
ئەوەی ئەمڕۆ لە شەقام، گۆڕەپان و گەڕەکەکانی ئێراندا لە ئارادایە، هاواری تووڕەیی و ئازاری جەماوەرێکە کە ساڵانێکە ئێسقانەکانیان لەژێر بار و گوشاری هەژاری، هەڵاواردن، سووکایەتی، بێعەدالەتی و بێوەڵام مانەوەی داخوازییەکانیاندا ورد بووە. ئەم ناڕەزایەتییانە نە دەسکردی ژوورە فکرییە سیاسییەکانە و نە پرۆژەی ڕەوتێکی تایبەت. ئەمە دەنگی ژیانخوازیی خەڵکێکە کە ئیتر جگە لەو زنجیرانەی لە دەست و پێی بژیو، کەرامەت و داهاتوویان هاڵاوە، هیچ شتێکی دیکەیان نییە بۆ لەدەستدان.
خەڵکی ئێران، مامۆستایان، کرێکاران، خانەنشینان، پەرستاران، جووتیاران، بێکاران، ژنان، لاوان، پەراوێزخراوان، بازاڕییان، ساڵانێکە تێچووی ناکارامەیی، گەندەڵیی سیستماتیک و درۆ و دەلەسە بەردەوامەکانی دەسەڵاتیان بە گۆشت و ئێسقانی خۆیان داوە. هەڵاوسانی ئابووریی بێسنوور، لاوازبوونی لەڕادەبەدەری توانای کڕین، وێرانبوونی کەرتی پەروەردە و دەرمان، پەرەسەندنی هەژاری و ناسەقامگیری، بەرهەمی ڕاستەوخۆی سیاسەتگەلێکن کە نەک لەپێناو خەڵک، بەڵکوو لەدژی خەڵک و جەماوەر داڕێژراون.
شووڕای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران بە دەنگێکی بەرز ڕادەگەیەنێت:
ئەم ناڕەزایەتییانە، ناڕەزایەتیی جەماوەرە، نەک کەرەستەیەک بۆ کێبەرکێی باڵ و کەسایەتییەکان.
جەماوەر خۆی وتەبێژی خۆیەتی؛ هەر چەشنە هەوڵێک بۆ بەلاڕێدابردن، ئەندازیاریکردن یان دەستبەسەرداگرتنی ئەم ناڕەزایەتییانە، خیانەتە بە خەڵک و زەربەلێدانە لە ئیمکانی ڕزگاری.
ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو دەریانخستووە کە هەر کات خەڵک پەراوێز خراون ، ئازادی و دادپەروەری کراونەتە قوربانی.
ناڕەزایەتی و مانگرتن مافی ڕەوای خەڵکە.
وەڵامی ئەم مافە، نە باتۆمە و نە گولـلە، نە زیندانە و نە سەرکوت. ئەو دەسەڵاتەی کە دەنگی خەڵک نابیستێت، درەنگ یان زوو ڕووبەڕووی هاوارێکی بەرزتر دەبێتەوە.
توندوتیژی دژی جەماوەر قەیرانەکە چارەسەر ناکات، بەڵکوو قووڵتر، بەربڵاوتر و کۆنتڕۆڵنەکراوتری دەکات.
پەیامی ئێمە بۆ هێزە نیزامی، ئینتزامی و ئەمنییەکان ئەوەیە:
ئێوە لە دڵی ئەم کۆمەڵگایە هەڵقوڵاون. وەستانەوە لە بەرانبەر خەڵکدا، وەستانەوەیە لە بەرانبەر داهاتووی خۆتان و ڕۆڵەکانتان. خۆتان لە ڕشتنی خوێنی هاووڵاتییان و سوورکردنی دەستەکانتان بپارێزن و دڵنیا بن کە مێژوو ئەم ساتەوەختانە لەبیر ناکات.
شووڕای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران، خۆی بە بەشێکی دانەبڕاو لە جەماوەر دەزانێت و لە بەرەی ئەواندا وەستاوە و دەوەستێت. نە بۆ بەشخوازی و پۆست و پلە، نە بۆ دەسەڵات، بەڵکوو بۆ کەرامەتی مرۆڤ، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و داهاتوویەک کە چیتر لەسەر بنەمای ترس و هەژاری بنیات نەنرابێت.
ئەم دەنگە، دەنگی خەڵکە و خەڵک خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم وڵاتەن.
شووڕای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە