زیاتر لە سەد ڕۆژە بۆ دیفاع لە ژیان و بژێو و کەرامەتی ئینسانیمان لە نەبەردێکی سەختدا بەسەر دەبەین. قەتڵی مەهسا ئەمینی قین و تووڕەییمانی هەڵچوواند. زیندانەکان پڕ بوون لە لاوان و تازەلاوان کە هەموویان جگەرگۆشەی ئێمەی خەڵکن. هەر لەم ماوەیەدا نزیکەی ٦٠٠ کەس بە تەقەی گولـلە و یان لە زیندانەکاندا لەژێر ئەشکەنجە گیانیان لەدەست داوە. زۆربەیان لاوان و تازەلاوان و تەنانەت منداڵانێکی دە ساڵەی وەک “کیان پور فەلەک”ن.
هێزە سەرکوتگەرەکان لەسەر شەقامەکان پەخش و پەڕاکەندەن و لە هاتووچۆ دان. لەم ماوەیەدا دەیان هەزا کەس دەستبەسەرکراون و حکوومەت لەگەڵ دەستگیرکراوان وەک دیلی شەڕ هەڵسووکەوت دەکات و بە ئەشکەنجە، دەستدرێژی و مەرگی خامۆشی زیندانییان، سەرکوتی بەوپەڕی خۆی گەیاندووە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ حوکمی ئێعدامی زیاتر دەردەکات. بۆ نموونە لە ١٧ی مانگی سەرماوەز تا بەفرانبار چوار لاوی شۆڕشگێڕ، ٤ کرێکاری ناڕازیی بەناوەکانی موحسین شکاری، مەجیدڕەزا ڕەهنەوەرد، محەممەد مێهدی کەرەمی و محەممەد حسێنیی ئێعدام کردووە. ئێمە تەئکید دەکەینەوە کە وڵامی ئەم ئێعدام و سەرکوتە بەرینانە، ناڕەزایەتی و مانگرتنی سەرانسەرییە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە لە پەنا ئەم سەرکوتانەوە مەعیشەتی ئێمە کرێکاران و خەڵک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر تاڵان دەکرێت و هێڵی هەژاری گەیشتووەتە سی ملیۆن و بەرینایی هەژاری و برسیەتی و نەبوونی مەسکەن و ئاوارەیی کارەساتبارە.
ئێمە کرێکاران لە هەژاری و ژیانی ژێر هێڵی هەژاری و بێ مافی، لە زیادکرانی کەم و بێ بایەخی حەقدەست و ژیانی ژێر هێڵی هەژاری، لە هەموو ڕۆژێ ڕاکردن بەشوێن حەقدەستی دواخراو و جادە داخستن، لە زۆروێژیی پەیمانکارانی مفتەخۆر و دەرکێشانی پەیکەری هاوکارانمان لە کوورەکانی ئاگر، وەگیان هاتووین و ئەم وەزعە ئیتر بۆ هیچ کەس قابیلی دەوام نییە. مەعیشەت و مەنزەلەت، مافی ڕەوای ئێمەیە.
مەهسا ئەمینی ئەم کچە لاوەی کە هەزار ئاواتی لە دڵدا بوو تەنیا و تەنیا بەخاتری حیجاب دەستگیر کرا و کوژرا. زۆر ژنی تریش هەر بەم تاوانە گیانیان لەدەست داوە و یان ژیانیان کەوتووەتە مەترسیەوە و زیندانی کراون و دەستبەسەرن. ئەم هەمووە ستەم و هەڵاواردن و تاوانە دژبە ژن پێویستە کۆتایی پێ بێت و ئەمانە هەموویان ژانی هاوبەشی ئێمەی خەڵکە کە هاتووینەتە شەقامەکان و هەموو دەردەکانمان وێڕای دروشمی ژن، ژیان، ئازادی هاوار دەکەین و بێگومان ئەم بزووتنەوەیە تا گەیشتن بە ئامانجی ڕاناوەستێ. ئێمە کۆیلە نین کە هەموو ڕۆژێ حوکمیان بەسەر کار و ژیانماندا بسەپێنن. ئێمە بە مانای ڕاستەقینەی وشە خوازیاری ئازادی و ڕەفاه و ئاسایشین. ڕێگای ڕزگاری لەم وەزعییەتە هاوپشتی و یەکگرتنی ئێمەی خەڵکە.
ئەمڕۆ کاتی ئەوە هاتووە کە ئێمەی کرێکاران، ئێمەی مامۆستایان، ئێمەی خانەنشینان، ئێمەی لاوان، خوێندکاران، ئێمەی داکۆکیکارانی مافی ژن و مافی منداڵ و ئێڵ جی بی تییەکان، ئێمەی ژینگە پارێز و ئێمەی وەگیان هاتوو و ناڕازی ڕیزێکی واحید پێک بێنین و بە یەکگرتن لە دەوری خواستە سەرەکییەکانمان سەنگەرێکی قایم دروست بکەین بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو و سەرکەوتنی نیهایی. لە پێوەند لەگەڵ بارودۆخی هەستیاری ئێستا شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانیی نەوت لەسەر خواستە خێراکانی خوارەوە تەئکید دەکات.
شۆرا چاوەڕوانی ئەوە دەکات کە کرێکارانی نەوت و هەموو کرێکاران، مامۆستایان، خانەشینان، خوێندکاران، داکۆکیکارانی مافی ژن، داکۆکیکارانی مافی منداڵ، پشتیوانیی خۆیان لەم خواستانە ڕاگەیەنن و لە دەوری دروشمی ژن، ژیان، ئازادی یەکگرتوویی و هاوپشتی پێک بێنن و پێمان پەیوەست بن.
١ – ئازادی، ئازادی دروشمی ئێمەیە و ئێمە خوازیاری ئازادیی دەستبەجێ و بێ شەرت و مەرجی هەموو دەستبەسەرکراوان، هەموو ئەو ئینسانانەین کە بەخاتری بیروباوەڕ و ناڕەزایەتی زیندانی کراون. ئێمە خوازیاری کۆتایی هێنان بە پەروەندەسازیی ئەمنییەتی دژبە نەیاران و ناڕازییانین لە ژێرناوی موحاربە و تێکدانی نەزم و ئەمنییەتی کۆمەڵگە و تۆمەتەکانی تر.
٢ – ژن، ژیان، ئازادی یانی کۆتایی هێنان بە حوکمی کۆنەپەرستانەی “ئێعدام” بە بێ هیچ شەرت و مەرجێک. سەرجەم حوکمەکانی ئێعدام پێویستە دەستبەجێ هەڵوەشێنەوە. هەروەک لە شوێنی تریش نووسیومانە و هاوارمان کردووە: ئێعدام قەتڵی لەئانقەستی حکوومەتییە و هیچ ئینسانێک بە هیچ دەلیلێک نابێ ئێعدام بکرێت. ئێمە خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی سزای ئێعدامین.
٣ – ئێمە خوازیاری کۆتایی هێنان بە هەر جۆرە ستەم و سووکایەتی و هەڵاواردنین دژبە ژنان و پێویستە ئاپارتایدی جنسیەتی لە کۆمەڵگەدا کۆتایی پێ بێت. هەروەها ئێمە لەسەر جیایی دین لە دەوڵەت و ئیدارەی کۆمەڵگە تەئکید دەکەین. بە باوەڕی ئێمە ئایینی ڕەسمی، بوارێک لە داسەپاندنی دیکتاتۆرییە بەسەر کۆمەڵگەدا و زیانەکانیمان بەباشی تەجروبە کردووە. ئینسانەکان دەتوانن هەر جۆرە ئایینێکیان هەبێت یان ئەسڵەن ئایینیان نەبێت و بەڕەسمی ناسینی ئەم ئەسڵە مەرجێکی گرینگی ئازادیی ڕادەربڕین و بیر و باوەڕە لە کۆمەڵگەدا.
٤ – ئازادیی بەڕێوەبردنی ناڕەزایەتی، کۆبوونەوە، مانگرتن، خۆپیشاندان ئازادیی بێشەرت و مەرجی بەیان و ئەندێشە مافی سەرەتایی ئێمەی خەڵکە و پێویستە بە بێ هیچ شەرت و مەرجێ بەڕەسمی بناسرێت. پێویستە ئەمنییەتی کردنی خەبات و دیاردەی تاوانی سیاسی و زیندان و زیندانیی سیاسی کۆتایی پێ بێت.
٥ – کورد، بەلووچ، ئازەری، ئازادی، بەرابەری دروشمی ناڕەزایەتیی ئێمەیە دژبە هەڵاواردن و نابەرابەری و هەرجۆرە تەفرەقەنانەوەیەکی قەومی. ئێمە خوازیاری بەڕەسمی ناسینی مافی یەکسانین بۆ هەموو هاووڵاتییانی ئێران بەبێ لەبەرچاوگرتنی بیروباوەڕ، ئایین، قەومییەت، جنسییەت و ئاراستەی جنسی و خوازیاری لەناوبردنی هەموو جۆرە هەڵاواردن و نابەرابەرییەکی مەدەنی و ئابووری و چینایەتین.
٦ – ئێمە هیچ هێزێک بەسەر سەرمانەوە تەحەمول ناکەین، چ لە کاردا و چ لە ژیاندا. خواستی ئێمە ئیدارەی شۆرایی و جەمعیی کۆمەڵگەیە. ڕاگەیاندنی ئەم خواستە لانیکەمانە یەکەمین هەنگاوی داسەپاندنی ئیرادەی بەکۆمەڵی ئێمەی خەڵکە بۆ یەکگرتوویی و ڕەقەم لێدانی چارەنووس و داهاتوومان. لە دەوری خواستی ڕاگەیەندراوی ئەم بەیاننامەیە یەکگرن و هاوڕێمان بن.
ئێمە دیسانیش لەسەر مانگرتنی سەرانسەری تەئکید دەکەین.
شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانیی نەوت
٢١ی بەفرانباری ١٤٠١
تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە