فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی ناوەندی نووسەرانی ئێران بەبۆنەی دووهەمین ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”
شەممە ۲۴-۰۶-۱۴۰۳   |  14-09-2024

“ژن، ژیان، ئازادی” هاواری بەرزی ئازادیخوازی!

ڕۆژ نییە شەقامەکانی ئێران شایەدی دیمەنەکانی موقاومەتی ژنان نەبێت. ئەو بزووتنەوەیەی لە دوای قەتڵی مەهسا (ژینا) ئەمینی کەوتە ڕێ، بزووتنەوەی ئازادیخوازیی لەمێژینەی خەڵکی ئێرانی لە دژوارترین ڕێگاکان تێپەڕاند. ژنان کە لە یەکەمین ڕۆژەکانی هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامییەوە دژی سەرکوتی بەرینی ئەم دەسەڵاتە وەستابوونەوە و خۆیان بەتەنیا دەبینی، لە ساڵی ١٤٠١دا بوون بە بەشێکی چارەنووسسازی بزووتنەوەی ئازادیخوازی. ئەمڕۆ ئیتر لە نێوان یەکسانیخوازیی ژنان و خواستەکانی دیکەی دژی ستەم، سنوورێکی ئاشکرا نابیندرێ. بزووتنەوەی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی کۆمەڵی پڕژوبڵاوی ئازادیخوازانی لە دەوری یەک کۆکردەوە و نیشانی دا کە تێکۆشان و چالاکییان کاتێک پایەکانی ئیستبداد دەخاتە لەرزە کە ببنە پەیکەرێکی واحد. ئێستا ئیتر خواستەکانی ژنان تەنیا تایبەت بە خۆیان نییە. بەڵکوو بووەتە بەشێکی جیانەکراو لە خواستی خوێندکاران، کرێکاران و خانەنشینان و ڕێکخراوەکانی دیکە. هەروەک چۆن ئەمڕۆ ئازادیی ڕادەربڕین داخوازییەکی گشتییە.

لە بەرامبەردا، حکوومەتیش بەردەوام سەرکوت و زەبروزەنگی پەرەپێداوە و “خودای دەیەی شەست” لەماوەی ئەم دوو ساڵەشدا بەشێوەی جۆراوجۆر فتوای سەرکوتی دەرکردووە. ژمارەیەک لە ناڕازییان هەروا لە زینداندا بەسەر دەبەن، دادخوازان هەروا دەکەونە بەر هێرشی هێزە ئەمنیەتییەکان، ئازاری بنەماڵەی گیانبەختکردووان بێ پسانەوە و هێندێک جار وێڕای فشاری ئابووری درێژەی هەیە، چالاکانی پیشەیی و مەدەنی لە بێنەوبەرەی دەستبەسەرکران و موحاکمە دان، نووسەران و هونەرمەندان کەوتوونەتە ژێر تیغی “پەروەندەی کراوە” و ژنان بە ترسی ڕفێندرانەوە دێنە سەر شەقامەکان.

لەدوای هەڵبژاردنی ئەم دواییەش حکوومەت شانۆیەکی تازەی دەستپێکردووە کە یەکێک لە بنەماکانی بەڵگەنامەیەکە لەژێرناوی “یاسای بەرنامەی حەوتەمی پێشکەوتنی کۆماری ئیسلامی”. دەقێک کە ڕوونی نیشانی دەدات کە “پێشکەوتن” تەنها ئەنجامی جێبەجێکردنی شەش بەڵگەنامەکەی پێشوو دەبێت. بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم دەقە، “گەشەی تۆڕی نەتەوەیی زانیاری”، “وەڕێخستنی سیستەمی چاوەدێری”، “جێگیرکردنی فەریزەی ئیلاهیی ئەمری بە مەعڕووف و نەهی لە مونکەر” و … پێشوەختە تەکلیفی ژن، ژیان، ئازادییان ڕۆشن کردووە. بەڵگەیەکە بۆ درێژەی سەرکوتی ئازادی و تەیارکردنی زیاتری حکوومەت بەو یاسانەی کە دەستێوەردان لە ژیانی خەڵک پەرەپێدەدەن و ئازاد ژیانیش نامومکین دەکەن. سەردێڕی فەسڵی ١٦ دەرخەری نیگای کۆماری ئیسلامی بە ژنانە:”ژن، خانەوادە و جەمعییەت”. واتە ژن بۆ حکوومەت تەنیا ماشێنی منداڵ بەدنیا هێنانە. لە ڕوانگەی حکوومەتەوە ئەم ژنە دەبێ “تەربیەت” بکرێت و “ئۆلگووی ژنی مسوڵمان” بێت. هەڵبەت ئەم “تەربیەت”ەش هەمان تەسلیم و ڕام کردن بە زەبری تیر و شەللاقە. هەمان “ئیرشاد”ە لەڕێگەی زیندانیکردن و پەتۆپێچکردن و کوشتنەوە.

خوێندنەوەی ئەو بەڵگانەی کە یاساکانی سەرکوت ڕێکدەخەن پەنجەرەیەک دەکاتەوە کە لە ڕێگەیەوە دەتوانین سەیری دەیان ساڵ سەرکوتی بێوچان و کوشتاری ناڕازییان و وەگیانهاتووان بکەین و دڵنیا بین کە هەر گۆڕانکارییەک تەنیا بە هێزی خەڵک بەدی دێت نەک بە کۆدەنگی فەرمانڕەواکان. یاد کردن لە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” بیرهێنانەوەی ئەم حەقیقەتەیە. زەنگی بەخەبەربوون و وشیاربوونە. تێپەڕینی کات هەندێک جار ، لە سایەی سەرکوتی هەناسەبڕدا، لەبیرچوونەوە دەهێنێت و بێهیوایی پەرەپێدەدات؛ کەوابوو پیرۆز بێت دووهەمین ساڵیادی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ١٤٠١ی هەتاوی.

ناوەندی نووسەرانی ئێران بە پشت بەستن بە بڕگەی یەکەمی مەنشوورەکەی، خواستی ئازادی ڕادەربڕین کە بەشێکی دانەبڕاوە لە جەستەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بە دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”یەوە دەبەستێتەوە و بۆ جارێکی دیکە بە دەنگی بەرز پشتیوانی خۆی لە داخوازییە ڕەواکانی خەڵک و دادخوازان و زیندانیانی سیاسی ڕادەگەیەنێت.

ناوەندی نووسەرانی ئێران

٢٤ی خەرمانانی ١٤٠١