فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی شورای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران بۆ مەحکوومکردنی کوشتار، سەرکوتی خوێناوی و تاوانی ڕێکخراو دژی جەماوەری ناڕازی
چوارشەممە ۱۵-۱۱-۱۴۰۴   |  04-02-2026

خەڵکی ئێران، دوای دەیان ساڵ تەحەمولی هەژاری، هەڵاواردن، سەرکوت و نکۆڵیکردنی بەردەوام لە سەرەتاییترین مافە مرۆییەکان، بۆ وەدەستهێنانەوەی مافی ژیان، ئازادی و کەرامەتی مرۆڤایەتی ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.

وەڵامی دەسەڵات، هەروەک پیشەی هەمیشەیی، دیسانەوە گولـلە، گرتن، ئەشکەنجە و کوشتار بووە. وەڵامێک کە ماهییەت و ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی ئەم ڕژیمە سیاسییەی لە هەموو کات ڕووتتر و ئاشکراتر کردووەتەوە.

ئەوەی لە ڕۆژان و هەفتەکانی ڕابردوودا لە ئێران ڕووی داوە، نە بەرپەرچدانەوەی ئەمنییەتی، نە کۆنترۆڵکردنی ئاڵۆزی و نە پاراستنی نەزمی گشتی، بەڵکوو سەرکوتێکی خوێناوی، ڕێکخراو و ئامانجدار دژی خەڵکی بێ‌چەک بووە. دووپاتکردنەوەی سیناریۆ ڕیسوا و بێ‌بنەماکانی “دوژمنی دەرەکی” و “بەکرێگیراوان”، ئیتر نە تەنیا ڕای گشتیی ئێران، بەڵکوو ویژدانی جیهانیش هەڵناخەڵەتێنێت. ئەم ڕەوایەتانە ساڵانێکە کاریگەریی خۆیان لەدەست داوە و تەنیا ئامرازێکن بۆ خۆدەربازکردن لە بەرپرسیارێتیی ئەم تاوانانە.

لە یەکێک لە خوێناویترین قۆناغەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێراندا، هەزاران کەس لە هاووڵاتییان، ژن، پیاو، منداڵ و تازەلاو کەوتوونەتە بەر پەلاماری توندوتیژییەک کە هیچ پاساوێک، تەنانەت لە چوارچێوەی یاساکانی خۆیشیاندا، هەڵناگرێت. گیانلەدەستدانی منداڵان و مێرمنداڵان، گرتنی بەرفراوان، بێسەروشوێنکردن و گوشارە دژەمرۆییەکان لە گرتووخانەکاندا، نیشانەی ئاشکرای ئیفلاسی سیاسی و ئەخلاقیی ئەم دەسەڵاتەیە.

مامۆستایانی ئێران، وەک بەشێکی ئاگا و بەرپرسیاری کۆمەڵگەی مەدەنی، خۆیان یەکێک لە قوربانیانی ڕاستەوخۆی ئەم سەرکوتە بوون. گرتن، هەڕەشە، دەرکردن و تەنانەت گیانبەختکردنی زیاتر لە ١٠ مامۆستا و دەیان خوێندکاری بێ‌تاوان لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا، بەڵگەی ئەوەن کە دەسەڵات، فێرکردن و وشیاری بە مەترسییەکی جیدی بۆ سەر درێژەدان بە مانەوەی خۆی دەزانێت.

شورای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران، وێڕای دەربڕینی سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵ لەگەڵ بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردووان و سەرجەم خەڵکی بەش‌مەینەتی ئێران، بە ڕاشکاوی ڕادەگەیەنێت: ئێمە لە ڕیزەکانی جەماوەری ناڕازیدا وەستاوین و خۆمان بە بەشێکی دانەبڕاو لە خەباتی کۆمەڵگە بۆ ئازادی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، دێموکراسی و دەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤ دەزانین. بێدەنگی لە ئاست ئەم هەمووە توندوتیژییە، خیانەتە بە بەرپرسیارێتیی مێژوویی و مەدەنیی ئێمە.

لەو سۆنگەیەوە، شورای هاوئاهەنگی بە ڕوونی ڕادەگەیەنێت کە:

١. دەسەڵات بەرپرسی ڕاستەوخۆی کوشتار و سەرکوتی خوێناوی خەڵکە و دەبێ لە جیاتی درۆ و چەواشەکاری، لە بەردەم ڕای گشتیی ئێران و ناوەندە سەربەخۆ نێودەوڵەتییەکاندا وەڵامدەر بێت.

٢. سەرجەم گیراوان، لەوانە خوێندکاران، مامۆستایان و چالاکانی پیشەیی و مەدەنی، دەبێ دەستبەجێ و بەبێ هیچ مەرجێک ئازاد بکرێن

٣. بە سەربازگەکردنی قوتابخانەکان، زانکۆکان و ناوەندە فێرکارییەکان دەبێ دەستبەجێ ڕاگیرێت؛ ژینگەی فێرکاری، مەیدانی جەنگ نییە.

٤. داوا لە هەموو ویژدانە بەئاگاکانی جیهان دەکەین کە هاوسۆزی و پشتیوانیی خۆیان لەگەڵ خەڵکی ئێران ڕابگەیەنن و لە ئاست ئەم وەحشیگەرییەی حکوومەتدا بێدەنگ نەبن.

مێژوو فێری کردووین کە سەرکەوتن لە کۆتاییدا هەر بۆ هەقە و ئەوانەی ئەمڕۆ فەرمانی سەرکوت دەردەکەن، دەکەونە زبڵدانی مێژووەوە و بێگومان ناچارن وەڵامی تاوانەکانیان بدەنەوە.

گرنگ ئەوەیە لە کام لای مێژوو دەوەستین؛ لای هەق و نەمری، یان لە بەرەی ستەمکاران و سەرکوتگەران.

شورای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران

١٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٤

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv