فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی ناوەندی نووسەرانی ئێران بۆ ڕێزگرتن لە یادی ئەحمەد شاملوو
پێنجشەممە ۰۴-۰۵-۱۴۰۳   |  25-07-2024

هەموو وشەکانی جیهانمان لە ئیختیاردا بوو

ئەوەمان نەگوت

کە بەکار بێت

چونکە تەنیا یەک وشە

یەک وشەیان لە نێودا نەبوو:

ئازادی!

٢٤ ساڵ بەسەر کۆچی شاعیری گەورەی ئازادی و ئینسان، ئەحمەد شاملوودا تێدەپەڕێت. بەڵام گیانی خرۆشاوی لە تانوپۆی شعرە پڕ لە سۆز و هیوابەخشەکانی و لە بیری بەرز و ئینسانمیحوەریدا زیندووە و تا ئێستاش هاواری پڕخرۆش و بەهێزی ئازادی دەخاتە سەر لێوی گوڵە سوورەکان. ئەو، کە ڕۆژگاری بێئۆقرەی لە خەبات لەگەڵ دوو ئیستبداددا بەسەربرد، بە پشتیوانی جەماوەر، هەرگیز ملکەچی هیچ دەسەڵاتێک نەبوو، تەنانەت وەک خۆی لە شێعرێکدا دەنووسێ: دوژمن نا! ئەو بە هەموو دیکتاتۆرەکانی دەوران نای وت.

بامدادی شاعیر بەڕاستی هێما و سەمبۆلی ڕووناکبیریی سەربەخۆ، ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی بوو. کە ئەرکی دژواری پابەندبوون بە ئارمانە بەرزە ئینسانییەکان و خەبات لەدژی هەموو جۆرەکانی بەندکردن و سڕینەوە و سانسۆڕی هەڵبژاردبوو. ئەو لە ئەندامانی دێرین و بەڵێنداری ناوەندی نووسەرانی ئێران بوو و لەو ڕاستایەدا لەگەڵ دەستپێکی دووهەمین قۆناغی چالاکیی ناوەند لە ساڵی ١٣٥٨، بۆ ئەندامی هەیئەتی دەبیرانی ئەوکات هەڵبژێردرا و لەم پێناوەدا لە هیچ هەوڵ و تێکۆشانێک بۆ وەدیهێنانی ئارمانەکانی ناوەندی نووسەران و پەیڕەوکردنی مەنشوور و ئەساسنامە دەریغی نەکرد. شاملوو بە ئیمزای بەیاننامەی “ئێمە نووسەرین” ناسراو بە “دەقی ١٣٤ نووسەر”، ناڕەزایەتیی ئاشکرای لەدژی هەموو جۆرەکانی بەندکردن و سڕینەوە و سانسۆڕ و باوەڕی قووڵی بە ئازادیی ڕادەربڕین و بیروباوەڕ، بە بێ جیاوازی بۆ هەمووان، بۆ جارێکی تر لێبڕاوانە دەربڕی.

ئەو ئامانجی شێعری گۆڕینی جیهان و شاعیری بە کەسێکی ئەوپەڕی بەڵێندار بە ئینسان دەزانی. لەم ڕووەوە جیهانی وشەکانی بەجۆرێک باوەشیان بەڕووی زەین و زمانی خەڵکدا کردبووەوە کە هەرچی دەزگای ئەهریمەنیی سانسۆڕ زیاتر هێرشی دەکردە سەر شێعر و نووسراوەکانی، ڕێز و حورمەت و خۆشەویستیی شاعیر و نفووزی کەلامی لەناو خەڵکدا زیاتر دەبوو. لە سەردەمێکدا کە گیانی زەنجدیدەی کرێکار و گەرووی برینداری داکۆکیکارانیان بۆ تاڵانکردن و پەتی سێدارە دەوێ و زولفی ڕەهایان بۆ تەحەمول ناکرێ. لە بارودۆخێکی سەخت و دژواردا کە بوغزی سفرەی بەتاڵ لە غەمی ناندا دەشکێ و گیان و ژیانی خەڵک لە بازاڕی سووددا تاڵان دەکرێ. لە ڕۆژگارێکدا کە لەشکرکێشیی سەرشەقام بۆ سەرکوتکردنی ژنان و پەروەندەسازیی ئەمنیەتی بۆ هەڵسووڕاوانی کرێکاری، موعەلیمان، خانەنشینان، جیابیران، چالاکانی میدیایی و ئەهلی فکر و فەرهەنگ، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاستێکی کارەساتبارتر بەخۆی دەگرێ. لە ڕۆژگاری بەردەوامبوونی فریو و مردنی فەزیلەتدا، یاد و بیرەوەرییەکانی ئەو زیاتر لە هەمیشە دیتەوە بیرمان و دێنەوە بەرچاومان:

ئاخ! ئەگەر ئازادی سروودێکی وتبا …

بەڵێ، شاملۆ هێمای ئەوانەیە کە ئاواتی جوانی ئازادی بە هەزار زمان هاوار دەکەن. گڵکۆکەشی ژوانگەی ئەوانەیە کە دەخوازن هەموو ئینسانەکان بۆ هەمیشە سەربەست و ئازاد بژین.

زێزلێنان لە شاملوو، ڕێزلێنان لە ئازادی و ستایشی ئەو ئازادیخوازەیە کە هەتا دوایین هەناسە لە بەرەی جەماوەردا مایەوە و سەری بۆ هیچ هێز و دەسەڵاتێک دانەنەواند.

لە بیست و چوارەمین ساڵوەگەڕی کۆچی ئەحمەدی شاملوو، ئەندامی ناوەندی نووسەرانی ئێران لەگەڵ یاران و خۆشەویستانی بامدادی شاعیر، هەروەک ساڵانی پێشوو، ڕۆژی سێشەممە دووی مانگی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی کاتژمێر ٥ی ئێوارە لە گۆڕستانی ئیمامزادە تاهیری کەرەج، وێڕای بەدەستەوەگرتنی گوڵی سوور، کۆدەبینەوە تا مەزاری گوڵباران بکەین.

ناوەندی نووسەرانی ئێران

٣١ی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی