سێشەممە ٧ی مانگی نوامبر بەرابەر لەگەڵ ١٦ی خەزەڵوەر ساڵڕۆژی شۆڕشی کرێکاری لە وڵاتی ڕووسیەیە. ١٠٦ ساڵ لەمەوبەر لە وەها ڕۆژێکدا چینی کرێکاری ڕووسیە بە ڕێبەریی حیزبی بۆلشێڤیک و لێنین لە ڕاپەڕینێکی سەرکەوتووانەدا حکوومەتی بورژوازیی ئەم وڵاتەی ڕووخاند و دەسەڵاتی سیاسیی گرتە دەست. کرێکارانی ڕووسیە دوای بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات ڕوو بە هاوزنجیرەکانی خۆیان لە سەرانسەری جیهان لە ئاڵمان، فەڕانسە، ئینگلیس و وڵاتەکانی تر ڕایانگەیاند کە سەرکەوتنی ئۆکتۆبر سەرکەوتنی هەموومانە. ڕایانگەیاند کە: دەسەڵاتی چینی کرێکار لە ڕووسیە پێویستە دەستپێکی دەسەڵاتی ئەم چینە جیهانییە لە وڵاتانی دیکەی سەرمایەداری بێت.
بێگومان شۆڕشی ئۆکتۆبر سەرکەوتنێکی نێونەتەوەیی چینی کرێکار بوو. ئەم شۆڕشە نەتەنها سەرکەوتنی چینی کرێکار بەڵکوو مژدەبەخشی ڕزگاریی هەموو بێبەشان بوو. شۆڕشی کرێکاریی ڕووسیە هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە بە فەرمانی ئاشتیی خۆی، ڕێگای ڕزگاریی لە جەحەنەمی شەڕ بەرەوڕووی خەڵکی ڕووسیەدا کردەوە. دەسەڵاتی کرێکاری دەستبەجێ خاوەنداریەتیی تایبەتی بەسەر زەویدا هەڵوەشاندەوە و زەوییەکانی مالک و دەوڵەت و کلیسای کردە گشتی و خستیە ئیختیار هەموو زەحمەتکێشانەوە. دەسەڵاتی کرێکاران دەستبەجێ بەرابەریی کامڵی مافی ژن و پیاوی لە هەموو بوارەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و بنەماڵەییدا کردە یاسا. دینی بەتەواوی لە دەوڵەت جیا کردەوە و دەستی کلیسای لە کاری دەوڵەت لەوانە دەستوەردانی لە بواری پەروەدە کورت کردنەوە. حکوومەتی کرێکاری مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکانی لە ڕووسیە وەدی هێنا. ئەم شۆڕشە و سیاسەتی شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکاری ڕووسیە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر خەباتی ڕزگاریبەخشی خەڵکی ژێر ستەمی سەرانسەری جیهان دانا. شۆڕشی کرێکاریی ساڵی ١٩١٧، چینی سەرمایەداری لە دەسەڵات هێنایە خوار و یاسەکانی حکوومەتی کرێکاری لەم وڵاتە بونیاد نا. پێشڕەویی بزووتنەوەی چینی کرێکار و شۆڕشی کرێکاری بەرەبەرە هەموو ئیمپراتووریی ڕووسیەی گرتەوە. لەگەڵ کرانەوەی ئاسۆی سۆسیالیزم و دادپەروەریی ئابووری، و ئاسۆی دابینکردنی یەکسانیی کۆمەڵایەتی و هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازات و نابەرابەرییە نەتەوەییەکان، یەکیەتییەکی خۆبەخشانە لە نەتەوەکانی دانیشتووی ئەم ئیمپراتوورییە پێکهات و بەمجۆرە یەکیەتیی سۆڤیەت لەدایک بوو.
دەوڵەتانی سەرمایەداری و ئیمپریالیستی جیهان لەو سەردەمەدا ئەگەرچی هێستا لەژێرباری زیان و خەساری شەڕی یەکەمی جیهانیدا پشتیان ڕاست نەکردبووەوە، ئەرتەشەکانیان بۆ لەناوبردنی دەسەڵاتی کرێکاری بەکارهێنا. بەڵام هاوپشتیی نێونەتەوەیی چینی کرێکار لە وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداری و ناڕەزایەتیی جەماوەری لەم وڵاتانە هاوکات لەگەڵ خۆڕاگریی گیانفیدایانەی داکۆکیکارانی ڕاپەڕیوی شۆڕشی کرێکاری لە شۆرەوی، بەرەی کۆنەپەرستی ئیمپریالیستی تێکشکاند. بەمجۆرە حکوومەتی کرێکاریی شۆرەوی لە بەرەنگاربوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ لە بواری نیزامی و سیاسی، بەرامبەربە سەرمایەداریی جیهانی، سەربەرز و سەرکەوتوو هاتە دەر.
بەڵام حکوومەتی تازەی ڕووسیە میراتگری وێرانییەکانی شەڕی ئیمپریالیستی، سەنعەت و کشتوکاڵی زیاندیتوو و قاتی و برسیەتی و هەژارییەکی بێوێنە بوو کە لە حکوومەتی تێزارەوە پێیگەیشتبوو. سێ ساڵی یەکەمی دوای سەرکەوتنی شۆڕش، جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بە تەحەمولی دژواریی کەم وێنە، بە فیداکاری و بە هیوای ڕزگاری، دەسەڵاتی کرێکارییان لە قەیرانی مەرگ و ژیان ڕزگار کرد. خەبات بۆ دامەزراندنی سۆسیالیزم و بۆ بونیادنانی ئابوورییەکی سۆسیالیستی لە کۆمەڵگای شۆرەوی کەوتە دەستووری کاری حیزبی بۆلشێڤیک و دەوڵەتی کرێکارییەوە. باس و جەدەلی یەکجار زۆر سەبارەت بە مۆدێلی ئابووریی سۆسیالیستی، شێوازی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ خۆڕاگریی نهێنیی دژەشۆڕشی بورژوازی لە ناوخۆ و گوشاری ئیمپریالیستی لەئاستی جیهانی ئەنجام درا. جەداڵ لەسەر ڕێگاکانی سەنعەتی کردنی کۆمەڵگای ڕووسیە و چۆنیەتیی بردنەسەری ئاستی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ و هاوکات بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ وەرزێرانی دەوڵەمەند، جەداڵ لەسەر چۆنیەتی دامەزراندنی سۆسیالیزم لە وڵاتێک، گرینگترین موناقشە و مشتومڕەکانی ئەو قۆناغە بوون.
لەم جەداڵ و مشتومڕانەدا بەداخەوە هیچکام لە باڵ و فراکسیۆنەکانی ناو حیزبی بۆلشێڤیک نەیانتیوانی گەشەی شۆڕشی کرێکاری و دامەزراندنی ئابووری سۆسیالیستی لەسەر بنەمای بەرژوەندی چینی کرێکار نوێنەرایەتی بکەن و بەکردەوە دەسەڵاتی سیاسییان بە بەهای دوورکەوتنەوە لە ئامانجە سەرەتاییەکانیان پاراست. لە نەبوونی مۆدێلێک بۆ ڕێکخستنی ئابووریی سۆسیالیستی ئەمجارەیان، ئەوە بورژوازیی زامداری ڕووسیە بوو کە ئیمکانی وەدیهاتنی ئاواتە دێرینەکانی خۆی لە بەدەستەوەگرتنی حیزب و دەوڵەت و ناوەندە شۆڕشگێڕاندا دەبینی. کاتێک دەوڵەتی تازەپێکهاتووی ڕووسیە نەیتوانی ئابووریی سۆسیالیستی و ژیانی خەڵک ڕێک بخات، بورژوازیی ڕووسیە لە ناوەندە نوێیەکاندا توانای ئەوەی پەیدا کرد کە بنبەستەکانی بشکێنێ و ئاواتی دێرینەی واتە بونیادنانی ڕووسیەیەکی سەنعەتی و بەهێز بەرامبەر زلهێزە ئیمپریالیستەکانی ئەو سەردەمە وەدی بهێنێت. ناوبانگی سۆسیالیزم و ئیعتبارە کۆمەڵایەتییەکەی، نفووزی بۆلشێڤیک کە بەرهەمی ڕێبەریی سەرکەوتووانەی شۆڕشێکی کرێکاری بوو، هەر هەمووی ماهیرانە و شارەزایانە لە خزمەت بە ناسیۆنالیزمی مەزنخوازی ڕووسدا بەکارهێندرا. باڵی دەسەڵاتداری حیزبی کۆمۆنیست، لە ناوەڕاستەکانی دەیەی ٢٠ ئەو سیاسەتانەی کردە بنەما کە لە قۆناغێکدا بۆ پاراستنی دەسەڵات لەناو دەستی چینی کرێکار پێیان دەوترا “پاشەکشەی کاتی و وشیارانە”. ڕێبەریی حیزب بۆ بەڕێوەبردنی وڵات فەزیلەتی ئەبەدی بەم سیاسەتانە بەخشی. لە جیاتی بەدواداچوون بۆ ئاواتی ڕزگاریبەخشی سۆسیالیستی، لەجیاتی ڕێکخستنی ئابووریی سۆسیالیستی، هەڵوەشاندنەوەی خاوەنداریەتیی تایبەت، هەڵوەشاندنەوەی کاری موزدی، لەجیاتی پێکهێنانی خوشبژێویی ماددی لە ژیانی خەڵکدا، دامەزراندنی کۆمەڵگایەک کە پێکهاتبێت لە مرۆڤی ئازاد و یەکسان و بەدوور لە بێمافی و چەوساندنەوە، بووژاندنەوەی نەتەوەی ڕووسی کردە ئامانجی خۆی. هێز و داهێنانی ملیۆنها ئینسان، لەژێر سیستمێکی موتەمەرکزی دەوڵەتیدا، بۆ وەدیهێنانی ئەم ئامانجە مێژووییەی بورژوازیی ڕووسیە کەوتە کار. ساڵەکانی دەیەی ٣٠ لەحاڵێکدا کە جیهانی سەرمایەداری لە ڕۆژاوا لە ناو قەیرانێکی ئابووریی سەختدا گرفتار بوو، یەکیەتیی سۆڤیەت باڵاترین ڕێژەی گەشەی ئابووری بەخۆوە بینی. بەمجۆرە بوو کە تازەدەسەڵاتێکی گەورەی سەنعەتی لە سەروبەندی شەڕی جیهانیی دووهەمدا، بە گۆشت و پێست و خوێن و ئارەقی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ڕووسیە، هاتە ناو مەیدانی ڕەقابەتە نێونەتەوەییەکانی سەرمایەدارییەوە.
بەڵام زەمانەتکردنی پێشکەوتنی ئەم پڕۆسە ستەمکارانە و سەرمایەدارییە پێویستی بە پێکهاتەیەکی سیاسی جیاواز بوو. پێکهاتەیەکی جیاواز لەوەی کە کرێکاران لە شۆڕشەکەیان چاوەڕێیان دەکرد. دیکتاتۆری حیزب جێگای دیکتاتۆری چینی گرتەوە و لە ناو حیزبیشدا ئەو باڵەی کە توانیبووی ڕکابەرە حیزبییەکانی سەرکوت بکات، وەک نوێنەری چینی کرێکار داسەپاندنی دیکتاتۆریی لەلایەن خۆیەوە بەسەر گشت کۆمەڵگا، بەڕوا دەزانی. بەمجۆرە، بۆ بێدەنگ ڕاگرتنی کرێکاران و خەڵکی ناڕازی لە شۆرەوی و بۆ دابینکردنی ئەمنیەتی سەرمایەداریی دەوڵەتی لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەکانی، سیستمێکی دیکتاتۆری و دڕندانەیان دامەزراند.
ئەگەرچی دەسەڵاتی کرێکاری لە ڕووسیە سەرەنجام شکستی هێنا، بەڵام ئەمڕۆ ١٠٦ ساڵ دوای ئەم ڕووداوە، ئارمانەکانی ئەم شۆڕشە لە سەرانسەری جیهان هەروا زیندوویە و دڵی جیهان بۆ شۆڕشێکی ئۆکتۆبری دیکە لێدەدات. بەهیوای ئەوەیکە ئەزموونی ڕێکخستنی شۆرایی کرێکاران، وەک حەرەکەتێکی زیندوو و گشتگیر لەناو بزووتنەوەی کرێکاریدا درێژەی بێت و چینی کرێکار بە پشت بەستن بە ڕێکخراوەکانی خۆی و بە بەکارهێنانی دەرسەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبر، لە خەبات و هەرواز و نشێوەکانی بەردەمی، داخوازی و مافی پێشێلکراوی خۆی بەدەست بێنێت و سەرکەوتوو و سەربەرز ئامانجی ئینسانی و ڕزگاریبەخشی خۆی وەدی بهێنێت. لەئێستادا پێگەی ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئاستی گەشەی هێزی بەرهەمهێنەر نیشانی دەدات کە بەستێن و بارودۆخی بابەتی بۆ سەرهەڵدانی شۆڕشێکی سۆسیالیستی و بۆ ڕزگاری لە نیزامی چەوسێنەری سەرمایەداری ئامادەتر لە هەموو کاتێکە. ئەوەیکە ئامادە نییە بارودۆخی زەینییە. واتە ئامادەنەبوونی چینی کرێکار لە بواری وشیاری، ڕێکخستنی چینایەتی و ڕێکخراونەبوون لەناو حیزبی سیاسی خۆیدا. واتە بارودۆخێک کە فەراهەمکردنی لە گرەوی پێشڕەویی ستراتێژی سۆسیالیستیدایە.