فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی سیاسیی کۆنفڕانسی سێهەمی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان – بەشی دووهەم
شەممە ۲۸-۰۴-۱۴۰۴   |  19-07-2025

کۆنفڕانسی سێهەمی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان کە لە ڕۆژانی ٧ و ٨ی مانگی پووشپەڕی ١٤٠٤ بەرابەر لەگەڵ ٢٨ و ٢٩ی جولای ٢٠٢٥ لە شاری ستۆکهۆڵم بەڕێوەچوو، جیا لە هەڵسەنگاندنی ڕاپۆرتی چالاکییەکانی شۆرا لەماوەی دوو کۆنفڕاس و ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی دیکە، کولیاتی بەیاننامەیەکی سیاسیی کە لەلایەن هەیئەتی هاوئاهەنگییەوە پێشکەشکرابوو، پەسند کرد. وە تەکمیلکردن و وردبوونەوەی بەپێی باسەکانی کۆنفڕانسی بە هەیئەتی هاوئاهەنگیی خۆی ئەسپارد. بینەرانی ئازیز، ئەوەی لێرەدا پێشکەشتان دەکرێ، بەشی دووهەمی ئەم بەیاننامەیە کە لەلایەن هەیئەتی هاوئاهەنگیی شۆرای هاوکارییەوە ئامادە و بڵاوکراوەتەوە.

ئاڵوگۆڕە سیاسییەکان لە ئێران و کوردستان و سیاسەتی ئێمە

لە وەها بارودۆخێکی جیهانی و ناوچەییدا و لە کاتێکدا کە حاڵەتی “نە شەڕ، نە ئاشتی” هەروا سێبەری شەڕی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کێشاوە، کۆمەڵگای ئێران لەبەردەم ئاڵوگۆڕی چارەنووسسازدایە. کۆماری ئیسلامی، کۆماری ئیسلامییەکەی پێش شەڕی دوازدە ڕۆژە نییە. ئەم ڕژیمە دوای ئەو شکستە زەلیلانەیەی لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا تووشی بوو و دوای ئاشکرابوونی نفووزی موساد لە باڵاترین پێکهاتەی حکوومەتی و فەرماندەیی، زیاتر لە ڕابردوو مەشرووعییەتی خۆی لای بیروڕای گشتی لەدەست داوە.

پێگەی ناوچەیی ڕژیم لاوازتر و قەیرانی ئابووریی قووڵتر بووەتەوە و پرتووکاوبوونی ژێرخانەکانی بەرهەمهێنان و گەیاندنی وزە، حکوومەتی ئیسلامیی لە دابین کردنی نان و بەرق و ئاوی خەڵک و ئیدارەی کۆمەڵگا بێتوانا کردووە. ئەم قەیرانە چەند لایەنانە، قەیران و ململانێ و کێشمەکێشی ناو حکوومەتیش پەرەپێدەدەن. وە بێگومان بەسەرەنجدان بە بێتوانایی ڕژیم لە وڵامدانەوە بە سەرەتاییترین خواستەکانی خەڵک، بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان دووبارە و بە شێوازێکی هێرشبەرانەتر دێنە مەیدان. کۆمەڵگایەک کە لەماوەی کەمتر لە هەشت ساڵدا سێ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و جەماوەری و شەڕێک کە کۆماری ئیسلامی تێیدا شکستی خواردووە، تەجروبەی کردووە، دەست لەسەر دەست دانانێ و لە خەباتی بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بەردەوام دەبێت.

پەرەپێدانی سەرکوت، هەژاری و بێکاریی بێوێنە، نەبوونی ڕێکخراوەکانی جەماوەری و چینایەتی و سەرتاسەریی کرێکاران، نەبوونی هاوئاهەنگی و پەیوەندی جێگیر لە نێوان بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان و نەبوونی ڕێبەریی سەرتاسەری، لە بەربەستە گرینگەکانی سەر ڕێگای ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامین. بەم حاڵەوە، مانگرتن و ناڕەزایەتیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش توانیویەتی گەلێک پاشەکشەی گەورە بەسەر کۆماری ئیسلامیدا بسەپێنێت و بووەتە هۆی پێشڕەوییان لە بواری ڕێکخستنەوە.

بزووتنەوەی پڕگڕوتین و ئازادیخوازانەی ژنان وەک یەکێک لە بزووتنەوە پێشەنگەکان بە خستنە ژێر پێی یاسای ئیسلامی و پیاوسالار بەکردەوە کۆماری ئیسلامیی لە داسەپاندنی حیجاب تووشی شکست کرد. بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی دادخوازی، بزووتنەوەی دژی ئێعدام کە کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” لە پشت میلەکانی زیندانەوە ئاڵاکەیان بەرز کردووەتەوە، وە باقیی بزووتنەوە ئیعترازییەکان، سەرەڕای هەوراز و نشێوەکان، ڕۆڵێکی بەرچاویان لە پاشەکشەپێکردن بە کۆماری ئیسلامی بینیوە. بەگشتی، پۆتانسیەلی ئەم بزووتنەوانە کە ئامانجیان ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە، بووەتە هۆی گۆڕانی جدیی هاوسەنگیی هێز بە قازانجی درێژەی خەباتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش.

شەڕی ئەم دواییە وەستانێکی لە جموجۆڵ و خەباتی بزووتنەوە ڕادیکاڵەکاندا پێکهێناوە. لە قۆناغی دوای شەڕدا کۆماری ئیسلامی بە پەرەپێدانی سەرکوت و ڕەشبگیری بەردەوامی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، شەپۆلی ئێعدامەکان، پەرەپێدانی فشار و دەرکردنی پەنابەرانی ئەفغانستانی، لە هەوڵی ئەوەدایە تۆڵەی شکستی زەلیلانەی بەرامبەر بە ئیسرائیل، لە خەڵک بکاتەوە. بەڵام ڕژیمی کۆماری ئیسلامی داماوتر و دەرماندەتر لەوەیە کە بتوانێ جەماوەر چاوترسێن بکات. بێگومان ئەم قۆناغە کاتی دەبێت و کۆمەڵگای ئێران بەخێرایی ئەم قۆناغە تێدەپەڕێنێت. هاتنە مەیدانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و کۆمەڵایەتیی بەرین بە میحوەرییەتی بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە ڕادیکاڵەکان، لە ئاسۆدایە.

● کۆمەڵگای کوردستان، گۆڕەپانی بەهێزی ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و ناڕەزایەتی:

لە قۆناغی شۆڕشی ٥٧ی هەتاوییەوە هەتا ئێستا کۆمەڵگای کوردستان بەردەوام یەکێک لە ناوەندە پڕگڕوتینەکانی خەبات و خۆڕاگری لەدژی ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی بووە. وە بەتایبەت بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و ئازادیخوازانە و مافخوازانەی لە هەموو بوارەکاندا سیاسەتی سەرکوتگەرانەی ئەم ڕژیمە جنایەتکارەیان بردووەتە ژێر پرسیارەوە و هەر جۆرە هێرشێکی ئەم دەسەڵاتەیان بە هێرشی بەرامبەر وڵام داوەتەوە. ئەم بارودۆخە، هاوسەنگییەکی هێزی جیاواز و باشتری بەقازانجی خەباتی کرێکاران و خەڵکی مافخواز پێکهێناوە. سەرهەڵدانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانە لە دوای قەتڵی حکوومەتیی ژینا لە شارەکانی کوردستان و گەشەکردنی بۆ سەرتاسەری ئێران، لەسەر بەستێنی وەها پێشینەیەکی سیاسی و خەباتکارانە مومکین بوو. لە جەریانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ساڵی ١٤٠١دا خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان لەئاستی کۆمەڵایەتیدا نیشانیاندا کە بۆ وەدیهێنانی مافە سەرەتاییەکانی خۆیان بە شتێک کەمتر لە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی ڕازی نابن. هەروەها نیشانیشیان دا کە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی لە مەسیری یەکگرتن و هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرتاسەریدا دەبینن.

● دوو بزووتنەوە و دوو ئاڵترناتیڤ:

لە کوردستان هەروەک زۆرێک لە کۆمەڵگاکانی سەرمایەداریی دیکە، لەسەر بەستێنی وجوودی چینەکان دوو بزووتنەوەی سیاسیی جیاوازی کۆمەڵایەتی، بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی و بزووتنەوەی سۆسیالیستی وەک دوو بەرەی ڕاست و چەپ لە قۆناغی شۆڕشی ٥٧ەوە هەتا ئێستا لە ئاڵوگۆڕەکانی ئەم کۆمەڵگایەدا دەورونەخش دەنوێنن. لەسەر بەستێنی ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانە، حیزب و هێزە سیاسییە جۆراوجۆرەکان بە ستراتێژی و فەرهەنگ و سوننەت و تاکتیک و شێوازە جۆراوجۆرەکانی چالاکی، مۆری خۆیان لە ئاڵوگۆڕەکان و لە گۆڕەپانی سیاسی کۆمەڵگای کوردستان داوە. حیزب و هێزە ناسیۆنالیستەکان بەهۆی ئەو ئاڵوگۆڕە ئابووری و کۆمەڵایەتییانەی کە لەسەر ئاستی جیهان، ناوچەکە و کوردستان بەتایبەت لە سێ دەیەی ڕابردوودا ڕوویان داوە، زیاتر خۆیان لەگەڵ بەرژەوەند و ئاراستەی چینی سەرمایەدار و خاوەن سەروەت لە کوردستاندا گونجاندووە. ئەم حیزبانە ئەگەرچی بەناو، بۆ نەمانی ستەمی نەتەوایتی بەرنامە گەڵاڵە دەکەن بەڵام ئامانجی سەرەکیی خۆیان بەشداربوون لە دەسەڵاتی ناوچەیی لە هەر ڕێگەیەکەوە بێت، پێناسە دەکەن. ڕیشەی هەوڵی ئەحزابی ناسیۆنالیست لە کوردستان بۆ نزیکبوونەوە لە سەڵتەنەتخوازەکان و ڕەزا پەهلەوی و ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازی نیولیبڕاڵی لایەنگری ڕۆژاوا و ئامادەبوونیان بۆ سازان لەسەر بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان لە بەرامبەر بەدەستهێنانی ئیمتیازاتی بێ بایەخ، لەم ستراتێژییەوە سەرچاوە دەگرێت. بەو پێیەی ئەرک و توانای مێژوویی چینی سەرمایەدار و حیزب و هێزە ناسیۆنالیستەکان بۆ دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگا و نەهێشتی ستەمی نەتەوایەتی دەمێکە کۆتایی هاتووە. ئێستا ئەم ئەرکە مێژووییە و ڕیشەکێش کردنی هەڵاواردن و نابەرابەرییەکان لەوانە کۆتایی هێنان بە ستەمی چینایەتی بەشێوەی دیموکراتیک، لەسەر شانی چینی کرێکار و سۆسیالیستەکانە کە لەسەر بەستێنی خەباتی ئەم چینە چالاکییەکانیان درێژە دەدەن. جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ژنانی ئازادیخواز و ستەملێکراوی کوردستان و بزووتنەوەی سۆسیالیستی کرێکاری، مۆتۆری حەرەکەتی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان بۆ دەسەڵاتداریەتی شۆرایی خەڵک، کۆتایی هێنان بە ستەمی نەتەوەیی و وەدیهێنانی مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و ستەملێکراوی کوردستانن. شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان خۆی بە بەشێکی دانەبڕاو لە ئاڵترناتیڤی چەپ و سۆسیالیستی بۆ بەهێزکردنی ئاڵترناتیڤی کرێکاری و شورایی لە سەرتاسەری ئێران و کوردستان دەزانێت.

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv