
لێکەوتەکانی شەڕی ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەی دەوڵەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، ئاسایش، کار، ژیان و بژێوی و خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و زۆرینەی خەڵکی ئێران و ناوچەکەی خستووەتە دۆخێکی یەکجار دژوارترەوە. ئەم شەڕە بە کۆمەڵکوژیی هەزاران کەس لە منداڵان و خەڵکی بێدەرەتان، ئاوارەیی و وێرانکردنی ژێرخانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، بۆردومانی نەخۆشخانە، زانکۆ، قوتابخانە، کۆگاکانی وزە و ڕێگاوبانەکان، بڕینی سێ مانگەی ئینتەرنێت و بێکارکردنی ملیۆنان کرێکار و توندکردنەوەی شەپۆلی سەرکوت و لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسی؛ نەک هەر بناغەکانی بەرهەمهێنانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی گەیاندووەتە لێواری داڕمان، بەڵکوو بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانیشی پەراوێز خستووە و گورزێکی کوشندەی لە بزووتنەوەی ئازادیخوازانە بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی وەشاندووە. زیادبوونی سێ و نیو بۆ چوار ملیۆن کەس بە ڕیزی بێکاران، هەژاریی پەرەسەندوو، هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر (بەتایبەت لە کاڵا خۆراکییەکان، دەرمان و چارەسەر، نیشتەجێبوون و هاتوچۆدا) و سەختیی دابینکردنی بژێوی، هاوکات لەگەڵ هەڵکشانی ئاماری سزاکان و لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسی، بڵاوکردنەوەی دانپێدانانە تەلەڤزیۆنییەکان، ڕەشبگیرییە بەکۆمەڵەکان، پچڕاندنی ئینتەرنێت و بێبەشکردنی خەڵک لە مافی سەرەتایی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، تەنیا بەشێکن لە لێکەوتەکانی ئەم شەڕە وێرانکەر و کۆنەپەرستانەیە.
ئەم شەڕە، وێڕای هەموو وێرانکاری و نەهامەتییەکانی، لە لایەکەوە درێژکراوەی سیاسەتی دەوڵەتی نیۆفاشیستی ئەمریکایە بە ڕێبەریی ترامپ بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی هەژمۆنیی ڕوو لە داڕمانی ئەمریکا و کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوەکانی نەوت و گاز و ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەکان، وە هەروەها درێژەی سیاسەتی دەوڵەتی کۆمەڵکوژی ئیسرائیلە بۆ داڕشتنی ئەو نەزمە ناوچەییەی کە مەبەستیەتی؛ لە لایەکی دیکەشەوە، دەرەنجامی ستراتیژیی پێشگیرانە و شەڕخوازیی ڕژێمی کۆماری ئیسلامییە. بەڵام ئەم شەڕە نەک هەر نەیتوانی زلهێزیی ئیمپریالیزمی ئەمریکا و تاکڕەویی ترامپ لەسەر ئاستی جیهان نمایش بکات، بەڵکوو لاوازی، سنوورداربوون و سەرلێشێواویی ستراتیژیی ئەمریکای پتر لە جاران دەرخست. هەڵگیرساندنی شەڕێکی پڕتێچوو لەسەر بنەمای خەون و خەیاڵی دەزگای ئەمنیی مۆساد و ناتانیاهۆ کە گوایە بە لەناوبردنی خامنەیی و فەرماندە باڵاکانی سوپا، پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی دادەڕمێت؛ شۆکبوون لە بەرامبەر داخستنی گەرووی هورمز و هەروەها هێرشە مووشەکییەکانی ڕژێمی ئیسلامی بۆ سەر دامەزراوەکانی دەرهێنانی نەوت و گاز لە وڵاتانی کەنداو کە بە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا تەواوی ئابووریی جیهانی خستە ژێر کاریگەرییەوە؛ هاوڕانەبوونی ئەورووپا و ناتۆ لەگەڵ ئەم شەڕەدا و هتد… ئەمانە هەمووی گوزارشتن لە شکستی ستراتیژیی ئەمریکا لەم شەڕەدا. ئەمریکا کە لەم شەڕەدا نەگەیشتە هیچ کام لەو ئامانجانەی ڕایگەیاندبوو (وەک گۆڕینی ڕژێم، سنووردارکردنی توانای مووشەکیی، هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکان و بردنەدەرەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی سەدا شەست)، ئێستا دەیەوێت لە دۆخی بەرزەخی “نە شەڕ نە ئاشتی” و لە ڕێگەی گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی باشووری ئێران، ڕێگریکردن لە هەناردەی نەوت و توندکردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە بەو ئامانجانە بگات. دەوڵەتی ئیسرائیلیش ئەگەرچی لە گەیشتن بە ئامانجەکانی، واتە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، فراوانکردنی پەیمانی ئیبراهیم و داڕشتنی سیستەمێکی ناوچەیی بە ڕێبەرایەتیی خۆی شکستی هێنا، بەڵام توانای سەربازیی کۆماری ئیسلامیی لاواز کرد و جارێکی دیکە هێزی سەربازی و هەژموونی خۆی بەسەر سیاسەتی شەڕخوازانەی ئەمریکادا بە ڕووی هێزە ڕکابەرەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کێشایەوە.
بۆ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی کە پتر لە چوار دەیە بە گۆڕینی ئێران بۆ کۆگای چەکی مووشەکی و درۆنی، پڕۆژە ئەتۆمییەکان و ڕێکخستن و پڕچەککردنی هێزەکانی ناسراو بە “میحوەری موقاوەمەت” ئامادەکاری بۆ شەڕێکی وا دەکرد، ئەمە حوکمی شەڕی مان و نەمانی هەبوو. سەرانی ڕژێم کە ئامانجی سیاسیی خۆیان لەم شەڕەدا وەک “پاراستن و مانەوەی نیزامی ئیسلامی” پێناسە کردبوو، ئاگربەستی ئێستا و کۆتاییهاتنی ئەگەریی شەڕەکە وەک سەرکەوتنی یەکلاکەرەوەی خۆیان جاڕ دەدەن و وەک پاڵپشتییەک بۆ هێرشکردنە سەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکانی ناو کۆمەڵگا کەڵکی لێ وەردەگرن. بەڵام سەرەڕای ئەوەی کۆماری ئیسلامی لەم شەڕەدا بوونی خۆی پاراست و بە باڵادەستیی سەربازیی خۆی بەسەر میرنشینەکانی کەنداودا نیشانی دان کە بە جێگیرکردنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا ناتوانن ئاسایشی خۆیان مسۆگەر بکەن، و هەروەها ڕووسیا و چینی قایل کرد کە لە ململانێ جیۆپۆلەتیکییەکان لەگەڵ ئەمریکا و ئەورووپادا دەتوانن پشتی پێ ببەستن؛ لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، ئەم شەڕە سنوورداربوونی ستراتیژیی کۆماری ئیسلامیشی زیاتر ئاشکرا کرد. ئەم شەڕە جارێکی تر سەلماندی کە پڕۆژە ئەتۆمییەکان و پاڵپشتیی دارایی و پڕچەککردنەکانی “میحوەری موقاوەمەت” لە ناوچەکەدا، سەرەڕای ئەو تێچووە یەکجار قورسانەی کە بەسەر خەڵکی ئێران و بەتایبەت چینی کرێکار و توێژە هەژارەکاندا سەپاندوویانە، نەیانتوانیوە هێزی پێویست بۆ بەرپەرچدانەوە بە خودی ڕژێمی ئیسلامی ببەخشن؛ بە جۆرێک کە لە دوو شەڕی دواییدا چەندین توێژی لە ڕێبەران و فەرماندەکانی لەدەست داوە. تەنانەت نائارامکردن و کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هورمزیش، کە لەم قۆناغەدا وەک ئامرازێکی گوشاری ئابووری و جیۆپۆلەتیکی کۆماری ئیسلامی لە شەڕ لەگەڵ ئەمریکادا کاری کردووە، لە ماوەی درێژخایەن و بە ئاسۆی بەردەوامبوونی گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی ئێران و توندترکردنی سزاکان، دەتوانێت وەک شمشێرێکی دوودەم کار بکات. کۆی ئەم هۆکارانە و پێشهاتەکانی غەززە، لوبنان، سووریا و عێراق و … دەریدەخەن کە بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی و کۆماری ئیسلامی وەک گرنگترین پێگەی ئەم بزووتنەوەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەم وەک مۆدێلێکی حوکمڕانی و هەم وەک مۆدێلی ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەت و هەژموونی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، گەیشتووەتە بنبەست.
بەڵام سەرەڕای ئیدیعاکانی سەرانی کۆماری ئیسلامی و دەهۆڵی سەرکەوتن کوتانیان، لێکەوتەکانی ئەم شەڕە، قوربانییەکان و ئەو گورزە قورسانەی بەر کۆماری ئیسلامی کەوتوون، هەروەها توندتربوونی سزا ئابوورییەکان و کاریگەرییە بەردەوامەکانی کۆمەڵکوژییە سامناکەکەی خۆپیشاندەران لە کاتی ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکەی مانگی بەفرانباردا، قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و پەرەسەندنی بێکاری و هەڵاوسان و گرانیی بێسنوور، و بێتوانایی ڕژێم لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵک؛ هەموو ئەمانە قەیرانی ناوخۆیی ڕژێمیان توندتر کردووەتەوە و دوور نییە لە داهاتوودا ببینە شایەتحاڵی پاکتاوکردنێکی خوێناوی ناوخۆیی لە لایەن باڵی سپای پاسدارانەوە. ڕژێمێک کە ئابوورییەکەی لەژێر گوشاری قووڵبوونەوەی قەیرانی پێکهاتەیی، گەندەڵیی سیستماتیک، قورسبوونی سزاکان و کەشی جەنگیی زاڵ بەسەر کۆمەڵگادا لە لێواری داڕماندایە، دوای تەواوبوونی شەڕیش دەکەوێتە ژێر باری تێچووە قورسەکانی ئاوەدانکردنەوەی وێرانکارییەکانی شەڕ و هەڵکشانی ئاستی چاوەڕوانییەکانی کرێکاران و جەماوەری ناڕازی. کاریگەرییە درێژخایەنەکانی سەرکوتی خوێناوی و سامناکی خۆپیشاندەرانی ڕاپەڕینی بەفرانبار لەسەر فەزای گشتیی کۆمەڵگا، و لێکەوتەکانی شەڕە چل ڕۆژەکە لەسەر کار، ژیان و بژێوی خەڵک، درزی نێوان کۆماری ئیسلامی لەگەڵ جەماوەر و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان قووڵتر دەکاتەوە و قەیرانی ڕەوایەتیی سیاسیی ڕژێم چڕتر دەکاتەوە.
بێگومان پێشهاتەکانی یەک ساڵی ڕابردوو و شەڕە چل ڕۆژەکە، پێگەی سپای پاسدارانی لەناو پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیدا پتر لە جاران بەهێز کردووە. دیاریکردنی موجتەبا خامنەیی وەک جێنشینی باوکی، سەرەڕای دژایەتیی توندی باڵی میانەڕەوان بە سەرۆکایەتیی ڕۆحانی، ڕیفۆرمخوازانی ناو دەسەڵات و تەنانەت بەشێک لە ئوسوولگەراکان، نیشانەیەکی ڕوونی ئەم ڕەوتەیە. ئەگەر لە ڕابردوودا کادری ڕێبەریی سپای پاسداران بە هەماهەنگی لەگەڵ عەلی خامنەیی نەخشەی سیاسیی دەسەڵاتیان بۆ هەر قۆناغێک دادەڕشت، ئەوا لەمەودوا سپا ڕۆڵی سەرەکیی دەبێت لە دیاریکردنی نەخشەی سیاسیی دەسەڵاتدا. بەم ڕۆڵە تەوەرییەی سپا، دەوڵەتی “هەڵبژێردراو” پێگەیەکی پەراوێزخراوتری لە پێکهاتەی حوکمڕانیدا دەبێت. هەروەک چۆن سەردەمی شەڕ سەلماندی، سپای پاسداران زیاتر لە ڕابردوو پشتی بە بیری ناسیۆنالیزمی ئێرانی لەناو کۆمەڵگادا بەستووە و بە پشتبەستن بە هەمان مەیلی کۆمەڵایەتی، ڕۆڵی ڕووحانییەت لەناو پێکهاتەی حکومەتدا کەمدەکاتەوە. ئەگەرچی لەوانەیە بە کەمبوونەوەی ڕۆڵی ڕووحانییەت، کەمێک نەرمی بەرامبەر بەو ئازادییە فەرهەنگییانە بەدی بکرێت کە بەرهەمی خەباتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانن، بەڵام گومان لەوەدا نییە کە لە قۆناغی پاش شەڕدا، سپای پاسداران بە ڕێبازێکی فاشیستییەوە دێتە پێشەوە و بە قۆستنەوەی هەلومەرجی دوای شەڕ، فەزای کۆمەڵگا زیاتر میلیتاریزە دەکات و سەرکوتکردن زۆر توندتر دەکاتەوە. بەردەوامبوونی شەپۆلی دەستبەسەرکردن و لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسی بە بیانووی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل، پچڕاندنی ئینتەرنێت و پەیوەندی لەگەڵ جیهان، و دانانی خاڵی پشکنین لە شارە گەورەکاندا، سەرەتایەکن بۆ چڕکردنەوەی ئەم ڕێبازە فاشیستییە. بەڵام لەبەر ئەوەی قۆناغی دوای شەڕ قۆناغی قووڵبوونەوەی خەباتی چینایەتییە، کرێکاران و جەماوەری ئازادیخوازی ئێران لە بەرامبەر هێرشی دەوڵەتی نیزامییەکاندا دەستەوسان دانانیشن. ڕاستە کە ئەم شەڕە ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەیە بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکانی دیکەی پەراوێز خست، هەروەها ئەو توێژەی چینی مامناوەندیش کە کەوتبوونە ژێر کاریگەریی پڕوپاگەندەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی و بۆ ڕووخاندنی ڕژێم ئومێدیان بە دەستێوەردانی زلهێزە ئیمپریالیستەکان بەستبوو، تووشی جۆرێک لە بێهیوایی و ورەڕووخان بوون، بەڵام مەسەلە یەکلاکەرەوەکە ئەوەیە کە چینی کرێکاری ئێران لەسەر بەستێنی ڕەوتی ڕوو لە گەشەی ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکارییەکان (بەتایبەتی لە دوو دەیەی ڕابردوودا) گەیشتووەتە ئاستێک لە هۆشیاری، ئەزموونی کرداری و توانای ڕێکخستن، کە سەرەڕای بوونی شەڕ، ئەم دەستکەوتانە لەناو نەچوون. چینی کرێکار بە پشتبەستن بەم ئەزموون و دەستکەوتانە، لە ڕێگەی ناڕەزایەتی و مانگرتنەکانیەوە دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگا.
ئەوەی بۆ بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە یەکجار گرینگە، هۆشیاربوونەوەیە بەو زەروورەتەی کە ئەمجارە بە کۆبەندیی وانە و ئەزموونەکانی شەڕی دوازدە ڕۆژە و شەڕی چل ڕۆژە، و بە پەند وەرگرتن لە ئەزموونەکانی ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکانی هەشت ساڵی ڕابردوو، بە شێوەیەکی هۆشیارانەتر و ڕێکخراوتر خەبات دژی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی درێژە پێبدەن و پەرەی پێبدەن. بەپێچەوانەی هەڵوێست و سیاسەتە شەڕخوازەکانی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازییەوە کە خەریکی چرکەژمێری بوون بۆ دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەزموونی ئەم شەڕانە نیشانی دا کە خەون و خەیاڵی گەیشتن بە “ئازادی، خۆشگوزەرانی و سەقامگیری” لە ڕێگەی دەستتێوەردانی زلهێزە ئیمپریالیستەکانەوە، تا چ ڕادەیەک پووچ و بێبنەمایە و چەندە بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران زیانبەخش و کوشندەیە. لەبری ئەوەی ئازادی و خۆشگوزەرانی بە بۆمب و مووشەک لە ئاسمانەوە بێتە خوار، سەرۆککۆماری ئەمریکا بە فەرمی و بە هەڕەشەوە، بەڵێنی “سڕینەوەی شارستانیەتی ئێران و گەڕانەوە بۆ سەردەمی بەردین”ی دا. جگە لە ئەزموونی ئەم شەڕانە، ئەزموونی ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکانی هەشت ساڵی ڕابردوو و نیوەگیانکردنی کۆماری ئیسلامی، لە هەمان کاتدا کە سەلماندی ئازادبوونی کرێکاران و جەماوەری چەوساوەی ئێران لە چنگی ئەم ڕژێمە تەنیا بە دەستی خۆیان بەدی دێت، ئەم ڕاستییەشی وەبیر هێنایەوە کە حکومەتی ئیسلامی بەو پێکهاتەیەی هەیەتی، بە ناڕەزایەتیی خۆڕسکی سەر شەقام و ڕاپەڕینە بێڕێکخراوەکان ناڕووخێت، بەڵکوو پێویستە پێداویستییەکانی ڕووخاندنی (بە مانا و چەمکی ڕێکخستن، پێکهێنانی ڕێبەرییەکی سەرتاسەری و خستنەڕووی وێنەیەکی ڕوون لە مانای سەرکەوتن) فەراهەم بکرێت. ئەم ئەزموونانە، وەک هەموو ئەزموونەکانی سەدەی بیست و بیستویەکەم، جارێکی دیکە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی ئامادەبوونی ڕێکخراوەیی چینی کرێکار و بزووتنەوەی سۆسیالیستیی ئەم چینەی لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگا و گرینگیی گرێدانی کارگە و شەقامی بۆ هەر گۆڕانکارییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی سەلماند.
بەڵام ئەم ئامانجە بێ یەکگرتوویی چالاکانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری لە دەوری ستراتیژییەکی سۆسیالیستی، کە ڕێکخستنی ئەم بزووتنەوەیە بخاتە چەقی کارەکانیەوە، مەحاڵە. بزووتنەوەی سۆسیالیستیی ئێران بۆ مسۆگەرکردنی پێشڕەویی خۆی هیچ ڕێگایەکی لابڕی لەپێش نییە و دەبێت کۆڵەکەکانی دەسەڵاتی خۆی لەناو چینی کرێکار و بزووتنەوەی ئەم چینەدا نۆژەن بکاتەوە یان سەرلەنوێ دروستیان بکاتەوە. دەبێت ڕێکخراوە و دامەزراوە چینایەتی و سەربەخۆ کرێکارییەکان دابمەزرێن. ئەگەر دەگوترێت “سیستەمە کۆنەکە خەریکە دەمرێت، و سیستەمە نوێیەکە هێشتا ناتوانێت لەدایک ببێت”، ئەوا تەنیا بە نۆژەنکردنەوەی کۆڵەکەکانی دەسەڵاتی سۆسیالیزم لەناو چینی کرێکاردا دەکرێت زەمینە بۆ لەدایکبوونی سیستەمێکی نوێ فەراهەم بکرێت.
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە