فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی ناوەندی نووسەرانی ئێران: هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێ و بێ شەرت و مەرجی حوکمی محەممەد ڕەسووڵ‌ئۆف
دوشەممە ۲۴-۰۲-۱۴۰۳   |  13-05-2024

لە درێژەی شەپۆلی تازەی ترس وەبەرنان و سەرکوتی ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادییە تاکەکەسییەکانی تر، دادگای پێداچوونەوە حوکمی هەشت ساڵ زیندان، شەللاق و جەریمەی نەغدیی بۆ محەممەد ڕەسووڵ‌ئۆف فیلمسازی ناڕازی و ئەندامی ئیفتخاریی ناوەندیی نووسەرانی ئێران پشتڕاست کردەوە و بۆ جێبەجێ کردنی ڕەوانەی دایرەی ئیجرای ئەحکامی کرد. ئەم حوکمانە بەتایبەت لەم ڕۆژانەدا بەسەر ئەو هونەرمەندانەدا دەسەپێ کە ملکەچی زەبر و زۆری ڕژیم نەبوون و بایەخیان بە سووکایەتیی نهێنیی ئەمجۆرە حوکمانە نەداوە. ڕەسووڵ‌ئۆف هیچ تاوانێکی ئەنجام نەداوە کە سزاکەی زیندان و شەللاق و زەوتکردنی دارایی بێت. موحاکمە و سزا وەرگرتن شیاوی ئەو کەسانەیە کە پتر لە چل ساڵە لە پەنای دەسەڵاتدا خەریکی تاڵانکردنی ماڵ و ئەمنیەت و ئازادیی خەڵکن. نەک فیلمساز و دەرهێنەرێک کە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و خوڵقاندنی هونەر لە مافی ئینسانی و سەرەتایی و بنەڕەتیی خۆی واتە ئازادیی ڕادەربڕین کەڵکی وەرگرتووە؛ نەک ئەو بێ ئەژمار ژنانەی کە دەیانهەوێ بە ئیختیاری خۆیان جلوبەرگیان هەڵبژێرن؛ نەک ئەو کۆمەڵە مەزنەی کرێکاران کە لە مافی ژیان و بژێوی خۆیان داکۆکی دەکەن؛ نەک ملیۆنها گەنج کە دەیانهەوێ خاوەنی شێوازی ژیانی خۆیان بن؛ نەک نووسەران و هونەرمەندانێک کە تەسلیمی سانسۆڕ و زەبروزەنگ نابن و …
ئەوانەی کە “یاسا”یان کردووەتە ئامراز و بیانووی سەرکوت و بەردەوام بەزەبری سیستمی ستەم خەریکی دەرکردنی حوکمی سێدارە و زیندان و دوورخستنەوە و شەللاق بۆ ڕەخنەگران و نەیارانن، دەبێ بزانن کە هیچ شتێک ناتوانێ زوڵم و ستەم دژبە خەڵک پاساو بکات؛ تەنانەت “یاسا”ش! ئەو یاسایەی کە کەرامەتی ئینسان، واتە باڵاترین یاسا و ماف، نادیدە دەگرێ و ژێر پێی دەخات، بە هیچ شێوەیەک نابێ بەڕێوەبچێت. بەشێکی گرینگ لە کەرامەتی ئینسان لە ئازادیدایە و بە ئازادییە کە بەدەست دێت. وە ئەوەش دروست ئەو خاڵەیە کە دەسەڵات ساڵەهایە هێرشی کردووەتە سەر. تازەترین نموونەشی دەرکردنی حوکمی زیندان و شەللاق بۆ محەممەد ڕەسووڵ‌ئۆفە.
ناوەندی نووسەرانی ئێران حوکمی دەرکراو بۆ محەممەد ڕەسووڵ‌ئۆف مەحکووم دەکات و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێ و بێ شەرت و مەرجی ئەم حوکمە و سەرجەم ئەو حوکمانەیە کە بۆ هونەرمەندانی ڕەخنەگر و نەیار، بۆ هاووڵاتییانی ناڕازی و بۆ چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکان دەرکراوە.
ئازادیی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین بە بێ سنوور و جیاوازی مافی هەمووانە.


ناوەندی نووسەرانی ئێران
٢١ی گوڵانی ١٤٠٣ی هەتاوی