خەڵکی شەریف و ئازادیخوازی ئێران!
لە چل و چوارەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی ٥٧دا، شیرازەی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵات بەجۆرێک تووشی قەیران و داڕمان بووە کە هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ کۆتایی هێنانی لە چوارچێوەی ڕووبەنای سیاسیی ئێستادا نابیندرێت. لەم ڕووەوە خەڵکی ستەمدیدەی ئێران، ژنان و لاوانی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب بە فیداکارییەکی کەم وێنەوە شەقامی شارەکانی سەرانسەری وڵاتیان کردووەتە ناوەندی بەرەنگاربوونەوەیەکی مێژوویی و چارەنووسساز بۆ خاتمە دان بە بارودۆخی دژەئینسانیی ئێستا و لە پێنج مانگ لەمەوبەرەوە سەرەڕای سەرکوتی خوێناویی حکوومەت، بۆ ساتێک نەسرەوتوون.
ئاڵای ناڕەزایەتییەکی بنەمایی کە ئەمڕۆ بەدەستی ژنان، خوێندکاران، مامۆستایان، کرێکاران و دادخوازان و هونەرمەندان، کوئیرەکان، نووسەران و گشت خەڵکی ستەملێکراوی ئێران لە کوردستانەوە تا سیستان و بەلوچستان بەرز کراوەتەوە و کەم وێنەترین پشتوانییە نێونەتەوەییەکانی بەرەو خۆی ڕاکێشاوە، ناڕەزایەتییەکە بەرانبەربە دژەژنبوون و هەڵاواردنی ڕەگەزی، نائەمنی بێسنووری ئابووری، کۆیلەتیی هێزی کار، هەژاری و نەهامەتی و ستەمی چینایەتی، ستەمی نەتەوەیی و ئایینی. شۆڕشێکە دژبە هەر شێوەیەک لە دیکتاتۆریی مەزهەبی و غەیری مەزهەبی کە لەماوەی زیاتر لە یەک سەدەی ڕابردوودا، بەسەر ئێمەی خەڵکی ئێراندا سەپاوە.
ئەم ناڕەزایەتییە ئاڵوگۆڕخوڵقێنە، هێزی بزووتنەوەیەکی گەورە و مۆدێرنی کۆمەڵایەتی و ئاخێزی نەسلێکی نەبەزە کە بڕیاریان داوە مێژووی سەد ساڵەی دواکەوتوویی و پەراوێزخرانی ئارمانی دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و مورەفە و ئازاد لە ئێران، کۆتایی پێ بێنن.
دوای دوو شۆڕشی گەورە لە مێژووی سەردەمی ئێراندا، ئێستا بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە گەورە و پێشڕەوەکان، بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی مامۆستایان و خانەنشینان، بزووتنەوەی یەکسانیخوازیی ژنان و خوێدکاران و لاوان و بزووتنەوەی دژی ئێعدام و … لە ئاستی جەماوەریدا و لە خوارەوە کەوتوونەتە پێگەیەکی چارەنووسسازی مێژووییەوە بۆ شکڵدان بە پێکهاتەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی وڵات.
هەربۆیە ئەم بزووتنەوەیە بڕیاری داوە کە بۆ هەمیشە کۆتایی بە پێکهاتنی هەرجۆرە دەسەڵاتێک لەسەرەوە بێنێت و دەستپێکی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و مۆدێرن و ئینسانی بێت بۆ ڕزگاریی خەڵک لە هەموو شێوەکانی ستەم و هەڵاواردن و چەوسانەوە و دیکتاتۆری.
ئێمە ڕێکخراو و ناوەندە سینفی و مەدەنییەکانی واژۆکاری ئەم بەیاننامەیە، وێڕای تەئکید لەسەر یەکگرتوویی و هاوپشتیی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و داخوازی و تەئکید لەسەر خەبات بۆ کۆتایی هێنان بە بارودۆخی دژەئینسانی و وێرانگەری ئێستا، وەدیهاتنی خواستە لانیکەمەکانی خوارەوە بە یەکەمین ئاکامی ناڕەزایەتی بنەڕەتیی خەڵکی ئێران، تاکە ڕێگای دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و ئینسانی دەزانین و لە هەموو ئینسانێکی شەریف کە دڵی لە گرەوی ئازادی و بەرابەری و ڕەهایی دایە داوا دەکەین کە لە کارخانەوە تا زانکۆ و مەدرەسە و مەحەلات تا ئاستی جیهانی ئاڵای ئەم داخوازییە لانیکەمانە لەسەر لووتکەی بەرزی ئازادیخوازی هەڵکەن.
١ – ئازادیی بێ شەرت و مەرجی هەموو زیندانییانی سیاسی، مەنعی بە تاوان دانانی چالاکیی سیاسی و سینفی و مەدەنی و موحاکمەی عەلەنی هۆکار و بڕیاردەرانی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک.
٢ – ئازادیی بێ شەرت و مەرجی ڕادەربڕین و ئەندێشە، چاپەمەنی، تەحەزوب، ڕێکخراوی مەحەلی سەرانسەریی سینفی و خەڵکی، کۆبوونەوە، مانگرتن، ڕێپێوان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیا سەوتی و تەسویرییەکان.
٣ – هەڵوەشاندنەوەی دەسبەجێی یاسای دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای مەرگ، ئێعدام، قەساس و ڕێگری لە هەرجۆرە ئەشکەنجەیەکی دەروونی و جەستەیی.
٤ – ڕاگەیاندنی دەستبەجێی بەرابەریی کامڵی مافەکانی ژنان لەگەڵ پیاوان لە هەموو بوارێکی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کلتووری و بنەماڵەیی، نەمان و هەڵوەشاندنەوەی بێ شەرت و مەرجی یاسا و ڕێسای داسەپێنەری هەڵاواردن دژبە ئاراستە جنسی و جنسیەتییەکان، بەڕەسمی ناسینی کۆمەڵگەی پەلکە زێڕینەکان “ئێڵ جی بی تی کیو ئێی پلاس”. ڕێگری لە بەتاوان دانانی هەموو ئاراستە جنسیەتییەکان و پێبەندبوونی بێ شەرت و مەرج بە هەموو مافەکانی ژنان لەپێوەند لەگەڵ جەستە و چارەنووسی خۆیان و ڕێگری لە داسەپاندنی کۆنتڕۆڵی پیاوسالارانە.
٥ – دین بابەتی خسووسیی تاکەکانە و نابێ لە یاسای سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کلتووریدا دەخاڵەت و حزووری هەبێت.
دابینکردنی ئیمەنیی کار، ئەمنییەتی پیشە و بردنەسەرەوەی دەستبەجێی حەقدەستی کرێکاران، مامۆستایان و هەموو زەحمەتکێشانی شاغڵ و خانەنشین بە حزوور و دەخاڵەت و تەوافوقی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی ڕێکخراوە سەربەخۆ و سەرانسەرییەکانیان.
٧ – هەڵوەشاندنەوەی یاسا و هەرجۆرە ڕوانگەیەکی پارێزەری هەڵاواردن و ستەمی نەتەوەیی و ئایینی و شکڵدانی پێکهاتەی گونجاو بۆ پشتیوانی و دابەشکردنی عادڵانە و بەرابەری ئیمکاناتی دەوڵەتی بۆ گەشەی کلتوور و هونەر لە هەموو ناوچەکانی وڵات و دابینکردنی ئیمکاناتی پێویست و بەرابەر بۆ فێربوون و فێرکردنی هەموو زمانە باوەکان لەناو کۆمەڵگەدا.
٨ – نەمان و هەڵوەشاندنەوەی ئۆرگانەکانی سەرکوت، سنووردارکردنی ئیختیاراتی دەوڵەت و دەخاڵەتی ڕاستەوخۆ و بەردەوامی خەڵک لە ئیدارەی وڵات لەڕێگەی شۆرا مەحەلی و سەرانسەرییەکان. لەسەرکارلابردنی هەر کاربەدەستێکی دەوڵەت لەلایەن هەڵبژێرانەوە لە هەر کاتێکدا، پێویستە بەشێک لە مافی بنەڕەتیی هەڵبژێران بێت.
٩ – دەستبەسەرداگرتنی ئەمواڵی هەموو کەس و ناوەندە دەوڵەتی و خسووسییەکان کە بە دزینی ڕاستەوخۆ یان بە ڕانتی حکوومەتی، ئەمواڵ و سەروەتی کۆمەڵایەتیی خەڵکی ئێرانیان تاڵان کردووە. ئەم سەروەتە دەسبەسەرداگیراوانە، پێویستە دەستبەجێ بۆ مۆدێرن کردن و نۆژەنکردنەوەی بواری پەروەردە، سندووقەکانی خانەنشینی، ژینگە و پێداویستیی ناوچەکان و توێژێک لە خەڵکی ئێران تەرخان بکرێت کە لە ماوەی دوو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و ڕژیمی سەڵتەنەتیدا، بێبەشکراون و ئیمکاناتێکی کەمتریان لە ئیختیاردا بووە.
١٠ – کۆتایی هێنان بە وێرانکاریی ژینگە، بەڕێوەبردنی سیاسەتی بنەمایی بۆ نۆژەنکردنەوەی ژینگە کە لەماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا بەردەوام تەخریب کراوە و عموومی کردنی ئەو بەشانە لە سرووشت (بۆ نموونە لەوەڕگە و لێوارئاو و دارستان و داوێنی کێوەکان) کە لە قالبی خسووسی سازیدا لە خەڵک زەوت کراون.
١١ – ڕێگری کردن لە کاری منداڵان و دابینکردنی ژیان و پەروەردەیان بەبێ لەبەرچاوگرتنی پێگەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی بنەماڵە. دابینکردنی ڕەفاهی گشتی لەڕێگەی بیمەی بێکاری و کۆمەڵایەتی بۆ هەموو کەسانی سەرووی تەمەنی یاسایی ئامادە بەکار و یان کەسانێک کە توانای کاریان نییە. بەخۆڕایی کردنی پەروەردە و تەندروستی و دەرمان بۆ هەموو خەڵک.
١٢ – ئاساییکردنی پەیوەندی لە باڵاترین ئاستی خۆیدا لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان لەسەر بنەمای پەیوەندی عادڵانە و ئیحترامی بەرامبەر، ڕێگری لە دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی و تێکۆشان بۆ ئاشتیی جیهانی.
بە باوەڕی ئێمە داخوازییە لانیکەمەکانی سەرەوە بەسەرەنجدان بە سەروەتی ژێر زەمینی بەرینی وڵات و وجوودی خەڵکی وشیار و توانا و نەسلێک لە لاوان و تازەلاوان کە ئەنگیزەی فراوانیان هەیە بۆ پێکهێنانی ژیانێکی شاد و ئازاد و خۆشبژێو، دەستبەجێ وەدی دێن.
داخوازییە گەڵاڵەکراوەکانی ئەم بەیاننامەیە، میحوەری گشتی داواکارییەکانی ئێمە واژۆکاران لەخۆدەگرێت و دیارە لە درێژەی خەبات و هاوپشتیی خۆماندا بەوردی و دەقیقتر پێیاندا دێینەوە.
شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سینفییەکانی مامۆستایانی ئێران
ئیتحادی ئازادی کرێکارانی ئێران
ئیتحادیەی ڕێکخراوی خوێندکاریی خوێندکارانی یەکگرتوو
ناوەندی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ
سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی نەیشەکەری هەفت تەپە
شۆرای سازماندانی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانیی نەوت
خانەی فەرهەنگیانی ئێران (خافا)
بیدارزەنی
نێدای ژنانی ئێران
دەنگی سەربەخۆی کرێکارانی گرووپی میللیی فوولادی ئەهواز
ناوەندی داکۆکیکارانی مافی کرێکار
ئەنجومەنی سینفیی کرێکارانی بەرق و فلزی کرماشان
کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان
ئیتحادی خانەنشینان
شۆرای خانەنشینانی ئێران
ڕێکخراوی خوێندکارانی پێشڕەو
شۆرای خوێندکارانی ئازاد ئەندێشی ئێران
سەندیکای نەقاشانی ئۆستانی ئەلبۆرز
کومیتەی پەیگیریی پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکانی ئێران
شۆرای خانەنشینانی سازمانی تەئمینی ئیجتماعی (بستا)
سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠١