فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی هاوبەشی خانەنشینان: ساڵیادی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی
شەممە ۲۵-۰۶-۱۴۰۲   |  16-09-2023

تێزەکان دەربارەی شۆڕش:

لە دەستپێکی ئەو ئاڵوگۆڕە سیاسییە گەورەیەی کە لە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١ەوە کۆمەڵگا، ناوچەکە و جیهانی خستە ژێر کاریگەرییەوە یەکساڵ تێدەپەڕێ.

١ – ئەو شۆڕشە کۆمەڵایەتییەی کە بە قەتڵی حکوومەتیی مەهسا ئەمینی چەخماخەی لێدرا، ئاکامی خەباتی درێژماوە، ئازار و تێچووی قورس و ئەزموونی زیاتر لە چل ساڵ شۆڕشی بە ئامانج نەگەیشتووی ١٣٥٧ە. ئەم شۆڕشە لە قامەتێکی نوێدا لەژێر کاریگەریی بارودۆخی ئێستا و نەسلی نوێدا بە ڕاگەیاندنی “ئیتر تەواو بوو ماجەرا” سەری هەڵدا و ئازادیخوازی، خواستی ڕەفاهی گشتی ، یەکسانیخوازی، مۆدێرنیسم و سێکۆلاریسمی هێنایە مەیدان.

٢ – هێزی بزوێنەری شۆڕش لە بنەماییترین ئاستیدا، ژیان و گوزەران و بارودۆخی لەتاقەت بەدەری گوشارە ئابوورییەکانە. ڕووبەڕووبوونەوەی زۆرینەی خەڵک لەگەڵ حکومەت ساڵانێکە بەهۆی خراپتربوونی بارودۆخی سەختی ژیانەوە بەردەوامە. لەمێژ ساڵە بەشە جۆراوجۆرەکانی جەماوەری کرێکار و زەحەمتکێش شەقامەکانیان کردووەتە مەیدانی ناڕەزایەتی و دەربڕینی خواستەکانیان. سیاسەتەکانی زیاتر لە ٤ دەیەی حکوومەتی ئیسلامی بۆشاییەکی چینایەتیی قووڵی لە نێوان کەمینەیەکی خاوەن دەسەڵات و سەروەت و زۆرینەیەکی بێماف و بێبەشکراو، پێکهێناوە. گوشاری کەمەرشکێنی ئابووری، هەژاری و فەلاکەتی گشتی بەهۆی گرانی، بێکاری و ناسەقامگیری لە دابینکردنی بژێو و گوزەران، بێ ئاسۆیی و بێهیوایی لەئاست باشتربوونی ژیان، شەپۆلی بەرینی کۆچکردن، چوونەسەری ئاماری خوکوژی و ئازارە کۆمەڵایەتییەکان، بێ ئاوی و کێشە و گرفتەکانی ژینگە هاوکات لەگەڵ گوشاری ئەمنیەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی، کۆمەڵگای بەرەو خۆنەجاتدان و خۆیەکلاییکردنەوە بردووە.

٣ – ئەندام و پەیکەری ئەم شۆڕشە چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان لەوانە: کرێکاران، مامۆستایان، پەرستاران، خانەنشینان، خوێندکاران، چالاکانی کۆمەڵایەتی، بزووتنەوەی کلتووری پێشکەوتووی لاوان، بزووتنەوەی دژبە هەڵاواردن و ستەمی نەتەوەیی بەتایبەت لە کوردستان، سیستان و بەلوچستان و ناوچە عەرەب نشینەکانی خووزستان، ژینگەپارێزان، ئاراستە جۆراوجۆرە جنسییەکانی وەک پەلکە زێڕینەکان و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی تر پێکیان هێناوە و هەروەک هەموو شۆڕشە مێژووییەکان، شەپۆلێک لە هاوپشتیی بێوێنەی لەناو هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا لەوانە هونەرمەندان، ڕۆژنامەوانان، وەرزشکاران و کەسایەتییە ناسراوەکان خستە ڕێ. ئاوازی ماندگار و بەرهەمی هونەریی شۆڕشگێڕانە و کەم وێنەی لە مێژووی ئەم کۆمەڵگایەدا تۆمار کردووە.

٤ – لەم مەملەکەتە و وڵاتانی ناوچەکە ڕووبینای سیاسی دڵخوازی سەرمایە، ئیستبداد، دیکتاتۆری، سوڵتان و پاشایەتی، خەلیفەگەری و ڕێبەریی هەتاهەتاییە تا لەم ڕێگەوە بارودۆخی هێزی کاری هەرزان و خامۆش زەمانەت بکات. بۆ مانەوەی ئەم ڕووبینایە، “ئیتاعەت و تەسلیمبوونی کۆمەڵگا” پێش مەرجێکی زەروورییە و بۆ ئەم مەبەستە ژێردەستەبوونی ژن، سیاسیترین بابەتە کە دەتوانێ کۆمەڵگا ناچار بە تەسلیمبوون بکات و ڕووبینای سیاسیی دیکتاتۆری لە هێرشی بزووتنەوە ڕادیکاڵەکان بپارێزێ.

یاسا و سوننەتی دژبەژن و کلتووری پیاوسالارانە پێویستیی دەسەڵاتە بۆ ئیقتداری سیاسی و مانەوەی. هەر ئەوەش دەتوانێ جەوهەری ئیستبدادی و مادامولعومریی دەسەڵاتی سیاسی لەپێناو قازانجی سەرمایە لەسەر پێ ڕاگرێ. ڕزگاریی ژن لەم کۆمەڵگایانەدا تەنها ڕزگاریی نیوەی کۆمەڵگا نییە، بەڵکوو ڕزگاریی گشت کۆمەڵگایە.

٥ – بەسەرەنجدان بەم ڕوانینەی سەرەوە، مێژووی سەردەمی ئەم وڵاتە ژنانی خستووەتە پێگەیەکی گرینگ و ژێروژوورکەرەوە. ژنان لە ڕیزی پێشەوەی ڕزگاریی کۆمەڵگادان.ئەم دیاردەیە تەنیا بە هۆی زانین و تێڕوانین یان هۆشیاری ژنانەوە نییە، بەڵکو دۆخێکی مێژووییە کە بەهۆی مەرجە سیاسییەکانی حوکمڕانی سەرمایە (لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ژێر هەژموونی ئیسلامی سیاسی) لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتیی خەڵک دروست بووە و ژنانی خستووەتە ئەم پێگەیەوە. ناسینی ئەم پێگەیە، بوارێکی تیۆریکی گرینگی هەیە.

بیروڕای گشتی بەشێوەی سرووشتی لەم پێگە چارەنووسسازە ئاگاداربوونەتەوە و لێبڕاوانە و بە گوڕوتینەوە لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کە شۆڕشێکە بۆ ئازادی و ڕەفاه و بەرابەری، پشتیوانی دەکەن.

٦ – کاریگەریی ئەم ڕووداوە مێژووییە سەرەڕای هەڵکشان و داکشانەکانی، سنوورەکانی ئەم وڵاتەی تێپەڕاند و لەئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا لەلایەن مرۆڤایەتیی پێشکەوتنخوازە پشتیوانیی لێکرا.

هاوپشتیی جیهانی و بەشداریی بێوێنەی پەنابەرانی ئێرانی لە ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی بەردەوام و بەرین و بەرپاکردنی کۆبوونەوە لە دەیان و سەدان شاری گرینگی جیهان بەتایبەت خۆپیشاندانی شکۆداری سەد هەزار کەسی لە بێرلین، دیواری ئیستبداد و دیکتاۆریی خستە لەرزە و بەرزایی شۆڕش و بەریناییە جیهانییەکەی زیاتر کرد.

٧ – حکوومەت بە ئاگاداربوون لە پێگە و پۆتانسیەلی ئەم شۆڕشە لەئاست گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی و سڕینەوەی هەموو جۆرە ستەم و هەڵاواردن و کلتوور و سوننەتی کۆنەپەرستانە، بەرفراوانترین و دڕندانەترین جۆری سەرکوتی مێژووی ئەم مەملەکەتەی تا ئاستی ژاراویکردنی منداڵانی کچ لە مەدرەسەکان سازماندا.

کوشتنی زیاتر لە ٥٠٠ کەس کە پتر لە ٧٠ کەس لە گیانبەختکردووان منداڵان و تازەلاوانی ژێر ١٨ ساڵ پێکیان دێنا. بێوێنەترین جۆری بانگکردن و دەستبەسەر و زیندانی کردن و پەروەندەسازیی سیاسی و دەرکردنی حوکمی زاڵمانە و نایاسایی. ئەشکەنجە و دەستدرێژی و ببەریکردنی کۆمەڵایەتی و گوشاری زیاتر بۆسەر زیندانیان و بنەماڵەی گیانبەخکردووان. حکوومەت هەرچی لە توانای دابوو دژبەم شۆڕشە بەکاری هێنا. بەڵام نەیتوانی بەری پێ بگرێت و کۆمەڵگا بۆ قۆناغی بەر لە شۆڕش بگەڕێنێتەوە.

٨ – بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم سەرکوتگەرییانە گوشاری بەتەوژمی شۆڕش لە خوارەوە، بۆشایی هەمیشەیی لەئاستی سەرەوەدا زیاتر کرد. بێگومان هیچ بابەتێکی سیاسی کۆمەڵایەتی ومەعیشەتی نەیتوانی ناکۆکیی حکوومەت تا بەم ئاستە پەرەپێبدات و ئاشکرای بکات. ڕیزەکانی حکوومەت بەشێوەیەکی بێوێنە تووشی لێکترازان بوون. ڕەخنەکان لە ئاگادارکردنەوەی سیاسەتی “خۆ لەناوبردن”ەوە گەیشتە ڕاگەیاندنی کۆتایی تەمەنی حکومەت و ڕیزەکانی دەسەڵاتی بچووکتر و سەرلێشێواوتر کرد.

٩ – وەها شۆڕشێکی مۆدێرن و جەماوەری، بێگومان لەلایەن زلهێزە گەورەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و بەتایبەتی دەسەڵاتدارانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە پشتیوانیی لێ ناکرێ. ئەم شۆڕشە بەهۆی جوگرافیای سیاسی ناوچەکە و پێشەنگایەتیی ژنان، ئۆتۆریتەی سیاسی و بەرژەوەندی ئابووری و هاوکێشەکانی زیاتر لە سەد ساڵی ڕابردووی ئەوان تێکدەدات. ئەم دەسەڵاتانە بەپێچەوانە ئیدیعای پووچ و بێناوەرۆکیان تەنانەت نەیانویست بەرەنگاری فیلتێرینگی ئینتەرنێت ببنەوە و ئیمکانی دەستڕاگەیشتن بە پەیوەندی و زانیاری بۆ خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران دابین بکەن.

بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم بەربەستانە، شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ئەگەری گەشەکردنیدا پۆتانسیەل و زەرفیەتی ئەوەی هەیە کە مەسیری مێژووی مرۆڤ هەروەک شۆڕشی فەڕانسە و شۆڕشی ئۆکتۆبر بگۆڕێ.

١٠ – ئەزموونی پڕهەزینە بەڵام دەوڵەمەندی ساڵانی ڕابردوو بەتایبەت دەرسە سیاسییەکانی یەکساڵی ڕابردوو بەڕاستی نیشانی دا کە ئێمە دەتوانین بە هێز و ئیرادەی خۆمان ببینە سەرچاوەی ئاڵوگۆڕی گرینگ. پەیوەند و موناسباتی نێونەتەوەیی بۆ گۆڕینی ژیانی خەڵکی هیچ وڵاتێک ڕێکنەخراوە. ستراتێژی حکوومەتەکان پاراستنی بارودۆخی ئێستایە. مەگەر ئەوەیکە خەڵک خۆیان بڕیار بدەن کە ژیانیان بگۆڕن. زەرفیەت و توانای جەماوەری یەکگرتوو یەکجار بەرینە. پشتیوانی ئێمە خەڵکی وڵاتانی دیکە و مرۆڤایەتیی پێشکەوتنخواز و ئازادیخوازە.

سەرەڕای داکشانی خەبات و شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی شەقام و سەرکوتی خوێناویی پاییزی ڕابردوو، لە ساڵڕۆژی شۆڕشدا، فەزای کۆمەڵگا نشانەکانی قۆناغێکی تازەی لە ڕاپەڕین پێوەدیارە. کۆمەڵگا پێگەیشتووتر لە ڕابردوو لە مەسیری شۆڕشدا هەنگاو دنێت و چووەتە قۆناغێکی بێگەڕانەوە.

بێگومان لە یەکەمین ساڵڕۆژی شۆڕشدا، بە پشت بەستن بە ئەزموونی ٤ دەیەی ڕابردوو دەتوانین دەستکەوتی چارەنووسسازمان هەبێت و داخوازییەکانمان لێبڕاوانەتر بەرەوپێش بەرین، چونکە ڕێگای ڕزگاری تا کۆتایی ڕاوەستانە.

– شۆرای خانەنشینانی ئێران

– ناوەندی گفتوگۆی خانەنشینانی تەئمینی ئیجتماعی

– گرووپی خانەنشینانی تەئمینی ئیجتماعی تاران

٢١ی خەرمانانی ١٤٠٢