فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی ناوەندی نووسەرانی ئێران بەبۆنەی پەنجا و شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئەم ناوەندە
شەممە ۰۱-۰۲-۱۴۰۳   |  20-04-2024

“ئازادیی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین … پێویستییە”

پەنجا و شەش ساڵ لەمەوبەر، لە مانگی گوڵانی ١٣٤٧ی هەتاوی زەروورەت و “پێویستییەک” کۆمەڵێک لە شاعیران و نووسەرانی لە دەوری یەک کۆکردەوە؛ پێویستیی پێکهێنانی ڕێکخراوێکی سینفیی بە بێ بەسترانەوەی بە هیچ دەسەڵات و ناوەندێکی حکوومەتی و بەرامبەر بە پێکهێنانی کۆنگرەی فەرمایشیی بەناو “کۆنگرەی نووسەران و شاعیران و وەرگێڕان”. ئەوان بەدروستی بەوە گەیشتبوون کە ئامانجی ئەمجۆرە بەرنامانە چاوەدێری و زاڵکردنی حکوومەتە بەسەر ئەهلی قەڵەم و سەرپۆشکردنی سەرکوتی دەنگی سەرەبەخۆ و زەبروزەنگ بەسەر کۆمەڵگەدایە؛ دەیانزانی کە داهێنان و پشکووتنی ڕاستەقینەی هونەر و ئەدەب تەنها لەژێر سێبەری ئازادیی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین دێتە دێ و سنوورداکردنی زەین و زمانی ئینسان، سووکایەتی و بێ ڕێزی بە ئینسانە. ئەوان دەیانزانی بەرەنگاربوونەوەی شێوازە نوێیەکانی سانسۆر و بەرگریکردن لە ئازادی ڕادەربڕین پێویستی بە فۆرم و ڕێکخستنێکی نوێ هەیە. بۆیە کۆبونەوە و نەخشەی دامەزراندنی ناوەندێکی نوێیان داڕشت: ناوەندی نووسەرانی ئێران.

پەنجا و شەش ساڵ بەسەر دامەزراندنی تاکە ڕێکخراوی سەربەخۆ و پایداری ئەهلی قەڵەم لە ئێران تێدەپەڕێت. ئەمڕۆ بە چاوگێڕانێک بەسەر مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی ئەم ناوەندە بۆمان دەردەکەوێ کە ڕووناک ڕاگرتنی وەها چرایەک لەم وڵاتەدا لەژێر سایەی حکوومەتە دیکتاتۆرەکان، چەندە دژوار و تاقەتپڕووکێنە. هەڕەشە و گرتن و ئەزیەت و ئازاری ئەندامان هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، کە بە ناچار بووە هۆی داخستنی کاتی و هەندێکجاریش درێژخایەن لە قۆناغە جیاوازەکاندا؛ کوشتنی ئەندامە کاریگەر و پابەندەکانی لە ناوەڕاستی دەیەی حەفتا؛ بانگکردنی یەک لە دوای یەکی ئەندامان لەماوەی ساڵانی ڕابردوو و پەروەندەسازی و دەرکردنی حوکمی زیندانی درێژماوە بۆیان و … نیشانی دەدات کە زیاتر لە نیو سەدە خەبات لەدژی سانسۆڕ و لەپێناوی بەرگریکردن لە ئازادیی ڕادەربڕین، پێداگری لەسەر هەڵوێستی ئازادیخوازانەی مەنشوور و ئەساسنامەی ناوەندی نووسەرانی ئێران، بەڕاستی کارێکی گەورە و گران بووە!

ئەمڕۆ لە ئاکامی ساڵەها هەوڵی بەردەوام و لێبڕاوانەی کەسانێک کە ژیان و تەمەنی خۆیان لەم ڕێگایە داناوە، خەبات لەدژی سانسۆڕ و لەپێناوی ئازادیی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین بووەتە داخوازییەکی گشتی. ئەم زەروورەتە لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا گەلێک جار بە دەنگی ڕەسا هاوار کرا.

لە پەنجا و شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی ناوەندی نووسەرانی ئێران وێڕای پیرۆزبایی لە یاران و ئەهلی قەڵەم، یادی گیان بەختکردووانی ڕێگای ئازادی – ئەحمەد میرعەلایی، غەفار حسێنی، محەممەد موختاری، محەممەد جەعفەر پوویەندە و بەکتاش ئابتین – و سەرجەم یارانی کۆچکردوومان کە بە نووری ژیانیان بەشێک لەم ڕێگا دوور و هەناسەبڕەیان بۆ ڕووناک کردووین، بەرز ڕادەگرین.

ناوەندی نووسەرانی ئێران

٣١ی خاکەلێوەی ١٤٠٣