مانگی خەرمانان ساڵیادی تاوانێکی سامناکە کە بەدەستی جەلادانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە زیندانەکاندا بەڕێوەچوو. کوشتاری بەندکراوانی سیاسی کە لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٧ بە ئێعدامی بەکۆمەڵی ئەندامان و لایەنگرانی سازمانی موجاهدینی خەلق دەستیپێکردبوو، لە مانگی خەرمانانی هەمان ساڵدا بە کوشتاری زیندانیانی چەپ و کۆمۆنیست درێژەی پێدرا.
کۆمیسیۆنی مەرگ، پێکهاتوو لە حسێنعەلی نەییری “حاکمی شەرع”، موڕتەزا ئیشڕاقی “دادستان”، ئیبڕاهیم ڕەئیسی “جێگەری دادستان” و موستەفا پورمحەممەدی “نوێنەری وەزارەتی ئیتلاعات”، دوای ئەوەی کە ڕاپۆرتی مەئموریەتە جەنایەتکارانەکەی مانگی گەلاوێژیان لە زیندانەکان پێشکەشی خومەینی کرد، فەتوای کوشتاری کومونیستەکانیشیان لێوەرگرت و لە یەکەم رۆژەکانی مانگی خهرماناندا کەوتنەگیانی ئەو ئینسانە شهریفانهی کە دڵیان کەیلی ئەوین و ئارمانی بەرزی ڕزگاری ئینسانی چەوساوە و ستەملێکراو بوو. داری ئێعدام دامەزران و زیندانیە ئارمانخوازەکان بە وتنی “نا” بۆ جەللادان پێی هەڵواسران و مۆری شەرمەزاریەکی مێژووییان بە نێوچاوانی قاتڵان و بکوژانیانەوە نا. هەزاران بهندكراوی تێکۆشەر و خۆڕاگر داری ئێعدامیان ماچ کرد، بەڵام لە بەرانبەر جەنایەتکاراندا سەریان دانەخست.
دایرەتولمەعارفی جیهانی ئەم رووداوە دژی ئینسانیەی بەم شێوەیە تۆمار کردووە:
“پرسیار و وڵام لەوان لە مانگی خهرمانان و لە زیندانی گەوهەردەشتەوە دەستی پێکرد.” ئایا تۆ موسڵمانی؟”، “ئایا باوەڕت بە بەهەشت و جەهەنەم هەیە؟”، “ئایا لە مانگی ڕەمەزاندا ڕۆژوو دەگری، ئایا قورئان دەخوێنی؟”، “ئایا پێت باشترە لەگەڵ موسڵمانێکدا هاوبەند بیت یان نا موسڵمانێک؟”، “ئایا ئامادەی کاغەزێک ئیمزا بکەی کە باوەڕت بە خودا، بە پێغەمبەر، بە قورئان و بە رۆژی قیامەت هەیە؟” و پڕ ماناتر لەوانەش:” ئایا لە بنەماڵەیەکدا گەورە بوویت کە باوک تێیدا نوێژی کردبێت، رۆژووی گرتبێت و قورئانی تێدا خوێندبێت؟”
تەنیا وڵامێکی “نا” بەم پرسیارانە دەیتوانی چارەنووسی کەسەکە بە ئێعدام کران یەکلایی بکاتەوە. سەبارەت بە پرسیاری ئاخر، وڵامی ئەرێنی پێی، بە واتای ئێعدام بوو لەبەر ئەوەی کە جەختی لەسەر “موڕتەد بوونی” کەسەکە دەرکرد. بەپێی یاسا و ڕێسای فێقهی، تەنیا کەسێک دەتوانێ وەک موڕتەد بناسڕێت کە لە بنەماڵەیەکی باوەڕمەند بە ئیسلام و لە سایەی باوکێکدا کە بەردەوام نوێژ و قورئانی خوێندوە و لە مانگی ڕەمەزاندا رۆژوی گرتوە پەروەردە بووبێت. ئەگەر کەسێک جەختی لەسەر موسڵمان بوونی خۆی بکردایەتەوە بەڵام بیوتایە نوێژ ناکات تەنیا مەحکوم بە لێدانی شهلاق دەکرا. بۆ هەر وادەیەک نوێژ ١٠ زەربە شهلاق و رۆژانە ٥٠ زەربە شهلاق بوو.
سەبارەت بە ژنانی کومونیست، بە حوکمی شەرع سەبارەت بە ژنی موڕتەد “تۆبە یان مردن لەژێر شهلاقدا” وەک حوکم بەڕێوەچووە و لەم روەوە ژنانی کومونیست یان لەژێر زەربەکانی شهلاقدا دەمردن یان موسڵمان دەبوون. زۆربەی ئەو قوربانیانە، دەورەی مەحکومیەتیان تەواو کردبوو و لە چاوەڕوانی ئازاد کراندا بوون. هۆکاری گیرانی زۆربەیان هێشتا روون نەببووەوە و لە چاوەڕوانی بەناو تەفهیمی ئیتیهامدا بوون.”
لە سەردەمی ئەم جەنایەتە خۆفناکەوە هەتا ئێستا جەنایەتکارانێکی وەک خامنەیی، ڕووحانی و ڕەفسەنجانی هەوڵیان داوە ڕۆڵی خۆیان لەم کۆشتارەدا تا ئاستی مەئموورانێکی مەعزوور کە مەجبوور بوون پەیڕەوی فەرمانی خومەینی بن، کەمڕەنگ بکەنەوە. ژمارەیەکی زۆر لە بازجویان و ئەشکەنجەگەران و مەقاماتی ئەمنیەتیی دەیەی ٦٠، دەستی خوێناوییان شتەوە و جلی ڕۆژنامەوانی و ڕێفۆرمخوازییان کردە بەر تا ڕابردووی خۆیان لە دیدەی نەسلی تازە بشارنەوە.
کوشتاری خوێناویی ساڵی ٦٧، ئازادیخوازیی بێناوەرۆک و دیفاعی درۆیینی ئیمپریالیستەکانی ڕۆژاوا لەئاست مافی مرۆڤی سەلماند. دەوڵەتانی ئەورووپا و ئەمریکا نەتەنها ئیعتڕازیان بەم کوشتارە نەکرد بەڵکوو بەنهێنی مۆری تەئیدیان لێدا. ئەم کارەساتە بێوێنەیە کە تێیدا هەزاران کەس لە زیندانییانی سیاسی لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا ئێعدام کران، تەنانەت لە میدیاکانی بەناو ئازادی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکانیشدا ڕەنگدانەوەی نەبوو. لە ڕۆژانی موحاکماتی یەک دەقیقەیی و لەداردان و تیربارانکردنەکان، کۆبوونەوە و ڕێکەوتنی پشتی پەردەی دەوڵەتانی ئیمپریالیستیی ڕۆژاوا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لەئارادابوو. دەوڵەتانی ئیمپریالیستی بەباشی لە ڕوودانی ئەم کارەساتە ئاگاداربوون. بەڵام لەپێناو بەرژەوەندیان لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی حمایەتیان کرد. ئەوان دوای ناچارکردنی سەرانی ڕژیم بە قەبووڵکردنی شکست لە شەڕی ئێران و عێراق و نۆشینی جامی ژەهر، بە حاکمانی ئێران ئەو چرا سەوزەیان دا کە بۆ ڕێگری لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و ئەمنکردنی ئێران لەپێناو چەوساندنەوە و تاڵانکارییەکانی سەرمایەداری جیهانی، دەتوانن دەست بۆ هەر جەنایەتێک بەرن. بەم هۆکارە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە مەکۆی نێونەتەوەیی دەسەڵاتەکانی سەرمایەدارییە لەئاست ئەم تاوانە خوێناوییە سیاسییە، بێدەنگ بوون و بەنهێنی مۆری تەئیدیان لێدا.
لەم ڕۆژانەی سەرکوت و کوشتاردا، بۆ جارێکی تر ڕوون بووەوە کە لە دنیادا چ کەسانێک دۆست و هاوپەیمانی ڕاستەقینەی جەماوەری خەڵکی ئێرانن و کامە هێز لەناو ڕیزی دوژمنانیاندایە. لە بەرابەر بێدەنگیی بەئەنقەستی دەوڵەتانی ئیمپریالیستیدا، ئەوە کۆمۆنستە شۆڕشگێڕەکانی جیهان بوون کە بوون بە دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران و ئامانجی دژەئینسانیی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانانی ئیمپریالیستیان لەقاودا.
لەئێستادا کە ٣٥ ساڵ بەسەر کوشتاری تێکۆشەران و نەیارانی ڕژیم و هاوڕێیانی کۆمۆنیستی بەندکراومان تێدەپەڕێت، ڕژیمی جەنایەتکاری ئیسلامی لەگەڵ قەیرانی هەمەلایەنە بەرەوڕووە و لەژێر گوشاری ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری و درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادایە. کوشتارێک کە حکوومەتی ئیسلامی لە ساڵی ١٣٦٧ بەئامانجی ڕێگری لە مەترسیی ئاخێزی جەماوەری وەگیانهاتوو لە شەڕی وێرانگەڕی هەشت ساڵە ئەنجامی دا، لەئێستادا وەک داغی جەنایەتێکی نەنگین لەناوچاوانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دراوە. لەم ڕۆژانەدا یادی تێکۆشەران و کۆمۆنیستە خۆڕاگرەکانی ناو قەتڵگاکانی دەسەڵاتی ئیسلامی دەبێتە ئیلهامبەخشی درێژەدان بە خەباتمان. بێگومان سەرئەنجام ئەو رۆژە دێت کە سەرانی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی لە دادگای دادی خەڵکی ئازارچێشتوی ئێراندا بێنه بەردەم مێزی محاکەمە، ڕازی سەربە مۆری ئەو جەنایەتە بێ ئەژمارانەی ئەنجامیان داوە زیاتر ئاشکرا بێت و سزای شایستە و شیاوی خۆیان وەربگرن.
تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە