فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی ناوەندی نووسەرانی ئێران لە ناڕەزایەتی بە دەرکردنی حوکم دژبە چالاکانی مافی ژنان لە گیلان
دوشەممە ۱۳-۰۱-۱۴۰۳   |  01-04-2024

لە هەواڵەکاندا هاتووە کە: “لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ڕەشت زۆهرە دادڕەس، چالاکی مافی ژنانی بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپی نایاسایی بە ٦ ساڵ و یەک ڕۆژ زیندان و بە تۆمەتی کۆبوونەوە و تەبانی بە مەبەستی تێکدانی ئەمنیەتی وڵات بە ٣ ساڵ و ٦ مانگ و یەک ڕۆژ زیندانی تەعزیری مەحکووم کردووە. هەروەها فرووغ سەمیعنیا، سارا جەهانی، مەتین یەزدانی، یاسەمین حەشدەری، شیوا شاهسیا، نگین ڕەزایی، زارا دادڕەس و ئازادە چاوشیان بە تۆمەتی کۆبوونەوە و تەبانی، هەرکام بە ٣ ساڵ و ٦ مانگ و یەک ڕۆژ زیندان و بە تۆمەتی ئەندامیەتی لە گرووپی نایاسایی هەر کام بە ٢ ساڵ و ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانی تەعزیزی مەحکووم کراون. ئەم دادگایە هەروەها جلوە جەواهری و هوومەن تاهریی بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی نیزام بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کردووە”. واتە ئەم ١١ چالاکەی بزووتنەوەی ژنان سەرجەم بە زیاتر لە ٦٠ ساڵ زیندان مەحکووم کراون.

لە ئێران دەرکردنی ئەم جۆرە حوکمانە نە هیچ کەس سەرسام دەکات و نە هۆکارە بۆ ترس و دڵەڕاوکێ. وە ئەمەش نیشانەی سەرکوتی بێسنوورە. کۆمەڵگایەک کە دەیەی خوێناوی ٦٠ی هەتاویی تێپەڕاندووە و شایەدی ئەوە بووە کە چۆن ڕۆڵەکانیان، لاوان و تازەلاوانیان، تەنانەت بەخاتری خوێندنەوە یان ڕاگرتنی گۆڤارێک یان لایەنگری لە فڵان ڕێکخراوی سیاسی ئێعدام کراون، شایەدی هێرشی خوێناویی حکوومەت تەنانەت بۆسەر ناڕەزایەتی سادە و هێمنانەی خەڵک بووە، کۆمەڵگایەک کە بە دەیان ساڵ بە چاوی خۆی بینیویەتی کە حوکمی هەزاران ساڵ زیندان بەسەر کۆمەڵی ڕەخنەگران و ناڕازییان و نەیاراندا سەپاوە، وەها کۆمەڵگایەک باش دەزانێ کە ئەمە بابەتێکی تازە نییە و بەدرێژایی چل و چەند ساڵ تەمەنی ئەم دەسەڵاتە ئەم ڕەوتە بەردەوام درێژەی بووە. کەوابوو سەرسام بوون بەخاتری چی؟ کۆمەڵگا کاتێک سەرسام دەبێ کە ڕووداوێکی ئەزموون نەکردبێ و لەگەڵ ئاستی چاوەڕوانیی خەڵک یەک نەگرێتەوە.

چاوەڕوانیی خەڵک لە دەسەڵاتداران بەقەد واقعیەت و سرووشتی سەرکوتگەرانەی ئەوانە. گۆڕانی چاوەڕوانییەکان بەشێکە لە گۆڕانی دەروونی کۆمەڵایەتی خەڵک، بۆیە موحاکمەی هاوشێوەی ئەوەیکە لەم دواییەدا لە گیلان ئەنجامدرا، کەس تووشی سەرسوڕمان ناکات. ئەگەر لەو نێوەدا شتێک ببێتە مایەی سەرسووڕمان (بەتایبەت بۆ دەسەڵاتداران)، ئەوە پاشەکشە نەکردنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتییە لە خواستەکانی. گۆیا وەها سەرکوتگەرییەکی دڕندانە دەبوو کۆمەڵگا بێدەنگ بکات، بەڵام نەیکرد! وەڕاست گەڕانی چاوەڕوانییەکان دەبوو ترس و دڵەڕاوکێی لێبکەوێتەوە، بەڵام لێینەکەوتەوە! نموونەیەکی سەلمێنەری ئەم ڕاستییە، دەرکردنی ئەم حوکمە پتر لە ٦٠ ساڵ زیندانەیە بۆ ١١ کەس لە چالاکانی بزووتنەوەی ژنان لە گیلان. ئەمجۆرە موحاکمانە لەماوەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوودا بەشێوەی بەرچاو پەرەیان سەندووە و لەمە بەدواش درێژەیان دەبێت. هۆکارەکەشی شتێک نییە بێجگەلە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” کە هێستاش لە ناخی کۆمەڵگادا زیندووە و بەردەوامە. شتێک نییە بێجگەلە ئەوەیکە خەڵک بەردەوام بەشێوەی جۆراوجۆر لە مافی ئازادیی ڕادەربڕینیان دیفاع دەکەن. ئەم یازدە کەسە بەشێک لە بزووتنەوەیەکن کە بوونەتە دەنگی سەدان هەزار “دایکی قۆمی”ی نەناسراو. هەر بۆیە سەرسام نەبوون بەمانای بایەخنەدان و کەمتەرخەم بوون نییە. بەدڵنیاییەوە چالاکانی “مەحکوومکراو” دەکەونە ژێر چەتری پشتیوانیی خەڵکەوە.

ئەم گرتن و دادگاییکردن و حوکمە دڕندانە بەشێکن لە سەرکوتی ڕۆژانە؛ بەڵام بێگومان دەسەڵات، سەرەڕای ڕەنج و ستەمێک کە بەسەر چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکان و بنەماڵەکانیانیدا دەسەپێنێ ناتوانێ بەر بە عەزم و ئیرادەی ئەو خەڵکە بگرێت کە بڕیاریان داوە مافی ئازادیی ڕادەربڕین، مافی دیاریکردنی چارەنووسیان وەدی بێنن.

ناوەندی نووسەرانی ئێران

هەینی ١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی