فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی سیاسیی پلێنۆمی پێنجەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران: لێکەوتەکانی شەڕ، ئاسۆ و ئەرکەکان – بەشی سێیەم
دوشەممە ۱۸-۰۳-۱۴۰۵   |  08-06-2026

لە پلێنۆمی پێنجەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، هەڵبژێردراوی کۆنگرەی چواردەیەم، کە لە ڕۆژی شەممە ٩ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی، بەرامبەر بە ٣٠ی مەی ٢٠٢٦ بەڕێوەچوو، بەیاننامەیەکی سیاسی پەسەند کرا. لەم بەیاننامەیەدا وێڕای شیکردنەوەی لێکەوتەکانی شەڕی ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەی دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لەسەر کار و ژیان و بوون و خەباتی چینی کرێکار و زۆرینەی خەڵکی ئێران، ئاسۆی بارودۆخی سیاسیی ئێران و ئاراستە و ئەرکەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەم قۆناغەدا خرایە ڕوو، هەروەها جەخت لەسەر گرنگیی چارەنووسسازی یەکگرتوویی هەڵسوڕاوانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لە دەوری ستراتیژییەکی سۆسیالیستی کرایەوە. لە بەشێکی تری ئەم بەیاننامەیەدا تیشک خرایە سەر پێگە و ڕۆڵی ژنان لە بزووتنەوە ناڕەزایەتی و کۆمەڵایەتییەکان و لە ڕەوتی گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران، لەگەڵ دەرفەت و مەترسییەکانی سەر بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان.

لەبەر ئەوەی ژنان لە ئێران بە چوونە ناو بازاڕی کار، بەتایبەتی بازاڕی نافەرمی و بێ هیچ پاڵپشتییەکی یاسایی، بەشێک لە باری قورسی دابینکردنی بژێویی خێزانیان لەکۆڵ ناوە، و لەبەر ئەوەی ماوەیەکی زۆرە بە شێوەیەکی بەرفراوان پێیان ناوەتە گۆڕەپانی خوێندنی باڵاوە، بە پشتبەستن بەم پێگە بابەتی و کۆمەڵایەتییە نوێیە، ڕۆڵی پێشەنگییان لە خەباتی دژی سیستەمی جیاکاریی ڕەگەزیدا گێڕاوە. ژنان لەسەر بەستێنی ئەم گۆڕانکارییانە، بە پاشەکشەپێکردن بە سیاسەتی حیجابی زۆرەملێ و بە بەشداریی چالاکانەیان لە ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکان، ئامادەبوونیان لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان، خانەنشینان، پەرستاران، خوێندکاران، دادخوازان و بزووتنەوەی “نا بۆ سێدارە”، نەک هەر سیمای شەقام و شارەکانی ئێران، بەڵکوو سیمای بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکانیشیان گۆڕیوە. ژنان بە حوکمی ئەم ڕۆڵگێڕانەیان، کۆڵەکەیەکی سەرەکیی هەر گۆڕانکارییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتین لە ئێراندا. بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنان لەسەر بەستێنی ئەم گۆڕانکارییانە دەتوانێت لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی پەراوێزی شارەکانیشدا بە هەڵکردنی ئاڵای داواکارییە خزمەتگوزاری، ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازەکان، و لە دژی فەرهەنگی ڕزیوی پیاوسالاری و باوکسالاری، هەروەها بە ڕێکخستنی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش کە باری قورسی کاری ناوماڵیان لەکۆڵ ناوە، لە ناو ئەنجومەن و شوراكانی ژناندا بەشێکی تر لە هێزە مەزنەکەی خۆی بهێنێتە مەیدان. سۆسیالیستەکانی بزووتنەوەی ژنان بە هێنانەمەیدانی ئەم هێزە کۆمەڵایەتییە، بە ستراتیژیی یەکگرتن لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و بە ئاسۆی کۆتاییهێنان بە چەوسانەوەی ژنان و گۆڕینی کاری ناوماڵ بۆ کاری کۆمەڵایەتییە کە دەتوانن پێشڕەویی بزووتنەوەی ژنان دەستەبەر بکەن.

لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستاندا، گرنگترین میکانیزم بۆ دروستکردنی ئامادەیی بەمەبەستی وەڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی ئەم قۆناغە، ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ پێشڕەوی و پووچەڵکردنەوەی ئەو مەترسییانەی کە هەڕەشە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان دەکەن. هەوڵ و تێکۆشانی هەڵسوڕاوانی کۆمەڵە و سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکانی تر بۆ هاندانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دژی گرانی، بێکاری، کەمئاوی و بێ‌کارەبایی، دژی سەرکوتگەرییەکانی ڕژێم و هێنانەگۆڕێی دروشمە گونجاوەکان لەگەڵ پێداویستییە ڕاستەقینەکان، باشترین دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ ڕێکخستنی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتی و کۆمەڵایەتییانە، پێکەوەگرێدانی هەڵسوڕاوان و ڕێکخەرانی ئەم بزووتنەوانە، و پێکهێنانی تۆڕێکی ڕێبەری لە ئاستی گەڕەکەکان و شارەکانی کوردستاندا. تەنیا بە ڕۆڵگێڕان لە ڕێکخستنی بزووتنەوە ناڕەزایەتی و کۆمەڵایەتییەکانە کە دەتوانرێت ئاڵتەرناتیڤی حاکمییەتی شورایيی خەڵکی کوردستان بکرێتە گوتارێکی بەهێز لە کوردستاندا. بەڵام نابێت لەو مەترسییەش غافڵ بین کە حیزبە ناسیۆنالیستەکانی کوردستان، کە پێش شەڕ، بۆ دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بە وەهمی ڕووخانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی سیاسی لەسەرووی خەڵکەوە چرکەژمێرییان دەکرد، و بە دەستپێکردنی مووشەکباران و بۆردومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئامادەیی خۆیان بۆ بوون بە هێزی پیادەی ئەم شەڕە ڕاگەیاند، ئەگەری هەیە لە قۆناغی پاش شەڕیشدا ئامادەیی خۆیان بۆ دیالۆگ و دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی نیشان بدەن. لە وەها هەلومەرجێکدا هەر جۆرە ڕاگەیاندنێکی ئامادەیی ئەم حیزبانە بۆ سازش لەگەڵ ڕژێم، دەتوانێت خەڵکی کوردستان لەباتی هاندان بۆ درێژەدان بە خەبات، لە دۆخی چاوەڕوانیدا بهێڵێتەوە و لە نێوان بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان و بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی سەرتاسەریدا دووبەرەکی بنێتەوە. پێویستە هەڵسوڕاوانی سۆسیالیست لە کوردستان، وشیارکردنەوەی جەماوەر لەسەر ماهییەتی ڕاستەقینەی هەڵوێست و سیاسەتەکانی حیزبە ناسیۆنالیستەکان و لێکەوتە زیانبەخشەکانی ئەم سیاسەتانە، بە بەشێک لە ئەرکە هەمیشەییەکانی خۆیان بزانن. پێشڕەویی کۆمەڵە وەک ڕەوتێکی کۆمۆنیستی و بەرگریکاری لێبڕاوی بەرژەوەندییەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان، و ئاڵاهەڵگری ئاڵتەرناتیڤی حاکمییەتی شورایيی خەڵک لە کوردستان، بە ڕێڕەوی جێبەجێکردنی ئەم ئەرکانە، ڕەخساندنی ئەم دەرفەتانە و وشیاری لە بەرامبەر ئەم مەترسییانەدا تێدەپەڕێت.

لە هەلومەرجێکدا کە لەسەر بەستێنی پەرەسەندنی بێکاری و هەژاری و نەهامەتیی ئابووری، سەرکوتکردن بە ئامانجی تۆقاندنی خەڵکی ناڕازی و وەگیانهاتوو بووەتە ستراتیژیی مانەوەی سەرجەم باڵەکانی حکومەتی ئیسلامی، پێویستە لە دەرەوەی وڵات بە بەشداریکردن لە ڕێکخستنی کەمپەینە سیاسی و تەبلیغییەکان، پشتیوانی لە خواست و داواکارییەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی تر بکرێت و بە پەرەپێدانی هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی “نا بۆ سێدارە” کە ئاڵاکەی لە زیندانەکانی ئێراندا هەڵکراوە، ستراتیژیی سەرکوتی ڕژێم پاشەکشەی پێ بکرێت. هەر لەم ڕاستایەدا، پێویستە ڕێکخستنی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کۆڵەکەیەکی سەرەکیی ڕێکخستنی کەمپەینە سیاسی و تەبلیغییەکان بێت لە دژی شەپۆلی لەسێدارەدانەکان و بۆ ئازادیی زیندانییانی سیاسی. کۆمیتەی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزب لە درێژەی چالاکییەکانی تا ئێستاییدا، بە فراوانکردنی پەیوەندی و گرێدانەکانی خۆی لەگەڵ هێزە ڕادیکاڵ و سۆسیالیستەکان لە وڵاتانی جیاوازدا، دەتوانێت یارمەتیدەری چالاکییە ئینتەرناسیۆنالیستییەکانی حیزب بێت لە خزمەت بەهێزکردنی بزووتنەوەی کرێکاری و سۆسیالیستیی ئێران.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە هەوڵ و خەباتی ماندوونەناسانە و بە یارمەتیدانی ئەم ڕەوتانە، دەتوانێت پەیوەندییە سیاسی و مەعنەوییەکانی خۆی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و هێزی چەپی کۆمەڵایەتی زیاتر لە جاران بکاتە پەیوەندییەکی زیندوو و ئۆرگانیک، وە تا چەندە بتوانێت یارمەتیی پەرەسەندن و داڕشتنەوەی پایەکانی هێزی کۆمۆنیستەکان لە نێو چینی کرێکاردا بدات، ئەوەندەش دەتوانێت پێشڕەویی خۆی لە ڕێڕەوی ستراتیژیی سۆسیالیستیدا دەستەبەر بکات.