فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی شورای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان سەبارەت بە بنبەستی شەڕ و دانوستانی دەوڵەتە تیرۆریستەکان و ئەرکەکانی ئێمە
چوارشەممە ۲۱-۰۵-۱۴۰۵   |  12-08-2026

ئێستا بە دەستپێکردن و بەرزبوونەوەی دەنگی ڕاگرتنی شەڕ لە نێو کۆمەڵگەدا، وا دەردەکەوێت کە فاکتەری شەڕ جێگەی خۆی دەدات بە دەستتێوەردانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لەپێناو بەرەنگاربوونەوە و ڕاگرتنی ئەم شەڕە وێرانکەرەی دوایی. کاریگەرییە کاولکارەکانی شەڕ و شوێنەوارە شوومەکانی لە قووڵایی کۆمەڵگە و لەسەر ژیان و گوزەرانی دەیان ملیۆن مرۆڤ و لە سەختیی بژێویدا، ئەمڕۆ ئیتر درێژەدان بە ژیانی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێشی خستووەتە بەردەم ئاڵنگارییەکی سەختەوە. ئێستا دوای چەندین مانگ لە شەڕ و دانوستان، لای هەمووان ڕوونە کە هیچ کام لە لایەنەکانی شەڕ نەیانتوانیوە لایەنی بەرامبەر تێکبشکێنن. شەڕ و هەڵە ستراتیژییەکانی هەردوولا لە درێژەی خۆیدا، کۆمەڵێک سنوورداری و لاوازیی ئەوانی دەرخست. لە ڕوانگەی دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکاوە، لەم شەڕەدا نەک هەر پاشەکشەپێکردن بە چین و ڕووسیا و جەمسەرە ڕکابەرەکان لە ئاسۆدا نییە، بگرە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل نەبووەتە هۆی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیشدا. ئەم هەلومەرجە، دڵخوازی ئەو جەمسەرە ڕکابەرانەیە کە خوازیاری تێکشکانی ئەمریکان و بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجەش بە هانای کۆماری ئیسلامییەوە چوون. گوشاری جیهانی لەسەر ترەمپ بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و قەیرانی وزە و لە ئەنجامدا گوشاری ئابووری لە بەشگەلێکی جیهان بەهۆی داخرانی گەرووی هورمز، ناڕەزایەتی لەنێو دەسەڵات و بەشێکی گەورەی کۆمەڵگەی ئەمریکا و لەم دواییانەشدا هەواڵەکانی پەیوەندیدار بە کەمبوونی تەقەمەنی و مووشەکی بەرگری و سەرەنجام هەڵبژاردنەکانی نێوان‌خولی مانگی نۆڤەمبەر لە ئەمریکا، هەموو ئەمانە ترەمپیان خستووەتە بیری مۆرکردنی پەیمانێکی ئاشتیی ئابڕوومەندانە و چوونەدەرەوە لەم شەڕە. پێکدادانە ناوەناوەکان و نێوەندگیرییە یەک لەدوای یەکەکانی وڵاتانی ناوچەکەش، لە ڕاستیدا تەنیا بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیازی زیاترە لەم دانوستانانەدا.

بەڵام لە لایەنی بەرامبەردا، کۆماری ئیسلامی لە قەیران و شێواوییەکی زۆر قووڵتردا دەستوپێ لێدەدات و سەرەڕای ڕیزبەندی و ململانێکان لە لووتکەی دەسەڵاتدا، لە ڕاستیدا خوازیاری سازشێکە کە سەرجەم باڵ و دارودەستەکانی نێو حکومەت ڕەزامەندیی لەسەر بدەن. تێچووی شەڕ و گەمارۆی دەریایی ئەمریکا و نەبوونی دەرفەتی فرۆشتنی نەوت، گورزێکی کوشندەی لە ژێرخانی دارایی و ئابووریی هەمیشە نەخۆشی کۆماری ئیسلامی داوە. ئەم دۆخە ڕاستەوخۆ کاریگەریی خستووەتە سەر ژیانی دەیان ملیۆن مرۆڤ لە کۆمەڵگەی ئێراندا و ژیانێکی پڕ لە نەهامەتی و فەلاکەتی بەسەردا سەپاندوون کە درێژەدان پێی مەحاڵە. لە لایەکی دیکەوە، ئاسۆی تاریکی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کە بە تێپەڕبوونی کات لە ڕاستیدا دژی کۆماری ئیسلامی دەچنە نێو پەیماننامە سەربازی و بەرگرییەکانەوە، هاوڕێ لەگەڵ درزی ئاشکرا لە سەرەوەی دەسەڵات و موقاومەت لەبەرامبەر سیاسەتی سازش و نەبوونی سەرکردایەتییەکی یەکگرتوو و تۆکمە، لاوازیی کۆماری ئیسلامیی لەبەرامبەر جەمسەری بەرامبەردا زیاتر دەرخستووە. لە لایەکی تریشەوە، داخستنی گەرووی هورمز کە لە سەرەتای شەڕدا وەک ئامرازێکی کاریگەر لەبەرامبەر ئەمریکادا بەکارهێنرا، دوای گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا و کۆدەنگیی وڵاتانی ناوچەکە لەگەڵ ئەمریکا بۆ کردنەوەی، ئێستا ئەو کاراییەی سەرەتای نەماوە و زیاتر بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی وڵاتانی زیاتر و گۆشەگیریی پتر لە ڕابردووی کۆماری ئیسلامی. سەرباری ئەوانەی سەرەوە، کێشە سەرەکییەکەی کۆماری ئیسلامی نە شەڕ و ئاشتییە لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە، بەڵکوو لە نێوخۆی کۆمەڵگەی ئێران و لە بن گوێیدایە؛ ترسی کۆماری ئیسلامی لە وەخەبەرهاتنی دێوەزمە ٤٧ ساڵەکەی خەڵکی ناڕازی و وەگیانهاتوو، زۆر زیاترە لە هەر شەڕێکی دەرەکی. چونکە زۆر باش دەزانن چارەنووسی دەسەڵاتە نەگریسەکەیان سەرەنجام لەم نەبەردەدا یەکلایی دەبێتەوە و شووشەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی لە دەستی کۆمەڵگەیەکدایە کە چەندین نەوە لەژێر دەسەڵاتە کۆنەپەرستانەکەیدا بەفیڕۆ چوون و تیاچوون.

ئێستا ئیتر بۆ هەموو خەڵک ڕوون بووەتەوە کە کۆماری ئیسلامی هیچ وەهمێکی لەبەرامبەر سەرهەڵدان و ناڕەزایەتیی کۆمەڵگەدا نییە. وە ڕوو بە دەرەوە و بۆ سازش و ئاشتی هەر ئیمتیازێک بدات، لەبەرامبەر خەڵکی ناڕازیدا درێژە بە سەرکوتگەرییەکان و گوشینی گەرووی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش دەدات. هەر ئەم ڕۆژانەی ئاشتی و دانوستانە نیشانی دا کە ئەم گۆڕەپانە دژە-جەماوەرییەی فەرامۆش نەکردووە؛ لە دەستبەسەرکردن و ڕەشبگیریی هەر نەیارێکەوە بگرە تا توندترکردنەوەی سێدارەی جنایتکارانه و هەڕەشە و بانگێشتکردنی نەیاران و ناڕازییان، ڕێک لەلایەن باڵێکەوە بەڕێوە دەچێت کە دەیەوێت لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژئاوا بچێتە نێو سازش و لێکنزیکبوونەوەوە و وەرچەرخانێکی بنەڕەتی لە سیاسەتەکانی تائێستایدا بەرەوپێش ببات.

ئەرکەکانمان لەم قۆناغەدا:

سەرەڕای کەشی هەڕەشەی شەڕ و هەروەها چنگ و ددان نیشاندانی کۆماری ئیسلامی دژی هەر جۆرە کەشێکی ناڕەزایەتی و دەربڕینی بێزاری، بەڵام هەروەک چۆن پێشبینی دەکرا، کۆمەڵگە ناتوانێت بینەری لەناوچوونی خۆی بێت و دووبارە هەڵدەستێتەوە. ناڕەزایەتییە ڕادیکاڵەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لەم ڕۆژانەدا، نیشاندەری ئەم حەقیقەتە حاشاهەڵنەگرەن. بێگومان ئەم ناڕەزایەتییانە پەرە دەستێنن. خۆشبەختانە و بە دروستی، دروشمی ڕاگرتنی شەڕ خەریکە دەبێتە یەکێک لە داواکارییەکانی ئەم بزووتنەوەیە. ئەمەش دەرئەنجامی ئەو گورزەیە کە ئەم شەڕە وێرانکەرە لە ژیان و خەباتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی داوە. دەبێت بۆ گشتگیرکردنی ئەم دروشمە و گرێدانی بە داواکارییەکانی خەباتی ئێستاوە هەوڵ بدەین. هەبوونی مەدەنییەت، مەرجی پێویستی ژیان و خەباتە دژی کۆماری ئیسلامی.

بەهۆی ئەم شەڕەوە، بێکاری و گرانی، ژیانی دەیان ملیۆن کەسی خستووەتە سەر لێواری داڕمان. دابینکردنی بیمەی بێکاری کە لە خواستە هەمیشەییەکانی چینی کرێکار بووە، لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا حوکمی پاراستنی مانەوەی هەیە و دەبێت لە هەر ناڕەزایەتی و هەنگاوێکی بەکۆمەڵدا بۆ سەپاندنی بەسەر ڕژێمدا، پێداگرانە تێبکۆشین. کۆڵبەری و تاوانەکانی هێزە سەرکوتگەرەکان لە کوشتنی کۆڵبەراندا دەبێت ئیدانە بکرێت و لە ڕێگەی دابینکردنی بیمەی بێکارییەوە بەرەنگاری ئەم هەلومەرجە نامرۆییە ببینەوە.

هەروەها بەهۆی شەڕەوە، پەروەردە و تەندروستی و کەمبوونی ئاو و کارەبا کە لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی خەڵکن، کەوتوونەتە بەر شاڵاو و لە ڕووی گیانی و داراییەوە زیانی گەورەی بە خەڵک گەیاندووە. بزووتنەوەی ناڕەزایەتی دەبێت بۆ دابینکردنیان، ڕژێمی گەندەڵی ئیسلامی بخاتە ژێر گوشارەوە. دژی سەرکوتگەری و زیندان و لەسێدارەدان، دەبێت بتوانین بە هێزێکی یەکگرتووەوە کۆماری ئیسلامی پاشەکشە پێ بکەین و گیانی مرۆڤە بەندکراوەکان ڕزگار بکەین.

لە کوردستان، پێشڕەوی لە خەباتدا بۆ وەدیهێنانی ئەم داواکارییانە، هەروەک سەرانسەری ئێران، گرێدراوی هاوپشتی و ڕێکخراوبوونە. بەڵام لێرەدا بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونە بەردەستەکان، دەبێت خۆمان بۆ هەلومەرج و پێشهاتە ئەگەرییەکان ئامادە بکەین. دروستکردنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان و شوراکانی شوێنی کار و ژیان، دەبێت لە ناوجەرگەی هەر ئەم خەباتانەوە بێتە بەرهەم و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی بۆ بەدەستهێنانی ئەم خواستە بەهێزتر بکات، و بە ئاسۆی دەسەڵاتی شۆراییەوە، ئەلتەرناتیڤی سۆسیالیستەکان بخاتە بەردەم کۆمەڵگە.

و سەرەنجام نابێت ئەوەش لەبیر بکرێت کە حیزبە ڕاستڕەوەکان، چ لە ئاستی سەرانسەری و چ لە کوردستان، بە وەستان لە تەنیشت شەڕخوازانەوە، لە کرداردا بوونە شەریکی تاوان و ماڵوێرانیی خەڵک. حیزبە ناسیۆنالیستەکانی ناو “ناوەندی هاوپەیمانی” لە کوردستان، تەنانەت قۆڵیان لێ هەڵماڵی و ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن لەم شەڕە ماڵوێرانکەرەدا ڕاگەیاند، بەڵام ئەمجارەش سەریان کێشا بە بەرددا و وەهمی “ڕژێم چەینج” و گۆڕینی کۆماری ئیسلامی لە سەرەوە، لەگەڵ خەون و خەیاڵی سواربوون بەسەر چارەنووس و موقەدەراتی خەڵکدا بووە دووکەڵ و بە ئاسماندا چوو. ئەم سیاسەتەی حیزبە ناسیۆنالیستەکان، سەرباری زیانگەیاندن بە خەباتی خەڵک و پەرەپێدانی پشوودرێژی و چاوەڕوانی لە نێو کۆمەڵگەدا، لە کرداردا بووە هۆی دروستبوونی دووبەرەکی و دابڕانی خەباتی خەڵکی کوردستان لە خەباتی سەرانسەری.

ئێستا پەڕەکە وەرگەڕاوە، “ڕژێم چەینج” مردووە و حیزبە ناسیۆنالیستەکان یان لە سەرگەردانیدا دەژین، یان بە سەرکێشییە سەربازییەکانەوە چاوەڕوانی دەرفەتی داهاتوون بۆ مامەڵە و بەندوبەست، کە ڕەنگە ئەمجارەش دووبارە لەگەڵ خودی کۆماری ئیسلامیدا بێت. داهاتوو هەرچۆنێک دەربکەوێت، شەڕی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران، ڕیزی دۆستان و دوژمنانی خەڵکی لەلای کۆمەڵگەی کوردستان ئاشکرا کرد.

کۆمۆنیستەکان و بەرەی سۆسیالیستیی کوردستان لەم قۆناغە گرنگەدا سەربەرزانە هاتنە دەرەوە و بە دژایەتیکردن و ئاشکراکردنی ئامانجەکانی شەڕخوازان، لە تەنیشت کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێشی کوردستانەوە وەستان و بەرگرییان لە ماڵ و گیان و مەدەنییەتی ئەوان کرد. بەم حاڵەوە، لەم قۆناغەشدا ئەرکگەلێکی قورس و چارەنووسسازمان لەپێشە. دەبێت بە وریاییەوە بەشداری لە خەباتی ئازادیخوازانە دژی کۆماری ئیسلامی بکەین و ئەلتەرناتیڤێکی ڕوون بۆ کۆمەڵگەی دوای کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای ئازادی و بەرابەری و بەڕێوەبردنی شۆرایی کۆمەڵگە و هەوڵی پێداگرانە بۆ کۆتاییهێنان بە ستەمی نەتەوایەتی لە کوردستان، بکەینە سەرمەشقی خەباتە هەنووکەییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان. شورای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، دەور و نەخش نواندن و کاریگەریدانان لەم ڕێڕەوەدا بە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی خۆی دەزانێت.

بڕووخێ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی

بژی دەسەڵاتی شۆرایی لە کوردستان

شورای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان

٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٦