پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ڕژیمی كۆماری ئیسلامی له ڕێگه‌ی ڕاگه‌یاندن و بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی هاوكاتی نرخی بێنزین له ڕۆژی ٢٤ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر و خافڵگیر كردنی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك، به‌كرده‌وه، هه‌ژارانی شار و لاوانی وه‌گیان هاتوو له هه‌ژاری و بێكاریی به‌ره‌و ڕاپه‌ڕین برد تا به پێی نه‌خشه‌یه‌ك كه له پێشدا ئاماده‌ی كردبوو، ڕاپه‌ڕینه‌كه‌یان له یه‌كه‌مین ساته‌كاندا، وه‌حشیانه تێكبشكێنێ. كۆماری ئیسلامی دەیهەویست به یه ک ڕوژ، ئاگری تووڕه‌یی پنگ خواردووی بێبه‌شان خامۆش بكات و به خه‌یاڵی خۆی كۆتایی به “فیتنه‌ی ئاژاوه‌گێڕان” بێنێت. به‌ڵام ڕاپه‌ڕینی په‌راوێزخراوان و هه‌ژاران، به شێوه‌یه‌كی سهڕسوورهێنهر، سه‌رتاسه‌ری بۆوه و ترسی مه‌رگی خسته ناو دڵی كۆماری ئیسلامیه‌وه، لێكدانه‌وه‌كانی ڕژیمی شێواند و بۆ جارێكی دیكه نیشانی دا كه چ ئاڵوگۆڕێكی مه‌زنی مێژوویی خه‌ریكه له ئێران‌دا شكڵ ده‌گرێت. ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر و ته‌شه‌نه سه‌ندنی برووسكهئاسای بۆ ١٩٠ شاری ئێران، دیارده‌یه‌كی له‌ناكاو نه‌بوو. قه‌یرانی پێكهاته‌یی سه‌رمایه‌داریی ئێران و دواهاتی ماڵوێڕانكهری سیاسه‌تی نێئۆلیبڕالیسمی ئابووریی تێكه‌ڵ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ئایینی و گه‌نده‌ڵی و ڕانت‌خۆری و پانتایی بێ وێنه‌ی هه‌ژاری و فهلاكهتی ئابووری و ئه‌و بێبه‌شییه كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی كه به‌سه‌ر زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئێران‌دا سه‌پابوو، ده‌مێك بوو به‌ستێنه بابه‌تییه‌كانی ئه‌م ڕاپه‌ڕینه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی ئاماده كردبوو. گه‌ڕانه‌وه‌ی دووباره و توند بوونه‌وه‌ی گه‌مارۆ ئابوورییه‌كان، دابه‌زینی بەهای ڕیاڵ و هاتنه‌خواره‌وه‌ی توانای كڕینی كرێكاران و جه‌ماوه‌ری بێبه‌شی كۆمه‌ڵگا ئه‌م به‌ستێنه‌ی پته‌وتر كرد و ڕه‌وتی ڕوو له گه‌شه‌ی مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تیی كرێكاران، خه‌باتی سه‌رتاسه‌ریی موعه‌لیمان و خانه‌نشینان، سه‌رهه‌ڵدانی دووباره‌ی بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری و حزووری شكۆداری ژنان له‌م خه‌باته‌دا، سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م ئاخێزه‌ی كرده حه‌تمی.
ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨ له درێژه‌ی ئاخێزی مانگی به‌فرانباری ٩٦دا، بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی له پانتاییه‌كی به‌رینتر و مه‌زنتردا بوو كه بێبه‌شانی شار و لاوانی بێكار و په‌راوێزخراو، هێزی بزوێنەری بوون. ئه‌م ئاخێزه سه‌رتاسه‌رییه وه‌ك هه‌موو بزووتنه‌وه‌یه‌كی به‌هێزی سیاسی، به‌شێوه‌ی بابه‌تی، هاوسه‌نگیی هێزی به قازانجی بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی دژبه ڕژیم گۆڕی و به‌ستێنێكی گونجاوتری بۆ گه‌شه‌ی خه‌باتی ئابووری و سیاسیی كرێكاران و بزووتنه‌وه ناڕه‌زایه‌تیه‌كان، ئاماده كرد. ئەم ئاخێزە سەرانسەرییە بەستێنی گەشەی خەباتی ئابووری و سیاسیی کرێکاران و ئاخێزەکانی دواتری ئامادە و بەهێزتر کرد. ئه‌م ئاخێزهش هه‌روه‌ك ئاخێزی مانگی به‌فرانبار، نیشانی دا كه شه‌پۆلی خرۆشاوی خه‌باتی سیاسی، چلۆن ده‌بێته بزوێنه‌ری به‌هێز بۆ خه‌باتی ئابووری و سیاسی و چلۆن ئاراسته‌ی ده‌روونیی كرێكاران بۆ خه‌بات، پته‌وتر ده‌كه‌ن.
ئه‌زموونی سه‌رتاسه‌ریی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر و به‌شداریی لاوان و جه‌ماوری كرێكار و زه‌حمه‌تكێش له‌م ناڕهایهتییانهدا و هاوپشتیی سۆزداریان له به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كان، نیشانی دا كه ئه‌و ترسه‌ی كه ڕژیم به پشتیوانه‌ی ماشێنی سه‌ركوت به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا زاڵی كردبوو، جێگای خۆی داوه به تووڕه‌یی و هاوپشتی و موقاومه‌ت دژبه به‌خۆی. بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌زه‌ڵوه‌ر، نیشانی دا كه له‌ناخی كۆمه‌ڵگایه‌كدا كه پڕه له خه‌بات و جموجۆڵ، چ ڕێبه‌ران و ڕێكخهرانێك په‌روه‌رده بوون و هاتوونه‌ته مه‌یدان. ئه‌م ڕاپه‌ڕینه، به‌ستێنی گونجاوی بۆ پێكهێنانی تۆڕی په‌یوه‌ندی و خه‌باتی ڕێبه‌رانی مه‌حه‌لی و هه‌نگاو هه‌ڵێنان به‌ره‌و پێكهێنانی ناوه‌ندی جه‌ماوه‌ری و شۆرایی، وه‌ك ئۆرگانه‌كانی به‌ره‌وپێش بردنی خه‌بات، خوڵقاند.
ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر له بواری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، ستراتێژی سیاسیی ئه‌و به‌شه له ئۆپۆزیسیۆنی بورژوایی ئێرانی دایه به‌ر ڕه‌خنه، كه له‌سه‌ر تێپه‌ڕینی هێمنانه له كۆماری ئیسلامی ته‌ئكیدی ده‌كرد. ئه‌گه‌ر ئاخێزی مانگی به‌فرانباری ٩٦ به درووشمی “ئیسڵاح ته‌ڵه‌ب، ئۆسوولگه‌را، ئیتر ته‌واو بوو ماجه‌را“، كۆتایی به زاڵ بوونی دوو ده‌یه وتاری ڕێفۆرمخوازانی حكوومه‌تی به‌سه‌ر كه‌ش و هه‌وای سیاسیی ئێران هێنا، ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ریش، زه‌ربه‌یه‌كی به‌ته‌وژمی له وتاری تێپه‌ڕینی هێمنانه و دژایه‌تی له‌گه‌ڵ شۆڕش له‌ژێرناوی سنووربه‌ندی له‌گه‌ڵ توندوتیژی، دا. ستراتێژی سیاسی و ڕێكاری ئه‌م به‌شه له ئۆپۆزیسیۆنی بورژوایی، له‌ژێرناوی به‌ڕێوه‌بردنی ڕێفراندۆمی یاسای بنه‌ڕه‌تی، به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنی ئازاد، بۆ ده‌ست به‌ده‌ست كردنی ده‌سه‌ڵات له‌سه‌رووی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكه‌وه، زیاتر له جاران كه‌مڕه‌نگ بۆوه. به‌هۆی به‌كارهێنانی ئه‌م ڕاده‌یه له توندوتیژیی حاكمانی دین وسه‌رمایه دژبه ناڕه‌زایه‌تیی ڕه‌وای هه‌ژاران و لاوانی بێكار، زه‌رووره‌تی ئاماده‌بوون بۆ تێپه‌ڕینی شۆڕشگێڕانه و كه‌ڵك وه‌رگرتن له قه‌هری شۆڕشگێڕانه بۆ شكستدانی دوژمنی پڕچه‌ك، پتر له ڕابردوو هۆگرایه‌تیی كۆمه‌ڵایه‌تیی په‌یدا كرد. به ئاشكرا بوونی بنبه‌ستی ستراتێژی تێپه‌ڕینی هێمنانه، به‌ستێنی پێشڕه‌ویی ستراتێژی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانه‌ی كۆماری ئیسلامی، كه پشت به‌ستوویه به بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری و باقیی بزووتنه‌وه پێشڕه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، وه‌ك كرده‌وه‌یه‌كی شۆڕشگێڕانه بۆ زه‌وت كردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئابووری له بورژوازی، زیاتر ئاماده بوو.
ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، بێبه‌شانی شار و لاوانی بێكار و په‌راوێزخراوی له شاره گه‌وره و چكۆلهكانی ئێران، هاوكات وهحهرهكهت خست. شاره‌كانی كوردستان و خوزستان كه له ئاخێزی مانگی به‌فرانباری ٩٦دا تا ڕاده‌یه‌ك له حه‌ره‌كه‌تی سه‌رتاسه‌ری جیا كه‌وتبوون، له ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ردا، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به‌شێوه‌یه‌كی شكۆدار به‌شداری ناڕه‌زایه‌تییه‌كان بوون. خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێشی كوردستان له پانتاییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیدا نیشانیان دا كه به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و نوسخانه‌ی كه حیزبه ناسیۆنالیسته‌كان بۆیان ده‌پێچن، بۆ ڕزگاری له چنگ كۆماری ئیسلامی، ڕێگایه‌كیان بێجگه‌له هاوپشتی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی سه‌رتاسه‌ری، له‌پێناو ڕووخاندنی ئه‌م ڕژیمه له‌به‌رده‌م نییه.
یه‌كێك له ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی له كوشتاری ناڕازیان له جه‌ره‌یانی ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، زاڵ كردنی كه‌ش و هه‌وای ترس و تۆقاندن به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا و به‌تایبه‌ت چاوترسێن كردنی نه‌سڵی دوای ده‌یه‌ی ٦٠ بوو. به‌ڵام ڕژیم به‌م ئامانجه‌ی نه‌گه‌یشت و شكستی خوارد. جه‌ماوه‌ری ئازادیخواز، به‌م سهركوته خوێناوییه نه ته‌نیا چاوترسێن نه‌بوون به‌ڵكوو به ده‌ربڕینی تووڕه‌یی و ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان دژبه‌و جه‌نایه‌تانه‌ی كه ئه‌نجام دران، ترسیان خسته جەستەی ڕژیمه‌وه. ڕێك پاش ئه‌م جه‌نایه‌تانه، ڕێكخراو و ناوه‌نده جۆراوجۆره كرێكارییه‌كان، خانه‌نشینان، موعه‌لیمان، نووسه‌ران و هۆنه‌رمه‌ندان، له ناوخۆی ئێران له ڕێگه‌ی ڕاگه‌یاندن و به‌یانییه‌ی جۆراوجۆره‌وه، ئه‌م جهنایهتانهیان مه‌حكووم كرد. پاش ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تیی كرێكاری به‌رده‌وام درێژه‌ی بوو. بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری به ئاكسیۆنه شكۆدارهكانی خۆی له ڕۆژی ١٦ی سه‌رماوه‌ز و له گه‌مارۆی هێزه‌كانی دوژمن‌دا، به ده‌نگێكی ڕه‌ساوه، جه‌نایه‌ته‌كانی ڕژیمی مه‌حكووم كرد و ڕایگه‌یاند كه بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی له ئێران، به‌م كوشتاره دڕندانەیە، چاوترسێن نابێت.
به‌ڵام ئاخێزی شۆڕشگێڕانه‌ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ریش هه‌روه‌ك ئاخێزی مانگی به‌فرانباری ٩٦، سه‌ره‌ڕای فیداكاری و گیانبازیی به‌ڕێوه‌به‌رانی و سه‌ره‌ڕای هه‌موو ده‌ستكه‌وته مه‌زنه‌كانی، پاش یه‌ك حه‌فته، له به‌رینایی كه‌م بۆوه و نیشته‌وه. جەماوەری خەڵک دەرفەتی ئەوەی نەبوو بەسەر گومانەکانیاندا زاڵ بن و لەئاستی ملیۆنیدا بەشداری ئەم ڕاپەڕینە بکەن. كرێكارانی كارخانه و ناوه‌نده گه‌وره سه‌نعه‌تیه‌كان كه به خه‌باتی به‌رده‌وامی خۆیان به‌ستێنه زه‌ینییه‌كانی ئاخێزی خه‌زه‌ڵوه‌ریان ئاماده كردبوو، ئه‌مجاره‌شیان ئاماده‌ی ئه‌وه نه‌بوون كه به مانگرتنی هاوئاهه‌نگ و سه‌رتاسه‌ریی خۆیان، له ناوه‌نده‌كانی به‌رهه‌مهێنانه‌وه، به ڕاپه‌ڕینی هاوچینه‌كانی خۆیان په‌یوه‌ست بن و ماشێنی سه‌ركوتی ڕژیم زه‌وینگیر كه‌ن و به‌ستێنی مانگرتنی سیاسیی گشتی ئاماده بكه‌ن و هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش یه‌كێك له كه‌موكۆڕی و خاڵه لاوازه سەرەکییەکانی ئه‌م ڕاپه‌ڕینه بوو. له‌ڕاستیدا ڕاپه‌ڕینی خه‌زه‌ڵوه‌ر، ته‌نیا گۆشه‌یه‌ك له هێزی خۆی هێنایه مه‌یدان و ئاماده‌ی نه‌به‌ردی نیهایی نه‌بوو. خوێنڕێژانی كۆماری ئیسلامی به كوشتنی پتر له هه‌زار و ٥٠٠ كه‌س له لاوانی خه‌باتكار و بریندار كردن و ده‌ستبه‌سه‌ر و زیندانی كردنی چه‌ندین هه‌زار كه‌س، ئه‌م بزووتنه‌وه شۆڕشگێڕانه‌یه‌یان ناچار به پاشه‌كشه كرد. سه‌رانی ڕژیمی ئیسلامی به‌خه‌یاڵی خۆیان توانییان لەڕێگەی سەرکوتی خوێناوی و به یارمه‌تیی ڤایرۆسی كوشنده‌ی كۆرۆنا، نیزامه جهنایهتکارەكهیان له ژێر گوشاری بزووتنه‌وه‌ی دادخوازی دژبه كوشتاری مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر ڕزگار بكه‌ن، به‌ڵام له قووڵایی كۆمه‌ڵگادا، ڕاپه‌ڕینێكی به‌هێزتر شکڵی گرت. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا کە بەناوی ڕەمزی ژیناوە دەستی پێ‌کرد و هەروا درێژەی هەیە، سەلمێنەری ئەم حەقیقەتە.