فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی هاوبەشی ڕێکخراوە سەربەخۆکان بۆ ڕێزگرتن لە ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن
شەممە ۱۸-۱۲-۱۴۰۳   |  08-03-2025

وەرە با ناوی خۆمان هەزاران جار لەسەر لەوحی ئازادی بنووسین!

لەو کاتەوە کە ژنانی کرێکاری ڕستن و چنینی نیۆیۆرک، ساڵی ١٨٥٧، لەدژی بارودۆخی دژواری کار، حەقدەستی کەم، سەعاتی کاری زۆر و ستەمی چەند بەرابەر، شەقامەکانی نیۆیۆرکیان بە خۆپیشاندانی خۆیان خستە لەرزە، زیاتر لە سەدە و نیوێک تێدەپەڕێت. بەڵام خەباتی سەرتاسەری و هاوبەش بۆ ڕزگاری لە نایەکسانی، هەڵاواردن، هەژاری، توندوتیژی و سەرکوت لە ئاستی جیهاندا هەروا بێ پسانەوە بەردەوامە. ئەمساڵ لە کاتێکدا ڕۆژی جیهانیی ژن ڕێز لێ دەگرێن کە ژنانی ناڕازیی ئێران، هەروا لێبڕاوانە و بوێرانە لەدژی ستەم و سەرکوتی بەرین و سیستەمی دژەژن وەستاونەتەوە و لە بەامبەر لەشکری سەرکوتگەرانی تاریک بیر، لە بەرامبەر حوکمی ئەشکەنجە و زیندان و لە بەرامبەر حوکمی کۆنەپەرستانەی ئێعدامدا، بە بەهای گیانیان پاشەکشەیان نەکردووە. لە بەرامبەر خەبات و خۆڕاگریی ژناندا بەتایبەت لە ئاخێزی شکۆمەندی ژن، ژیان، ئازادییەوە، دەسەڵات سەرکوتی هەمەلایەنەی پەرەپێداوە. بەڵام ژنان و کچانی تێکۆشەر و هوشیار و ئازادیخوازی وەک نیکاکان، ساریناکان، و حەدیسەکان، هەروا بێباکانە خوازیاری ژیانێکی خۆشبژێو، ئازادی و شادی بۆ کۆمەڵگاکەیانن.

ژنان بە ئەزموون کردنی هاوکاتی ستەم و چەوسانەوە، توانا و پۆتانسیەلی بەرەنگاربوونەوە و خەباتیان لە بەارمبەر بارودۆخی زاڵمانەی ئێستا، لە هەموو بوارەکاندا بەرەو کرداری کۆمەڵایەتی پاڵ پێوەناوە. ئەو ژنانەی کە پێ بە پێی بزووتنەوە سەرتاسەرییەکانی ئێستا لەوانە بزووتنەوەی کرێکاران، موعەلیمان، خانەنشینان، پەرستاران، خوێندکاران و هیتر، لە ڕیزی پێشەوەدا و لە هەموو بوارەکاندا بەشدارییەکی چالاکانە و کاریگەریان هەیە و لە بواری داخوازی و بێمافییە بێشومار و تایبەتەکانی خۆیاندا بەردەوام لەدژی بارودۆخی نایەکسان و پڕ لە هەڵاواردنی زاڵدا خۆڕاگرییان نواندووە و “نا”یەکی بەهێزیان وتووە.

لە بواری هەژاری و بێکاری، دەرکردن لەسەر کار و لە دەستدانی پیشە و داسەپاندنی حەقدەستی یەکجار کەم و نابەرابەر لە بری کاری یەکسان، هەروەها لە بواری دامەزراندن و خانەنشینی و ماف و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، ژنان بارودۆخێکی خراپتر لە پیاوانیان هەیە. پێنەدانی خزمەتگوزاریی عایلەمەندی بە ژنانی خانەنشین و سەرپەرست نموونەیەکە لەم هەڵاواردنانە. هەروەها پێگەی نابەرابەری ژن و پیاو لە بواری جیابوونەوە، ئاگالێبوون  و پەروەردەکردنی منداڵ، سەرپەرستی بنەماڵە، چەند هاوسەری و سیغە، هاوسەرگیری منداڵان و دیاردەی “منداڵ هاوسەری” و “منداڵ دایکی”، سزاگەلی وەحشیانەی سەدەکانی ناوەڕاست، حیجابی زۆرەملێ، نابەرابەری لە بواری میرات، لە بواری شایەدی و دادوەری، مافی سەفەر و کار کردن، هەڵبژاردنی پیشەی دڵخواز، چالاکیی هونەری و وەرزشی، چوونەسەری ڕێژەی کارەساتباری ژنکوژی و قەتڵی نامووسی و هیتر، بەشێکە لەو زوڵم و ستەمەی لە ژنان دەکرێت. کاری چەند هێندە و قورسایی کاری کۆیلەئاسای  ناو ماڵ کە دەوڵەتەکان ئەم ئەرکەی خۆیان خستووەتە سەر شانی ژنان و لەو ڕێگەوە خۆیان لە بەرپرسیارێتی و تێچووی خزمەتگوزاری بە کۆمەڵگا دزیوەتەوە، فشاری هەژاری و فەلاکەتی داسەپاو بەسەر بنەماڵە زەحمەتکێشەکان بەهۆی حەقدەستی یەکجار کەم، بێکاری و لەسەر کار دەرکردن، هەڵاوسانی بێسنوور و گرانیی کەمەرشکێن، بەردەوام زیانی جەستەیی و دەروونیی قەرەبوونەکراوە بە ژنان دەگەیەنێت. بەهۆی پشتیوانیی یاسا و شەرعی پیاوسالارانە، چوونەسەری ئاماری توندوتیژی، خۆکوژی، ژنکوژی و قەتڵە نامووسییەکان گەیشتووەتە ئاستێکی کارەساتبار. دەوڵەت و ئایین و هێزە کۆنەپەرستەکان لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان جەستەی ژنیان خستووەتە بەندەوە و کردوویانەتە کاڵا و ژنانیان لە مافی خاوەندارێتی و بڕیاردان لەسەر جەستەی خۆیان بێبەری کردووە. لەلایەکی دیکەوە زەوتکردنی ئازادی، داسەپاندنی بەربەست، سەرکوت، دەستبەرسەرکردن و بەندکردنی ژنانی ناڕازی و تێکۆشەریش هەروا بەردەوامە.

لەئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی بەندکراو چ سیاسی و چ ئاسایی بۆ نموونە زەینەب جەلالیان، ڕەیحانە ئەنساری نەژاد، سپیدە قۆلیان، ناهید خوداجوو، ناهید شیرپیشە، ڕاحلە ڕاحمی پوور، نەسرین جەوادی،  ئانیشا ئەسەدوڵڵاهی و هیتر لەژێر بارودۆخێکی دژەئینسانی و بێ مافیی تەواودا لە دەستڕاگەیشتن بە ئیمکاناتی دەرمانی، لە چاوپێکەوتن بە کەسوکاریان و لە پەیوەندیی تەلەفونی بێبەری کراوان. هەروەها ژمارەیەکی تر لە ژنانی زەحمەتکێشی دیکە لەوانە شەریفە محەممەدی، پەخشان عەزیزی، وریشە مۆرادی حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە و گیانیان لە مەترسیدایە. هاواری ژنانی بەندکراو و مانگرتنی ئەوان لە ناڕەزایەتی دژبە ئێعدامی بێشوماری بەندکراوان، لە زۆرێک لە زیندانەکانی شار و ناوچەکانی ئێران دەنگی داوەتەوە و لە هەڵمەتی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام”دا یەکیان گرتووە.

ژنانی هوشیار و بەئیرادە نیشانیان داوە کە سەرەڕای هەوڵی سەرکوتگەرانەی دەسەڵاتەکان و دەوڵەتانی سەرمایەداری و کۆنەپەرست و پیاوسالار، هێزێکی کاریگەر و لێبڕاون لە ئاڵوگۆڕەکانی کۆمەڵگادا. چونکە ژنان نیوەی کۆمەڵگا پێکدەهێنن و بە هیچ دەسەڵاتێک ناسڕدرێنەوە.

ئەم هێزە مەزنە چ لە ئاستی جیهاندا و چ لە ئێران هەتا دیاریکردنی نهایی چارەنووس و ژیانی کۆمەڵایەتیی خۆی بە یەکگرتوویی و هاوپەیمانی لەگەڵ بزووتنەوە پێشکەوتنخواز و ڕادیکاڵەکانی کۆمەڵگا و هەموو خەڵکی چەوساوە، لە خەبات دەست هەڵناگرێت!

پیرۆز بێت ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن!

پڕدەنگ بێت پەیامی ئازادیبەخشی ٨ی مارس!

سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی نەیشەکەری حەوت تەپە

گرووپی یەکیەتیی خانەنشینان

کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان

کرێکارانی خانەنشینی خووزستان

ڕەشەممەی ١٤٠٣ی هەتاوی