
لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، بۆ جارێکی تر زەنگی مەدرەسەکان لە وڵاتێکدا لێدەدرێن کە مامۆستایان و خوێندکاران ساڵەهایە لەناو هیوا و ڕەنجدا، لەناو ئاوات و واقعییەتدا، لەناو ئازادیخوازی و سەرکوتدا، ژیان بەسەر دەبەن. مانگی ڕەزبەر بۆ ئێمە وەرزی مەدرەسە نییە. وەبیرهێنەرەوەی خوێنە ڕژاوەکانە، وەبیرهێنەرەوەی ئەو مامۆستایانەیە کە بە تاوانی ئازادیخوازی لە زیندان و تەبعید و مەحروومییەتدا بەسەر دەبەن. وەبیرهێنەرەوەی ئەو خوێندکارانەیە کە لەسەر شەقامەکان پڕ بە دەنگ هاواریان کرد و تاوانیان دا.
بەڵام چەند تاڵ و ناخ هەژێنە کە لە وڵاتێکدا، مەدرەسە لە جیاتی پەروەردەکردنی بیر و و داهێنان، بووەتە سەربازگە، کە دەبێ تێیدا گوێڕایەڵ و بێدەنگ بی و لە پرسیار کردن خۆبەدوور بگری. پەروەردە و بارهێنان کە دەیتوانی سەرچاوەی بیر، ئەدەب، هونەر، فەلسەفە و زانست بێت، لەژێر چەرخی قورسی ئیدئۆلۆژیی دەسەڵاتدا، بووەتە ناوەندێکی سەرکوتگەر و چینایەتی. ئەم نیزامە، لە جیاتی ڕێزلێنان لە مامۆستای داهێنەر و خوێندکاری بەپرسیار، ئەوان بەتاوانی ئازادبیری سەرکوت دەکات و لە بەرامبەردا، کۆنەپەرستان و گوێڕایەڵان بەرز دەکاتەوە.
حوکمی تەخەلوفی ئیداری بۆ چەندین مامۆستای کوردستان لە شارەکانی سنە و بانە و حوکمی کۆنەپەرستانەی دادگاکانی ئینقلاب لە کرمان و خووزستان کە دروست لە سەروبەندی کرانەوەی مەدرەسەکاندا دەرکراون، هەروەها هێرشی هێزە ئەمنیەتییەکان بۆسەر کۆبوونەوەی گشتیی شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران لە شەهڕەزا، بەڕوونی نیشانەی ئەو سیاسەتە سەرکوتگەرانەیە کە دەسەڵات بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دادخوازان گرتوویەتەبەر. پەروەردەکاران لەم وڵاتەدا ساڵەهایە هاوار دەکەن. موعەلیمێک کە نان و دەرمان و ئەمنیەتی نییە، ناتوانێ ببێتە ڕووناکایی کلاسی دەرس. ئەو موعەلیمەی کە لە نیگەرانییەکانی ژیانی خۆیدا نوقم بووە، چۆن دەتوانێ نەسلی داهاتوو بەرەو ئاسۆی بەرز ببات. وە ئەو خوێندکارەی کە لە کلاسی پڕ جەمعییەت و لە مەدرەسەی کۆنە و بێ ئیمکاناتدا دەرس دەخوێنێ، چۆن دەتوانێ ئاواتی داهاتوویەکی بەرابەر و گەش لە دڵیدا پەروەردە بکات؟
بۆشایی چینایەتی کە ئەمڕۆ لە کۆنکوڕ، لە موعەدەل، لە فرسەتەکانی فێرکردندا ڕەنگی داوەتەوە، ئاوێنەی باڵانوێنی ئەم هەڵاواردنە سیستماتیکەیە. واتە ئەو هەڵاواردنەی کە داهاتووی نەتەوەیەک لەناو دەبات. ئەوەیکە لە سەدا ٨٠ی مەدرەسە دەوڵەتییەکان لە ڕەقابەت لەگەڵ مەدرەسە خسووسییەکاندا وەدوا کەوتوون، قووڵایی کارەساتەکە دەردەخات. هەر لەم ڕاستایەدا، خانەنشینان کە سەرمایەی ئینسانی و خەزێنەی ئەزموونن، ساڵەهایە مافەکانیان پشjگوێ خراوە و بەرپرسان خستوویاننە پەراوێزەوە و بە پیری و بە نەخۆشی و بە دەستی بەتاڵەوە ڕەها کراون. ئەم نادادپەروەرییە تەنیا ستەم بەرامبەر بە خانەنشینان نییە، بەڵکوو ستەمە بەرامبەر بە مێژووی پەروەردەی ئەم وڵاتە.
شۆرای هاوئاهەنگی هۆشدار دەدات: بەڵێنی بێ پشتیوانە و قسەی بێ بنەما ئیتر کڕیاری نییە. خەڵک، مامۆستایان و خوێندکاران، گەلێک جار بە ئەزموون بینیویانە کە بێجگەلە هاوپشتی و حزووری بەکۆمەڵ، هیچ ڕێگایەک بۆ وەدیهێنانی مافەکانیان بوونی نییە. لەم ڕووەوە، هەموو مامۆستایان بۆ یەکگرتن و بەشداری لە ڕێکخراوەکان بانگەشە دەکەین، بۆ ئەوەی دەنگی بەرزی عەداڵەتی پەروەردەیی، کەرامەتی مامۆستا و ئازادیی بیروباوەڕ ڕەساتر لە هەمیشە بە گوێی دەسەڵاتداران بگەیەنین.
داهاتوویەکی گەش تەنیا لە ڕێگەی یەکگرتن و هاوپشتییەوە دێتە دی. ئێمە خوازیاری ئەوەین کە پەروەردە و بارهێنان لە بەندی ئیدئۆلۆژی ڕەها بێت. بەخۆڕایی و بەرابەر لە ئیختیاری هەموو منداڵانی ئەم وڵاتەدا بێت و مامۆستا بە عیززەت و ئیحترامەوە لە پێگەی شیاوی خۆیدا بێت. ئەگەر ئەمڕۆ بۆ ئەم داخوازییانە تێنەکۆشین، سبەینێ شتێک لە هیوا و داهاتوو بۆ منداڵەکانمان نامێنێتەوە.
شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران
مانگی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە