فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی سیاسیی کۆنفڕانسی سێهەمی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان – بەشی سێهەم
دوشەممە ۳۰-۰۴-۱۴۰۴   |  21-07-2025

کۆنفڕانسی سێهەمی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان کە لە ڕۆژانی ٧ و ٨ی مانگی پووشپەڕی ١٤٠٤ بەرابەر لەگەڵ ٢٨ و ٢٩ی جولای ٢٠٢٥ لە شاری ستۆکهۆڵم بەڕێوەچوو، جیا لە هەڵسەنگاندنی ڕاپۆرتی چالاکییەکانی شۆرا لەماوەی دوو کۆنفڕاس و ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی دیکە، کولیاتی بەیاننامەیەکی سیاسیی کە لەلایەن هەیئەتی هاوئاهەنگییەوە پێشکەشکرابوو، پەسند کرد. وە تەکمیلکردن و وردبوونەوەی بەپێی باسەکانی کۆنفڕانسی بە هەیئەتی هاوئاهەنگیی خۆی ئەسپارد. کۆنفڕانس هەروەها لە کۆتایی کاری خۆیدا ٦ کەس لە ١٢ کەسی ئەندامی سەرەکیی هەیئەتی هاوئاهەنگیی دەوری داهاتووی لە ناو هاوڕێیانی سەربەخۆدا هەڵبژارد کە بریتین لە هاوڕێیان: محەممەد ئارانی، شیوا سوبحانی، خالید عەلیپەنا، پڕشنگ بەهرامی، محەممەد وەلەدی و مریەم سوڵتانی. هەروەها هاوڕێ محەممەد عوزەیری وەک ئەندامی جێگرەوە هەڵبژێردرا. پاشان کۆمیتەی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، تەشکیلاتی کوردستانی ئیتحادی سۆسیالیستی کرێکاری و کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەر کامیان ٢ کەس واتە بە گشتی ٦ کەسیان وەک نوێنەرانی خۆیان بۆ هەیئەتی هاوئاهەنگی ناساند. بینەرانی ئازیز، ئەوەی لێرەدا پێشکەشتان دەکرێ، بەشی سێهەمی ئەم بەیاننامەیە کە لەلایەن هەیئەتی هاوئاهەنگیی شۆرای هاوکارییەوە ئامادە و بڵاوکراوەتەوە.

کۆنفڕانسی سێهەمی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی وەرچەرخاوی ئێستا و ناوەڕۆکی گفتوگۆ و هەڵوێستەکانی کۆنفرانس، وێڕای دووبارە جەختکردنەوە لەسەر بڕیارە بنەڕەتییەکانی ئەم شۆرایە تا ئێستا، ئەم سیاسەتەی خوارەوە ڕادەگەیەنێت و بۆ جێبەجێ کردنی تێدەکۆشێت:

١_ لە جەریانی شەڕی دوازدە ڕۆژەدا و دواتری، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی شەپۆلێکی بەرینی لە دەستبەسەرکردن و ڕەشبگیری لەژێرناوی “گرتنی جاسووسی ئیسرائیل” و ئێعدامی زیندانیان بە ئامانجی چاوترسێن کردنی جەماوەر و سەرکوتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکانی لە کوردستان و سەرتاسەری ئێران خستووەتە ڕێ. ژمارەیەکی زۆر لە دەستبەسەرکراون خەڵکی ئاسایی و پەنابەرانی ئەفغانستانی بوون. بەر لە هەموو شتێک پێویستە ئەم شەپۆلەی سەرکوت پاشەکشەی پێبکرێت. نابێ ڕێگە بدەین سەرانی کۆماری ئیسلامی، زەلیلانە و داماوانە، بە خەیاڵی خاویان لایان وابێ کە دەتوانن کەشوهەوای دوای شەڕی ئێران وعێراق بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ بکەن.

لە بارودۆخی ئێستادا بەهێزکردن و پەرەپێدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بە خواستی ئابووری و سیاسی لە ئەولەوییەتەکانی چالاکیی ئێمەیە. هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە نابێ هیچ دەرفەتێک بۆ گەشەپێدان بەم بزووتنەوانە لە دەست بدەن. ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی لە مەسیری پەرەپێدان و پێشڕەویی ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانەوە تێدەپەڕێت.

٢_ پایەیەکی سەرەکی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان ڕێکخستنە. لەم ڕووەوە، نابێ لە هیچ هەوڵێک بۆ یارمەتیدانی کرێکاران لە ڕێکخستنی جەماوەری و چینایەتیدا دەریغ بکەین. یارمەتیدان بۆ ڕێکخستنی جەماوەریی ژنان لە گەڕەکەکان بەتایبەت لە گەڕەکەکانی پەراوێزی شارەکان بەشێکی دانەبڕاوە لە هەوڵ و تێکۆشان بۆ ڕێکخستن.

٣_ هەنگاوێکی گرینگ بەرەو وەدیهێنانی دەسەڵاتداریەتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان، کۆمەک بە سازماندانی خەڵک لە دێهاتەکان و گەڕەکەکانی شارەکانە. تەنیا بە پێکهێنانی ناوەندە جەماوەرییەکانی شۆرا یان کۆمیتەکانی گەڕەکەکانە کە دەتوانین لەگەڵ دروست بوونی هەر بۆشاییەک لە دەسەڵاتی ئیداری و سیاسی لە شارێک یان تەنانەت لە گەڕەکێک، دەستبەجێ کۆنتڕۆڵ و مودیرییەتی دۆخەکە بگرینە دەست. شکڵ گرتنی ئەم ناوەندە جەماوەرییانە، بابەتی کۆکردنەوەی بیساتی هێز و ناوەندەکانی حکوومەتی ناوەندی لە کوردسان لە کاتی ڕاپەڕینی جەماوەری ئاسان دەکاتەوە. بەڵگەی “دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی و مەنشووری داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان” پەسندکراوی خەرمانانی ١٤٠٢، چوارچێوەی گەڵاڵە و سیاسەتی شۆرای هاوکاریی دیاری کردووە.

٤_ حیزبە ناسیۆنالیستەکان لە کوردستان لەسەر بنەمای ستراتێژی و سیاسەتی شەریک بوون لە دەسەڵاتی سیاسی بە هەر قیمەتێک، بەردەوام لەگەڵ پڕۆژەگەلی کۆنەپەرستانەی دەست بە دەست بوونی دەسەڵات لەسەرەوەی ئیرادەی جەماوەر، هاوئاراستەن و پشتیوانییان لێ دەکەن.

لە قۆناغی ئەم دواییە و لە جەریانی شەڕی کۆنەپەرستانەدا، چاوی هیوایان لە پشتیوانیی فاشیستەکانی وەک ترامپ و درێژەی هێرشەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل  بڕیبوو. دەبێ سرووشتی ڕاستەقینەی ئەم سیاسەتانە بۆ خەڵک ڕوون بکرێتەوە. ئێمە بەدژی پڕۆژەکانی دەسەڵاتە جیهانییەکان و هاوپەیمانانی ناوچەیییان بۆ داسەپاندنی بەدیلی ڕاست بەسەر ڕەوتی ڕووداوە سیاسییەکان لە ئێران و کوردستان دەوەستینەوە. هەر جۆرە پڕۆژە و ئاڵترناتیڤێک لەسەرەوەی ئیرادەی جەماوەر ڕەت دەکەینەوە و بەشێوەی جدی و لێبڕاوانە بۆ پەراوێزخستنی تێدەکۆشین.

٥_مەرجێکی پێشڕەویی خەباتی شۆڕشگێڕانە و وەدیهاتنی دەسەڵاتداریەتی خەڵکی کوردستان، جیایی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە ستراتێژی، ئاسۆ، ئارمان و سیاسەتەکانی ئەحزابی بورژوازی و ناسیۆنالیست لە کوردستانە. ڕێکاری ئەم حیزبانە هیچ کات ڕێکاری کارساز بۆ کۆتایی هێنان بە ستەمی نەتەوایەتی و چارەسەرکردنی ڕاستەقینەی پرسی نەتەوەیی لە کوردستان نەبووە. گەڵاڵەی فیدرالیزمی دڵخوازی ئەوان، جێگیرکردنی هەڵاواردنی نەتەوەیی و پەرەپێدانی تەفرەقەی نەتەوەیی و بەربەستێکی جدییە لە بەرامبەر هاوچارەنووسی و هاوپشتیی چینی کرێکار و بزووتنەوەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی لە ئاستی سەرتاسەریدا. لەم ڕووەوە، هوشیارکردنەوەی بەردەوام و هەوڵدان بۆ پەراوێزخستنی ئاسۆ و سیاسەتی ڕەوتە ناسیۆنالیستەکان بەشێکی گرنگی سیاسەتی ئێمەیە.

٦_ ستەمی نەتەوەیی وێڕای دڕندانەترین شێوەکانی سەرکوت لەلایەن ڕژیمە سەرکوتگەرەکانی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی، نەهامەتیی فراوانی بەسەر خەڵکی کوردستاندا هێناوە. ئێمە خوازیاری نەمانی دەستبەجێی ستەمی نەتەوەیی و چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوەیی لە کوردستانین. بۆ ئەم بابەتە گرنگە، ئاکامی بڕیاری ئازادانەی خەڵکی کوردستان تا ئاستی جیابوونەوە، بەڕەسمی دەناسین.

ئێمە هەرجۆرە کردەوەیەکی زۆرەملی و نیزامی بۆ ڕێگری لە بڕیاری خەڵکی کوردستان و یان بەڕەسمی ناسینی ئاکامەکەی لەژێرناوی “پاراستنی یەکپارچەیی خاک” و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ “جیایی خوازی” و یان هەر پاساوێکی تر بەتوندی مەحکووم دەکەین و ڕەتی دەکەینەوە. لە هەمان حاڵیشدا لەسەر هاوپشتی و هاوچارەنووسیی خەباتی خەڵکی کوردستان لەگەڵ خەڵکی ئازادیخواز و ستەملێکراو لە سەرانسەری ئێران تەئکید دەکەین. (لە بەڵگەی “دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی و مەنشووری داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان”، پەسندکراوی خەرمانانی ١٤٠٢، چوارچێوەی گەڵاڵەی ئێمە بۆ نەهێشتنی ستەم و چارەسەرکردنی ستەمی نەتەوایەتی پەسندکراوە و بەردەوام لەسەری تەئکید دەکەین).

٧_ ئێمە لەوە ئاگادارین کە سەرکەوتنی نهایی ئاڵترناتیڤی چەپ و سۆسیالیستی لە گرەوی تێکشکاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندی و پێشڕەویی چینی کرێکار و لە گرەوی بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی و دامەزراندنی حکوومەتی کرێکاری لەسەر بنەمای نیزامی شۆرایی لە سەرتاسەری ئێراندایە. خەباتی سۆسیالیستیی ئێمە لە کوردستان ئاوێتەی بزووتنەوەی سۆسالیستیی سەرتاسەرییە. ئێمە تەئکید دەکەین کە ئاسانترین و کەم ژانەسەرترین ڕێگای پاراستنی دەستکەوتەکانی خەباتی خەڵک لە کوردستان پەیوەندی لەگەڵ شۆڕش و بزووتنەوەی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانە لەئاستی سەرتاسەریدایە.

٨_ لەگەڵ پەرەسەندن و پێشڕەویی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و نزیک بوونەوە لە قۆناغی ڕاپەڕینی سیاسی و شۆڕشگێڕانە، هەوڵی ڕەوت و گرووپە کۆنەپەرستەکان بۆ تەفرەقە نانەوەی میللی و مەزهەبی زیاتر دەبێت. دەبێ بە هوشیارییەوە ئەم دووبەرەکی و تەفرەقە نانەوەیە پووچەڵ بکرێتەوە.

٩_ پێویستە بۆ پەراوێزخستنی ڕەوتی سەلەفی گەری، سوننی گەری و بەگشتی ڕەوتی کۆنەپەرستی مەزهەبی، لێبڕاوانە هەوڵ بدەین.

١٠_ شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان بۆ پێکهێنانی پەیوەندی قایم لەگەڵ شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە ئاستی سەرتاسەریدا هەوڵ دەدات.

ئەم ڕێکخراوە بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان و وەدیهێنانی مافەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان خەبات دەکات. لەو پێناوەدا، کۆنفڕانسی سێهەمی ئێمە داوا لە ئەحزاب، ڕێکخراو و ناوەندەکان و چالاکانی چەپ و کۆمۆنیست لە کوردستان دەکات کە بۆ هەوڵ و تێکۆشانی هاوبەش بە شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان پەیوەست بن.

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی!

بژی دەسەڵاتداریەتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان!

بژی سۆسیالیزم!

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv