
ناعەقڵانییەتی دەسەڵات، نامرۆڤایەتیی ناوەندەکانی خۆی بەرهەم دێنێتەوە. بێڕیزێ و پەستی لەم حوکمانەدا وشەی “داد”یان شەرمەزاری مێژوو کردووە. جەهل و نەزانی بەرچاوی دەسەڵاتی گرتووە و ئەوە نابینێ کە لەئاستی کۆمەڵگادا ڕق و تووڕەیی جێگای ترسی گرتووەتەوە. ئاگری بێزاریی و تووڕەیی خەڵک بەجۆرێک تەشەنەی سەندووە کە هیچ شتێک ناتوانێ بەری پێبگرێت.
حکوومەت “سزادان” بە هەر ئامراز و بە هەر سوننەتێکەوە بێت بە تەنها مافی ڕاستەقینەی خۆی دەزانێت. ئەم ڕوانگەیە لەو جێگایەوە سەرچاوە دەگرێت کە گۆیا هاووڵاتی گورگی حکوومەتە. ئەم لۆژیکە لە فەرمانڕەوایی مردنی حەتمییە. بێگومان ئینسانی ئەمڕۆ نابێتە قوربانیی خواستی غەیری ئەخلاقیی سیاسەتی ئێوە، واتە ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەتان بە هەر قیمەت و بە هەر ئامرازێک.
مافی ژیان، مافی ناڕەزایەتی دەربڕین، مافی سەرپێچیکردن بەرامبەر بە ستەمی ڕەها، مافی هاوارکردن، مافی موقاومەتکردن، مافی بەهرەمەندبوون لە سۆزی ژیان، مافی خۆبژێوی و خودکەفایی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی، هەموو ئەمانە ئێمە و چالاکیی سینفی و خەڵکخوازیمان بەرهەم دێنێتەوە. ڕێگایەک کە هەتا ئێستا بەرەو ڕزگاری و یەکسانی بڕیومانە ڕێگایەکی بێگەڕانەوەیە. ئێمە چیتر نابێنە ئەو کەسانەی کە خواستی ناعەقڵانیی فەرمانڕەوایی “زۆر میحوەر”تان حوکم دەکات.
حوکمەکانی ئەم دواییەی دەزگای قەزایی دژبە چالاکانی بواری ژنان و پێشتر دژبە مامۆستایان لە گیلان، لۆمپەنیزمی ملهوڕانەی دەسەڵاتە لە بەکارهێنانی توندوتیژیی بێسنوور لەدژی هەموو جۆرە ناڕەزایەتییەک کە خەڵکی ئێران لە بوارە جۆراوجۆرەکانی سیاسی، کلتووری، ئابووری و کۆمەڵایەتی لەخۆیان نیشانیان داوە. خەڵک فێری ئەوە بوون کە “لە ترسان بترسێن”. ئەمەش یانی: بنیاتنانی دەسەڵاتی خەڵک.
شۆرای هاوئاهەنگی ڕێکخراوە سینفییەکانی مامۆستایانی ئێران، ئەحکامی ناعادڵانە لەدژی چالاکانی بواری ژنان، زۆهرە دادڕەس، فڕووع سەمیعنیا، سارا جەهانی، یاسەمین حەشدەری، شیوا شاهسیا، نگین ڕەزایی، مەتین یەزدانی، ئازادە چاوشیان، زارا دادڕەس، جلوە جەواهری، هوومەن تاهری و ئەندامانی ناوەندی سینفیی مامۆستایان گیلان، مەحموود سەدیقی پوور، عەزیز قاسم زادە، عەلی نەهالی، تەیموور باقری کوودەکانی، جەواد سەعیدی، تەهماسب سهرابی، ئەنوش عادڵی، جەهانبەخش لاجوەردی، غۆڵامڕەزا ئەکبەرزادە، یەدوڵڵا بەهارسانی بەتوندی مەحکووم دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە ئەم ڕەوتە، ئیرادەی خەڵکی ژێر ستەمی ئێران بۆ بە ئاکام گەیاندنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و یەکسانیخوازییان زەڕەیەک لاواز ناکات.
١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی