ئاکامی خولی یەکەم و دووهەمی شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، بۆ جارێکی دیکە ئەو ڕاستییەی سەلماند کە زۆرینەی خەڵکی ئێران، خوازیاری ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە فاشیستییەن! ڕژیمی ئیسلامیی تاوان و تاڵان، لە ڕۆژی ٨ی پووشپەڕدا، چواردەهەمین دەورەی گاڵتەجاڕی ئینتخاباتی “سەرۆک کۆماری” بەڕێوەبرد. شانۆیەک کە لەم سیستمە ئیستبدادییە سیاسی و ئایینییەدا، بەدرێژایی ٤٥ ساڵی ڕابردوو بەردەوام بووە. هەتا ساڵی ٩٦ی هەتاوی ڕژیم دەیتوانی بە فریودانی ملیۆنان کەس لە خەڵک و یان بە پێکهێنانی کەشوهەوای ترس و تۆقاندن، ئەوان بەرەو سندووقەکانی دەنگدان و دەنگسازیی خۆی ڕابکێشێت. بەڵام لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی مانگی بەفرانباری ٩٦ەوە بەرەو ئەملا و لەگەڵ جێکەوتنی وتاری “ئیسلاح تەڵەب، ئوسوولگەرا، ئیتر تەواو بوو ماجەرا” زۆرینەی خەڵک بەتایبەت بەرەی کار و ڕەنج، بێجگەلە ڕووخاندنی گشت کۆماری ئیسلامی لەڕێگەی شۆڕشێکی خەڵکییەوە بیر لە شتێکی تر ناکەنەوە. لەم ڕووەوە لەماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا شایەدی ئەوە بووین کە زۆرینەی خەڵکی ئێران لە شانۆ ئینتخاباتییەکانی ڕژیمدا بەشداری ناکەن.
وڵامی “نا” بە ڕژیم لە خولی یەکەمدا هێندە بەهێز بوو کە سەرەڕای هەموو دەنگسازییەکان، خودی ڕژیم دانی بەوە دانا کە زیاتر لە ٦٠%ی خەڵک لە بەشداریکردن لە “ئینتخابات” خۆیان بواردووە. ئەوەش لە کاتێکدا بوو کە هەموو ڕاپۆرتەکانی خەڵک نیشانیان دەدا کە بەرینایی بایکۆتکردن یەکجار لە ڕێژەی ڕاگەیەندراوی ڕەسمی زیاتر بووە. خامنەیی کە هەمیشە دوای هەموو شانۆیەکی هەڵبژاردن دەهاتە مەیدان و دەستی دەکرد بە هەڵیت و پڵیت، ئەمجارە پێنج ڕۆژ بێدەنگیی گرتە بەر و سەرەنجام دوای ئەم پێنج ڕۆژە بە دەنگێکی لەرزۆکەوە ناڕەزایەتیی خۆی لەئاست ڕێژەی بەشداری دەربڕی. ئەم ناڕەزایەتییە لە هەمان کاتدا چرایەکی سەوز بوو بۆ باندەکانی حکوومەت کە لە خولی دووهەمدا بە هەر قیمەتێک کە بووە ڕێژەیەکی زیاتر و خوازراوتر ڕێکبخەن!!
بەمجۆرە بوو کە ئەم گاڵتەجاڕییە بۆ خولی دووهەم درێژ کرایەوە تا لە ڕۆژی هەینی ١٥ی مانگی پووشپەڕدا چارەنووسی کەسی سەرکەوتوو لەناو دوو ڕەقیبی کۆتایی واتە پزیشکیان و جەلیلی دیاری بکرێت. لەم قۆناغە بەرەو ئەملا هەموو ئامرازەکانی پڕوپاگەندە و میدیایی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بەکار گیران تا بە جێخستنی دوو قوتبییەکی درۆینە و بە بۆڵدکردنەوەی وتاری خراپ و خراپتر، بە یارمەتیی ڕێفۆرمخوازانی دۆڕاو و توودەیی و ئەکسەریەتی و ئەحزابی ناسیۆنالیستی وەک حیزبی دێموکرات و پەژاک و مەزهەبییە کۆنەپەرستەکانی خووزستان، بەشێک لە خەڵک سەرەڕای ناڕازیبوونیان لە ڕژیمی ئیسلامی، بەرەو سندووقەکانی دەنگدان بەرن. ئەم بەشە لە خەڵکی ناڕازی ئەگەرچی دەزانن لە ڕژیمی ئیسلامیدا، ئامرازە سەرەکی و ستراتێژیکەکانی نیزام لە دەستی بەیتی ڕێبەری و ناوەندە ئەمنیەتی و نیزامی و قەزاییەکاندایە و سەرۆککۆمار تەداروکچییەک زیاتر نییە و ئەگەر بیشیهەوێ بچووکترین گۆڕان پێکبێنێ ناتوانێ و بەرەوڕووی بەربەستی بەهێز دەبێتەوە، بەڵام خۆیان بەوە فریو دەدەن کە سەرۆککۆماریی پزیشکیان، ئەوزاعی ئێران بڕێک باشتر دەکات.
کەوابوو ئەم بەشە بچووکە لە خەڵک بە تاقیکردنەوەی تاقیکراوەکان و بە وتاری کۆنەی “هەڵبژاردن لە نێوان خراپ و خراپتر”، سەرەڕای بایکۆت کردنی خولی یەکەم، حازر بوون لە خولی دووهەمدا لەم یارییە کە ئاکامەکەی بۆ هەردووک لا دۆڕان بوو، بەشداری بکەن. ئەگەرچی ئیدیعای ڕژیم سەبارەت بە بەشداریکردنی ٤٩%ی خەڵک لە خولی دووهەم کە ٢%یشی دەنگی نادروستە، بەهیچ شێوەیەک ڕاست نییە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئاستی بایکۆتی خەڵک هێندە بەرین بوو کە ئیجازەی ساختەکاریی زیاتری بە ڕژیم نەدا و خودی حکوومەت دانی بەوە دانا کە بۆ جارێکی تر زۆرینەی خەڵک واتە ٥١% لە خولی دووهەمی ئەم شانۆیەدا بەشدارییان نەکردووە.
ئێستا دوای کۆتایی ئەم شانۆ گاڵتەجاڕانەیە، مەسعوود پزیشکیان بووەتە سەرۆک کۆماری نوێی ڕژیمی تاوان و تاڵان. کەسایەتییەکی لاواز کە گەلێک جار لە جەریانی وتار و ڕووبەڕووبوونەوە ئینتخاباتییەکاندا، وەفاداریی تەواوی خۆی بە “ڕێبەری باڵا” ڕاگەیاندووە و دەستبەجێ دوای سەرکەوتنیشی بە حزووری لەسەر گۆڕی خومەینیی جەللاد، دەستخۆشیی لە خامنەیی کرد کە ئیجازەی دا ناوی لە سندووقی دەنگدان بێتە دەر. وە بە ناردنی نامەی بۆ ڕێبەری حیزبوڵڵای لۆبنان سەلماندنی کە قەرار نییە تەنانەت لە بواری سیاسەتی پشتیوانیی ماڵی و نیزامی چەندین ملیارد دۆلاری لە هێزە نیابەتی و کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان لە ناوچەکە، هیچ کەموکوڕییەک پێکبێت. هەڵبەت لە ڕۆژانی نزیک بە “هەڵبژاردنەکان”یش محەممەد موخبێر جێگری ئیبڕاهیم ڕەئیسی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی شانگهای لە دیدارێکدا لەگەڵ پوتین، دڵنیای کردەوە کە گۆڕانی سەرۆک کۆمار هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لەوانە درێژەی پەیوەندی لەگەڵ ڕووسیە پێکناهێنێت.
کەوابوو بە هاتنە سەر کاری پزیشکیان قەرار نییە هیچ کام لە سیاسەتە لاوەکی و سەرەکییەکانی ئەم ڕژیمە بگۆڕێت. ئیستبدادی سیاسی، سەرکوتی فاشیستی بزووتنەوە و ئاخێزەکان، دەسەڵاتی کۆنەپەرستانە لەسەر بنەمای بناژۆخوازیی ئیسلامی، هەڵاواردنی ڕەگەزی و بۆ نموونە درێژەی سیاسەتی داسەپاندنی حیجابی ئیجباری بەسەر ژنان، سەرکوتی بەردەوام و ئێعدام، داسەپاندنی هەڵاواردن بەسەر کەمینەی نەتەوەیی، ڕەگەزی، ئایینی و ئاراستەی جنسی، درێژەی تاڵان و چەوساندنەوە لە جەرگەی پەرەسەندنی نابەرابەریی چینایەتیی جێکەوتوو لە نیزامی سەرمایەداریی ئێران، درێژەی ڕانتخۆری و گەندەڵی سیستماتیک و درێژەی بەفیڕۆدانی سەروەت و سامان بەئامانجی تەقویەتی هێزە نیابەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شوێنەکانی تری جیهان، درێژەی ماجەراجویی ئەتۆمی و نیزامی و درێژەی تیرۆر و ئێعدام و کوشتار … بێگومان هەروا بەردەوام دەبێت و هیچ گۆڕانێکی بەسەر نایەت.
کەوابو ئاستی باڵای نیزام هیچ نیگەرانییەکیان سەبارەت بە هەڵبژاردنی پزیشکیان نییە و ئەو لە جنسی خۆیانە. بەڵام دەتوانن لە ناوبراو وەک ویترینێکی “ڕازاوەتر” لە وتووێژەکانی ڕژیم لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی کەڵکی لێوەرگرن. چونکە هەروەک خودی پزیشکیان و هێندێک لە کاندیدەکانی تر لە جەریانی ڕووبەڕووبوونەوەکانی ئینتخاباتدا باسیان کرد، گەمارۆ نێونەتەوەییەکان بەتایبەت لە بواری دارایی، فشاری زۆری خستووەتە سەر ڕژیم و بەرەوڕووی کێشەی گەورەی ئابووریی کردووەتەوە. هەروەها ڕێبەریی نیزام، لەو خەون و خەیاڵەدایە کە لەڕێگەی پزیشکیانەوە بەشێک لە خەڵک ئارام بکاتەوە. غافڵ لەوەیکە ئەم تاکتیکە کۆنەیە چیتر جواب ناداتەوە و زۆرینەی خەڵک بێجگەلە ڕووخاندنی ڕژیم و شۆڕشی کۆمەڵایەتی بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی، یەکسانی، خۆشبژێوی، شادی و کەرامەتی ئینسانی بیر لە شتێکی دیکە ناکەنەوە. وە ئەو بەشە یەکجار بچووکەش لە خەڵک کە حازر بوون بۆ جارێکی تر فریو بخۆن و لە نمایشی ئینتخاباتی ڕژیمدا بەشداری بکەن، زۆر زوو تێدەگەن کە لە چوارچێوەی ئەم نیزامەدا، نەتەنیا هیچ ڕێگایەک بۆ ڕزگاری بوونی نییە، بەڵکوو تەنانەت چکۆلەترین ئیسلاحاتیش ناتوانێ بێتە دی. هەڵبەت دوو دەورەی سەرۆک کۆماری محەممەد خاتەمی و دوو دەورەی سەرۆک کۆماری حەسەن ڕووحانیش ئەم ڕاستییەیان بەباشی سەلماند.
کەوابوو تا ئەو جێیەی بە هێزی چەپ و شۆڕشگێڕ و بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەوە پەیوەندیی هەیە، بەڕێوەچوونی چواردەهەمین خولی “هەڵبژاردنەکان”ی سەرۆک کۆمار هیچ گۆڕانێکی لە ستراتێژی سیاسیی ئێمەدا پێکنەهێناوە، بەڵکوو بۆ جارێکی تر ڕاستبوون و ڕەوابوونی سەلماندووە. زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگا کە لە دیکتاتۆری، کۆنەپەرستی، هەژاری، هەڵاواردن و نابەرابەری وەگیانهاتوون، بە درێژەدانی بزووتنەوە و هەڵبەت بە ئەزموون وەرگرتن لە ئاخێزە ئینقلابییە مەزنەکانی ساڵانی ڕابردوو، تێدەکۆشن ئاڵقەی گەمارۆ بەدەوری دەسەڵاتی ئیسلام و سەرمایە تەنگتر بکەنەوە و بۆ هەمیشە بیخەنە ناو زبڵدانی مێژووەوە. بێگومان هەر ڕێگایەکی تر بێجگەلە ئەمە سەرابە.
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی!
بژی ئازادی! بژی سۆسیالیزم!
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
١١ی جولای ٢٠٢٤ی زایینی
واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلیەت