی ناوەندەی بەردەوام ئامرازە جۆراوجۆرەکانی بۆ سەرکوت و بەڵاڕێدابردنی خۆڕاگری و خەباتی خەڵکی کوردستان بەشێوەی هاوکات بەکارهێناوە. ئەگەر کۆماری ئیسلامی لەلایەکەوە ڕووی کردووەتە سەرکوتی ڕاستەوخۆ لەڕێگەی لەشکرکێشی، داسەپاندنی توندوتیژیی بەرین، دەستبەسەرکردن، ئەشکەنجە، زیندان و ئێعدام، لەلایەکی دیکەشەوە بە کەڵک وەرگرتن لە بۆشایی و ناکۆکیی نێوان حیزبە سیاسییە چالاکەکان لە کوردستان، بە پەرەپێدانی ڕووحیەی چاوەڕوانیی لەناو خەڵکی کوردستان و بە تاکتیکی وتووێژی یەک لایەنە لەگەڵ هێندێک لە حیزب و ڕەوتە سیاسییەکان و هەروەها هەوڵ بۆ بێناوەرۆک کردنی خواست و داخوازیی خەڵکی کوردستان و سنوورداکردنی ئەم خواستانە لە چوارچێوەی بەرتەسکی خواستی فەرهەنگی، لە هیچ هەوڵێک بۆ تێکشکاندنی بزووتنەوەی مافخوازانە و شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان کۆتایی  نەکردووە.

کۆمەڵە کە ئاڵای داخوازیی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ژنانی ستەملێکراو و بزووتنەوەی سۆسیالیستیی بەرز کردووەتەوە، بەپێی بەرپرسایەتییەک کە لەئاست بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان وەئەستۆیەتی و بەئامانجی بەکارهێنانی گشت توانای ناڕەزایەتیی کۆمەڵگا دژبە دەوڵەتی ناوەندی، بەئامانجی سنووردارکردنی ئیمکانی پیلانگێڕیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەنێوان حیزب و لایەنە سیاسییە چەکدارەکان لە کوردستان، هەروەها بەمەبەستی دابینکردنی باروودۆخ بۆ هاوکاری پێویست لەنێوان ئەم هێزانە دژبە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە زەروورەتە سیاسییەکان پێکی دێنن، سیاسەتێکی دیاریکراو دەخاتە دەستووری کاری خۆیەوە. دیارە کۆمەڵە ستراتێژی خۆی لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان بەئامانجی بەسەرکەوتن گەیاندنی ئەم بزووتنەوەیە، بەدەر لەمجۆرە هاوکارییانە، لێبڕاوانە پەیگیری دەکات.

سیاسەتی پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ حیزب و هێزە سیاسییەکان لە کوردستان لەسەر ئەساسی ڕێزگرتن و پێبەندبوون بە ماف و ئازادیی دیموکراتیکی خەڵک، پێبەندبوون بە ئەسڵی ئازادیی بێ شەرت و مەرجی چالاکیی سیاسی لە کوردستان وەک یەکێک لە بنەماکانی خەباتی ئاشتیخوازانەی سیاسییە.

پێویستە هەموو هێزە سیاسییە چالاکەکان لە کوردستان بەڕوونی و لێبڕاوانە بە سیاسەتی بەکارنەهێنانی چەک لە بەرەوپێشبردنی ناکۆکییە سیاسییەکان پێبەند و بەڵێندار بن و دەلیلی خۆیان بۆ ئەم بابەتە بە خەڵکی کوردستان ڕاگەیەنن.

دووری کردن لە هەرجۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ ڕژیم؛ دانوستان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی لەپێوەند لەگەڵ ماف و خواستەکانی خەڵکی کوردستان، بابەتێکی تایبەت بە هیچ حیزب و ڕێکخراوێک نییە. پێویستە هەرجۆرە پەیوەندییەکی جیاواز لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی مەنع بکرێت.

بەڕەسمی ناسینی ئەسڵی دەسەڵاتدارییەتی خەڵک؛ دەسەڵاتدارییەتی و ئیدارەی کۆمەڵگا لە کوردستان ماف و بابەتی بێ ئەملا و ئەولای خەڵکە و حیزبە سیاسییەکان ناتوانن سەربەخۆ لە دەنگ و ئیرادەی ڕاستەوخۆی خەڵک، دەسەڵات لە هیچ ئاستێکدا لەنێوان خۆیان دابەش بکەن.

دووری کردن لە چوونەناو هاوپەیمانیی کۆنەپەرستانە لەئاستی ناوەچەکە؛ بەسەرەنجدان بە دەستتێوەردانی دەسەڵاتە جیهانییەکان و حکوومەتە سەرمایەدارییە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە لەوانە عەرەبستان و تورکییە و … لە ناوەندە قەیراناوییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆڵێک کە لە وێرانکردنی شارەکان، کوشتار و ئاوارەیی و بێسەرپەناکردنی خەڵکی ستەملێکراوی ئەم ناوچەیە دەیبینن، پێویستە لە چوونەناو هەرجۆرە هاوپەیمانییەکی ناوچەیی و جیهانی لەگەڵ ئەم دەسەڵاتانە دووری بکرێت.

هاوکاریی هێزە سیاسییەکان لە هەر ئاستێکدا، پێویستە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراوی ئێران و ناوچەکە بێت و بەئامانجی بەهێزکردنی خەباتی جەمعی و ڕاستەوخۆی ئەوان دژبە کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتە سەرکوتگەرەکانی خەڵک لە وڵاتانی ناوچەکە ئەنجام بدرێت.

لە ڕوانگەی کۆمەڵەوە ڕەچاوکردنی بنەما و پێشمەرجەکانی سەرەوە، لە گرەوی بەشداریی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ستەملێکراوی کوردستان لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگە دایە. ئەگەرچی ڕەچاوکردنی ئەم بنەما و پێشمەرجانە، بەستێن بۆ پێکهاتنی پەیوەندی و خەباتی سیاسیی ئاشتیخوازانە و هاوکاریی بابەتی لەنێوان حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە خەبات دژبە کۆماری ئیسلامی هەموار دەکات، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی بوونی ستراتێژی سیاسیی جیاواز لەگەڵ حیزبە ناسیۆنالیستەکان لە کوردستان، چوونەناو هاوپەیمانی سیاسی، یان یەکگرتنی کردەوەیی پایەدار و چوونەژێر چەتری پلاتفۆرمێکی سیاسی لەگەڵیان، نامومکین دەکات. بۆ نموونە هاوپەیمانیەتی حیزبە ناسیۆنالیستەکان لەگەڵ هێزە شۆڤێنیستە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران، لەوانە لایەنەکانی لایەنەگری پاشایەتی و یان هاوپەیمانی لەگەڵ سازمانی موجاهدینی خەلقی ئێران کە خوازیاری دامەزراندنی کۆماری ئیسلامییەکی دیکە لە ئێرانە و هەموویان دوژمنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی کوردستانن، و یان گرتنەبەری سیاسەتی پشت بەستن بە دەخاڵەتی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان و دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە کە بۆ بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان مەترسیدارە، لە زومرەی ئەو بەربەستە ستراتێژیکانەن کە چوونە ناو هاوپەیمانیی پایەدار لەگەڵ ئەم حیزبانە نامومکین دەکات.

پێگەی هێزی چەکدار

یەکێکی تر لە ئەولەوییتەکان کە پێویستە دووبارە تەئکیدی لەسەر بکرێت، زەروورەتی پاراستن و بەهێزکردنی هێزی چەکداری کۆمەڵەیە. ئەم زەروورەتە لەو حەقیقەتەوە سەرچاوە دەگرێت کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەقامگیرکردنی دەسەڵاتی دژەشۆڕشی خۆی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان شەڕی ڕاگەیاند و ئەم شەڕە بەشێوازی جۆراوجۆر و لەوانە میلیتاریزەکردنی کوردستان هەروا درێژەی هەیە. خەڵکی کوردستان لە بەرامبەر ئەم داگیرکارییەدا دەستیان بۆ چەک برد و کۆمەڵە لە ڕێکخەرانی خۆڕاگریی چەکدارانە لەبەرامبەر لەشکرکێشیی ڕژیم بۆسەر کوردستان بوو. خەڵکی کوردستان هێستاش کۆماری ئیسلامی بە هێزێکی داگیرکەر دەزانن کە ماف و ئازادیی لێ زەوت کردوون. هەر ئەم واقعییەتانەن کە زەروورەتی پاراستنی هێزی چەکداری کۆمەڵە و زەرفییەتی خەباتی چەکداری دێننە گۆڕێ. کەوابوو ئەگەر ئێستا بۆ نووژەنکردنەوەی هێزی چەکداری کۆمەڵە لەگەڵ کێشە و دژواریی کردەوەیی بەرەوڕووین، پێویستە ئەم دەورەیە وەپشت سەر نێین.

ئێمە بەردەوام تەئکیدمان کردووە کە چالاکی چەکدارانە و پەرەپێدان و سنووردارکردنی لە پێداویستیی خەباتی سیاسی و جەماوەرییەوە سەرچاوە دەگرێت و بەمەبەستی پاراستنی پێگە و ئیعتباری خەباتی چەکداری لە کوردستانی عێراق وەک پشتی جەبهە بۆ بەروپێشبردنی خەباتی چەکداری کەڵک وەرناگرین. بەڵام تەئکید لەسەر ئەم سیاستە بنەماییە هیچ لە گرینگیی پاراستنی سیمای چەکدارانەی کۆمەڵە کەم ناکاتەوە. هەروەها لە تەشکیلاتی ئاشکرای کۆمەڵە لە کوردستانی عێراق دەکرێت وەک پێگەیەک بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ناوەوە، وەرگرتن و ڕاهێنانی لاوانی هۆگری ئەم بوارە لە خەبات و پێکهێنانی ئاسانکاری بۆ بەرەپێشبردنی چالاکیی کۆمۆنیستی کەڵکی لێ وەربگیرێت.

خاکەلێوەی ١٤٠١

ئاوریلی ٢٠٢٢